ڕاپۆرتی کوردستانی

11:43 - 21/07/2023

شرۆڤەیەك: لێكەوتەكانی بودجەی فیدراڵی لەسەر هەرێمی كوردستان ئەمانەن‌

پەیسەر

بەپێی شرۆڤەیەكی خانەی هزریی كوردستان، بودجەی سێ ساڵەی فیدراڵی لایەنی باش و لێكەوتەی خراپیشی هەیە لەسەر هەرێمی كوردستان و دەسپێك و بنەمایەكیش دەبێت بۆ تێپەڕاندنی یاسای نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەران پاش ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە بەندەری جەیهان و گیڕانەوەی دۆسیەكە بۆ سەرپەرشتی بەغدا.

 شرۆڤەكە "یاسین تەها" نوسیویەتی و لە ماڵپەڕی خانەكە "پێنوس" بڵاوكراوەتەوە (21 ی تەمموزی 2021) و ئەوە دەخاتە ڕو پشكی هەرێم لە بودجە 196 ترلیۆنییەكە بە 12.67% دیاری كراوە، بەڵام به‌شێكیشی به ‌پاره‌ نییه، بەڵكە لە شێوەی به‌شه‌خۆراك و ده‌رمان و كۆمه‌ڵێك بڕ‌گه‌ی دیكەی خەرجییەوەیە. بەپێی داتاكانی لیژنەی داراییی پەرلەمانیش، بڕیارە ساڵانه‌ ترلیۆنێك و نزیكه‌ی 250 ملیار دینار بگاتە هەرێمی كوردستان كە بەشێكی شتومەكەو پارەی كاش نییەو، ئەوەی پارەیە دەچێتە سەرو 15 ترلیۆن؛ لەم بڕەیش دەوروبەری 9 ترلیۆنی دەڕوات بۆ موچە.

شرۆڤەكە ئاماژەی بە شیكارییەكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كردوە لە بارەی بڕی شایستە دارایییەكانی هەرێم لە بودجەدا كە بەم جۆرەی خوارەوە دەبێت:

ـ 9 ترلیۆن و 300 ملیار دینار بۆ موچەی 681 هەزار و 979 فەرمانبەر بە مانگانەی 775 ملیار دینار

ـ  ترلیۆنێك و 346 ملیار دینار بۆ خانەنشینی هەرێم بە مانگانەی 112 ملیار دینار كە كەمترە لە 2021.

ـ 228 ملیار و 304 ملیۆن دینار بۆ پێشمەرگە بە مانگانەی 19 ملیار دینار و، ئەمەیش پاڵپشتییەكی یاسایییە، لەبەر ئەوەی پێشمەرگەی هەرێم بەشێكە لە سیستەمی بەرگری.

هەر بەگوێرەی شرۆڤەكە شایستە دارایییەكانی هەرێم مەرجدار كراون بە كۆمەڵێك پابەندی كە بریتین لەمانەی خوارەوە:

ـ باركردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، چ بۆ هەناردە یان پاڵاوتن.

ـ گیڕانەوەی 50%ی داهاتی خاڵە سنورییەكان بۆ خەزێنەی فیدراڵی.

ـ گیڕانەوەی قەرزەكانی بانكی بازرگانیی عێراقی (TBI) بە شێوەی قیست.

ـ وردبینیی هەردو دیوانی چاودێریی داراییی بەغدا و هەرێم و ڕاسپاردنی كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی بۆ وردبینیی داهات و خەرجیی هەرێم.

شرۆڤەكە باس لەوەش دەكات مەترسی و نیگەرانی و بەدگومانیی زۆر هەن لە "مینەكانی بودجە" كە هەندێك بە "تەڵە" ناوی دەبەن، لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە:

ـ  لە ماددەی 12یشدا كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ڕاده‌ستكردنی نه‌وتی هه‌رێم، خه‌رجكردنی تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌سه‌ر هەمان پشكی تەرخانكراو بۆ هه‌رێم ئەژمار كراوە.

ـ واڵاكردنی دەستی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە دەستوەردان لە خەرجییە دارایییەكانی هەرێمی کوردستان و ئەگەری گۆڕانی سیستەمی فیدراڵی لە عێراق بۆ فیدراڵیزمی پارێزگاكان لە ڕوی دارایییەوە لانی كەم.

ـ حیسابنەكردن بۆ گرانیی تێچوی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە نەوتی بەغداو قورسكردنی باری بەشە بودجەی هەرێم بە خستنەئەستۆی تێچونی بەرهەمهێنانی نەوت كە دەگاتە نزیكەی 4 ترلیۆن و 500 هەزار دینار لە كۆی 16 ترلیۆن كە كۆی گشتیی پشكی هەرێم.

ـ هەرزانیی نرخی نەوتی بەكارهاتوی هەرێمی کوردستان لە ناوخۆ بەراورد بە هەناردە، پاش ڕاگرتنی بۆڕیی توركیا. ئەمەیش كۆمپانیاكان توشی مایەپوچی و زیانی زۆر و ئەگەری دەستبەرداربون لە نەوتی هەرێم دەكاتەوەو، سەرەنجامیش دەبێتە شكست بۆ كەرتی نەوت لە هەرێمی كوردستان.

لە بارەی لێكەوتە سیاسییەكانی بودجەوە شرۆڤەكە ئەم چەند خاڵەی ئاماژە پێ كردوە:

ـ جگە لە نەوت هەمو داهاتەكانی هەرێمی کوردستان ملكەچ دەبن بۆ وردبینی و چاودێریی داراییی بەغدا.

ـ  دەسەڵاتی خەرجكردن لەلایەن سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دیسانەوە ملكەچە بۆ ئەگەری دەستوەردان لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی.

ـ كۆی دۆسیە دارایی و ئابورییەكانی هەرێمی کوردستان ملكەچە بۆ دادگەی باڵای فیدراڵی.

ـ دو هەژمارە بانكییە تایبەتەكەی پەیوەست بە داهات و خەرجی هەرێم سەر بە وەزارەتی دارایی دەبێت لە بانکی ناوەندیی عێراق و هەژمارەکانی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەخرێن.

ـ بۆچونێك هەیە كە پێی وایە لێكەوتەكانی بودجە لەسەر هەرێم پاشەكشەیە لە حوکمڕانی و گەشەپێدان؛ هەروەها لاوازیی توانای هەرێم پیشان دەدات لە بنیاتنانی دامەزراوەی بەهێز.

ـ بۆچونی تر هەن پێیان وایە بودجەكە متمانەو پێگەی حکومەتی هەرێم لە ئاستی نیشتمانی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا دەخاتە بەر مەترسی، بەتایبەت كە لە کاتی مشتومڕی بودجەدا كە زۆر هەستیارە، لایەنە کوردییەکان نەیانتوانی سیاسەتێکی هاوسەنگ دابڕێژن و رێكبكەون.

ـ هەندێكی تر لە شارەزایانی ئەمریكی باس لەوە دەكەن، ڕەنگە بودجەی ئێستای عێراق ببێتە هۆی ئەوەی حكومەتی فیدراڵ زیاتر كۆنترۆڵی نەوتی هەرێمی كوردستان بكات و ڕەنگە ئەو بودجەیە پلانی بوژاندنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی ڕاوەستاویش لە هەرێم ئاڵۆزتر بكات.

كارەكتەرە پشت پەردەكانی بودجە:

ـ گروپێكی بچوككراوە لە پەرلەمانتارانی هێزە شیعەكان كە لە میدیادا بە "هەڵۆكانی لیژنەی دارایی" ناسران گۆڕانكارییان لە پشكی هەرێمدا كرد كە بەشی زۆریان لینكی بەهێزیان لەگەڵ هێزە ڕاستڕەوەكانی حەشدی شەعبی هەیە.

ـ ئەم گروپە پەرلەمانتارە شیعەیە كە دوا خولەكی تێپەڕاندنی بودجە خۆیان وەك ڕكابەر و نەیاری هەرێمی كوردستان ناساند، كەڵكی زۆریان لە دابەشبون و پەرتەوازەییی هێزە كوردییەكان لە هۆڵی پەرلەمان وەرگرت.

