عیراق

04:32 - 12/09/2022

مالیكی: هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ناكرێت‌

پەیسەر



نوری مالیکی سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، رایگەیاند: ھێزە سیاسییەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ بڕیارەکەی دادکای باڵای فیدراڵیی لەبارەی رەتکردنەوەی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران نیشانداوە و وتی: تا ئەو کاتەی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران دەست پێ نەکەنەوە، ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام نادرێت.

نوری مالیکی لە تویتێکدا لەبارەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە نووسیوویەتی "دادگا بڕیاری خۆی لەسەر ئەوە دا کە نابێت ئەنجومەنی نوێنەران ھەڵبوەشێتەوە، ئەمەیش مانای وایە، ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام نادرێت، تا ئەو کاتەی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران دەست پێ نەکەنەوە، ھەروەھا حکومەتێک کە دەسەڵاتی تەواوی ھەبێت پێکنەھێندرێت".

سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ھەروەھا رایگەیاندوە کە ھێزە سیاسییەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ بڕیارەکەی دادکای باڵای فیدراڵیی نیشانداوە و پێشنیازی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان رەت کردووەتەوە و نووسیوویەتی "چی دیکە پێویست بەوە ناکات قسە لەسەر ئەو بابەتە بکرێت، چونکە لە رێگای دەستوور، دادگا و سیاسییەوە یەکلایی کراوەتەوە".

نوری مالیکی باسی لەوەش کردووە کە لەئێستادا، ھەوڵی ئەو دەدرێت لەوەی چۆن ئەنجومەنی نوێنەران کارابکرێتەوە و پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکومەتێکی ھاوپەیمانیی تا باشترین خزمەتگوزاریی دابین بکات و سەقامگیریی لەڕووی سیاسیی و ئەمنییەوە بەدیبھێنێت.

رۆژی حەوتی ئابی ٢٠٢٢ دادگای باڵای فیدراڵیی سکاڵایەکی رەوتی سەدری لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران رەت کردەوە و رایگەیاند: ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لەدەسەڵاتی ئەواندا نییە و دەبێت بەپێی دەستوور ھەڵبوەشێتەوە.