ڕاپۆرتی کوردستانی

06:55 - 13/11/2022

بۆچی ژینا: سڕینەوەی ژنانی کورد و سیاسەتەکانی ئەوان لە ڕاپەڕینەکانی ئێراندا‌

پەیسەر

نووسەران: فەرەنگیس قادری، مامۆستا و لێکۆڵەر، ئەنستیتۆی لێکۆڵینەوەکانی عەرەبی و ئیسلامی، زانکۆی ئێکسێتێر، بەریتانیا
ئۆزلەم گۆنەر، مامۆستای یاریدەدەر، دێپارتمانی کۆمەڵناسی، زانکۆی سیتی، نیویۆرک
ئەم وتارە یەکەم جار بە ئینگلیزی لە گۆڤاری جدلیە بڵاوبووە


ڕەنگە ناڕەزایەتییەکانی ئێران کە لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢ بە گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی کچە کوردێکی سەقزی کە بە هۆی حیجابەوە دەستبەسەر کرابوو، دەستی پێکرد، بتوانێت بۆ هەمیشە دۆخی ئێران بگۆڕێت. ئەم ناڕەزایەتیانە هاودەنگییەکی ئیلهامبەخش و نوێی لە نێوان هەموو ئێرانییەکان بە پاشخانە فەرهەنگی، زمانی، ئایینی و ئایدیۆلۆژییە جیاکانیانەوە دروست کردووە و هەروەها جۆرێکی نوێی لە هاوکاری فێمینیستی لەسەر ئاستی جیهانیدا. بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئێمەی نووسەرانی ئەم بابەتە لە پێگەی دوو ژنی کوردەوە، ناڕازین لە گرنگی نەدانی زۆرێک لە ناوەندە فەرهەنگی و سیاسی و ئەکادیمیەکان بە ناوی راستەقینەی ژینا کە ناوێکی کوردییە و پێمان وایە ئەم کەمتەرخەمییە یان ڕێبازە نادروستە پێچەوانەی ئاراستەی ئەو هاوسۆزیی نوێیەیە کە لە نێوان گەلانی ئێراندا دروست بووە. ئەم هەڵسوکەوتە ناڕاستە بە ڕادەیەک بووە کە بەشێک لە میدیا سەرەکییەکان و هەروەها ڕێکخەرانی ڕێپێوانەکانی هاودەنگی لە دەرەوەی وڵات، بەئاشکرا ڕەتیانکردووەتەوە ناوی ڕاستەقینەی ژینا بەکاربهێنن.


دەزانین کە لە یەکەم ڕۆژەکانی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی ئێران پاڵنەری سەرەکی ئێرانییەکان بۆ یادکردنەوەی ژینا بووە هۆی ئەوەی کە هاشتاگی "مەهسا ئەمینی" ملیۆنان جار دووبارە بکەنەوە و دواتر یەکێک لە پاڵنەرەکانی کەڵک وەرگرتن ناوی "مەهسا" هەر ئەوە بووە. بەڵام لە ڕۆژانی دواتردا کە ناڕەزایەتییەکان بە خێرایی و بە هاودەنگییەکی جێی دڵخۆشی لە کوردستانەوە گەیشتە تەواوی ئێران، و خەڵکی ئێران پێکەوە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی و (زن، زندگی آزادی) به کوردی و فارسی و تورکی و بەلوچی و زمانەکانی دیکە کرد بە دروشمێکی جیهانی، هەندێ کەس  لە لەپاڵ ناوە فەرمییەکەی ناوی ڕاستەقینەکەی ژینایان بەکارهێنا، کەچی هێشتا زۆرێک لە میدیاکان و ناوەندە ئەکادیمیەکانی دەرەوە و زۆرێک لە چالاکەکانی میدیای ئەلکترۆنی ڕەتیدەکەنەوە ناوی کوردی ژینا بەکاربهێنن. ڕەنگە لە ڕوانگەی بەشێک لە خوێنەرانەوە ئەم مەسەلەیە گرنگ نەبێت و رەنگە بڵێن ناوی بنێین مەهسا یان ژینا، لەهەر حاڵەتێکدا بۆتە ئیلهام بەخشی ئەم ڕاپەڕینە نوێیە و لەدوای ئەویش ژمارەیەکی زۆر گەنج لەپێناوی دۆزی ئازادی ئێراندا شەهید بوون و بوون بە ئیلهام بەخشی بەردەوامی ڕاپەڕینی گەل. بەڵام ئێمە پێمان وایە ئێستا کە ئەم هاودەنگییە لەنێوان خەڵکی ئێراندا دروست بووە، کاتی ئەوە هاتووە خۆمان لەو ئایدیالانەی کە ئەوی دیکە نادیدە دەگرێ بە دوور بگرین و مافی مرۆڤەکان جا سەربە هەر کولتوور و زمان و ئایین و باوەڕێک بن بەوجۆرەی کە هەیە و بەوشێوەی کە خۆیان دەیانەوێ رەچاو بکەین.


