ڕاپۆرتی کوردستانی

05:51 - 06/02/2023

کارەساتی بوومەلەرزە.. لە سەڵماس و پێنجوێنەوە تا خارپێت و مەڕه‌ش‌

پەیسەر

بوومەلەرزە لە مێژووی کوردستاندا

هەروەک مێژووە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی، مێژووی بوومەلەرزە لە کوردستان تاڕادەیەکی زۆر گومناوەو زۆر کەم ئەو کارەساتە سروشتییانە نووسراونەتەوە کە بەهۆی بوومەلەرزەوە تۆمارکراون.
گەڕیدەو رۆژهەڵاتی فەرەنسی (هێنری بایەندەر) لەو گەشتەیدا کە ساڵی ١٨٦٥ ئەنجامیداوە و بە باکوورو بەشێکی باشووری کوردستاندا تێپەڕیوە، ئاماژەیەکی کورت دەدا بەوەی کە لە ناوچەی (وان) ئاسەواری وێرانەی بومەلەرزەی بینیوە.  بەڵام نەیزانیوە گوڕی ئەو بوومەلەرزەیە چەندبووەو چەند کەسی کوشتووە.


مێژوویەکی نزیک و نووسراو

ناوەڕاستی مانگی ئایاری ساڵی ١٩٣٠ شارۆچکەی سەڵماسی سەر بە پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی بوومەلەرزەیەکەوە تەختی زەوی بوو. دەگوترێ لەو کارەساتە سروشتییەدا نزیکەی سێ هەزار کەس گیانیانلەدەستدوە و هەزارانی تر برینداربوون.

تا ساڵانێکی زۆرتر سەڵماس بە وێرانەیی مایەوەو دواتر دانیشتووانەکەی دەستیانکردەوە بە ئاوەدانکردنەوەی.

تائێستا تەنیا بوومەلەرزەیەک لە کوردستاندا زۆر کاریگەری هەبووەو چیرۆکی کارەساتەکەی نووسراوەتەوە یان گێڕدراوەتەوە، ئەو بوومەلەرزەیەبوو کە شارۆچکەی پێنجوێن لە باکووری رۆژهەڵاتی سلێمانی لەراندووەتەوە.

بوومەلەرزەکەی پێنجوێن نیوەڕۆی رۆژی ١٩٤٦/٨/٨ روویداوەو تێدا زیانێکی زۆر بە خانووی دانیشتووانەکەی ئەو شارۆچکە سنوورییە کەوتووە. بەپێی گێڕانەوەی ئەوانەی رووداوەکەیان لە بیربووە، گوڕی ئەو بوومەلەرزەیە ٥ پلەبووە، بەڵام چونکە خانووەکانی ئەو کاتە بە بەرد و قوڕ و دار دروستکراون، بەرگەی ئەو لەرینەوەیان نەگرتووەو زۆربەی زۆریان داڕماون.

بەهۆی ئەوەی کاتەکەی ئەوە نەبووە کە خەڵک زۆرینەی لە ماڵەوەبن بەڵکو لە دەشتودەر و ئیشوکاربوون، چەند کەسێک برینداربوون. بەڵام خانووەکانی تێکداوەو خەڵکی ئەو شارۆچکەیە تەواو پەشۆکاون و ئاوارەو سەرگەردان بوون.

کارەساتی بوومەلەرزەکەی پێنجوێن بە رادەیەک دەنگی دایەوە کە لە سلێمانی و چەند ناوچەیەکی تر، پیتاک و یارمەتی بۆ خەڵکە لێقەوماوەکەی کۆکراوەتەوەو، شاعیر و نووسەران و هونەرمەندان بە شیعر و شانۆ و چیرۆک بەشداری دڵنەوایی خەڵکی لێقەوماویان کردووە.


هەروەها حکومەتی بەریتانی کە ئەوکات عێراق لەژێر ئینتدابی ئەواندابوو، بە پێشکەشکردنی چەندین بەتانی و کەلوپەلی ناوماڵ، یارمەتی خەڵکی لێقەوماو و ئاوارەبووی پێنجوێنی داوە.


برینی بوومەلەرزە لەسەر دڵی وان

مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١١ شاری وان و ئەردیشی دراوسێی لە باکووری کوردستان، بوومەلەرزەیەکی بەهێز رایتەکاندن. کاریگەری ئەم بوومەلەرزەیە بەجۆرێک بوو کە بەشێکی زۆری خانوو و باڵەخانەکانی ئەم دوو شارە داڕمان و سەدان کەس بوونە قوربانی.

وان، بینگۆل، ئەرزنجان و خارپێت لە باکووری کوردستان، لەسەر ئەو هێڵە هەمیشەییەن کە ئەگەری روودانی بوومەلەرزەی بەهێزیان لێدەکرێ. ئەم ناوچانە چەند ساڵ جارێک بوومەلەرزە تێیاندا روو دەدات.

ئەمە ئەو ناوچانەن کە گەڕیدەی فەرەنسی هێنری بایەندەر ئاماژەی بەوەداوە کە ئاسەواری بوومەلەرزەی تێدا بینون.


سەرپێڵی زەهاو

درەنگانێکی شەوی ٢٠١٧/١٠/١١بوومەلەرزەیەکی بەهێز کە لە سەد ساڵی پثێشوودا وێنەی نەبووە، شارۆچکەی سەرپێڵی زەهاو لە پارێزگای کرماشانی لەراندەوە. بەهۆی کاریگەری ئەو بوومەلەرزەوە بەشی زۆری باڵەخانەو خانووەکانی ئەو ناوچەیە تەختی زەوی بوون.

لە کارەساتی بوومەلەرزەی سەرپێڵی زەهاو و دەوروبەریدا، سەدان کەس گیانیان لەدەستدا و هەزارانی تر بێ ماڵ و حاڵ مانەوە کە تائێستاش دوای نزیکەی سێ ساڵ، هێشتا خەڵک و ناوچەی سەرپێڵ نەهاتوونەتەوە سەرخۆیان.

کاریگەری ئەو بوومەلەرزەیە وایکرد لە کەلار و دەربەندیخانی باشووری کوردستان ٥ کەس گیانلەدەست بدەن و چەند بینا و خانوویەکیش داڕمان. هەروەها گوڕی ئەو زەوی لەرینەوەیە تا پارێزگاکانی کەرکوک و هەولێریش رۆیشت بێ ئەوەی زیان بەو شارانە بگەیەنێ.


خارپێت و مەڵاتیەو مه‌ڕه‌ش

شەوی ٢٠٢٠/١/٢٤ خارپێت و مەڵاتییە لە باکووری کوردستان، بوومەلەرزەیەکی بەهێز لەراندنییەوەو تێیدا نزیکەی سێ سەد کەس مردن و هەزار کەسی تر برینداربوون.

دەمەوبەیانی ٢٠٢٣/٢/٦ هەردوو بەشی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان بە بوومەلەرەزیەکی وێرانکەر لەرینەوە، به‌پێی ئاماره‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ته‌نیا له‌به‌شی باكوری كوردستان زیاتر له‌ 900 كه‌س گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌.