ڕاپۆرتی کوردستانی

01:32 - 24/03/2023

پەیوەندییەکانی یەکێتیی و پارتی و، کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی ئەمریکا لە هەمبەر هەرێمی کوردستان‌

پەیسەر

دەسپێك

حزبە سیاسییەکان گرووپێکی ڕێکخراوی تاکەکانە؛ خاوەنی دروشم و بەرنامەی فەرمی و کاندیدی خۆیانن بۆ هەڵبژاردنەکان بە مەبەستی بەدەستهێنان و مومارەسەکردنی دەسەڵاتی سیاسی و کاریگەری لەسەر بڕیاری سیاسی بە شێوەیەکی گشتی. بەو شێوەیە حزبە سیاسییەکان گرنگترین ڕێکخراوی سیاسین، کە دەتوانن ڕاستەوخۆ کاریگەرییان هەبێت لەسەر ڕێڕەو و جووڵەی سیستەمی سیاسی و زامنکردنی بەردوامبوون و سەقامگیری؛ لە ته‌ك ئەمه‌یشەوە، لە کاراکردنی ژیانی سیاسیدا ڕۆڵێكی گرنگ دەگێڕن و، ستوونێکی سەرەکیی بنەماکانی سیستەمی دیموکراسین. ئەدای حزبە سیاسییەکان دەتوانێ بە شێوی نەرێنی و ئەرێنی لەسەر جۆری ژیانی سیاسی و ئاستی پەرەسەندنی دیموکراسییەت و نوێکردنەوەی سیاسی، یان کارابوونی سیستەمی سیاسی، ڕەنگ بداتەوە.

 "پارتی دیموکراتی کوردستان" و "یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان"، دوو حزبی سەرەکیی هەرێمی كوردستانن. لە دوای دروستبوونی قەوارەی هەرێمی كوردستان وەکوو دیفاکتۆ لە ساڵی ١٩٩١، ئەم دوو حزبە توانیویانە بەهاوبەشی لە حوکمڕانیی هەرێمی كوردستان ڕۆڵی سەرەکی بگێڕن. ئەگەرچی هەردوو حزب پێکەوە لەگەڵ "بزووتنەوەی گۆڕان" "حکوومەتی هەرێمی كوردستان"یان پێک هێناوە، بەڵام لە ئێستادا گرژیی سیاسی لە نێوانیاندا هەیە، کە بۆتە مایەی خاوکردنەوە پڕۆسەی هەنگاوکان بۆ دەوڵەتسازی، کە دەکرێت هزریان دووبارە لەناو چوارچێوەی چەمکی "كوردستانێکی یەکگرتوو"دا کۆ بێتەوە.

ئەمریکا، کە ڕۆڵێکی سەرەکیی گێڕاوە لە دروستبوونی نەوای ئارام و جێبەجێکردنی بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە دژەفڕین و دروستبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان وەکوو دەسەڵاتێکی نیمچەسەربەخۆ، ئەمڕۆ لە هەموو کاتێ زیاتر کار بۆ بەهێزکردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەکات و، مەبەستیەتی هەرێم لە ڕێگەی کۆدەنگییەوە بەهێز بێت. ئایا ئەم ململانێ و ناکۆکییانەی نێوان یەکێتی و پارتی، کاریگەریی لەسەر ئاراستەی سیاسەتی ئەمریکا لە هەمبەر هەرێمی کوردستان دەبێت؟

لەگەڵ ئەوەی بنەمای سیاسەتی ئەمریکا لە ئێستادا بەرامبەر بە عێراق بەگشتی و هەرێمی  کوردستان بەتایبەتی، بەدەر نییە لەو دۆکترینیەی کارته‌ر، کە لە ساڵی  ١٩٨٠ بۆ ئەم ناوچەیە دیاریی کردبوو، کە بە بەرژەوەندییە باڵاکانی ئەمریکا گرێدراوە و، هەر هێزێکی بیانیی تر هەوڵی سەپاندنی هەژموونی بەسەردا هەبێت، ئەوا بە هەموو میکانیزمێکی پێویست ڕووبەڕوو دەبێتەوە، تەنانەت ئەگەر بە بەکارهێنانی هێزی سەربازییش بێت. ڕاستە ئەم دیدگه‌یەی ئەمریکا بۆ ئەم ناوچەیە بۆ ماوەیەك گۆڕانکاریی بەسەردا هات، چونکە هه‌ندێ لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا گۆڕانکارییان بەسەردا هات، بەڵام بەگشتی دەتوانین بڵێین، ئامانجەکانی سیاسەتی ئەمریکا بە ئاراستەی هەرێمی کوردستان نیمچە-نەگۆڕن، بەڵام میکانیزمەکان لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر هەندێ گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.