لەم ڕووەوە ئێمە لەم بابەتەدا لێکۆڵینەوە لە سێ جۆر پشتگوێخستن یان پرۆسەی سڕینەوە دەکەین کە تەنانەت لەنێو ناوەندە پێشکەوتنخواز و فێمینیستیەکانیشدا بەرچاو دەکەون و هەوڵ دەدەین ئەوە بخەینەڕوو کە چۆن هەریەکە لەوانە گورز لە ئایدیالی هاوپشتی ئازادیخوازانەی خەڵک دەدەن. لەبەشی یەکەمدا باس لە پاڵنەرەکانی بەکارهێنان یان بەکارنەهێنانی ناوی ژینا دەکەین، هەروەها گرنگی هەڵبژاردنێکی لەو شێوەیە. لەبەشی دووەمدا سەرنج بۆ پشتگوێخستن و نادیدەگرتنی سەرچاوەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی ڕادەکێشین. ئەوە دەخەینەڕوو کە ئەم دروشمە بۆ یەکەمجار لەلایەن بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنانی کورد نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی حکومەتە پاوانخواز و پیاوسالارەکانی ناوچەکە سەری هەڵدا و ژن و پیاوانی کورد بۆ یەکەمجار بۆ هەمان مەبەست بەکاریان هێناوە کە لە ئێستادا خەڵک لەسەرتاسەری ئێران بەکاری دەهێنن، واتە بە ئاراستەی داوای ماف و بەرەنگاربوونەوەی ئەو حکومەتانەی کە وەک حکومەتە کۆلۆنیالیزمەکان مامەڵە لەگەڵ گەلی خۆیان، بە تایبەت کەمینە نەتەوەیی و زمانەوانییەکان دەکەن.


خاڵێکی دیکە کە پێویستە پێش دەستپێکردنی باسە سەرەکییەکە ئاماژەی پێبدەین، چاوپۆشیکردنە لە ئەگەری پەیوەندی نێوان کوردبوونی ژینا و ئەو توندوتیژییە توندەی کە بەرامبەری کراوە. توندوتیژیی بەرپرسانی ئەمنی بەرامبەر هەموو ئێرانییەکان لە چاوی کەس شاراوە نییە، بەڵام ئەم توندوتیژییە لە دۆسیەی ژینادا کە هێندە توند بووە بووەتە هۆی مردنی، مشتێکە لەو خەرواری توندوتیژییە کە کوردەکان لە ئێرانی مۆدێرندا تووشی بوونە. بۆیە پێویستە ئەوە بزانین کە جەختکردنەوە لەسەر ناسنامەی کوردایەتی ژینا، هاوکات لەگەڵ ژنبوون، کۆنتێکستێک دروست دەکات کە تێگەیشتنێکی باشتر لە ڕەوتەکە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر پەراوێزخستن و سەرکوتکردنی ژنان و ناڕازییان و کوردەکان و خەڵکانی دیکە. گەیشتن بە ئاستێکی وا لە هۆشیاری رەهەندە ئازادیبەخشەکەی بزووتنەوەکە بەهێزتر دەکات و بە جەماوەریکردنی زیاتری بزوتنەوەکە، لایەنەکانی ژن میحوەری و دژە کۆلۆنیالیزمەکانی هێندەی دیکە لەناو خەڵکدا پتەودەکات.


لە ناوی ژینا دەست پێدەکەین

ژینا بە واتای بەخشینی ژیانە؛ لەسەر بەردی گۆڕی ژینا نووسراوە: «ژینا گیان، تو نامری، ناوت ئەبێتە رەمز»، کەچی هێشتا زۆر کەس ئەو ناوە بەکاردەهێنن کە حکومەت بەسەر بنەماڵەکەیدا سەپاندووەیەتی. ماوەی چەند دەیە حکومەتی ئێران خێزانە کوردەکان ناچار دەکات ناوی کوردی بۆ مناڵەکانیان بەکارنەهێنن؛ بۆیە هەبوونی ناوێکی کوردی لەناو بنەماڵە و ناوێکی فەرمی حکومەت کە لە قوتابخانە و کار و هتد بۆ زۆرێک لە کوردەکان بە شتێکی ئاسایی دادەنرێت. مادەی بیستەمی یاسای تۆماری مەدەنی ئێران ئەو ناوانە قەدەغە دەکات کە دەبنە هۆی پێشێلکردنی پیرۆزییە ئیسلامییەکان و هەروەها نازناوی هێرشبەرانە و قێزەونیان تێدایە. ڕەنگە تەنیا ئەم یاسایە ئەوەندە ئازاربەخش نەبێت، بەڵام هەر ئەم یاسایە ئەو دەسەڵاتەی بە ئەنجومەنی باڵای رەگەزنامەی ئێران داوە کە بڕیار بدات کە ناوێک قەدەغەیە یان ئازادە.


