ڕاپۆرتی کوردستانی

12:35 - 13/08/2022

ئایا دادگای باڵای فیدراڵی دەتوانێت ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبوەشێنێتەوە؟‌

پەیسەر

کاتێک ئەنجوومەنی نوێنەران ناتوانێت دەنگ لەسەر ھەڵبژاردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بدات، لەھەمان کاتدا نایەوێت خۆشی ھەڵبوەشێنێتەوە، تەنیا رێگا بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە پەنابردنە بۆ دادگای باڵای فیدراڵی.

دادگا دەتوانێت چی بکات؟
لە دۆخێکی وادا دادگا ئەتوانێت راڤەیەکی وا بۆ دەقەکانی دەستوور بکات، کە لەگەڵ روحی دەقەکان و داخوازییەکانی دۆخی ئێستای عێراقدا بگونجێت.
کەواتە چی بکات؟
دادگا دەتوانێت یەکێک لەم چارەسەرانە بسەپێنێت:
یەک: ھەموو ئەو ماوانەی کە لە دەستووردا دیاریکراون بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار و پێکھێنانی کابینەی حکومەت (ماددە ٧٥/ بڕگە ٣ و ماددە ٧٦)، کۆ بکاتەوە، کەسەرجەمی ھەموویان ئەکاتە ( ١٦٥ رۆژ )، پاشان سەیر بکات، ئەگەر لەیەکەم دانیشتنی پەرلەمانەوە ( ١٦٥ رۆژ زیاتر ) تێپەڕ بووبێت، ئەوا حوکم بدات بەھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دووبارە ئەنجامدانەوەی ھەڵبژاردن.
دوو: دەکرێت پێش ئەوەی پەنا بۆ چارەسەری یەکەم بەرێت، ماوەیەکی دیاریکراو بدات بەپەرلەمان، تا لەو ماوەیەدا دەنگ لەسەر ھەڵبژاردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بدات، ئەگەر پەرلەمان لەو ماوەیەدا نەیتوانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن ھەڵبژێرێت، ئەوا چارەسەری یەکەم پەیڕەو بکات و پەرلەمان ھەڵبوەشێنێتەوە.
سێ: دادگا دەتوانێت لە جیاتی چارەسەری یەکەم و دووەم، لەبڕیارەکەی پێشووی خۆی پەشیمان بێتەوە، سەبارەت بەسێیەکی پەکخەر، رێگە بدات بەزۆرینەی رەھای ئەندامانی پەرلەمان دانیشتن بکەن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار.
ئایا ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەلایەن دادگاوە کارێکی دەستووریی و یاساییە؟
١-دادگا ھەموو ئەو کێشە و ناکۆکییانە یەکلایی ئەکەتەوە کە لە ئەنجامی پەیڕەو کردنی یاسا و بڕیار و پەیڕەو و رێنماییەوە دروست ئەبن(ماددە ٩٣/ ٣ دەستوور). ئەم کێشەیە لە ئەنجامی پەیڕەوکردنی یاسای ھەڵبژاردن و بڕیارێکی دادگاوە دروست بووە.
٢-دادگا دەتوانێت کارە نادەستوورییەکانی پەرلەمانھەڵبوەشێنێتەوە (ماددە ٩٣/ ١ دەستوور )، ئەی ئەگەر کاتێک خودی پەرلەمان خۆی بۆیە ھۆی پێشێلکردنی دەستوور، باشتر نیە ھەڵبوەشێنرێتەوە؟
٣-دادگا راڤەی دەقە دەستوورییەکان دەکات( ماددە٩٣/ ٢ )، بۆیە دەتوانێت راڤەی ( ماددە ٧٥/ ٣ و ماددە ٧٦) بەو شێوەیە بکات کە لە چارەسەری یەکەمدا ئاماژەمان پێکردووە.
٤-بەپێی یاسای ھەڵبژاردن دادگا مافی سەیرکردن و پێداچوونەوەی ھەیە بەدروستیی ئەندامێتی سەرۆک و ئەندامانی پەرلەمان، ئەگەر ئەندامێتییەکەیان نادروست بوو، ھەڵیدەوەشێنێتەوە. باشە ئەگەر بتوانێت یەک یەک ئەندامێتییان ھەڵبوەشێنێتەوە، بۆچی نەتوانێت بەکۆمەڵ ھەڵیبوەشێنێتەوە؟
٥-دادگا ئەتوانێت لە تۆمەتەکانی سەر پەرلەمانتاران بکۆڵێتەوە، ئەگەر چەسپا پابەندی سوێنەکەیان نەبوون، دەتوانێت بڕیاری دوورخستنەوەیان بدات، ئەم حوکمە دەکرێت لە( بڕگە ٦/ ماددە ٩٣ ) ھەڵبێنجرێت. لە دۆخێکی وەکو ئێستای عێراقدا ئایا دەتوانرێت بوترێت پەرلەمانتاران پابەندی سوێنەکەیان بوون؟ بێگومان نەخێر.
کەواتە؛ لە بنەڕەتدا ئەوەیە پەرلەمان خۆی خۆی ھەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام ئەگەر خۆی ئەوەی نەکرد، مانەوەشی دەبووە ھۆی ناسەقامگیریی و ئاشتی کۆمەڵایەتیی و بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵاتی دەخستە مەترسییەوە، ئەوا ھیچ رێگرییەکی یاسایی نیە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە، چونکە دادگا ئەو شوێنەیە کە دواجار پەنای بۆ ئەبرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان.