ڕاپۆرتی کوردستانی

04:04 - 01/09/2022

بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا کەمدەکات ئەگەر وه‌به‌رهێنانێکی گه‌وره‌ لە کەرتی نەوتدا نەکرێت‌

پەیسەر



به‌ڵگه‌نامه‌ حکومییه‌کان که‌ لەلایەن ئاژانسی هەواڵی ڕۆیته‌رز بینراون ده‌ریانخستووه‌ که‌ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراق تا ساڵی 2027 بۆ نیوه‌ که‌مدەکات‌، ئه‌گه‌ر هیچ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی نوێ و وه‌به‌رهێنانێکی گه‌وره‌ له‌و که‌رته‌دا نه‌کرێت.

دیپلۆماتکاران و بەرپرسان و پسپۆڕانی وزە دەڵێن دابەزینی بەرچاوی داهاتی نەوت، کە هێڵی ژیانە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، نەهامەتییە ئابورییەکانی هەرێمەکە زیاتر دەکات کە لە ئێستاوە لە چوارچێوەی عێراقێکی ناجێگیردا لە ڕووی داراییەوە لە کۆشش دایە.

بەپێی بەڵگەنامەكان، بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستان لە عێراقدا دەتوانێت لە ماوەی پێنج ساڵدا تا بڕی 580 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا بەرزبێتەوە بەپێی ئەوەی ئەگەر وەبەرهێنان بە تەواوەتی باشتر بكرێت، بەمەش 530 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا بۆ هەناردەكردن بەردەست دەبێت.

بەڵگەنامەکان کە پێشتر ڕاپۆرت نەکرابوون، ئەوە نیشان دەدەن هاوکاتی کەمبوونەوەی کانگە کۆنەکانی نەوت کە بەبێ وەبەرهێنانی نوێ، هەرێمە نیمچە سەربەخۆکە ڕەنگە تەنها 240 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لەبەردەستدا بێت بۆ هەناردەکردن.

كاروان گەزنەیی، پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستانی عێراق كە ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی هەرێمە، گوتی "دۆخەکە زۆر مەترسیدارە."

گوتیشی "پێویستە نیگەران بین لەو بارەیەوە، بەڵام ئەوە گرفتێکی ڕاستەقینە نابێت ئەگەر کێشەکانمان لەگەڵ حکومەتی عێراق یەکلایی بکەینەوە، ئەوکاتە کوردستان دەتوانێت کوتلەی نوێ پەرەپێبدات و بەرهەم زیاد بکات، کۆگایەکی زۆریشمان هەیە".

بەڵام حکومەتی هەرێم وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆیتەرزی نەدایەوە و لێدوانیان نەدا.

هاکات بەپێی دەستووری عێراق، هەرێم مافی ئەوەی هەیە بەشێک لە بودجەی نیشتمانی وەربگرێت. بەڵام پێدانی بودجە دیاریکراوەکە کە لە ساڵی 2014 ەوە شکستی هێناوە، کاتێک کورد دەستی بەسەر کێڵگە نەوتییە سەرەکییەکانی باکوری عێراق لە کەرکوک دا گرت پاش ئازادکردنی ئەو کێڵگانە کە دەوڵەتی ئیسلامی داعش داگیری کردبوون و ئیتر بە شێوەیەکی سەربەخۆ دەستی بە فرۆشتنی نەوتی خاو کرد.

لە ساڵی 2018 دا هێزە عێراقییەکان ناوچە کێشە لەسەرەکانیان گرتەوە، لەنێویاندا شاری کەرکوک کە بە شارە دەوڵەمەندەکەی نەوت ناوبانگی هەیە، بەغداش دەستی بەسەر هەندێک پێدانی بودجەی هەرێمەکەدا گرت، بەڵام بارودۆخەکە هێوربۆوە. تا ئێستاکە ئەمساڵ دوو جار بەشە بودجەی هەرێمی ناردووە بە بڕی 200 ملیار دیناری عێراقی کە دەکاتە (137 ملیۆن دۆلار).

بەپێی قسەی بەرپرسێكی حكومەت، لە ئێستادا قەرزی حكومەتی هەرێم نزیكەی 38 ملیار دۆلارە و پەرلەمانتار گەزنەیش دەڵێت هەناردەی نەوت 85%ی بودجەی هەرێم پێكدەهێنێت.

باری دارایی حکومەتی هەرێم ئەمساڵ باشتر بووە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دوای لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، بەڵام دابەزینی بەرچاوی بەرهەمهێنان دەبێتە هۆی زیادبوونی ئاستەنگە داراییەکانی ئەو هەرێمە.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای Deloitte بەرهەمی نەوتی هەرێم لە ئێستاوە لە نزیکەی 468 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ساڵی 2019 بۆ 445 هەزار بەرمیل لە ساڵی ڕابردوودا و لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2022دا بۆ 434 هەزار بەرمیل دابەزیوە.

سەرچاوەیەک لە حکومەتی ھەرێمەوە ڕایگەیاند "هۆکاری دابەزینی بەرهەمی ئێستای نەوت دەگەڕێتەوە بۆ نەتوانینی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ هێنانی وەبەرهێنانی زیاتر لە کاتێکی گونجاودا بە شێوەی ئۆنلاین بۆ زاڵبوون بەسەر دابەزینی سروشتی کە ساڵانە لە 15% بۆ 20% لە بەرهەمهێنان بۆ هەر بیرە نەوتێک دادەبەزێت."

لە بەڵگەنامەكانی حكومەتدا هاتووە كە دابەزینی ئاستی بەرهەم لە سێ كێڵگەی گەورەی نەوتدا لە تاوكێ، خورمەڵ و تەق تەق هۆكاری سەرەكی دابەزینی نەوتن.

ئەگەری دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان وایکردووە حکومەت کە گرنگە بەرهەمهێنانی غاز بەرزبکاتەوە، بەڵام بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە پرۆژەیەک بۆ فراوانکردنی یەکێک لە گەورەترین کێڵگەکانی عێراق ڕاگیراوە.

نەوتی ناوچەکە لە هەڵکەندنی تاشەبەردەکانی ئەو ناوچەیەوە دێت. شارەزایانی وزە دەڵێن ئەمە لە سەرەتادا دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان، بەڵام بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان دەتوانێت لەنێوان بۆشایی تاشەبەردە شکاوەکانەوە ئاو دزە بکات و ببێتەهۆی ڕوودانی لافاو.

بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە چەند کێڵگەیەکدا، لەنێویاندا تەق تەق، دەستڕاگەیشتنی بە نەوتەکە قورستر کردووە، بەپێی وتەی بەرپرسێکی حکومی و پسپۆڕانی وزە؛ کەمبوونەوەی بیرەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ بەڕێوەبردنی خراپ و سەختی جیۆلۆجیای ناوچەکە.

شارەزایانی وزە و سەرچاوە پیشەسازییەکان دەڵێن ڕاکێشانی وەبەرهێنانی زیاتر دەتوانێت هەرێم لە هەڵخلیسکان بەرەو مایەپوچی ڕزگار بکات، بەڵام کەشی سەختی وەبەرهێنان دەبێتە ڕێگر.

ڕۆبن میڵز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ڕاوێژکاری قەمەر ئینێرجی دەڵێت "هەندێک فراوانکردنی مەیدانی هەیە، کە خاون کۆمپانیاکان بە زەحمەت دەزانن ڕەزامەندی وەربگرن و ئێستا چەند ساڵێکە دۆزینەوەیەکی نوێی بەرچاو ڕووینەداوە."

گوتیشی "بەبێ پێشهاتە نوێیە گەورەكان؛ مەترسی ئەوەیان لەسەرە لە داهاتوویەكی نزیكدا پاشەکشێ بکەن."