لەمرووەوە دەسەڵاتە خۆجێیەکان لە ئێران دەسەڵاتی قبوڵکردن یان ڕەتکردنەوەی ناوێکیان پێدراوە، زۆربەیان بە شێوەیەکی سیستماتیکی کەڵک لە یاساکانی ئێران وەردەگرن بۆ ڕێگریکردن لە ناونانی منداڵان بە ناوی تایبەتی کەمینە نەتەوەیی و زمانەوانی و ئایینییەکان. بەشێک لە بەرپرسانی خۆجێیی هەندێک جار لە ناوچە جیاجیاکانی ئێراندا هەمان کار لەگەڵ ناوی فارسی ڕەسەنیشدا دەکەن، بەڵام لە دۆخی خەڵکی غەیرە فارسی ئێرانیدا، ئەم جۆرە مامەڵەیە زۆر دیارتر و توندترە. جگە لەوەش بەشێک لە کوردەکانی ئێران دوودڵن لە ناونانی منداڵەکانیان بە ناوی کوردی؛ چونکە دەزانن ئەگەر منداڵەکانیان بە مەبەستی خوێندن یان دامەزراندن کۆچ بکەن بۆ دەرەوەی کوردستان، ئەوا ناوەکانیان دەتوانێت ئەو جیاکارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە توندتر بکاتەوە کە حکومەت جێبەجێی دەکات. ئەم پرسە گرنگە چونکە بە هۆی سیاسەتە کۆلۆنیالیزمەکانی ئێرانەوە لە دواخستنی پرۆسەی گەشەسەندنی ناوچەکانی وەک کوردستان یان بەلوچستان، بۆ زۆرێک لە گەنجانی کورد گەڕان بەدوای هەلی کار لە دەرەوەی کوردستان زۆر پێویستترە لەچاو شارەکانی دیکەی ئێران.


لە ئاستێکی بەرفراوانتردا پێویستە سەرکوتکردنی گشتی زمانی کوردی لەبەرچاو بگیرێت. جەعفەر شێخولئیسلامی توێژەری کورد لە وتارێکدا بەناونیشانی "سیاسەتی زمان و مافەکانی زمان لە کوردستانی ئێران"، ئاماژە بە قەدەغەکردنی بەکارهێنانی هێما و ناوی کوردی لە شوێنی گشتی لەلایەن هەندێک لە فەرمانگەکانی حکومەتەوە دەکات. ناوبراو لە رێگەی بڵاوکردنەوەی نوسراوێکی وەزارەتی بازرگانی - لقی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، ئەو بابەتە زیاتر ڕوون دەکاتەوە: "پێویستە تابلۆکان لە شوێنە گشتییەکاندا بە زمانی فارسی بن [...] و لە تابلۆکان و هێماکان و نوسراوی سەر جامی فرۆشگاکاندا تەنیا زمانی فارسی بەکاربهێنن". نموونەیەکی دیکە لە وتارەکەی شێخ ئیسلامیدا هاتووە؛ بۆ نموونە ئاماژە بە نامەیەک دەکات کە لە لایەن بەشی شوێنە گشتییەکانی پارێزگای فارسەوە بۆ بەشی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی دەرچووە و تێیدا هاتووە: "نابێ ئەو ناوەی بۆ کاروکاسبی بەکاردێت غەیرە فارسی بێت". خاوەنی ئەم بزنسێک ناوی ژینای پێشنیار کرد و ئەویش لە وەڵامدا وتی: "بەو پێیەی ئەم ناوە کوردییە و ئێرانی نییە، ناتوانرێت ڕێگەی پێبدرێت". ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەم بەرپرسە هاووڵاتیانی کوردی ئێران و زمانەکەیان بە غەیرە ئێرانی دەزانێت. لە کاتێکدا چەندین جار جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە کورد یەکێکە لە گەلە کۆنەکانی ئێران و زمانی کوردی یەکێکە لە زمانە ڕەسەنەکانی ئێران.



ئێستا کێشەکە لەوەدایە کە زۆرێک لە ناڕازییە فارس زمانەکانی ئێران و لایەنگرانی غەیرە ئێرانی لە بزووتنەوەی ئێران لە سەرانسەری جیهاندا، بە مەبەست یان بێ مەبەست، بێ لەبەرچاوگرتنی پێشینەی کێشەکە، بەبەکارهێنانی ناوی مەهسا لە جیاتی ژینا بە جۆرێک لە جۆرەکان بەشدارن لەم پرۆسەی سڕینەوەی ناوی ژینا. بۆ نموونە؛ کۆمەڵەی نیشتمانی بۆ توێژینەوەی ژنان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە بە سادەیی بە بەکارهێنانی ناوی مەهسا وەک ژنێکی تەمەن ٢٢ ساڵانی ئێرانی، هیچ ئاماژەیەکی بە ناو و ناسنامەی کوردبوونەکەی و هەروەها پاشخانی خەباتی کورد نادات. هەر لەم پێوەندییەدا ماڵپەڕی Democracy Now کە بەزۆری تیشک دەخاتە سەر پرسی گروپە پەراوێزخراوەکان، لە بەشی ناڕەزایەتی خۆیدا تەنیا ناوی ژینای بە مەهسا هێناوە و تەنیا ئاماژەیەکی کورتی بە ناسنامەی کوردی ئەو کردووە.


چالاکانی مەدەنی و ژنانی کورد بە باشی ئاگاداری خەباتی ژنان و چالاکانی مەدەنیی ئێرانن بۆ گەیشتن بە مافی مرۆڤی ژنان و پیاوانی ئێران. بەڵام بێ ئاگایی پسپۆرانی سەبارەت بەوەی بۆچی ژینا دوو ناوی هەبووە، دەکرێ ببێتە هۆی لەدەستدانی هەلێکی گرانبەها بۆ تێگەیشتنی ئێمە لە یەکتر و تێگەیشتن له پێگەی خەباتی ژنی کورد لەدژی حکوومەته سەرکوتگەرەکان له ئێران و لە ناوچەکە.