زۆربەی سیاسەتمەدارانی ئەمریکا ئامانجەکانی ئەمریکا بەپێی گرنگی و ئەولەوییەت بەم شێوەیە دیاری دەکەن:

١- زامنکردنی گەیشتن بە سەرچاوە سروشتییەکانی وزە بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژاوایییەکانی بە کەمترین تێچوو.

٢- زامنکردنی پەیوەندییه‌كی دروستی هاوپەیمانێتیی بەهێز لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، بۆ دەستبەرکردنی بەرژەوەندییە جیاوازەکانی ئەمریکا.

٣- دوورخستنەوەی نەیارانی ڕۆژاوا لە ناوچەکە و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی هەژموونیان لە هەرێم.

٤- بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بە شێوەی داعش.

٥- زامنکردنی ئاسایش بۆ ئیسرائیل و، پاراستنی.

عێراق ئەمڕۆ هێشتا وەکوو گۆڕەپانێکی ململانێی نێودەوڵەتی و هەرێمیی دژ بە ئەمریکا ماوەتەوە و لە بەرامبەردا هەرێمی کوردستان، کەمتر دەرفەتی ڕەخساندووە، نەیارانی ئەمریکا تێیدا ڕۆڵ بگێڕن؛ بۆیە ئەمریکا بەهەندەوە دەڕوانێتە هەرێم و، کار دەکات بۆ زیاتر به‌شداریپێکردنی کورد لە ناوەندی بڕیاری فیدڕاڵی لە عێراق و، ڕێگە دەدات نەتەوە یەکگرتووەکان و ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێم زیاتر ڕۆڵ بگێڕن. هەوڵەکانی بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، دەچێتە ناو چوارچێوەی ئەو ئامانجانەی، كه‌ لە سەره‌وە ئاماژەمان پێ کرد. لە دوا سەردانیدا لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، بۆ هەرێمی کوردستان، گوتی: "ئەمریکا به‌بایه‌خه‌وه‌ له‌ پرۆسه‌ی چاكسازی و ڕێكخستنه‌وه‌ی ‏پێشمه‌رگه‌ ده‌ڕوانێت و هه‌موو هاوكارییه‌كی پێویست بۆ سه‌رخستنی پڕۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، له‌ چوارچێوه‌ی یاداشتی لێكتێگه‌یشتنی پێنتاگۆن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ‏پێشمه‌رگه‌،‏ پێشكه‌ش ده‌كات." ئۆستن جەختیشی لەوە کردەوە، کەوا سەرکردایەتیی کورد لە هەرێم ناکۆکییەکانیان وەلا بنێن و، یەك بگرن بۆ بونیادنانی هەرێمێکی تەندروست و پڕ له‌ خۆشگوزەرانی.

بۆ ئەمریکا گرنگە، هەرێمی کوردستان وەکوو فاکتەری ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە بمێنێتەوە و، پێی وایە ئەگەر پارتی دیموکراتی كوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوام بن لەسەر دروستکرنی گرژی و چارەسەرنەکردنی ناکۆکیی نێوانیان، ئەوا ناسەقامگیری لە هەرێم دروست دەبێت. ئەو کاتە ئەمریکا هەڵوێستی تری دەبێت؛ لەوانەیە بیر لە بڕینی هاوکارییە لۆجستییەکانی بۆ هەرێم، بکاته‌وه‌.

ئەمریکا، کە لە جه‌نگی دژ بە داعش لە ناوچەکە پشتی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەستووە و پێشمەرگەیش لە بری "جیهانی ئازاد" دژ بە تیرۆر شەڕی کرد و سەرکەوتوو بوو، هەرێم بە چاوی قەوارەیەکی فیدڕاڵیی سەقامگیر و ئارام دەبینێت و بە هاوبەشێکی سەرەکیی خۆی دەزانێت؛ بۆیە لە ماوەیەکی نزیك گەورەترین کونسوڵخانەی خۆی لە سەرتاسەری جیهان لە پایتەختی هەرێم دەکاتەوە. ئەمەیش وا دەکات ئەمریکا ڕازی نەبێت بەوەی هەردوو حزبی سیاسیی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان، بەردەوام بن لەسەر ناکۆکی و ململانێکانیان و بە شێوەی دیپلۆماسی، گوشار دەخاته‌ سەر هەردوو لا، بۆ دروستبوونی کۆدەنگی سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و پرسە هەرێمییەکان.

