ڕاپۆرتی کوردستانی

07:45 - 05/12/2022

رۆیته‌رز: ململانێی پارتی‌و یەكێتی لە دۆخێكی دژواردایە، واشنتۆن زۆر نیگەرانە‌

پەیسەر

ئاژانسی هه‌واڵی رۆیتەرز، راپۆرتێكی له‌سه‌ر ناكۆكیه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ و ئاشكرایكردووه‌، "هاوسەرگیریی بەرژەوەندیی نێوان خانەوادە دەسەڵاتدارەكانی كوردستانی عێراق لەبەردەم هەڵوەشانەوەدایە"، له‌ زمانی به‌رپرسانی یه‌كێتیشه‌وه‌ گواستویه‌تیه‌وه‌ كه‌ په‌نا بۆ دوو ئیداره‌یی ده‌بنه‌وه‌.

رۆیتەرز، له‌ راپۆرته‌كه‌یدا ئه‌وه‌ی وه‌بیرهێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ كاتێكدا بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵەبانی ماوەیەكی زۆرە دەستیان بەسەر دەسەڵات و سەرچاوەكانی كوردستانی عێراقدا گرتوە، كابینەكانی حكومەتی هەرێم كە لەسەر بنەمای دابەشكردنی دەسەڵات بون، تاڕادەیەكی زۆر وەك پەردەیەك نەبونی متمانەی نێوان هەردولایان لەدوای شەڕی ناوخۆی نێوان ئەو دو حزبە، شاردۆتەوە.

ئاژانسه‌كه‌ ده‌ركه‌وتنی  گرژییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی بۆ كوژرانی عەقید هاوكار جاف لە هەولێر گه‌ڕاندوه‌ته‌وه‌ و كه‌ پارتی دژه‌ تیرۆری یه‌كێتی به‌ تاوانه‌كه‌ تۆمه‌تبار كردووه‌. رۆیته‌رز نوسیویه‌تی: پەیوەندییە سیاسییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی تا ئەو رادەیە ئاڵۆزبون كە وەزیرەكانی یەكێتی بایكۆتی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمیان كردوە كە ئەو حكومەتە تاوەكو ئێستا رەمزی دابەشكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات بوو.

چەند بەرپرسێكی یەكێتی كه‌ نه‌یانویستووه‌ ناویان ئاشكرابكرێت، بە رۆیتەرزیان وتووە، ئەگەر سازش لەسەر كۆمەڵێك بابەت نەكرێت، ئەوا حزبەكەیان لە كۆتاییدا جیادەبێتەوەو لە ناوچەی سلێمانی ئیدارەی تایبەت بە خۆی پێكدەهێنێت، هه‌روه‌ها باسله‌وه‌كراوه‌ گرژیەكانی نێوان یەكێتی و پارتی بونەتە مایەی ئاڵۆزكردنی پەرەپێدانی یەكێك لە كێڵگە گەورەكانی غاز كە دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی یەكێتی.

به‌پێی رۆیته‌رز بێت وڵاتانی رۆژئاوا بەتایبەت ئەمریكا  نیگه‌رانن له‌ تێكچوونی په‌یوه‌ندی ئه‌و دوو حزبه‌، بەرپرسێكی ئەمریكی بەبێ ئه‌وه‌ی ناوه‌كه‌ی ئاشكرا بكرێت، به‌ ئاژانسەكەی راگەیاندوە، واشنتۆن زۆر نیگەرانە لە گرژییەكانی ئەم دواییەی نێوان یەكێتی و پارتی و "ئەوەی دەمانەوێت بۆ هاوبەشەكانمان رونی بكەینەوە لێرە ئەوەیە كە ئێمە یەكگرتوییمان لەپێناو یەكگرتویی ناوێت، بەڵكو پێویستمان بەوەیە بتوانن هاوكاریی یەكتر بن لە هەندێك بابەتی دیاریكراودا كە جێی بایەخی ئێمەن و لە بەرژەوەندی ئەوانیشدان."

بەپێی رۆیتەرز، ئەژی ئەمین، خاڵێكی دیكەی جێی ناكۆكی یەكێتی و پارتییە. بەرپرسێكی باڵای یەكێتی وتویەتی، مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم، رۆڵێكی باڵای ئەمنی داوە بە ئەژی ئەمین دوای ئەوەی ناوبراو چۆتە هەولێر كە ئەوەش یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی توڕەتر كردوە.

چوار ئەندامی یەكێتی و بەرپرسێكی حكومەت وتویانە، هێزەكانی یەكێتی رۆژی 24ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ، لە سلێمانی هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵی ئەژی ئەمین. سێ لەو سەرچاوانە وتویانە، یەكێتی بەدوای چەند بەڵگەنامەیەكی هەستیارو كۆمەڵێك چەكدا گەڕاوە كە ئەژی ئەمین لەگەڵ خۆی لە دەزگای زانیاری بردونی.

بەپێی قسەی ئەو سەرچاوانەی یەكێتی، لەبەرامبەر ئەوەدا نزیكەی 100 چەكداری سەر بە ئەژی ئەمین، رۆژی دواتر لە هەولێر چونەتە دەوروبەری ماڵی قوباد تاڵەبانی و هەڕەشەی هەڵكوتانە سەر ماڵەكەیان كردوە.

دواتر سەرۆكی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی دەستوەردانی كردوە بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە. بەپێی قسەی بەرپرسە باڵاكەی یەكێتی، خەریك بوە دۆخەكە لەدەست دەربچێت. به‌پێی قسه‌ی سێ سه‌رچاوه‌ی یه‌كێتی كه‌ قسه‌یان بۆ ئاژانسه‌كه‌ كردووه‌.

ئاژانسه‌كه‌ دابه‌شنه‌كردنی داهاتی به‌ یه‌كسانی به‌سه‌ر ناوچه‌كاندا به‌ ره‌خنه‌یه‌كی دیكه‌ی یه‌كێتی ناوبردوه‌، بەرپرسێكی یەكێتی وتویەتی"بۆچی دەبێت ئەمە قبوڵ بكەین...كۆمەڵێك داواكاریمان هەن، هێشتا هیوامان بەوەیە كە نەگەینە ئەوەی جیابینەوە، بەڵام هیچ بژاردەیەكی دیكەمان نییە، ئەگەر ئەوان(پارتی) سازش بۆ داواكانمان نەكەن."