ژن، ژیان، ئازادی؛ زیاترە لە دروشمێک


بەدەر لە پرسی پشتگوێخستنی ناوی کوردی ژینا، زۆرێک لە شرۆڤەکاران، چالاکوانان و تەنانەت هونەرمەندانی ناوەوە و دەرەوەی ئێران، گرنگیی دەیان ساڵ خەبات و بەرخۆدانی گەلی کورد و هەروەها کاریگەرییە مێژووییەکانی ئەم خەباتە لەسەرڕاپەڕینی ڕزگاریخوازی ئێستا لەبەرچاو ناگرن. یەکێک لە نموونە هەرە دیارەکانی ئەم جۆرە هەڵوێستە ئەوەیە کە زۆرێک لە شرۆڤەکاران و چالاکانی فەرهەنگی و سیاسی بنەچەی شۆڕشگێڕی و کوردی بوونی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی پشتگوێ دەخەن. ئەو پرسانەی کە زۆرێک لەو شرۆڤەکار و چالاکوانانە ناتوانن لێی تێبگەن، بنیاتنان و وردکردنەوەی ئەم دروشمە لەسەر بنەمای بزووتنەوە لۆکاڵییەکانی ژنانی کورد و تیۆریزەکردنی ژنانی کورد و بۆچوونەکانی عەبدوڵڵا ئۆجالان سەبارەت بە ڕۆڵی سەرەکی ژنان لە داڕشتنی کۆمەڵگەیەکی ئازاددا بوو، وتنەوەی ئەم دروشمە لەلایەن بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کورد لە باکور و ڕۆژئاوای و کەڵک وەرگرتن لێی لەلایەن چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی کوردی ئێران ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە گەیاندنی ئەم دروشمە بۆ ئێران.


بێگومان بابەتەکە باسێکی بێهودە نییە سەبارەت بە ڕەگ و ڕیشەی دروشمێک، چونکە قبوڵکردنی بەرفراوانی ئەم دروشمە لە ئێراندا، ئەوە دەردەخات کە لەڕابردوودا بیروباوەڕی هاوشێوەی وا هەبووە و بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی ژنان و پیاوانی ئێرانی و پشتیوانی و ئامادەیی دڵسۆزانەی گەلی ئێران بۆ ڕێبازێکی ڕزگارکەر و جوانی لەو شێوەیە هەبووە. بەڵام مرۆڤ دەبێ بپرسێ بۆچی شرۆڤەکارانی ناڕەزایەتییەکانی ئێستا، بەتایبەت ئەوانەی کە هەندێک جار زۆر بیرمەند و شارەزان، ئەم مێژووە و رابردووە بە تەواوی پشتگوێ دەخەن؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا، پێشکەشکارانی بەرنامە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان هەندێک جار بە پێدانی وەڵامێکی ناڕوون خۆیان لە کردنەوەی ئەم جۆرە باسەکە بەدوور دەگرن و هەندێکجاریش بە تەواوی پاشخانی ئەم دروشمە ڕزگاریخوازە پشتگوێ دەخەن. بۆ دەبێ بایەخ وگرنگی بە خەباتی کوردەکان بۆ ئازادی و مافەکانیان نەدەین؟ ئایا رەوایە لەبەر ئەوەی هەندێک لە کوردەکان کە تینیان پێگەیشتووە و پێداگری لەسەر جیابوونەوە دەکەن، وامان لێبکات ماف بە مافخوازان نەدەین.


لەپاڵ ئەم ڕێبازی سڕینەوەیەدا، هەندێ لە بەرهەڵستکاران و پشتیوانەکانیان ڕێگەی دیکە دەگرنەبەر بۆ نەهێشتن یان پشتگوێخستنی خەباتی کورد. لە کاتێکدا کوردەکان 10-15%ی کۆی دانیشتوانی ئێران پێکدەهێنن، کەچی نزیکەی پەنجا لەسەدی هەموو زیندانیانی سیاسی لە ئێران کوردن. خەباتی کورد بۆ ناساندنی مافی هاووڵاتیبوون و گەیشتن بە ئازادی مێژوویەکی کۆنتری لە کۆماری ئیسلامی هەیە. سەرەڕای ئەو ڕۆڵە ئەرێنییەی کە لە هەندێک حاڵەتدا ناسیۆنالیزمی ئێرانی لە گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی ئێراندا گێڕاوەیەتی لە رەهەندە نێگەتیڤەکەیدا هەمیشە فارس میحوەر بووە و پەراوێزخستن و ئاسیمیلاسیونی ناسنامە غەیرە فارسییەکان هەمیشە لەبەرنامەیدا بووە.



