ڕاپۆرتی کوردستانی

02:44 - 10/12/2022

میدیای جیهانی سه‌رنجی چڕ ده‌خاته‌ سه‌ر ته‌قینه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان‌

پەیسەر

ناكۆكییه‌كانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، له‌وه‌ ده‌رچووه‌، به‌ ته‌نیا باسوخواسی ناوخۆیی بێت، به‌شێك له‌ میدیا عێراقی و جیهانییه‌كان په‌رده‌ له‌سه‌ر ناكۆكییه‌كان لاده‌ده‌ن و ئه‌وپه‌ڕی خراپی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ی كوردستان ده‌رده‌خه‌ن.

رۆژنامه‌ی شه‌رقلئه‌وسه‌تی سعودی كه‌ له‌نده‌ن چاپده‌كرێت، راپۆرته‌هه‌واڵێكی له‌سه‌ر ناكۆكییه‌كان بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ و نوسیویه‌تی "ناكۆكی دارایی و ئەمنی هەڕەشە لە هاوبەشی یەكێتی و پارتی دەكات"

رۆژنامەكه‌ لە ژمارەی ئەمڕۆیدا نوسیویەتی: به‌رپرسانی ناوخۆی سلێمانی باس له‌ دۆخێكی دارایی خنكێنه‌ر ده‌كه‌ن كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی، شاره‌وانی و موچه‌ ده‌كه‌ن، به‌پێی رۆژنامه‌كه‌ ئه‌وه‌ش به‌هۆی سیاسه‌تی جیاكارییه‌وه‌ بووه‌ كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان په‌یڕه‌وی ده‌كات.

رۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، وەزیر و بەرپرسانی یەكێتی بایكۆتی كۆبوونەوەو مەراسیمەكانی حكومەت و ئەنجومەنی وەزیران دەكەن بەهۆی ئەو جیاكارییەی دەكرێت بەرامبەر بە سلێمانی، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان ماوەی چەندین هەفتەیە بایكۆتی كۆبوونەوەكانی كردووەو لەگەڵ مەسرور بارزانی نابینرێت لە كۆبونەوەو مەراسیمە رەسمیەكاندا.

بەڵام بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێن، هەڵوێستی وەزیرەكانی یەكێتی سیاسیەو تایبەتە بە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی، به‌پێی رۆژنامه‌كه‌.

رۆژنامەی  (الصباح)ى زمانحاڵی حكومەتی عێراقیش سه‌رنجی خستوه‌ته‌ سه‌ر دۆخی ناوخۆیی هه‌رێمی كوردستان و نوسیوویه‌تی بەهۆی دابیننەكردنی پارەو نەمانی سیولەی دارایی لە پارێزگای سلێمانی، (850) پرۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارەكانی كشتوكاڵ، پیشەسازی، پرد و بینا... لە سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و راپەڕین وەستاوە.

بەپێی لێدوانی ژووری بازرگانی سلێمانی، لە ئێستادا سلێمانی لەرووی ئاوەدانی و تەلارسازیەوەوە بەرارود بە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك پاشەكشەی كردووەو لە حاڵەتی متبوون و وەستاودایە. ئاماژه‌به‌وه‌كراوه‌، لە ئێستادا رێژەی ئاوەدانی و بیناسازی لە هەولێر 80% و لە سلێمانی تەنیا 20%ە.

سایتی ئەلمۆنیتەریش ڕاپۆرتێکی لەسەر دۆخی هەرێم و ململانێی ناوخۆی و خێزانی ناو پارتی و یەکێتی و کێشەکانیان لەگەڵ یەکتر بڵاوکردووەتەوە.

ئەلمۆنیتەر لە سەرەتای ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە کۆتا هێرشی موشەکی و درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر هەرێم کردووە و تێیدا هاتووە ئەو هێرشانە نەک سەرکردەکانی کوردی یەکنەخستووە، بەڵکو وەکو پێش هێرشەکان لە ململانێدان.

