ڕاپۆرتی کوردستانی

06:54 - 17/01/2019

بە سێ ڕۆژ بانگەشە لە سەدا ٦٩ی دەنگەکانی بەدەستهێنا‌

پەیسەر

ریشە درێژەکەی و قسە خۆشەکانی و رەفتار و کردارە سەیرەکانی سەرنجی هەموو خەڵکی بۆ لای خۆی راکێشابوو، خوێندەوارییەکی ئەوتۆی نەبوو تەنیا تا پۆلی سێی ناوەندی خوێندبوو، لە رووی بڕوانامەی خوێندنەوە نەخوێندەوارترین پەرلەمانتار بوو لە مێژووی پەرلەمانتارە کوردەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت ئێرانیش، بەڵام ئەم پیاوە نەخوێندەوارە کارێکی کرد لە مێژوودا هیچ پەرلەمانتارێکی کورد نەیتوانیوە کارێکی لەو جۆرە بکات.

 
ئیسماعیلی تەتەری ساڵی ١٩٥٥ لە گوندی ملەسوری سەر بە شاری شائابادی پارێزگای کرماشان لە دایک بووە، لە  کوردانی لەک بوو، لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا مەلایەکی شیعە بە ناوی شێخ جەلال ئال تاهیر دەناسێت کە کوڕە پوری خومەینی بووە و دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەو مەلایەوە، خۆی دەڵێت لەو کاتەوە تێکەڵ بە سیاسەت بووە.
ئیمام موسا سەدر کە مەرجەعێکی گەورەی شیعەبوو و بە تایبەتیش لە لوبنان شوێنکەوتووی زۆری هەبوو، ساڵی ١٩٦٨ سەردانی کرماشان دەکات، تەتەری چاوی پێی دەکەوێت و زۆر دەکەوێتە ژێر کاریگەری سەدرەوە، لە دوای ئەم رووداوەوە پەیوەندی دروست دەکات لەگەڵ بەشێکی زۆر لە مەلا شیعەکانی کرماشان، بۆ هەمان مەبەست سەردانی قوم دەکات و دەبێتە ناسیاوی زۆرێک لە مەلا شیعەکانی قوم، ئاستی تێکەڵاوی لەگەڵ ئەو مەلا شیعانەی نەیاری رژێمی پاشایەتی بوون لە قوم و کرماشان بە رادەیەک بەهێز دەبێت کە لەڕێی ئەوەوە پەیامە نهێنییەکانیان بە یەکتر دەگەیاند.
بەپێی ئەو ژیاننامەیەی لە ماڵپەڕەکەی خۆیدا بڵاوکراوەتەوە، لە هەفتاکاندا بە قاچاخ چەکی دابینکردووە بۆ مەلاکانی قوم، بەهۆی چالاکییەکانی لە ساڵی ١٩٧٥دا جارێک لەلایەن ساواکەوە دەستگیر دەکرێت بەڵام دوای چوار مانگ ساواک لەسەر داوای چەند مەلایەکی ناسراو ئازادی دەکەن.