هەمان ڕێبازی نادروست بۆ قۆناغی دوای شۆڕش ١٩٧٩ تەشەنەی کرد و لە زۆر ڕووەوە خراپتر بوو. لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩، کوردستان سیاسەتی ئەمنی بەهێز و میلیتاریزەکردنی بەخۆیەوە بینیوە. بۆیە کاردانەوەی توندتری حکومەت بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی کورد بە ڕێکەوت نییە. کوردستان و بەلوچستان گۆڕەپانی خوێناویترین پێکدادان لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەدا بوون، و لە کوردستان هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە ماڵی خەڵکی مەدەنی کردووە.


وەک هاوسۆزییەک لەبەرامبەر گۆرانییە زۆر بەناوبانگەکەی "بۆ" کەلەلایەن شێرڤین حاجیپوورەوە وترا، کە تێیدا تویتەکانی پشتیوانی کردن لە ناڕەزایەتییەکان بە وشەی "بۆ\ لەپێناوی" بەکارهێنا و دواجار بووە هۆی دەستگیرکردنی حاجیپوور، چیا مەدنی، میوزیکژەن و گۆرانیبێژی کورد، گۆرانییەکی دانا کە زۆر جێگەی رامانە. چیا لە گۆرانییەکەیدا وێڕای قبوڵکردنی قسەکانی شێرڤین، کە ئازار و مەینەتی ملیۆنان کەسی کردە پەیامێکی هەمەلایەنە، دەڵێ هەرچەندە گرنگیدانی شێرڤین بە ئازارەکانی ئەفغانییەکان لە ئێراندا گرنگە، بەڵام دەبوایە لە گۆرانییەکەیدا ئاماژەی بەو ئازارە بێکۆتایی و چەوساندنەوە  یەکجارزۆرەی گەلانی غەیرە فارسی ئێرانی بدایە.. چیا مەدەنی دەڵێت: "لێم ببوورە ئەگەر بڵێم، زامەکانم لەوانەی تۆ، هەم کۆنترن هەم قوڵترن، لە دڵدایە هەزاران بۆ".

مەدەنی ئاماژە بە ناوی ژینا و پەراوێزخستنی ناسنامە کوردییەکەی لە پێش مەرگ و پاش مەرگی دەکات و دەڵێت: "بۆ ژینایەک کە نەیتوانی، نە لە ژیان نە دوای مەرگی، بە ناوی خۆی بانگی بکەن، لە مێژوودا باسی بکەن".. هەر لەبەر ئەم هۆکارە چیا لەپێناوی سەدان ساڵ لە ئازار و چەوساندنەوە و ژێردەستەیی، کورد، لوڕ، عەرەب، بەلوچ، لە پێناوی کولتوور و شوناسە زیندە بەچاڵەکراوەکان و زمانە بەندکراوەکان گۆرانییەکەی وتەوە. هەروەها دیاکۆ خالقی وێرژنی کوردی گۆرانیەکەی شێرڤین حاجیپووری بڵاو کردەوە کە تیایدا ئاماژە بە توندوتیژی بەرامبەر کۆڵبەران و کچانی شین ئاباد [1] دەکات. ئەم بابەتانە بیرهێنانەوەی ئەو هاوارە تاساو و نەبیستراوانەی خەڵکانێکن کە پێویستە لەم سەردەمی سەرهەڵدان و هاودەنگیدا ببیسترێن بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە هاتنەوە سەرکاری ئەو ڕێباز و گوتارانەی کە ئازار و ناڵەی هاوڵاتیانی ئێرانی لەبەرچاوناگرێ و درێژە بە سڕینەوەیان دەدات.



هەروەها لە بەشێک لە ڕێپێوانی ئێرانییەکانی لە دەرەوەی وڵات هەڵسوکەوتی سڕینەوە بەدی کراوە، بۆ نمونە لە وڵاتی وێڵز بەهۆی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان یان ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە لابردنی ناوی ژینا و ناسنامە کوریەکەی، کوردەکان لە ڕێپێوانەکە دوور خراوەنەتەوە. وتارێک لە ڕۆژنامەیەکی وێڵزی بە ناوی Nation Cymru ئاماژە بەوە دەکات کە کۆمەڵەی کوردانی وێڵزی بە ناوی KAWA لە کۆبوونەوەی Senedd رێگەیان پێ نەدا ئاڵای کوردستان هەڵکەن و تەنیا ئاڵای ئێرانی پێش شۆڕشی ئێران لەم خۆپیشاندانەدا هەڵکرا. لە ئەنجامدا کوردەکان لە شاری کاردیف ڕێپێوانی سەربەخۆیان ئەنجامدا. سەیر لەوەدایە وێڵز وڵاتێکە پەرلەمان و ئاڵای تایبەت بە خۆی هەیە، هەرچەندە چەندین سەدە بەبێ هیچ کێشەیەک بەشێکی گرنگی بەریتانیا بووە. بەڵام ئێرانییەکانی نیشتەجێی وێڵز کە لە پێناوی ئازادی و دیموکراسی هاتبوونه سەڕ شەقامەکان، تەحەموڵی ناوێکی کوردی و ئاڵایەک که سیمبولی فەڕهەنگێکی مێژووییە و هیچ ناکۆکییەکی لەگەڵ ئاڵای ئێراندا نییە، نەکرد. کوردێک کەویستویەتی بەشداری لە ڕێپێوانێکی لەو شێوەیەدا بکات، تەنانەت ئەگەر ئێرانیش نەبێت، مەبەستێکی مرۆڤ دۆستی هەیە کە دەبێ رێزی لێبگیرێت، و پێویست نییە ناسیۆنالیزمی ڕادیکاڵ بەشێوەیەکی دژبەرانە تەماشای بکات.


بێگومان لە ناوخۆی ئێراندا ڕووبەڕووبوونەوەکان زۆر دروستتر و باشتر بوون؛ ئەوەی دەکرێ بە ئومێد لێی بڕوانێت، بیستنی دروشمی وەک «کردستان چشم و چراغ ایران - کوردستان چاو و ڕووناکی ئێران» لە شارەکانی دەرەوەی کوردستان و وتنەوەی دروشمی «آذربایجان بیدار است، حامی کردستان است - ئازەربایجان بەئاگایە، پشتیوانی کوردستانە» لە شارە تورک نشینەکانی ئێرانە؛ وە هەروەها پشتیوانی لە خەڵکی بەلووچ و ئیدانەکردنی ئەو زوڵمەی کە حکومەتی ئێران بەرامبەریان دەیکات. ئەمەش نیشاندەری دروستبوونی جۆرێکی نوێیە لە هاودەنگی لە نێوان ئەو کەسانەی کە لە شەقامەکاندا ئامادەن. بۆ نموونه خوێندکارانی شاری تەورێز بۆ دەڕبڕینی هاوپشتی لەگەڵ شارەکانی کوردستان که لەلایەن هێزهکانی حکومەتەوە گەمارۆدرابوون، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان به کوردی دەوتەوه . ئەم هاودەنگیەی خەڵک لەناو وڵاتێکدا کە ماوەیەکی زۆرە سیاسەتی سڕینەوەی ئەوانی دیکە پەیڕەو دەکات، جێگەی ئومێدێکی زۆرە.


فێمینیزمی کوردی و هاوپشتی فێمینیست


سەرکەوتنی ژنانی ئێران لە دروستکردنی هاوپشتی لە نێوان گروپە جیاوازەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیستمێک کە لەسەر بناغەی ئاپارتایدی جێندەری و ئایینی بونیاد نراوە زۆر ئومێدبەخشە. بەڵام خستنەوەڕووی یەکپارچەیی ڕەوتی سەرەکی و بانگەواز و بەیاننامەکانی هاوپشتی بەبێ گرنگیدان بە ڕەخنەی گوتاری دامەزراوەیی بۆ پەراوێزخستنی گروپە جیاوازەکان و کەمکردنەوەی خەباتەکانیان بۆ ئازادی و مافی مرۆڤ، دەتوانێت لەبری بەهێزکردنی ئەم بزووتنەوە پێشڕەوە فێمینیستی، مرۆڤ میحوەر و دژە- کۆلۆنیالیزمی ئێستا بخاتە تەڵەی دوو جۆر لە فێمینیزمی کۆنزەرڤاتیف و خودگەرایییەوە.


جۆری یەکەم بریتییە لە فێمینیزمی ساختە ئیمپریالیستی، کە لە رواڵەتدا پشتیوانی لە خەباتی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، بەڵام ئەم جۆرە فێمینیزمە قسە لە ڕۆڵی حکومەت و ڕێکخراوەکانی ئەوروپا/ئەمریکای باکور لە تاوان و چەوساندنەوەی خەڵکی ناوچەکەدا ناکات. لە هەمان کاتدا ئەگەرچی ڕێبازی فێمینیستەکانی ئەم گرووپە ڕێگەیەکی باشە بۆ پیشاندانی پشتیوانی ژنانی ئەوروپی و ئەمریکی بۆ خەباتی ژنانی ئێران، بەڵام بێدەنگی زۆرێک لە لایەنگرانی ئەم جۆرە فێمینیزمە لەبەرامبەر سیاستەتی دژە کۆچبەری حکومەتەکانی ڕۆژئاوا کە کاریگەری لەسەر ژیانی ملیۆنان ژن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە، جێگەی پرسیارە.


بۆ نموونە ماوەیەک پێش ئێستا، ئەندامێکی سویدی پەرلەمانی ئەوروپا بەناوی عەبیر سەهلانی بە مەبەستی دەربڕینی هاوسۆزی خۆی لەگەڵ خۆپیشاندەران قژی خۆی بڕی و وتی: "تا ئازادی ژنانی ئێرانی لە گەڵیانین". سەیر لەوەدایە سەهلانی بەمەبەستی پشتیوانی لە ژنان، بەدروشمی ژنانی کورد ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی بە وتارەکەی هێنا، بەڵام حکومەتی سوید بۆ ڕازی کردنی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ قبوڵکردنی ئەندامێتی سوید و فینلاند لە ناتۆ چالاکی بزوتنەوەی ژنانی کوردی وەک تاوان ناساندووە.


