ڕاپۆرتی کوردستانی

05:52 - 05/12/2022

لە سوریا ئێمە بە وەفاترین دۆستی ئەمریکاین، لە بیرمان مەکەن‌

پەیسەر

مه‌زڵوم عه‌بدی_واشنتۆن پۆست

لە ساڵی 2014دا جیهان بۆ یەکەمجار گوێبیستی هەندێ زانیاری بوو لەبارەی زێدی منەوە: کۆبانێ، گەلەکەم و کوردی سوریا، کاتێک بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، یەکەم شکستی گەورەمان بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) هێنا. ئەو هاوپەیمانێتییەی لەوێ دروستمانکرد، لە ساڵی 2019دا بووە هۆی کۆتاییهێنان بە خەلافەتی داعش.

ئەمڕۆ، کۆبانێ دیسانەوە لە ژێر هەڕەشەدایە، هەروەها هەموو دەستکەوتەکانی ئەو هاوپەیمانێتییەش لە مەترسیدان.
ئەمجارەیان هەڕەشەکە لە تیرۆری دەوڵەتی ئیسلامییەوە نییە، بەڵکو لە هاوپەیمانێکی ئەمریکا و ئەندامێکی ناتۆوە دێت. ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە دەسەڵاتی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، بۆمب بەسەر شارەکانماندا دەبارێنێت، خەڵکی سڤیل دەکوژێت، ژێرخانی مەدەنی گرنگ لەناودەبات و هێزەکانی سوریای دیموکراتیش دەکاتە ئامانج، کە بۆ ئەوە کاردەکەن داعش بە شکشتخواردوویی بمێنێتەوە.

هەڕەشەی ئەمجارە لە تیرۆری دەوڵەتی ئیسلامییەوە نییە، بەڵکو لە هاوپەیمانێکی ئەمریکاوە دێت کە ئەندامی ناتۆیە.


شکستی سەربازیی دەوڵەتی ئیسلامی هەرگیز تاکە ئامانجی ئێمە نەبووە. لە هەر هەنگاوێکی ئێمە دژی گرووپی تیرۆریستی لە بەرەکانی شەڕدا، بۆ لەناوبردنی ئایدۆلۆژیای پشتەوەی داعش هەنگاومان ناوە، ئەمەش لە ڕێگەی بنیاتنانی سیستەمێک بووە لەسەر بنەمای گشتگیری و فرەیی و یەکسانی. بۆ نموونە لە رەققە، رۆژگارێک ئەبوبەکر بەغدادی لەوێوە حکومڕانیی داعشی دەکرد، بەڵام ئێستا ژنانی سووریا سەرکردەی دیاری ئەو ناوچەیەن.

لە ساڵی 2015 هێزەکانی سوریای دیموکراتمان دامەزراند، کە هاوپەیمانێتییەکی نێوان کورد، عەرەب و ئاشوورییەکانە و پابەندن بە تێکشکاندنی دەوڵەتی ئیسلامی. لە هەر شارێکدا کە ئازادمان کردووە، گەلەکەمان ئیدارەی خۆجێیی دروستکردووە، کە بۆ یەکەمجارە لە سووریا نوێنەرایەتی هەموو نەتەوە و ئایینەکان دەکات و دەسەڵاتی یەکسانیان بە ژنان بەخشیوە.

یەکەمجارە لە سووریا ئیدارەیەک هەبێت نوێنەرایەتیی هەموو نەتەوە و ئایینەکان بکات و دەسەڵاتی یەکسان بە ژن ببەخشێت
هەندێکجار رەخنەمان لێ گیراوە، کە لە ئاست ستانداردە دیموکراسییەکانی رۆژئاوادا نین. سیستەمەکەمان بێ کەموکوڕی نییە: لە کاتێکدا بەناچاری ئەمەمان بۆ مانەوەمان بنیاتناوە کە لەشەڕدابووین و لە ژێر گەمارۆی ئابووریی تێکشکێنەردا بووین.
بەڵام لە رووی کوالیتی حکومڕانی و ئاسایشەوە، کە توانیومانە دابینی بکەین، ئێمە سووریامان تێپەڕاندووە. هیچ کام لەم دەستکەوتانە بەبێ سەرکەوتن لە کۆبانێ و پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ بەرخۆدانمان نەدەهاتەکایەوە.

