ڕاپۆرتی کوردستانی

06:07 - 28/09/2022

پەلامارەکانی کۆماری ئیسلامی: ڕژێمێک کە نایەوێت تێبگات !‌

پەیسەر

عادل باخەوان

ئەمڕۆ چوارشەمە، ٢٨ سێپتەمبەری ٢٠٢٢، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەمووشەک و بە درۆن پەلاماری کوردستانی عێراقی دا و تائێستاش چەندین شەهید و بریندار هەن. لەڕێگای ئەم هەشت خاڵەوە بۆچوونەکانم لەسەر دۆخەکە بەگشتی دەخەمە بەردەست خوێنەران :

1. لە ساتەوەختی شەهیدکردنی ژینا ئەمینیەوە، کۆماری ئیسلامی ڕوبەڕوی بزوتنەوەیەکی ناڕەزایی نیشتمانی و سەرتاسەری بوەتەوە. لەڕاستیدا چرکەساتی ژینا ئەمینی پەردەلادانە لەسەر قەیرانێکی گەورەتر و قوڵتری پێشینەی ڕژێمێک کە ناتوانێت لە گۆڕانکاریە مەزنەکانی کۆمەڵگاکەی تێبگات.

2. لێرەوە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستانی عێراق پێش هەموو شتێک هەڵهاتنە لە گرفتە ناوخۆییەکان و لە قەیرانە مەزنەکانی.

3. ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێرانی بەپێیی ڕێکەوتنێکی نێوان هەولێر و تاران لە هەرێمی کوردستاندایە و هەرسێ لایەن بەو ڕێکەوتنە ڕازیبوون و قبوڵیانکردوە.

4. بەپێیی ئەم ڕێکەوتنە، لە ناوەڕاستی نەوەدەکانەوە تا ئێستا، ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێران ڕێزی لەو ڕێکەوتنە گرتوە و خاکی هەرێمی کوردستان دژ بە کۆماری ئیسلامی بەکارناهێنێت. بەڵام کۆماری ئیسلامی، لەڕێگای هێرشە یەک لەدوای یەکەکانیەوە، ڕێزی لەم ڕێکەوتنە نەگرتوە و هیچ بەهایەکی بۆ ئەم ڕێکەوتنە خۆی دانەناوە و ئەمەش گرفتێکی دیکە بۆ میسداقیەتی لە جیهاندا دروستدەکات.

5. هەوەها ئەم پەلامارانەی کوردستانی عێراق ئاستێکی دیکەشی هەیە. لەم ڕێگایەوە کۆماری ئیسلامی ئومێددەکات کە بتوانێت، بەجۆرێک لە جۆرەکان و لەم ساتەوەختەی کە بەقەیرانێکی سەخت و قوڵادا تێدەپەڕێت، هەستی ناسیۆنالیستی ئێرانی دژ بە کورد بوروژێنێت، بە ئومێدی ئەوەی کە بتوانێت هەناسەیەک بدات. بەڵام شانسی بەدیهێنانی ئەم ئامانجەی تەواو لاوازە.

6. بەدیوێکی دیکەدا، ئەم پەلامارە سەربازیانەی کۆماری ئیسلامی، ڕێک وەک پەلامارە بەردەوامەکانی کۆماری تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کە بە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی بەشێکە لە دەوڵەتی عێراقی و لە سەروەریی عێراقی، دەریدەخەن کە لە عێراقدا دەوڵەتێکمان هەیە تاسەر ئاستی ئێسقان لەرزۆک، دەوڵەتێک کە لەسایەیدا عێراق بووە بە تێرا نیولیوس، واتە خاکی ڕێگاپێدراو و هەموو دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهان کەی ویستیان و چۆن ویستیان دێنە ژورەوەو کەی ویستیان  و چۆن ویستیان دەڕۆنە دەرەوە.
7. ئەم پەلامارە سەربازیانەی کۆماری ئیسلامی، ڕێک وەک پەلامارە بەردەوامەکانی کۆماری تورکیا دەریدەخەن کە شەرعیەتی نێودەوڵەتی بەسنیە بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری دەوڵەتێک پارێزاروبێت. ڕاستە لە چەند سەعاتێکی دیکەدا چەندین زلهێزی سیستمی جیهانی سەرکۆنەی ئێران دەکەن، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە ئەم سەرکۆنانە بەهیچ شێوەیەک ڕێگاناگرن لەوەی کە ئێران و تورکیا پەلامارەکانیان ڕابگرن.

8. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە چەندین گۆڕانکاریی گەورەدا تێدەپەڕێت. ڕەنگە ئێستا کاتی ئەوەهاتبێت کە ناسیۆنالیزمی کوردی لە هەر چوار دەوڵەتەکەدا (ئێران، عێراق، تورکیا، سوریا) پیاداچونەوەیەک بە خەباتی چەکداریی یەک سەدەیی خۆیدا بکات و پرسیاری ئەوەبکات کە تا چەند گەڕان بەدوای پارادیگمێکیتر لە خەباتدا گرنگ و پێوسیتە.