لە یاداشتەکی سێ قۆڵییدا کە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا لەلایەن تورکیا و فینلاند و سویدەوە واژۆ کرا، پلانێک بۆ چاودێریکردنی بزووتنەوە مەدەنی و سیاسییەکانی کورد و ئەو بزووتنەوانەی لایەنگری لە کورد دەکەن خرایەڕوو، ئەم یاداشتە زۆرێک لە ژنانی کورد کە چالاکانە لەپێناوی بەرقەرارکردنی یەکسانی جێندەری لەناو بزووتنەوەی ژنانی کورددا کاردەکەن، بە تاوانبار لەقەڵەم دەدا. لەم پێوەندییەدا لە حاڵێکدا کە فێمینیستەکانی ڕۆژئاوا هاوسۆزی خۆیان بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران دەردەبڕن، پێویستە لەدژی بە تاوان ناساندنی بزووتنەوە ڕزگاریخوازی ژنان بوەستنەوە و دژی ئەو یاسا توندانە بوەستنەوە کە دەبێتە هۆی بێ ئومێدکردنی زیاتری پەنابەران، چونکە زۆرێک لەو پەنابەرانە لەو دەسەڵاتانە هەڵدێن کە مافی کەمینەکان و ژنان پێشێل دەکات.


جۆری دووەمی ڕوانگەی فێمینیستی کە پێویستە ئاگاداری بیت، فێمینیزمی خودگەراییە، کە باوەڕی بە جۆرێک لە پۆلێنکردنی گشتگیر هەیە، کە تێیدا ژن وەک پۆلێنێکی بێ چین و بەبێ گوێدانە دابەشبوونەکانی پەیوەست بە چەوساندنەوەی چینایەتی و نەتەوەیی و کۆلۆنیالیزم پێناسە دەکرێت. ژنانی کورد لە ئێران چەند دەیەیە بە کەڵک وەرگرتن لە میتۆدەکانی نافەرمانی مەدەنی و چالاکی دژ بە پەراوێزخستنی ئایینی، فەرهەنگی و جێندەری خۆراگری دەکەن. ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر لە ژنانی دیکە لەلایەن ڕژێمەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تووشی ئەزیەت و ئازار هاتوون، یا بە تاوانبار لەقەڵەم دراون یان تیرۆر کراون. نموونەیەکی ئەم دواییەی یەکێک لەو جۆرە ئازار و توندوتیژیانە، تیرۆرکردنی (ناگەهان ئاکارسێل) بوو لە شاری سلێمانی، لە ناو خاکی عێراق، حکومەتی تورکیا ڕاستەوخۆ لەو تیرۆرە تێوەگلاوە. کاتی تیرۆرکردنی ئاکارسێل و گرنگینەدانی جیهانی پێی، نموونەیەکی ڕوونی بارودۆخی سەختی ژنانی کوردە دەخاتەڕوو، چونکە ئاکارسێل وەک سەرنووسەری گۆڤاری ژنۆلۆژی [٢] و ئەندامی کۆمیتەی بزووتنەوەی ئازادی ژنانی کورد، بە شێوەیەکی شەخسی ڕۆڵی هەبووە لە دانانی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی. بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەوەی ئەم دروشمە لە سەرتاسەری جیهاندا تەشەنەی دەسەند، تیرۆرکردنەکەی ئەو لەلایەن جیهانەوە رووبەڕووی بێدەنگییەکی تەواو بوویەوە.


لە ڕوانگەی ئاکارسێل و هەزاران ژنی دیکەی کوردەوە، ڕزگاری ژن و هەنگاونانی شۆڕشگێڕانە بەرەو کۆمەڵگایەکی ئازاد بە سەرکردایەتی ژنان و پشتیوانی پیاوان، دەبێ هاوکات و تەواوکەری یەکتری بن. هاوشێوەی تیۆری و میتۆدەکانی ئینتەرسێکشناڵ (فرە میحوەری) کە ژنانی ڕەشپێست لە ئەمریکا پەرەیان پێدا، بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی ژنانی کورد ئاگاداری ئەوە بوون کە بزووتنەوەیەکی فێمینیستی کە تەنیا لەسەر بنەمای یەکسانی ژن یان بەهێزکردنی ژنان بونیاد نرابێ، بەبێ لەبەرچاوگرتنی جۆرەکانی دیکەی پەراوێزخستن لە کۆمەڵگایەکی ڕەگەزپەرست، سەرمایەدار و کۆلۆنیالیزمدا، بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت ئەو ئازادییانە بەدیبهێنێت کە ژنان پێویستیانە.


هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە بزووتنەوەی ژنانی کورد دامودەزگای خۆسەری تایبەت بە ژنانی ڕێکخستووە، وەک بەرگری ڕەوا بۆ شەڕێکی دوو لایەنە، لەلایەک شەڕ لەدژی حکومەتە کۆلۆنیالیزمەکان کە مافەکانیان پێشێل دەکەن، لەلایەکی دیکە لە دژی ئەو ستراکچەر و عەقڵیەتە پیاوسالارییە ناو کۆمەڵگاکەی خۆیان. ئەم تێڕوانینە بۆ ژنان کە وەک ڕزگارکەری کۆمەڵگاکان دەردەکەون، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، لە حکومەتە پیاوسالارەکانەوە تا زانستە پۆزەتیڤیستییە پیاو- سەنتەرییەکان و هتد، لە چوارچێوەی گوتاری ژن، ژیان، ئازادی دا دەخولێتەوە ، کە لە بنەڕەتدا بەها بە ڕێبازە نوێیەکان بە هەموو رەهەندەکانیەوە دەدات. بێگومان مەسەلەکە بەهیچ شێوەیەک پەراوێزخستنی پیاوان نییە، بەڵکو دروستکردنی ڕێباز و ئەندێشەیەکی نوێی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و زانستی و ئابووری و سیاسییە کە تواناکانی ژن و پیاو بەشێوەیەکی کاریگەرتر لە خزمەتی ئازادی و هزری داهێنەرانە و پراکتیکیدا بەکاربهێنرێت و ژیانێکی باشتر بۆ هەمووان دابین بکات.


