ڕاپۆرتی کوردستانی

10:35 - 22/01/2019

کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی رێگرە لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتدا‌

پەیسەر

پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان دانووستانەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم تا ئێستا ئەوەندە قورس نەبووە کە ئاستەنگی جدی لە بەردەم پێکهێنانی حکومەتدا دروست بکات، بەوپێیەی پارتی وەڵامی زۆربەی داواکانی یەکێتی بە ئیجابی داوەتەوە، بەڵام ئەوەی لەم نێوانەدا ئاستەنگی دروستکردووە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتین.

لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەوە کە یەکێتی قسەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی شکاند، پارتی هەڕەشەی کرد کە لە پرسی پێکهێنانی حکومەت و پرسی پارێزگای کەرکوکدا توڵە لە یەکێتی بکاتەوە، لە هەر دوو لایەنەوە لێدوانی توند دەدران، بەڵام کاتێک بە کردار دانووستان بۆ پێکهێنانی حکومەت دەستی پێکرد، پارتی هێوربووەوە.

پارتی چیتر ئەو قسەیەی نەکات کە دەبێت یەکێتی بەپێی قورسایی ٢١ کورسییەکەی بەشداری لە حکومەتدا بکات، بەڵکو بەپێچەوانەوە ئامادەیی دەربڕیوە لە پشکی خۆی بەشی یەکێتی بدات، ئەم نەرمینواندنەی پارتیش سێ هۆکاری سەرەکی لە پشتە:


یەکەم: دوای ئەوە پارتی مەسرور بارزانی کاندیدکرد بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت، نەرمی نواندنەکەش دەستی پێکرد، لەلایەکەوە مەسرور بارزانی پەلەیەتی لە زوو پێکهێنانی حکومەت و لەلایەکی دیکەشەوە مەسعود بارزانی بۆ قایمکردنی پێگەی مەسرور بارزانی پێویستی بە یارمەتی حیزبەکانی دیکەش هەیە، بۆ ئەمەش پێویست بوو نەرمی بنوێنێت.

دووەم: پارتی دەیزانی بەبێ نەرمی نواندن، یەکێتی ناچێتە ژێرباری پێکهێنانی حکومەتەوە، حکومەتی هەرێمیش بەبێ یەکێتی پێک نایەت چونکە پێکهێنانی حکومەت بەبێ رەزامەندی یەکێتی واتە دوو ئیدارەیی، پارتی نایەوێت لە دەستپێکی دەستبەکاربوونی مەسرور بارزانیدا دوو ئیدارەیی روو بدات، هەربۆیەش مەسرور بارزانی ئامادەبوو لە کۆبوونەوەکەی هەفتەی رابردووی هەولێردا لەگەڵ لاهور شێخ جەنگیش دابنیشت، کە ئەم دوو کەسە لە چەند ساڵی رابردوودا بە ئاشکرا دوژمنایەتی یەکتریان دەکرد، پارتی لاهور شێخ جەنگی بە تاوانباری رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر دادەنێت، ئەمە لەکاتێکدابوو پێشتر پارتی ئامادە نەبوو لەگەڵ هیچ وەفدێکی یەکێتیدا دابنیشێت کە لاهور شێخ جەنگی تێدابێت، چەند جارێکیش لەسەر ئەم پرسە کۆبوونەوەکان دواخران.


سێیەم: هۆکارێکی دیکەی نەرمی نواندنی پارتی بەرامبەر یەکێتی پەیوەندیی بە ململانێی ئەمریکا و ئێرانەوە هەیە، پارتی پێیوایە یەکێتی و لەناو یەکێتیشدا بنەماڵەی تاڵەبانی کە لە ئێرانەوە نزیکن، بە هاندانی ئەو وڵاتە خواستیان بۆ دوو ئیدارەیی هەیە، خوێندنەوەی پارتی ئەوەیە کە ئێران دەیەوێت لەڕێی دوو ئیدارەییەوە، ئیدارەی سلێمانی بە تەواوی بخاتەژێر هەژمونی خۆیەوە و بە تەواوی لە ئەمریکای دوور بخاتەوە، هەربۆیە پێدەچێت پارتی چ بەهۆی فشاری ئەمریکاوە بووبێت، یان چ بۆ رێگرتن لە شکستی مەسرور بارزانی بووبێت، ئەیەوێت بە نەرمی نواندن پێش بە پلانی ئێران بگرێت، چونکە لە ئەگەری سەرگرتنی دوو ئیدارەییدا ئەو کاتە هەموو کوردستان دەبێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێی ئێران و ئەمریکا، هەربۆیە مەسعود بارزانی لە دواین کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە هەولێر لەڕێی مەسرور بارزانییەوە پەیامێکی ئاراستەی یەکێتی کرد بیر لە دوو ئیدارەیی نەکەنەوە، جگە لەوەش پارتی رازی بووە بەو خواستەی یەکێتی کە لە یەک کاتدا دانووستان بکەن لەسەر هەر سێ پرسی پێکهێنانی حکومەت و یەکلاییکردنەوەی پارێزگاری کەرکوک و وەزیری داد لە بەغدا.

بۆچی یەکێتی کۆسپی سەرەکییە لەبەردەم دواخستنی پێکهێنانی حکومەتدا؟
یەکەم: وەک ئاماژەی پێدرا پارتی و خودی مەسرور بارزانی پەلەیانە لە پێکهێنانی کابینەی نۆیەم، بۆ ئەم مەبەستەش نەرمیان نواندووە بەرامبەر بە یەکێتی.

