ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

10:15 - 20/10/2022

راپۆرتێكی ئەمەریکی: رەنگە کەمینە نەتەوەییەکان چارەنووسی رژێمی ئێران یەکلایی بکەنەوە‌

پەیسەر

ڕەنگە گرنگترین لایەنی ڕاپەڕینی ئێستای ئێران، ئەو ڕۆڵە سەرەکییە بێت کە کەمینە نەتەوەییەکان دەیگێڕن. هێزە ئەمنییەکانیش ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەرانی کەمینەیان کردۆتە ئامانج و کوژراون، کە کوژراوەکان زۆرینه‌یان لە بەلوچستان و ناوچەی دەریای خەزەر لە باکووری ڕۆژئاوای ئێرانن. هێزە ئەمنییەکان کۆمەڵکوژییەکی ئاشكرایان لە شاری زاهیدان لە نزیک سنووری پاکستان ئەنجامدا کە زۆرینەیەکی بەلوچی تێدا نیشتەجێیە.

بەپێی راپۆرتێک کە ماڵپەڕی فۆرین پۆڵسی ئه‌مریكی بڵاویکردووەتەوە، هێزەکانی رژێم لە ٣٠ی ئەیلولدا لە کاتی ته‌واوبوونی نوێژی هەینیدا زیاتر لە ٨٠ دانیشتووی زاهیدانیان کوشتووە و پێش ئەوەی تەقە لە نوێژخوێنان بکەن، جلی نەریتی بەلوچییان لەبەردا بووە بۆ ئەوەی نه‌ناسرێنه‌وه‌.

مێژووی ناڕەزایی نەتەوەیی ئێران- بەتایبەتی لە پارێزگا غەیرە فارسییەکان کە لەژێر کۆنترۆڵی تاراندان، ئاگری ئەو دۆخە ناجێگیرە زیاد كردووه‌، سەرکوتکردنی دڕندانەی ڕێژم لە زاهیدان و شوێنەکانی دیکە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە رژێم لەم بابەتە ئاگادارە.

سروشتی فرە نەتەوەیی ئێرانیش بەشێکی گرنگی سیاسەتی ئێرانە، شارەزایان و شرۆڤەکارانی رۆژئاوا مەیلیان هەیە لە چاوی نوخبەی فارسەوە سەیری ئێران بکەن، کەمینە نەتەوەییەکانی غەیرە فارس، ئازەری، کورد، عەرەب، تورکمان، بەلووچ و دەیان پێكهاته‌ی دیكه‌ زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی ئێران پێکدەهێنن و ناوچەیەکی بەرفراوانی ئەو وڵاتە كه‌ دەوری تارانیان گرتووە.

زۆربەی ئەو کەمینانە لە پارێزگا سنوورییەکان دەژین و لە وڵاتانی دراوسێ وەک عێراق، ئازەربایجان و پاکستان پەیوەندیی نەتەوەیی هاوبەشیان هەیە.  تاران منداڵانی كه‌مینه‌كانی بێبه‌ش كردووه‌ له‌ خوێندن به‌ زمانی دایكیان، بەڵام تەنانەت له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا بەپێی داتاکانی حکومەتی ئێران ٤٠٪ی هاوڵاتییانی ئەو وڵاتە به‌ فارسی قسه‌ ناكه‌ن. میدیای فه‌رمی و کتێبەكانی قوتابخانه‌ زۆرجار  گاڵتە بە کەمینەکانی ئێران دەکەن و ده‌سته‌واژه‌ی ڕەگەزپەرستانەیان لە دژ بەکاردەهێنن.

لەگەڵ بەردەوامبوونی چالاکییەکانی دژە ڕژێم، کەمینە نەتەوەییەکان ڕۆڵێکی گرنگتر دەگێڕن. ڕژێم دەزانێت کە زۆرێک لەو فارسانەی کە زاڵن بەسەر ئۆپۆزسیۆنی ئێراندا ڕەنگە ڕقیان لە ڕێژم بێت، بەڵام له‌گه‌ڵیشیدا زیاتر ڕقیان لە بیرۆکەی لەدەستدانی کۆنترۆڵی پارێزگاکانە. 

تاران لە ئێستاوە لە هەوڵی بانگەوازی هەستی ناسیۆنالیستی فارسدایە بۆ ئەوەی هەوڵی دابەشکردنی ئۆپۆزسیۆن بدات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە تەنیا حکومەتی ئێستا دەتوانێت کۆنترۆڵی به‌سه‌ر پارێزگاکانه‌وه‌ بهێڵێتەوە.

یاریکردن بە کارتی نەتەوەیی، میدیا و ئەکاونتەکانی سۆشیال میدیا کە پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانەوە هەیە، نەخشەی دابەشبوونی ئێرانیان بەسەر پارێزگا نەتەوەییەکاندا بڵاوکردۆتەوە و هۆشداری دەدەنە ئۆپۆزیسیۆنی ناسیۆنالیستی فارس کە ئەگەر ڕژێمەکە بکەوێت، چی ڕوودەدات.

لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووبوونەوەی کەمینە نەتەوەییەکانی ئێران و ڕژێمی دەسەڵاتدار پەرەی سەندووە. توندوتیژیی دژبه‌رانه‌ هه‌یه‌، ڕژێم کەمینە نەتەوەییەکان دەکاتە ئامانج و بە پێچەوانەشەوە.

شەپۆلی ئێستای نائارامی دژە ڕژێم لەو پارێزگایانەدا ڕوودەدات کە لە دوای چەسپاندنی شۆڕشی ئیسلامی لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بە دەگمەن شاهیدی خۆپیشاندانی دژە حکومەت بوون. 

ئەمەش تەنیا بەلوچستان لەسەر سنووری پاکستان ناگرێتەوە، بەڵکو پارێزگاکانی گیلان، مازەندەران و گۆلستان لە قەزەر دەگرێتەوە، کە  كه‌مینه‌ نەتەوەییه‌كان له‌ گیلان، مازەندەران و گوڵستان زۆرینه‌ن.

کەمینە نەتەوەییەکان لە ئێران دەتوانن کاریگەرییەکی بەرچاویان هەبێت لەسەر سەرکەوتنی چالاکیی دژە ده‌سه‌ڵات چونکە زۆرێک لە گرینگترین شوێنە ستراتیژییەکانی ئێران لەو ناوچانەدا هەڵکەوتوون کە کەمینە نەتەوەییەکان تێیدا نیشتەجێن.