پێشخستنی چالاکیی کولتووری دژە ئاسمیلەیشن، بەهۆی بوونی هاوکاتی یاسا و بیروباوەڕی جێندەری کە دەبنە هۆی چەوساندنەوەی خەڵکانی پەراوێزخراو بابەتێکی ئاڵۆز و فرە لایەنە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە دەبێ بزانرێت کە تێکۆشەرانی کورد لە مافی ژنان لە ئێران بە گێڕانەوەی ڕۆڵی سەرەکی لە ماوەی چەند دەیە لە خۆڕاگری و چالاکی کورد، قورسترین قوربانیان داوە لەدژی یاساکانی جێندەری و کۆلۆنیالیزمی حکوومەتەکان.



یەکێک لە نموونەکانی زارا محەمەدی مامۆستای زمانی کوردییە و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ناوەندی نوژین، کە لە ساڵی ٢٠٢١ بە تاوانی فێرکردنی زمانی کوردی سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. ئەو چەوساندنەوە دوو هێندەی کە ژنانی کورد ڕۆژانە لەبەرامبەریدا دەوەستنەوە، هەروەها ئارەزووی ئەو ژنانە بۆ گەیشتن بە ئازادی، دەتوانێ وانەیەکی گرنگ بێت بۆ خەباتێکی فێمینیستی دیموکراتیک بە داخوازی ئازادییەکی بەرفراوانتر.

بۆیە گرنگیدان بە خەباتی ژنان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بۆ پێشگرتن لە مەنهەجی سڕینەوە، دەتوانێ توانای ڕزگاریخوازی پۆتانسێلی بەشێکی گرنگ بۆ ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدیاری بهێنێت. خۆپیشاندەران لە ئێران دەزانن کە ژینا کوردە و ئامادەیی بوێرانەیان نیشانداوە بۆ فراوانکردنی ئەولەویەتەکانیان بۆ دروستکردنی هاوپشتی، بۆیە دەتوانن لە یەک کاتدا بە شێوەیەکی ناوازە تەحەدای پرۆسەی پەراوێزخستن و دوورخستنەوەی ژنان و کەمینەکانیش بکەن.


کەواتە وەرن با پێکەوە ژینا بە ناوە ڕەسەنەکەی ناوی کوردییەوە بانگ بکەین، با بە هۆشیارییەکی زیاترەوە جەخت لەسەر مافی هەموو مرۆڤەکان بکەینەوە و ئەو خەباتە لەبیر نەکەین کە پاشخانی دروشمی ژەن، ژیان، ئازادییە. ئەمەش کردارێکی ژیانبەخشە بۆ بە فەرمی ناسین و هەروەها بانگەوازکردن بۆ بزووتنەوەیەکی فرە میحوەریی فێمینیستی، و مرۆڤ میحوەر و ڕزگارکەر کە لە هەمان کاتدا دژە پیاوسالاری و دژە بەسڕینەوەی ئەوانی دیکە و دژە نەژادپەرەستی و دژە کۆلۆنیالیزم و هەموو جۆرە شاراو و ئاشکراکانییەتی.



پەراوێزەکان:



[١] شین ئاوا یەکێکە لەو گوندانەی کە دەکەوێتە کوردستانی رۆژهەڵات، سەربەقەزای پیرانشارە لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا. ساڵی ٢٠١٢ قوتابخانەی کچانی ئەم گوندە بەهۆی نەبوونی ئامێری گەرمکەرەوەی سووتا. لە بەهۆیەوە ٢٩ خوێندکار لە ئاگرەکەدا سووتاون و سێ قوتابییان گیانیان لەدەستداوە. بارودۆخی 12 خوێندکار ناجێگیر بوو، بۆیە ناچاربوون چەندین نەشتەرگەرییان بۆ بکرێت، سەرەڕای هەوڵی چالاکوانان بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری خەڵک، بەڵام بۆ دابینکردنی تێچووی زۆری ئەو نەشتەرگەریانە ڕووبەڕووی کێشەی زۆر بوونەتەوە.

[٢] ژنۆلۆژی ڕێبازێکی زانستییە کە تیشک دەخاتە سەر ئەزموونی ژنان و تێڕوانینەکانیان. ئەم ڕێبازە ئاڵتەرناتیڤێکی پراکماتیکی و فرەلایەن بۆ تیۆرییە پۆزەتیڤیستییە پیاوسالارییەکان و میتۆدە زانستییەکان کە لە کۆمەڵگا سەرمایەدارییەکاندا زاڵن، دەخاتەڕوو.