لە سوپای پاسداران دەرکرا
کاتێک خومەینی لە ساڵی ١٩٧٩ گەڕایەوە ئێران، بۆ پێشوازیکردنی چووە تاران و بۆ ماوەی دوو مانگ لە تاران بوو، کاتێک سوپای پاسداران دامەزرا بووە ئەندامی سوپا، لەناو هۆز و عەشیرەکانی کرماشان و ئیلامدا هێزێکی تایبەتی دروستکردبوو کە بە شێوازی پارتیزانی بەشدارییان لە شەڕی دژی عێراقدا دەکرد.
بەڵام دوای سێ ساڵ بە بڕیاری فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە ئەندامێتی سوپا دەرکرا، کوڕەکەی سەبارەت بە هۆکاری دەرکردنەکەی دەڵێت، باوکی ملکەچی بڕیاری فەرماندەکانی سەرووی خۆی نەبووە و حەزی لەوە بووە کە بە شێوەیەکی سەربەخۆ چالاکی سەربازی بکات، ئەمەش لەلایەن فەرماندەکانی سوپاوە قبوڵکراو نەبووە هەربۆیە دەریانکرد.
ئیسماعیل تەتەری سەرەتا کاندیدبوونەکەی ڕەتکرایەوە
دوای شۆڕشی ١٩٧٩ کۆماری ئیسلامی ناوی کرماشانیان بۆ باختەران گۆڕی، بە بیانووی ئەوەی ناوی کرماشان ( کە بە فارسی پێیدەوترێت کرمانشاە) وشەی شای پێوەیە، ئەمەش خەڵکی کرماشانی نیگەران کردبوو، کێشەیەکی دیکەی خەڵکی کرماشان ئەوە بوو کە نزیک بە تەواوی بەرپرسانی پارێزگاکە و تەنانەت زۆربەی فەرمانبەرانی ئاسایی پارێزگاکە فارس بوون و بە تایبەتیش لە ئەسفەهانەوە هێنرابوون، هێنانی خەڵکی فارس بۆ کرماشان تا ئێستاشی لەگەڵدابێت بەردەوامە و نەیارانی کۆماری ئیسلامی ئەم پرۆسەیە لە چوارچێوەی گۆڕینی دیموگرافیای کرماشاندا هەڵدەسەنگێنن.
ئیسماعیل تەتەری ساڵی ١٩٩٢ بۆ خولی چوارەمی پەرلەمان خۆی کاندید کرد، لە سەرەتادا لەلایەن ئەنجومەنی چاودێری دەستورەوە کاندیدبوونەکەی ڕەتکرایەوە، بەڵام تەنیا چوار رۆژی مابوو بۆ رۆژی هەڵبژاردن ئەنجومەنی چاودێری دەستور ڕێگەیدا وەک کاندید بەشداری لە بانگەشەکانی هەڵبژاردندا بکات، تەتەری لە ماوەی ئەو چوار رۆژەدا توانی سەرنجی زۆربەی دەنگدەرانی کرماشان بۆ لای خۆی رابکێشێت.

شەقهەڵدان لە مریشک
دەگوترێت مریشکێکی کڕیوە و چووەتە شوێنێکی قەرەباڵغی شار و شەقێکی لە مریشکەکە هەڵداوە و گوتوویەتی دەبێت نرخی مریشک هەرزان بکەم، ئەم کارەی لەناو خەڵکدا دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، جگە لەوەش لە بانگەشەکانیدا باسی ئەوەی دەکرد کە یەکەم کاری ئەوە دەبێت ناوی کرماشان کە ناوێکی مێژووییە بگەڕێنێتەوە بۆ شارەکە، ئەم دروشمەش لەناو خەڵکدا کڕیارێکی زۆری هەبوو، ئەمەش لە کاتێکدابوو کاندیدەکانی دیکە لەو کاتەدا نەیاندەوێرا باسی ناوی کرماشان بکەن.
تەتەری بەڵێنی ئەوەشی دابوو کە بەرپرس و بەڕێوەبەر و فەرمانبەرە ئەسفەهانییەکان لە کرماشان دەردەکات، بەم شێوەیە تەتەری پەنجەی لەسەر داواکارییەکانی خەڵک دانابوو، هەربۆیە بە بانگەشەیەکی کەمەوە توانی لەسەدا ٦٩ی دەنگەکانی شارەکەی بەدەست بهێنێت و چووە پەرلەمانەوە.

چۆن توانی ناوی کرماشان بگەڕێنێتەوە بۆ شارەکە
ماوەیەک دوای ئەوەی بووە پەرلەمانتار، رۆژێک سەرۆکی پەرلەمان ناوی دەخوێنێتەوە بۆ ئەوەی وتاری ساڵانەی پێشکەش بکات، سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت " ئێستاش داوا لە بەڕێز ئیسماعیل تەتەری نوێنەری باختەران دەکەین بێت و وتاری ساڵانەی پێشکەش بکات"، بەڵام تەتەری لە شوێنەکەی خۆی ناجووڵێت، سەرۆکی پەرلەمان سێ جار هەمان دوا دوبارە دەکاتەوە، تەتەری هەر سێ جارەکە لە شوێنێ خۆی ناجووڵێت، تا کار دەگاتە ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان توڕە دەبێت و دەڵێت بەڕێز تەتەری بۆ وەڵام نادەیتەوە؟ تەتەریش دەڵێت ئاخر تۆ داوات کرد نوێنەری باختەران بێت قسە بکات، من نوێنەری باختەران نیم و شارێک بە ناوی باختەران ناناسم، من نوێنەری کرماشانم.

ئەم هەڵوێستەی تەتەری دەنگدانەوەیەکی زۆری دەبێت و لە رۆژانی دواتردا لەلایەن خەڵکەوە پێشوازی زۆری لێ دەکرێت، ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی بابەتی گەڕانەوەی ناوی کرماشان بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە، بەڵام هەندێک لە پەرلەمانتارەکان بە توندی دژایەتی گەڕاندنەوەی ناوی کرماشان دەکەن و دەڵێن ئایەتوڵا خومەینی ناوی شارەکەی بە باختەران هێناوە و نابێت بگۆڕدرێت، بەڵام تەتەری بە بەڵگەیەکی بەهێزترەوە وەڵامیان دەداتەوە و پەنا دەباتە بەر نامەیەکی ئیمام حەسەنی عەسکەری ئیمامی شیعەکان کە کاتی خۆی لە نامەیەکدا نووسیوویەتی: " ئەحمەد بن ئیسحاق نوێنەری منە لە وڵاتی کرماشان"، بەمجۆرە پەرلەمانتارەکانی دیکە ناتوانن لەوە زیاتر دژایەتی بکەن و بە یاسایەک ناوی کرماشان دەگەڕێتەوە بۆ شارەکە، ئەم کارەی ئیسماعیل تەتەری دەنگدانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە و بووە کەسێکی خۆشەویست نەک لە کرماشان بەڵکو لە ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش.

نەیتوانی ئەسفەهانییەکان دەربکات
دوای ماوەیەک ویستی بە هەمان شێوە کە ناوی کرماشانی گەڕاندەوە، بەڵێنەکەی دیکەشی جێبەجێ بکات کە دەرکردنی ئەسفەهانییەکان بوو، رۆژێک کە سەرۆکی پەرلەمان داوا لە نوێنەرێکی ئەسفەهان دەکات وتارەکەی پێشکەش بکات، تەتەری هەڵدەستێت و دەست دەکات بە قسە کردن، سەرۆکی پەرلەمان توڕە دەبێت دەڵێت بۆ مەگەر تۆ نوێنەری ئەسفەهانی کە قسە دەکەی؟ تەتەریش دەڵێت: " بەڵێ من نوێنەری ئەسفەهانم، ئیمام جومعەی ( وتاربێژی نوێژی هەینی) شارەکەم ئەسفەهانییە، پارێزگار ئەسفەهانییە، هەموو بەڕێوەبەری دامودەزگا حکومییەکان ئەسفەهانین، بەشی زۆری فەرمانبەرانی شارەکەم ئەسفەهانین، دەی کەواتە من نوێنەری ئەسفەهانم."


هەرچەندە ئەم هەڵوێستەی تەتەری بە هەمان شێوەی هەڵوێستی پێشووی دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، بەڵام نەیتوانی ئەوەندە فشار دروست بکات کە لە جیاتی ئەسفەهانییەکان، کرماشانییەکان خۆیان پارێزگاکەی خۆیان بەڕێوەببەن، تا ئێستاشی لەگەڵدابێت کرماشانییەکان بە دەست هەمان کێشەوە دەناڵێنن، لە کاتێکدا پارێزگای کرماشان بەپێی ئامار بەرزترین ڕێژەی بێکاری لەسەر ئاستی ئێراندا هەیە، کەچی بەو حاڵەشەوە حکومەتی ئێران بەردەوامە لەو سیاسەتەی کە خەڵک لە پاریزگاکانی دیکەوە دەهێنێت و لە دائیرە و فەرمانگە حکومییەکان دایاندەمەزرێنێت.

قسە خۆشەکانی تەتەری
تەتەری بۆ دوو خول ئەندامی پەرلەمان بوو، دوو جاریش خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید کرد بەڵام هەر دوو جارەکە کاندیدبوونەکەی لەلایەن ئەنجومەنی چاودێری دەستورەوە ڕەتکرایەوە.
ساڵی ٢٠٠١ کاتێک خۆی بۆ سەرۆک کۆمار کاندید کردبوو، ئەیوت: " کە بوومە سەرۆک کۆمار ناوی ئێران دەگۆڕم، چونکە ناوێکی ژنانەیە، ئەیکەم بە نەریمان، چونکە نەریمان لە دوو بەشی نەر و ئیمان پێکهاتووە، هەم ئیمانی هەیە و هەم نێرە ( نەر لە زمانی فارسیدا بە واتای نێر دێت)".
جارێکیتر لە پەرلەمان هەڵدەستێت لەسەر کێشەی خزمەتگوزاری لە پارێزگای ئیلام قسە دەکات، سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت تۆ تەنیا بۆت هەیە لەسەر پارێزگاکەی خۆت قسە بکەی، بۆ مەگەر تۆ خەڵکی ئیلامی وا لەسەر مافەکانی ئەوان قسە دەکەی؟ تەتەریش لە وەڵامدا دەڵێت: " بۆ جەنابی سەرۆک تۆش سەرۆکی پەرلەمانی  غەزە و فەلەستینی وا هەموو رۆژێک باسی مافی ئەوان دەکەی و قەت باسی مافەکانی خەڵکی ئێران ناکەی؟".

لەناو رۆژنامە و گۆڤارەکانی ئێرانیشدا هەڵوێست و رەفتارەکانی ببوونە هەوێنی تەنز، گۆڤاری تەنزی " گل ێ‌قا" وێنەیەکی تەتەری بە ریشی درێژەوە لەسەر بەرگی گۆڤارەکە چاپ کردبوو و نووسیبووی بۆ بینینی درێژەی ریشەکەی سەردانی لاپەڕەی دواتر بکەن.
دواین هەڵوێستی سیاسی تەتەری لە ساڵی ٢٠٠٩دا بوو کە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریدا پشتگیری لە مەهدی کەروبی کرد و لە پارێزگا کوردییەکان و لوڕنشینەکاندا بانگەشەی بۆ دەکرد و نازناوی کەریم خانی زەندی سەردەمی پێدابوو بەوپێیەی کەریم خان لوڕ بووە و کەڕوبیش لوڕە، بەڵام دوای ئەوەی ساختەکاری لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا کرا، سوێندی خوارد تا لە ژیاندا بێت هەرگیز لە هیچ هەڵبژاردنێکی کۆماری ئیسلامیدا بەشداری نەکات، بەڵام تەنیا چوار مانگ دوای ئەم هەڵوێستەی لە تەمەنی ٥٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

مردنێکی گوماناوی
کاتێک تەتەری نەخۆش کەوت لە نەخۆشخانەیەکی سەر بە وەزارەتی نەوتی ئێران خەوێندرا، بەڵام دوای مردنەکەی سەرباری داوای بنەماڵەکەی رێگەیان نەدا تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی داد بکرێت، جگە لەوەش حکومەت رێگەی نەدا نە لە تاران و نە لە کرماشان پرسەی بۆ دابنرێت، بەمەش خانەوادەکەی و لایەنگرانی گومانی ئەوەیان هەیە کە لە نەخۆشخانە کوژرابێت، لە ماڵپەڕەکەیدا بە شەهید ناوی هێنراوە و باس لەوەشکراوە کە هەشت پزیشکی نەخۆشخانەکە تۆمەتبارن بەوەی دەستیان هەبووە لە کوشتنەکەیدا.