عیراق

04:39 - 23/08/2022

لایه‌نگرانی سه‌در ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریشیان په‌كخست‌

پەیسەر

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق بەهۆی مانگرتنی لایەنگرانی رەوتی سەدر لەبەردەم تەلاری ئەنجومەن، هەڵپەساردنی کارەکانی خۆی، دادگاکانی سەربە ئەنجوومەنەکە و دادگای باڵای فیدراڵیی راگەیاند.

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی و دادگای باڵای فیدراڵیی کۆبونەوەتەوە، ئەوەیش دوای ئەوەی لایەنگرانی رەوتی سەدر مانگرتنیان لەبەردەم تەلاری ئەنجومەنی باڵای دادوەریی راگەیاند و بەناردنی نامە ھەڕەشە دەکەن و داوا لە دادگای باڵای فیدراڵیی دەکەن ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەران ھەڵبوەشێنێتەوە و بڕیار بدات ھەڵبژاردنێکی پێشوەخت ئەنجام بدرێت.

لە راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی باڵای دادوەرییدا، ھاتووە "لەبەر ئەوە بڕیاردرا وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر ئەو ھەڵسوکەوتە نادەستوورییە کە پێشێلکردنی یاسایە، کارەکانی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی و دادگاکانی سەربە ئەنجومەنەکە، ھەروەھا دادگای باڵای فیدراڵیی ھەڵپەسێردرێت".

راشیگەیاندووە "حکومەت و ئەو لایەنە سیاسییەی کە لە پشت مانگرتنەکەی بەردەم ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوەیه‌ بە بەرپرسیاری یاسایی دەزانیین بەرامبەر ئەنجام و لێکەوتەکانی ئەم ھەڵسوکەوتە".

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٢، ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی رەوتی سەدر خۆیان گەیاندە بەردەم تەلاری ئەنجومەنی باڵای دادوەریی لە ناوچەی سەوز و خیوەتی مانگرتنیان جێگیرکرد.

ئەمەیش لە کاتێکدایە ماوەی ٢٤ رۆژە، خۆپیشاندان و مانگرتنی لایەنگرانی رەوتی سەدر لەبەردەم تەلاری ئەنجومەنی نوێنەران لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا بەردەوامە کە داوا دەکەن ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەران ھەڵبوەشێندرێتەوە و ھەڵبژاردنێکی پێشوەخت ئەنجام بدرێت.