عیراق

03:41 - 21/07/2022

باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا هێرشەكەی خستە ئەستۆی پەكەكە‌

پەیسەر

باڵیۆزخانەی تورکیا، لە بەغدا ئاڵای وڵاتەكەی بۆ نیوە هێنایە خوارەوەو هێرشەكەی زاخۆی خستە ئەستۆی پەكەكە.


باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا لە ھەژمارەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تیایدا ھاتووە "ھاوبەشی پرسەی کەسوکاری ئەو برا عێراقییانەین کە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستییەوە پەکەکەوە شەھیدکراون".


ھەروەھا باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا لە ھەژمارەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ پەیامەکەدا وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا بۆ نیشاندانی ھاوخەمی خۆی بۆ پرسەی عێراقییەکان، نیوەی ئاڵای تورکیا لەسەر باڵەخانەی باڵیۆزخانەکە ھێنراوەتە خوارەوە.

ئەوەش لە كاتێكدایە، پاشنیوه‌ڕۆی چوارشه‌ممه‌ 20ی تەمموز، توركیا ناوچەیەكی گەشتیاری لە گوندی پەرەخ لە زاخۆ بۆردومان كرد، بەو هۆیەوە، 9 گەشتیاری عەرەب كوژران و 22ی دیكەش بریندار بوون.

عێراق لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشەكە پێكهێنا، حامید بەیاتی، سەرۆکی لیژنەی راسپێردراو بۆ لێکۆڵینەوە لە روداوەکە رایگەیاند: تورکیا تۆمەتباری سەرەکی هێرشەکەی سەر سەیرانگەی پەرەخە.

حامید بەیاتی باسی لەوەشکردوە، دوای تەواوبونی لێکۆڵینەوەکان بە راپۆرتێك سەرجەم ئەنجامەکان رادەستی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکرێن.