عیراق

11:46 - 30/07/2022

ئایا ناکۆکییەکانی نێوان سەدر و مالیکی عێراق دەباتە قۆناغی شەڕی ناوخۆیی؟‌

پەیسەر

دوای راگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١، بەجۆڕێک گۆڕانکاریی بەسەر پرۆسەی سیاسیی لە عێراقدا ھاتووە، کە لایەنە کوردی، سوننە و شیعەی پەرتەوازە کردووە و بەھۆیەوە نەتوانراوە سەرکۆماری نوێ ھەڵبژێردرێت و حکوومەتی نوێ پێکبھێندرێت.

ھەرچەندە دواجار چوارچێوەی ھەماھەنگی دوای تێپەڕبوونی نۆ مانگ بەسەر ھەڵبژاردنەکانی پێشووەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کاندید کرد، بەڵام ئەو ھەنگاوەی چوارچێوەی ھەماھەنگی ھێشتا نەک کۆتایی بە بنبەستی سیاسی لە عێراق نەھێناوە، بەڵکو ناڕەزایەتیی لایەنگرانی سەدری بەدوای خۆیدا ھێنا.

بەڵام ئەگەری ھەیە قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر و سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی مەترسی شەری ناوخۆ و پێکدادانی نێو ماڵی شیعەکانی لێبکەوێتەوە.

ــ پرۆسەی سیاسی لە عێراق، چۆن لایەنەکانی کوردی، سوننە و شیعەکانی دابەشکردووە؟


دوای راگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١، بەجۆڕێک گۆڕانکاریی بەسەر پرۆسەی سیاسیی لە عێراقدا ھاتووە، کە لایەنە کوردییەکانی بەتایبەتیش پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە بە دوو بەشەوە و ھەریەکیان ئەگەر لەژێر فشاردا بێت یان بەرژەوەندیی چوونەتە پاڵ لایەنە سیاسییەکانی سوننە و شیعە، ھەر ئەوەیش وای کردووە ئەو دوو پارتە کوردییە نەتوانن ناکۆکییەکانی نێوانیان یەکلایی بکەنەوە و لەبارەی کاندیدێکی ھاوبەش بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق کە پشکی کوردە بگەن بە رێککەوتن.

رەوتی سەدر کە براوەی یەکەمی ھەڵبژارنەکانی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوو، لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و ھاوپەیمانی سەروەریی سوننەکان، ھاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمانیان پێکھێنا، بەڵام دوای ئەوەی نەتوانرا دانیشتنی پەرلەمان بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆمار و دواتر راسپاردنی سەرۆکوەزیران سازبکرێت، مانگی رابردوو سەرجەم ئەندامەکانی فراکسیۆنی رەوتی سەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەستیان لە ئەندامێتیی ئەنجوومەنی نوێنەران کێشایەوە.

دوای کشانەوەی ئەندامانی فراکسیۆنی رەوتی سەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ھاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان ھەڵوەشایەوە، لەئێستادا پارتی دیموکراتی کوردستان و ھاوپەیمانی سەروەریی لە گۆڕەپانەکەدا، بەتەنھا ماونەتەوە.

ئەگەرچی دوای کشانەوەی ئەندامانی فراکسیۆنی رەوتی سەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تا ئێستا بە فەرمی نە سوننە و نە پارتی دیموکراتی کوردستان ھەڵوێستی فەرمی خۆیان لەبارەی داھاتووی ھاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشمان رانەگەیاندووە.

لەبەرامبەردا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چووەتە پاڵ چوارچێوەی ھەماھەنگیی کە لە ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ھاوپەیمانی ھێزەکانی دەوڵەت، ھاوپەیمانی فەتح، بزووتنەوەی عەتا، بزووتنەوەی حقووق و پارتی فەزیلە پێکھاتووە.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبەر ئەوەی چوووەتە پاڵا چوارچێوەی ھەماھەنگیی، چونکە بەشێک لەلایەنەکانی چوارچێوەکە رایانگەیاندووە کە پاڵپشتی لە کاندیدەکەی یەکێتیی دەکەن بۆ پۆستی سەرکۆمار کە ئەوەیش بەرھەم ساڵح، بەڵام بەشێکی دیکەی لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی داوا لە پارتی و یەکێتیی دەکەن بە رێککەوتن پۆستی سەرکۆمار یەکلایی بکەنەوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تا ئێستا چەندین دیدار و کۆبوونەوەیان لەسەر ئاستی باڵا بۆ دیارییکردنی کاندیدێکی ھاوبەش بۆ پۆستی سەرکۆماری نوێی عێراق ئەنجامداوە بەڵام تا ئێستا لەسەر ئەم بابەتە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن و ھەردوولا سوورن لەسەر ئەوەی کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرکۆمار نەکشێننەوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان، رێبەر ئەحمەد-ی بۆ پۆستی سەرکۆمار کاندید کردووە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش، بەرھەم ساڵح-ی بۆ ئەو پۆستە کاندید کردووە.

لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ەوە لەسەر بنەمای نەریتێکی سیاسیی لە عێراق کە بە "پشک پشکێنە" ناسراوە، پۆستی سەرکۆمار بۆ کورد، سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سوننە بووە.

ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ھەر لایەنە کوردییەکانی نەکردووە بە دوو بەشەوە، بەڵکو نێو ماڵی سوننە و شیعەیش پەرتەوازە کردووە بەجۆرێک ھاوپەیمانی سەروەریی چووە پاڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و رەوتی سەدر بەرلەوەی رەوتەکە لە ئەنجوومەنی نوێنەران بکشێتەوە، لەبەرامبەر تەقدووم چووە پاڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی.

ھاوکات لایەنە شیعەکانی نزیک ئێرانیش لەدژی رەوتی سەدر، ھاوپەیمانییەکیان لەژێر ناوی چوارچێوەی ھەماھەنگیی یەکیانگرت و رێگایان نەدا حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێکبھێندرێت کە موقتەدا سەدر ھەوڵی بۆ دەدا.

ــ کاندیدکردنی محەمەد شیاع سوودانی، ناڕەزایەتی سەدر، خۆپیشاندنی رۆژی ٢٧ی تەمووزی ٢٠٢٢
دواجار چوارچێوەی ھەماھەنگی دوای تێپەڕبوونی نۆ مانگ بەسەر ھەڵبژاردنەکانی پێشووەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کاندید کرد، بەڵام ئەو ھەنگاوەی چوارچێوەی ھەماھەنگی، ناڕەزایەتیی موقتەدا سەدر و لایەنگرانی بەدوای خۆیدا ھێنا.

رۆژی دووشەممە ٢٥ی تەمووزی ٢٠٢٢، چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاندبوو کە محەممەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کاندیدکردووە.

محەمەد شیاع سوودانی، سیاسەتمەدارێکی شیعەمەزھەبە و پێشتر پۆستەکانی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەزیری مافی مرۆڤ و جێگری وەزیری بازرگانی و پیشەسازی عێراقی وەرگرتووە.

محەمەد شیاع سوودانی لە ساڵی ٢٠١٩دا لە حزبی دەعوە و ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کشایەوە کە ئەو کات خۆپیشاندانی تشرینییەکان لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دژبە حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەھدی ئەنجام دەدران و دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە محەمەد شیاع سوودانی وەکو سەرۆکوەزیران لە شوێنی عادل عەبدولمەھدی راسپێردراوە، بەڵام ھەر زوو لایەنگرانی سەدر راسپاردنی محەمەد شیاع سوودانییان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران رەت کردەوە.

رۆژی چوارشەممە ٢٧ی تەمووزی ٢٠٢٢، جارێکی لایەنگرانی رەوتی دژی کاندیدکردنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و ھەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی ئەنجوومەنی نوێنەران کە دەکەوێتە ناوچەی سەوز.

هەروەها رۆژی هەینی 29ی تەمووزیش خۆپیشاندەرانی لایەنگیری موقتەدا سەدر لەگۆڕپانی تەحریر دژ بە هەوڵی پێكهێنانی حكومەت و كاندیدكردنی سودانی ناڕەزاییان دەربڕی و چەند بارەگایەكی رەوتی حیكمەشیان داخست، بەپاساوی ئەوەی دوو رۆژ پێشتر لەوەڵامی خۆپیشاندەراندا عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە وتبووی، كاندیدكردنی محەمەد سودانی ناگۆڕین.

ــ ناکۆکییەکانی نێوان موقتەدا سەدر و نوری مالیکی، پڕۆسەی سیاسی لە عێراق بەرەو کوێ دەبات؟
ئەگەری ھەیە قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر و سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی مەترسی شەری ناوخۆیی و پێکدادانی نێو ماڵی شیعەکانی لێبکەوێتەوە، چونکە بەردەوام ناکۆکیی قوڵ لەنێوان ھەردوولادا ھەبووە کە تا ئێستایش بەردەوامە.

موقتەدا سەدر، نوری مالیکی کە دووخول (٢٠٠٦ - ٢٠١٠ و ٢٠١٠ - ٢٠١٤) سەرۆکوەزیران بوو، بە "گەندەڵی و کردەی توندوتیژی" تۆمەتبار دەکات، ھەروەھا ھۆکاری داگیرکردنی یەک لەسەر سێی خاکی عێراق لە ھاوینی ٢٠١٤دا لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە، دەخاتە ئەستۆی سیاسەتەکانی نوری مالیکی.

ھەر ئەوەیش وای کردووە، ناکۆکییەکان لە نێوان موقتەدا سەدر و نوری مالیکی-دا قوڵببێتەوە کە ئەوەیش لەوانەیە عێراق بەرەو شەڕی ناوخۆ ببیات کە دواجار ھەمووان باجەکەی دەدەن.

پێشتریش باس لەوەکرابوو کە کشانەوەی فراکسیۆنی رەوتی سەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە مانای کشانەوەی لە کۆی پڕۆسەی سیاسی وڵاتدا نایەت، بینرا رۆژی ٢٧ی تەمووزی ٢٠٢٢، چۆن موقتەدا سەدر لە یەکەم دەرفەتدا بە لایەنگرێکی زۆرە رای گشتیی عێراقی ھەژاند و کاندیدکردنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق رەتکردەوە.

لە ماوەکانی رابردوودا تۆمارێکی دەنگی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە گوایە دەنگی نوری مالیکییە کە تیایدا رەخنە لە سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر دەگرێت و وەک لە تۆمارە دەنگییەکەدا ھاتووە "موقتەدا سەدر دەیەوێت حکومڕانی بکات، بەڵام ئەگەر حوکمڕانی بکات ھیچ ناھێڵێت؟ باشە ئەو ئێستا دەسەڵاتدار نییە؟ ئەو وەزیرانی بەگوێ پەلکێش نەکرد و ھەڕەشەی لە وەزیری دارایی کرد؟ من شارەزای رەوتی سەدرم، من دژیان جەنگام لە بەسرە، کەربەلا و بەغدا، ئەوان ھەر ئەوکاتیش ترسنۆک بوون".

لە وەڵامی تۆمارە دەنگییەکەدا سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا رایگەیاند"لە لایەن حزبی دەعوە و گەورەکەیان کە مالیکی-یە، ھەڕەشەی کوشتنم لێکراوە".

لەئێستادا، تادێت ناکۆکییەکانی نێوان موقتەدا سەدر و نوری مالیکی زیاتر قوڵتردەبێتەوە و ئەوەیش وایکردووە کە رەوشی عێراق ئاڵۆزتر بێت، جگە لەوەیش ئێستا ئەوەندەی ئاسۆی روودانی شەڕی ناخۆ لە عێراق بەدی دەکرێت ئاسۆی گەیشتن بە رێککەوتن لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا بەدی ناکرێت.

لە پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا، ھەموو ئەگەرێک چاوەڕوانکراوە، بۆیە ھیچ دوور نییە ئەمجارە، لەکاتی قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان موقتەدا سەدر و نوری مالیکی، شەڕ لەنێو ماڵی شیعەدا رووبدات، بەتایبەتیش دوای ئەوەی رۆژی ٢٧ی تەمووزی ٢٠٢٢، وێنەیەکی نوری مالیکی کە چەکی ھەڵگرتووە لە ناوچەی سەوز دەسوڕێتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوویەوە، ئەو گومانانەی بەھێزتر کرد لەوەی پێکدادانی چەکداریی نێوان شیعەکان ئەگەرێکی کراوەیە.