ئێستا هێرشی تورکیا بۆ سەر هەرێمەکەمان هەموو ئەوانە دەخاتە ژێر هەڕەشەی نوێوە.

لە یەک هێرشدا بۆ سەر شاری سنووریی دێریک، کە شوێنی نیشتەجێبوونی کورد، ئێزیدی و کریستیانەکانە، زیاتر لە 10 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا. هێرشێکی دیکە بنکەیەکی نزیک شاری حەسەکەی کردە ئامانج، کە من تیایدا لەگەڵ ئەمریکا بۆ پلاندانانی ئۆپراسیۆنەکانی دژی داعش کاردەکەم. ئەو بنکەیە تەنها سەدان مەتر لە هێزەکانی ئەمریکاوە دووربوو. پێموایە ئەمە هەوڵێک بوو بۆ سەر ژیانی من: تورکیا ئەمساڵ چەند هاوکارێکی منی لە هێزەکانی هەسەدە و ئیدارەی ئێمەی تیرۆر کردووە.

ئەمساڵ تورکیا چەند هاوکارێکی منی لە هێزەکانی هەسەدە تیرۆرکردووە.

بە زیادکردنی تیرۆر و ئاژاوەگێڕێی و بۆردومان، ئەردۆغان دەیەوێت هەڕەشەی لەشکرکێشی زەمینی بۆ سەر خاکەکەمان بکات. ئێمە دەزانین لێکەوتەی هێرشێکی لەو شێوەیە چی دەبێت، چونکە تورکیا پێشتر دووجار ئەم کارەی کردووە.

لەشکرکێشییەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین لە ساڵی 2018 و سەرێکانی و گرێ سپی لە ساڵی 2019 سەدان هەزار کەسی ئاوارەکرد و شەڕی جیهانی دژی دەوڵەتی ئیسلامی پەکخست. دوای ساڵانێک لە هەڕەشەکانی دەسەڵاتی تورکیا، ئەم ناوچانە ئێستا بە ئاژاوەگێڕی، ناسەقامگیری، شەڕی ناوخۆ و بوونی توندڕەوەکان بەدناون.

لەو شوێنانەدا، کە سەردەمانێک پێکەوەژیانی نەتەوەیی، ئازادی ئایینی و مافەکانی ژنانی تێدا بەدیهاتووە، هێزەکانی تورکیا و میلیشیا چەکدارەکانی پێشێلکاریی بێوێنەیان بەرامبەر بە کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان و ژنان ئەنجامداوە.

لە سەردەمی ئیدارەی ئێمەدا عەفرین تاکە بەشی باکووری رۆژئاوای سووریا بوو، کە ئیسلامییە توندڕەوەکان دەستییان لێ نەدابوو. بەوپێیەی ئێستا ناوچەکە کەوتۆتە ژێر کۆنتڕۆڵی تورکیاوە، گروپەکانی سەر بە ئەلقاعیدە بە ئازادی لەسەر خاکەکەیدا چالاکی ئەنجامدەدەن. هاوینی ئەمساڵ، هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی، ماهر ئەلعەگال، سەرکردەیەکی باڵای داعشی لەو ناوچەیە کوشت.

تورکیا بەهۆی ئەوەوە هەڕەشە لە گەلەکەمان و ئەو ئاسایش و سەقامگیرییە ناکات کە ئێمە قوربانیمان لە پێناویدا داوە، بەڵکو ئەردۆغان وەک بیانوویەک بۆ شەڕ، هێزەکانی ئێمەی بە تێوەگلان لە تەقینەوە خوێناوییەکەی ئەستەنبوڵ تۆمەتبارکردووە. با روونیبکەمەوە: ئێمە بۆ ئەم کردەوە تیرۆریستییە بەداخەوەین و ئیدانەی دەکەین، لە هەمانکاتدا هەموو تۆمەتەکانی تێوەگلان رەتدەکەینەوە و دیسانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی قوربانییەکان دەکەین. ئێمە بانگەوازی خۆمان بۆ لێکۆڵینەوە دووپاتدەکەینەوە و ئامادەین هاوکاریی هەر لێکۆڵینەوەیەک بکەین، کە ئەنجامبدرێت.

