ڕاپۆرتی کوردستانی

03:14 - 11/06/2023

دەربارەی مامەڵەی ڕاستەوخۆی پارێزگاکانی ھەرێم لەگەڵ بەغداد‌

پەیسەر

ئومێد مەحمود

چەسپاندنی مامەڵەی ڕاستەوخۆی پارێزگاکانی ھەرێم لەگەڵ بەغداد لەناو یاسای بودجەدا لەڕووی داراییەوە گرنگە، بەڵام ئەو بڕگەیەی ئەم بابەتەی لەخۆ گرتووە بێ گرفت نییە، بەجۆرێک ئەگەر حکومەتی ھەرێم دادپەروەر نەبوو لە خەرجکردنی بەشە بودجەی تەرخانکراو بۆ مووچە و وەبەرھێنان بۆ پارێزگاکانی ھەرێم، سەرۆک وەزیرانی عیراق ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕگەیە لەناویاندا پارەدارکردن، لەگەڵ گرنگی بوونی ئەم بڕگەیە لەناو پڕۆژە یاسای بودجە، بەڵام چەند گرفتێکی تێدایە، بوونی ئەم گرفتانە وا دەکات لەمپەر بۆ جێبەجێکردنی دروست بێت:

١- لە خاڵی دووەمی بڕگەکەدا ناوی پارێزگای نەھێناوە، دەبوایە بە ڕوونی ئاماژە بۆ ئەوە بکات، ئەگەر پارێزگایەکی ھەرێم لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە دووچاری نادادی ھات، پێویستە حکومەتی عیراق بەشە بودجەی ئەو پارێزگایە بنێرێت.

٢- حکومەتی عیراقی پابەند نەکردووە ڕاستەوخۆ بەشە بودجەی پارێزگای ناڕازی بنێرێت، بەڵکو دەڵێت سەرۆکی حکومەتی عیراق ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر، دوای گرتنەبەری ھەموو ڕێوشوێنەکان، ئەوجا بەشە بودجەی پارێزگاکە دەنێرێت، ئەمەش بەو مانا دێت گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی تر جگە لە ناردنی پشکی پارێزگای ناڕازی وەک پابەندکەر دەردەکەون و ناردنی پشکی پارێزگا ناڕازییەکە بەو پێیەی دەکەوێتە کۆتایی ڕێوشێوێنەکان وەک بژاردەیەکی ناپەبەندکەر دەردەکەوێت.

٣- بوونی بڕگەی حەوتەمی ماددەی (١٤) گرنگی بڕگەی مامەڵەی ڕاستەوخۆی پارێزگاکانی ھەرێم لەگەڵ بەغداد کەم دەکاتەوە تا ئاستی سفرکردنەوە، چونکە لە بڕگەی حەوتەم ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لە باری بوونی ناکۆکی پەیوەست بە بڕگە و ماددەکانی یاسای بودجە لیژنەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکومەتی ھەرێم و بەغداد پێکدێت بۆ چارەسەری ئەم کێشانە، بوونی ئەم بڕگەیە بەم واتایە دێت ئەگەر حکومەتی ھەرێم یاسای بودجەی وەک خۆی جێبەجێ نەکرد، نادادی کرد بەرامبەر پارێزگایەکی ھەرێم، سەرۆکی حکومەتی عیراق ناتوانێت ڕاستەوخۆ بەشە بودجەی ئەو پارێزگایە بنێرێت، بەڵکو پێویستە سەرەتا بچێتە ناو گفتوگۆوە لەگەڵ حکومەتی ھەرێم، دواتر لیژنەی ھاوبەش پێکبێت، ئەم ڕێوشوێنانەش پێوێستی بە کاتێکی زۆرە، بەم ھۆیە پێویست بوو بڕگەی حەوتەم لەناو پڕۆژە یاساکە لاببرایە.