دووەم: پارتی و گۆڕان هەر لە یەکەم دانیشتنیاندا لێکتێگەیشتنی زۆریان هەبوو و بەبێ هیچ کێشەیەک کۆبوونەوەکانیان ئەنجام دەدەن و تا رادەیەکی زۆر چ لە سەر دابەشکردنی پۆستەکان و چ لەسەر کارنامەی کابینەی نۆیەم رێککەوتوون و هەر ئیمزاکردنەکەی ماوە.

سێیەم: پارتی لەسەر پرسی پارێزگاری کەرکوک چیتر قسەکانی جاران ناکات، بەڵکو رێککەوتوون کە بە رەزامەندی هەردوو لا کەسێک بۆ پارێزگای کەرکوک دەست نیشان بکەن، کە ئەم کەسەش بێ گومان لە یەکێتی دەبێت تەنیا ئەوە هەیە کە نابێت یەکێتی کەسێک کاندید بکات کە لەناو یەکێتی بە دژە پارتی ناسرابێت.

چوارەم: پارتی چەند کۆبوونەوەیە یەک داوای لە یەکێتی هەیە ئەویش ئەوەیە کە ناوی کاندیدەکانی خۆیان بۆ پۆستەکانی حکومەت پێشکەش بکەن، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەم دوو حیزبە لەسەر پشکیان لە پۆستەکاندا کێشەیان نییە، بەو واتایەی ئەو پۆستانەی بەر یەکێتی دەکەون یەکلایی بوونەتەوە و هەر دوو لاش پێی رازین، ئەوەی یەکلایی نەبووەتەوە کاندیدەکانی یەکێتین بۆ پۆستەکان کە ئەمەش کێشەیەکی ناوخۆیی یەکێتییە و پەیوەندی بە پارتییەوە نییە.

کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی چین؟
یەکێتی لەم قۆناغەدا بەسەر سێ باڵدا دابەش بووە، باڵی ماڵی تاڵەبانی، باڵی ماڵی کۆسرەت رەسوڵ و باڵی بێ لایەنەکان، بەهۆی ململانێی ئەم سێ باڵەوە یەکێتی ناتوانێت بە ئاسانی کاندیدەکانی یەکلایی بکاتەوە.

ململانێ سەرەکییەکە لەنێوان هەر دوو ماڵی تاڵەبانی و کۆسرەت رەسوڵدایە، بەڵام بێ لایەنەکانیش هیوایان لەسەر ئەوە هەڵچنیوە کە لە ئەگەری رێکنەکەوتنی دوو باڵەکەی دیکە، ئەوا هەر دوو باڵەکە ناچار دەبن پەنا ببەنە بەر کاندیدکردنی کەسە بێ لایەنەکان.

ماڵی تاڵەبانی، بێگەرد تاڵەبانیان کاندید کردووە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، ماڵی کۆسرەت رەسوڵیش رێواس فایەقیان کاندید کردووە، کاندیدی ماڵی تاڵەبانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت قوباد تاڵەبانییە و کاندیدی ماڵی کۆسرەت رەسوڵیش دەرباز کۆسرەت رەسوڵە، کۆسرەت رەسوڵ کچەکەشی کاندید کردووە بۆ پۆستی وەزیری تەندروستی.
وادیارە کۆسرەت رەسوڵ یەكێک لە دوو پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یان جێگری سەرۆکی حکومەتی دەوێت، کاندیدکردنی کچەکەشی پێدەچێت زیاتر بۆ مامەڵەکردن بێت، بەڵام تا ئێستا ماڵی تاڵەبانی ئامادەنین سازش لەسەر هیچکام لە پۆستەکان بکەن بۆ ماڵی کۆسرەت رەسوڵ.

لەم نێوانەدا حاکم قادر و عیماد ئەحمەد کە خۆیان وەک بێ لایەن دەناسێنن، ئەوانیش خۆیان کاندید کردووە بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت، ئەمەش کێشەکانی ناو یەکێتی قورستر کردووە.

باڵی کۆسرەت رەسوڵ هەوڵی ئەوەیان هەبوو کە کاندیدەکانی یەکێتی لەلایەن وەفدی دانووستانکاری پارتی و یەکێتییەوە یەکلایی بکرێتەوە، واتا باڵی کۆسرەت رەسوڵ نا راستەوخۆ لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا بوون کە پارتی بەوپێیەی سەرۆکایەتی پێکهێنانی حکومەت دەکات دەبێت سەرپشک بکرێت لەوەی کام کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستەکان هەڵدەبژێرێت، بەڵام ماڵی تاڵەبانی بە توندی دژی ئەم ویستەی ماڵی کۆسرەت رەسوڵ وەستانەوە، چونکە پێیانوابوو پارتی پشتگیری لە کاندیدەکانی ماڵی کۆسرەت رەسوڵ دەکات، هەربۆیە ماڵی تاڵەبانی داوایان لە پارتی کردووە کە بە هیچ شێوەیە دەستێوەردان لە کێشە ناوخۆییەکانی ناو یەکێتی نەکات.

ئەگەر بێتو یەکێتی لەناو خۆیان لە ماوەی هەفتەیەکدا کاندیدەکانیان بۆ پۆستەکان ساخ بکەنەوە پێدەچێت کابینەی نۆیەم لە ماوەیەکی نزیکدا پێک بهێنرێت، چونکە پارتی و گۆڕان لە ئێستادا کێشەیەکی ئەوتۆیان نییە.