ناکۆکیی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بەهۆی زنجیرەیەك ڕووداوه‌وه‌، لەوانە تیرۆرکردنی سەرکردەیەکی هەواڵگری لە ٧ی تشرینی یەکەم و، جەختکردنه‌وه‌ی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر کاندیدی خۆی بۆ سەرۆكکۆماری عێراق و، ئاماژەپێکردنی هەندێ لە سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان بە جیابوونەوەی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین لە هەرێم و، بەشدارینەکردن لە دانیشتنەکانی کابینەی نۆیەم و، ڕادەستنەکردنی داهاتی دەروازە سنوورییەکان بە حکوومەت و، ڕەخنەگرتنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە نادادپەروەریی حکوومەت لە دابەشکردنی مووچە و داهات لە نێوان ناوچەکانی هەرێم و ئابڵووقەخستنە سەر پارێزگای سلیمانی؛ هەموو ئەمانە بووە هۆی پەکخستنی گۆڕانکارییە حکوومییەکانی ناو ئەم کابینەیەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئەویش لای خۆیەوە بووە هۆی دروستبوونی چەقبەستووییی دۆخی هەرێمی کوردستان. لە هەمان کاتدا ناکۆکیی نێوان ئەو دوو حزبە سەرەکییە، کە دوو هێزی حوکمڕانی هەرێمن، بۆتە مایەی دواکەوتنی هەڵبژاردن و درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بۆ زیاتر لە ساڵێك، ئەمەش زیان بە پرۆسەی دیموکراسی و سەقامگیریی سیاسی دەگەیەنێت. ناکۆکیی نێوانیان لەسەر بابەتی هەڵبژاردن، دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکییان لەسەر نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و شێوازی یەك بازنە و چوار بازنەی هەڵبژاردن و هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە لە ساڵی (١٩٩٢)وە تا ئێستا حەوت جار هەموار کراوەتەوە.

لای خۆیەوە ئەمریکا و کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتییش گوشاریان خستۆتە سەر هەردوو لا، بۆ سازان لەسەر لەسەر ئیدارەدانی سامانی سروشتیی هەرێم و ئەنجامدانی هەڵبژاردن؛ چونکە دۆخی چەقبەستووی هەرێم، دەبێتە مایەی دروستبوونی ناڕەزایەتیی هاووڵاتیانی هەرێم و ناسەقامگیری، کە لە ئێستادا سوودی بۆ ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نییە. بەردەوامیی ئەم بارودۆخە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هەڕەشە و مەترسی بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکات.

ساڵانێکی دوورودرێژ، كورد هاوپەیمانی متمانەپێکراوی ئەمریکا بووە و ئەمریکا پاڵپشتیی نەگۆڕی پێشکەش بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و، ساڵانە نزیکەی ٢٤٠ ملیۆن دۆلاری وەکوو مووچە بۆ هێزی پێشمەرگە تەرخان کردووە و، کاری کردووە بۆ جێبەجێکردنی بەرژەوەندییەکانی هەرێم لە بەغدا و، لە جه‌نگی دژ بە تیرۆر و لە کاتی هێرشەکانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان، لەگەڵ هاوپەیمانان لە ڕووی لۆجیستی و هەواڵگرییه‌وه‌ هاوکاریی پێشکەش بە هێزی پێشمەرگە کردووە. ئه‌وان بەردەوامن لە پێدانی مەشق و ڕاهێنان بەم هێزە و، چاوەڕوانی یەکخستنەوەی هێزی هەردوو لا و چاكسازییەكانی تری هێزی پێشمەرگەن؛ چونکە لە ئێستادا گرووپە تیرۆریستەکانی داعش- کە هێشتا مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە- خەریکی خۆڕێکخستنەوە و دووبارە سەرهەڵدانەوەن بۆ ئەنجامدانی هێرشی مەترسیدار.

بەشێك لە چەکدارانی داعش "ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان"یان کردووەتە مۆڵگەی خۆیان و، چەندن جار پەلاماری هێزەکانی پێشمەرگەیان داوە و تەنانەت لە ساڵی ٢٠٢٢ لەو ڕووبەڕووبوونەوانەی کە لە دژیان ئەنجام دراوە، دەیان سەربازی عێراقی کوژراون.

پرسیار ئەوەیە كه‌، ئایا تا چەند ئەمریکا و هاوپەیمانان لە هێورکردنەوەی دۆخەکە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حزبی سیاسی، ڕۆڵیان گێڕاوە؟ ئەمریکا و هاوپەیمانان بەبەردەوامی ئاماژەیان بەوە کردووە، کە نایانەوێ هاوسەنگیی سیاسی لە هەرێم تێك بچێت و، پێشوازی و پشتیوانیی خۆیان دەربڕیوە بۆ گفتوگۆ و هەوڵەکان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ردوو لا. ئەوان لە پێناو بەرژوەندیی هاووڵاتیانی هەرێم، بەبايه‌خه‌وه‌ دەڕواننە په‌يوه‌ندييه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى ‏كوردستان و پێشوازی لە هەنگاوەکانی پارتی و یەکێتی دەکەن بۆ باشکردنی پەیوەندییە نێوخۆیییەکانیان؛ چونکە ئەوان مەبەستیانە بە پێکەوەکارکردنی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار لە هەرێم، هەرێمێکی خۆڕاگرتر لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدڕاڵ دروست بێت.