ـ  ئەم گروپە ئەگەر بە ئاراستەكردنی ڕاستەوخۆی چوارچێوەی شیعە كاریان نەكردبێت، ئەوە بەناڕاستەوخۆ خزمەتی زۆریان بە سیاسەتەكانی چوارچێوەی شیعەی حوكمڕان كردوە لە بەهێزكردنی ناوەندگەرایی و سنورداركردنی توانا و پێگە و دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان كە سەرباری هەمو كێشە كەڵەكەبوەكانی ناوخۆی، لە ئێستادا تەنیا قەوارەی خۆبەڕێوەبەرە لە چوارچێوەی سیستەمێكی شلۆق و نەمەییوی فیدراڵی لە عێراق.

ـ ئەو پەرلەمانتارە شیعانە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان لەگەڵ ناڕازییەكانی هەرێم كردوەو پێشوازییان لێ كردون و لە گوتارو بەیاننامەكانیشیاندا هەوڵیان داوە بیاندوێنن و سەرنجیان ڕابكێشن.

هەڵوێستی حكومەتی سودانی

ـ هیچ لە تانەكانی حكومەتی سودانی، كە سێ هەفتە پاش پەسەندكردنی بودجە پێشكەش كران، بە لای پشكی هەرێمدا نەچون و بەڵكو 12 ماددەی پەیوەست بە گرێبەست و دامەزراندن و قەرەبوکردنەوەو لێبڕینی موچەی لەخۆ گرتبو ئەمەیش گومانی ئەوە دروست دەكات كە سەرجەم دەستكارییەكانی پشكی هەرێم، كاری چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە بێت.

ـ ئەگەرچی چوارچێوەی شیعەو حكومەتی سودانی بەڕواڵەت پشتیوانی "هەڵۆكانی داراییی پەرلەمان" نەبون، بەڵام لە ناوەڕۆكدا ئەم گروپە بەرنامەی پشتپەردەی چوارچێوەی شیعەیان

پوختەی شرۆڤەكە

ـ بودجەی سێ ساڵە هەنگاوێكی بێپێشینە بو لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بەشپرزەییی زۆرەوە چوە ناو ئەم نەخشەڕێ ئابوری و دارایییەی، كە بارودۆخی پاش ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بەسەربەخۆ ڕێك دەخات و سەردەم و قۆناغێكی جومگەیی و نوێیە.

ـ دۆخی خراپی هەرێمی كوردستان لەم بودجەیەدا بەرەنجام و ڕەنگدانەوەی دابەشبون و كێشە ناوخۆیییەكانی هەردو جەمسەری حوكمڕانین لە كوردستان. جگە لەوەیش لێكەوتەی كێشە كەڵەكەبوەكانی دۆسیەی نەوت و هەبونی ناڕەزایین لە ناوخۆی كوردستان؛ بە جۆرێك دەنگێكی بیستراو هەیە لەبەر بێهیوایی بە ناوخۆ، بەغدا وەك چارەسەر و فریادڕەس دەبینێت و بە دوای ئۆقرەییی دارایی و ئابوریدا دەگەڕێت كە نزیكەی 10 ساڵە شلۆق و شێواوە.

ـ ئەم بودجەیە سیاسەتی پشتپەردەو ڕاستەقینەی چوارچێوەی شیعەی بۆ حوكمڕانیی عێراق و مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێم ئاشكرا كرد لە ڕێگەی بێدەنگی لە هەموارەكانی لیژنەی دارایی و مامەڵەكردنی لەگەڵ ئەنجامی بودجە؛ لە كاتێكدا حكومەتەكەی، تانەی لەو ماددە و بڕگانە دا كە بارگرانی بون بۆ بودجەی فیدراڵی لەسەر ئاستی ناوەند.

ـ ماددە و بڕگەكانی بودجە پێشینەو بنەما دەبن بۆ یاسای نەوت و گازی فیدراڵی كە بڕیارە لە وەرزی نوێی یاسادانان لە چوارچێوەی ئەو یاسایانەدا بێت كە تێ دەپەڕێنرێت.

ـ بودجەی سێ ساڵی لێكەوتەی سیاسیی دەبێت لەسەر دۆخ و پێگەی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لە كاتی جێبەجێكردن. ئەمەیش وریایی و پەیوەندیی بەردەوامی پێویستە لەگەڵ بەغدا بۆ زاڵبون بەسەر كەند و كۆسپەكانی ئەو "داو"انەی لە بودجەدا هەن.