ئەلمۆنیتەر، ئاماژە بە کوشتنی هاوکار جاف، لە ۷ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دەکات، وەک خاڵی زەقبونەوەی ململانێ و گەڕانەوە بۆ دۆخی ساڵانی نەوەدەکانی نێوان پارتی و یەکێتی.

ئەم ناکۆکیانەی نێوان پارتی و یەکێتی، هێزی زیاتری بە ئێران داوەو ترس هەیە هاوشێوەی تورکیا لە قوڵای خاکی هەرێم ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدات و هێز جێگیر بکات. بەپێی ئه‌لمۆنیته‌ر.

ماڵپه‌ره‌كه‌ باسیله‌وه‌شكردووه‌، دۆخی دوو زۆنی و دابەشبوونی نێوان پارتی و یەکێتی تادێت زەقتر دەبێتەوەو زۆنی سەوز وەک ناوچەیەکی هەژارتر لە زۆنی زەرد دەردەکەوێت و لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە لێدوانی بافڵ تاڵەبانی دەدات بۆ عێراق ئۆیڵ کە دەڵێت "لەگەڵ پارتی نەگەینە چارەسەر، ئەوا ڕێگای جیاواز هەیە کە جیاکردنەوەی هەردوو زۆنەکەیە".

ماڵپه‌ره‌كه‌ ده‌شڵێت: کرۆکی کێشەی نێوان دوو حزبەکە ئەوەیە زۆربەی داهات لە ژێر کۆنترۆڵی پارتیدایە کە سەرەکیترینیان نەوتە، مانگانە لەو ڕێگایەوە ٥۰۰ ملیۆن دۆلار دەست حکومەتی هەرێم دەکەوێت و یەکێتی گلەی ئەوەی هەیە بەدادپەروەری پشکی خۆی وەرناگرێت.

لە ڕاپۆرتەکەی مۆنیتەر هاتووە هەر یەک لە بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە ململانێی دەسەڵاتدا قفڵ بوون و نەک ململانێی یەکتر بەڵکو لەناو خۆشیاندا ململانێ هەیە.

ئەلمۆنیتەر ئاماژە بە نێچیرڤان بارزانی دەکات، کە لەگەڵ مەسرور بارزانیدا ڕکابەری لە نێوانیان هەبووەو لەو کاتەی لە ۲۰۱۹ەوە مەسرور بارزانی بووەتە سەرۆکی حکومەت ژمارەیەکی زۆری بەرپرسانی گۆڕیوەو تۆڕی پاڵپشتی نێچیرڤانی گۆڕیوە بۆ تۆڕێکی تر پاڵپشتی خۆی بکەن. ئاماژە بۆ دواین کۆنگرەی پارتی کراوە کە مەسرور بارزانی دەسەڵاتی خۆی بەتەواوەتی چەسپاندووەو تیمی خۆی سەرخستووە بۆ سەرکردایەتی حزبەکەی و مەسرور بارزانی کەسێکی نەگۆڕ و جدییە، نێچیرڤان بارزانی زیاتر دیبلۆماسییەو پەیوەندی دەرەوەی بەهێزەو ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا هەوادارێتی.

به‌پێی ئه‌م میدیا ئه‌مریكیه‌ بێت، بافڵ تاڵەبانی، کەسی یەکەمی یەکێتی بەهاوکاری نێچیرڤان بارزانی لاهوری ئامۆزای وەک هاوسەرۆک دوور خستەوە لە یەکێتی و لاهوری تۆمەتبار کرد بەوەی هەوڵی ژەهر خواردکردنی داوە لەڕێگای شەربەتی پرتەقاڵەوە.

مۆنیتەر باسی له‌ نیگەرانیەکانی قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی لەسەر ئەو ڕووداوی لێکۆڵینەوە لە کوشتنی هاوکار جاف کردووە و هەروەها توڕەن لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی داهات و بافڵ تاڵەبانی ڕێگری لە کۆمپانیایەکی نزیک لە پارتی کردووە تا بۆڕی غاز لەسنوری دەسەڵاتی یەکێتی ڕانەکێشێت.