هەرێمی کوردستان ماوەی زیاتر لە سێ دەیەیە، کاری جددیی بۆ بونیادنانی سیاسی و دەستووری و یاسایی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کردووە؛ بەدڵنیایییەوە ئەم بونیادنانە ڕووبەڕووی چەندان هەڕەشە و مەترسی و ئاڵنگاری بووەته‌وه‌. هەڕەشەی سیاسی- کە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر قەوارەی هەرێم-، دەگەڕێتەوە بۆ ناسەقامگیریی سیاسی، کە لەوانەیە لە ڕێگەی دیپلۆماسی و سازانی سیاسییه‌وه‌ چارەسەر نەکرێت. ئێمە پێمان وایە ناسەقامگیریی سیاسی دەتوانێت "قەیرانی ئابووری"ی لێ بکەوێتەوە و ببێتە مایەی دروستبوونی گیروگرفتی کۆمەڵایەتیی پەیوەست بە بێکاری و کۆچکردنی گەنجان بۆ دەرەوەی هەرێم.

دابڕانی ئەندامانی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان لە حکوومەت و ڕەتکردنەوەی ئەنجامدانی ئەرکەکانیان (بۆ نموونە وەزیری پێشمەرگە)، گرفتی گەورەی بۆ حکوومەت دروست کردووە؛ بۆتە هۆکاری ئەوەی بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە دووچاری ئاستەنگ بێت و؛ ئەمەیش دیاردەیەکی مەترسیدارە بۆ هەرێمی کوردستان. لادانی هەر یەك لەو دوو حزبە سەرەکییە لە ڕاستەڕێی کارکردن لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان، دەبێتە مایەی دروستبوونی بێمتمانەییی نێوانیان و دوورکەوتنەوە لە سۆزی جەماوەری. چەند لە ناوخۆی كوردستان كێشە و ناکۆکی هەبێت و پەیوەندییەكان گرژیی بەخۆیانەوە ببینن، ئەوەندە پێگەی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی هەرێم لاواز دەبێت، بەتایبەتی لەناو عێراقی فیدڕاڵ.

کێشەکانی وەکوو بوودجە و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور و یاسای نەوت و گاز و هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە  و چەندان کێشەی تر لە نێوان هەرێمی كوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، هێشتا بەهەڵپەسێردراوی ماونەتەوە؛ بۆیە پێویستە یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێناو بەرژەوەندیی هەرێم، ناکۆکیی نێوانیان وەلاوە بنێن و لە بری ڕکابەری لەسەر زەقکردنەوەی دیاردەی دوو-زۆنی، کار لەسەر بەهێزکردنی هزری یەکبوون و بەرزڕاگرتنی چەمکی "کوردستانێکی یەکگرتوو" بکەن؛ چونکە هەڕەشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەردەوام هه‌ن. بۆیە پێویستە لەپێشینەکانی هەردوو حزبی سیاسی، پەیوەست بێت بە پرسە نیشتمانییەکان و پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان و یەکخستنەوەی هێزی بەرگری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان.

پێویستە هەردوو پارتی سیاسی لە هەموو ڕوویەکەوە پاڵپشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن و لە پێناو پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان، کە بە خەبات و خوێن و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی دەستەبەر کراون، لاپەڕەیه‌كی نوێ لە پەیوەندییەکانیان بکەنەوە و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان، پەنا بۆ دیالۆگی جددی بەرن. هەرێمی کوردستان دەتوانێت تەنیا بە یەكهەڵوێستی لە بڕیار و بە ستراتیژێکی نیشتمانی، ڕووبەڕووی بەربەستە ناوخۆیی و هەرێمییەکان ببێتەوە و گەلی کوردستان بەرەو کەناری ئارامی بەرێت.

*نوسه‌ر خاوه‌نی بڕوانامه‌ی دکتۆرایه‌ لە ستراتیژیی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مامۆستا لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی - کۆلێژی زانستە سیاسییەکان/ زانکۆی سەڵاحەددین
*بابه‌ته‌كه‌ له‌ ماڵپه‌ری پێنوس وه‌رگیراوه