ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:26 - 26/09/2022

موجته‌با خامنه‌یی جێگه‌ی باوكی ده‌گرێته‌وه‌؟‌

پەیسەر

لەگه‌ڵ ناڕه‌زاییه‌تیه‌كانی ئێراندا، جارێكی دیكه‌ ناوی موجتەبا خامنەیی هاتە ئاراوە، هاوكات خۆپیشانده‌ران دروشمی "مه‌رگ بۆ دیكتاتۆر"ده‌ڵێنه‌وه‌ وەک ئاماژەیەک بۆ عەلی خامنەیی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران. هاوكات خۆپیشاندەران ئه‌م دروشمەش دەڵێنه‌وه‌ "ڕەنگە موجتەبا پێش ئەوەی سەرکردایەتی ببینیت بمرێت".

موجتەبا خامنەیی کێیە؟


وەک لە ناوەکەیەوە دەردەکەوێت، کوڕی ڕێبەری ئێرانییە و پیاوی سێبەرە کە ڕەنگە شوێنی باوکی بگرێتەوە لە پۆستی ڕێبەری باڵای ئەو وڵاتەدا، دوای ئەوەی ساڵانێک بە نهێنی کاری کردووە.
هەرچەندە ئەو پۆستێکی فەرمی حکومەتی نییە، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەو بەرپرسیارە لە ئیمپراتۆریەتی بازرگانی باوکی، ئه‌وه‌ش بەپێی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ.
هەروەها کاریگەری بەرفراوانی هەیە، لە دانانی بەرپرسانی ئەمنی و لە هەندێک کاتدا سەرپەرشتی بەشە سەرەکییەکانی ده‌زگا ئەمنییەکانی ئێران دەکات. شرۆڤەکاران و کەسانی نزیک لە حکومەتی ئێران، باسله‌وه‌ده‌كه‌ن له‌م دواییه‌دا زیاتر هاتوه‌ته‌ پێشه‌وه‌ و کاریگەرییەکەی بە ڕوونتر ده‌ركه‌وتوون.


ڕووخسارێكی توندڕه‌و و سه‌ربازی


شرۆڤه‌كاران دەڵێن نوێنەرایەتی گروپە نیمچە سەربازییە توندڕەوەکان و پیاوانی ئاینی دەکات.
لە ساڵی ٢٠٠٩دا سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن تۆمەتباریان کرد بەوەی کە یارمەتی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکان داوه‌ بە قازانجی ئەحمەدی نه‌ژاد، هەروەها پشتیوانی لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز كرد كه‌ وڵاتی هه‌ژاند. جگە لەوەش موجتەبا وەک جێبەجێکار و پارێزەری فەرمانەکانی باوکی ناوبانگی ده‌ركردووه‌.


سەرچاوە ئاگادارەکان پشتڕاستیان کردوەته‌وه‌ کە ئێستا ناوبراو پاڵێوراوێکی جدییە بۆ جێگرەوەی عەلی خامنەیی.
بە تایبەت کە لە کۆتایی مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا پله‌كه‌ی بەرزکرایەوە بۆ "ئایەتوڵڵا" کە نازناوێکی باڵای ئاینیە لە ئێراندا، کە پێویستی بەو نازناوە دەبێت بۆ ئەوەی ببێتە ڕێبەر، هەرچەندە سەرکەوتنی مسۆگەر نییە.


ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران كە لە خامنەییه‌وه‌ نزیكە له‌به‌رده‌میدا وه‌ستاوه‌، كه‌ خاوەنی بڕوانامەی سیاسی و كەسایەتییەكی ناسراوی گشتیه‌.
نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر، باس له‌ تێكچوونی ته‌ندروستی خامنه‌یی كرا و له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی شاره‌زایاندا ئاماده‌نه‌بوو، بەڵام چەند ڕۆژێک و به‌دیاریكراوی له‌ چله‌ی ئیمام حسێندا ده‌ركه‌وت.


موجته‌با خامنه‌یی، له‌ ساڵی 1969 له‌ دایكبووه‌، به‌شداری له‌ جه‌نگی عێراق_ ئێران كردووه‌. هاوسه‌رداره‌ و خاوه‌نی دوو منداڵه‌. موجتەبا لە ساڵی ٢٠٠٥ بووه‌ سه‌رنجی رایگشتی ڕاكێشا کاتێک مەحمود ئەحمەدی نه‌ژاد یەکەم کەسی غەیرە دینی بوو بە سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە.


لە ساڵی ٢٠١٩دا وه‌زاره‌تی گەنجینەی ئەمریکا باسیله‌وه‌كردموجتەبا بەشێک لە بەرپرسیارێتیەکانی ڕێبەری باڵای لە ئەستۆ گرتووە، ئەمەش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی "تەماحە ناوچەییەکانی باوكی فراوانتر بكات كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی ناسەقامگیری و له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا ئامانجە ناوخۆییە سەرکوتکەرەکانی" باوکی زیاتر كردووه‌.


وه‌زاره‌تی گەنجینەی ئەمریکا، چالاكیه‌ ئابورییه‌كانی موجتەبای سنوردار كردووه‌ و هه‌ر سه‌روه‌ت و سامانێكی له‌ ئه‌مریكا هه‌بێت بلۆك كرد، هه‌روه‌ها هۆشداریدا لەوەی هەرکەسێک مامەڵەی لەگەڵ بکات ئەوا سزای بەسەردا دەسەپێنرێت.


ڕێبەری  ئێران چۆن هەڵدەبژێردرێت؟


ڕێبەری باڵای ئێران لە لایەن دەزگایەکی ٨٨ کەسییەوە هەڵدەبژێردرێت بەناوی ئه‌نجومه‌نی پسپۆڕان. هەرچەند ئەو ئه‌نجومه‌نه‌ پیاوانی ئاینی دڵسۆز بۆ باوکی هه‌ژمونیان تێایدا هه‌یه‌، بەڵام دیار نییە کە ئایا موجته‌با زۆرینەی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت یان نا.