ئەردۆغان ئێمەی تێوەگلان لە تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵ، بۆئەوەی بیکاتە بیانوویەک بۆ شەڕ

داوا لە کەس ناکەین خەباتمان بۆ بکات. هێشتا گەلەکەم لێرەیە و پێشتر چەند جارێکی بێشومار بە تەنیا بەرخۆدانمان کردووە. ئەگەر ناچار بین جارێکی دیکە بەرخۆدان دەکەینەوە. ئەوەی ئێمە داوای دەکەین لە جیهان ئەوەیە، لە ئەرکێکی قورستردا لەگەڵمان بێت: کە ئەویش ئاشتییە.

ئێمە پێمانوایە رەگ و ریشەی ئەو ململانێیانەی، کە ئازار و مەینەتی زۆری بۆ ناوچەکەمان هێناوە، سیاسین. رق و کینەیەکی سروشتی لە نێوان کورد و تورکدا نییە: سەرکردەکانی تورکیا ئەو بژارە سیاسییەیان هەڵبژاردووە، کە کورد وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی ببینن و لە مافە بنەڕەتییە دیموکراسییەکانمان بێبەشمان بکەن. لە رابردوودا ئەردۆغان دانوستانی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی چەکداری نێوان ئەو گرووپە و دەوڵەتی تورکیا و چارەسەرکردنی پرسی کورد بە رێگای ئاشتییانە.

ئەوکاتەی ئەو گفتوگۆیانە ئەنجامدەدران، ئێمە لەگەڵ دراوسێ تورکەکانمان بە ئاشتی دەژیاین. ئەگەر ئەوان دووبارە دەستپێبکەنەوە، ئێمە دەتوانین جارێکی تر ئەو ئاشتییە بهێنینەکایەوە.

لەگەڵ دراوسێ تورکەکانمان بە ئاشتی دەژیاین، ئەگەر ئەوان دووبارە دەستپێبکەنەوە، ئێمەش دەتوانین جارێکی دیکە ئەو ئاشتییە بهێنینەکایەوە.

کاتێک هەرێمەکەمان لە 2019دا لەژێر هەڕەشەدا بوو، پەکەکە هەر لەم رۆژنامەیەدا پێشنیازیکرد دابنیشن و بەدوای چارەسەری سیاسیدا بگەڕێن. بانگەوازەکە بێ وەڵام مایەوە و تورکیا تەنها چەند مانگێک دواتر دوو شاری ئێمەی داگیرکرد.
ئەگەر کۆمەڵی نێودەوڵەتی بە توندی دژی لەشکرکێشییەکانی تورکیا بوەستایەتەوە و لەپێناو ئاشتیدا قسەی بکردایە، رەنگە شتەکان زۆر جیاوازتر بوونایە. هەرچەندە کەس ناتوانێت کات بگەڕێنێتەوە دواوە، بەڵام دەتوانین لە کارەساتەکانی رابردووەوە فێربین.
ئەگەر کۆمەڵی نێودەوڵەتی بە توندی دژی لەشکرکێشییەکانی تورکیا بوەستایەتەوە و لەپێناو ئاشتیدا قسەی بکردایە، رەنگە شتەکان زۆر جیاوازتر بوونایە.


ئێمە رایدەگەیەنین، کە ئامادەین رۆڵی یارمەتیدەر بگێڕین لە دەستپێکردنەوەی ئەم دانوستانانە و گەیشتن بەو ئاشتییەی کە بەدوایدا دەگەڕێین. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین دەستبەجێ هەنگاوی کۆنکرێتی بنێن بۆ پێشگرتن لە لەشکرکێشی تورکیا و بەرەوپێشبردنی چارەسەری سیاسی بۆ کێشەی کورد لەسەر بنەمای دیموکراسی، پێکەوەژیان و مافی یەکسان. بوونی گەلەکەمان و ئاسایشی ناوچەکە پەیوەستە بەوەوە.