ڕاپۆرتی کوردستانی

02:00 - 22/01/2019

حكومه‌ت پێش له‌دایكبوونى بارمته‌ى فریادڕه‌سى لایه‌نه‌كانه‌‌

فه‌رمان حه‌سه‌ن

كابینه‌ى نۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێش له‌دایكبوونى به‌ بارمته‌گیراوه‌، براوه‌ى یه‌كه‌م دووه‌مى هه‌ڵبژاردن ده‌یانه‌وێت هه‌لى پێكهێنانى بقۆزنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ده‌ستى پڕو ده‌ستكه‌وتى زۆره‌وه‌ بچنه‌ قۆناغى دواتر، بۆ یه‌كێتى ده‌رفه‌تى كۆتاییه‌ بۆ ساغكردنه‌وه‌ى پارێزگارى كه‌ركوك و وه‌زیرى داد و داواكانى دیكه‌ى له‌سه‌ر پۆسته‌كان، بۆ پارتیش كابینه‌ى به‌دیهێنانى خواسته‌كانیه‌تى و ده‌یه‌وێت به‌هێزى ٤٥ كورسییه‌كه‌ى قورسایى زیاترى هه‌بێت له‌ شه‌مه‌نده‌فه‌رى حكومه‌ت.

دواى ١١٠ رۆژ له‌ هه‌ڵبژاردن هێشتا حكومه‌تى نوێ له‌سه‌ر مێزى دانوستانه‌كانى یه‌كێتى و پارتى نه‌مه‌ییوه‌، پێنج كۆبوونه‌وه‌ى رابردووشیان هه‌رچه‌ند نزیكبوونه‌وه‌ى تێدابووه‌ به‌ڵام ئه‌نجامێكى ئه‌وتۆ رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌، یه‌كێتى به‌ ته‌واوى له‌ حه‌زى زۆرى پارتى بۆ زوو پێكهێنانى حكومه‌ته‌كه‌ تێگه‌یشتووه‌، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت هه‌ر چۆنێك بێت پارتى بخاته‌ ژێر بارى داواكانى کێشەکانیش به‌شێكیان پاشماوه‌ى ریفراندۆم و كێشه‌ له‌ مێژینه‌كانى هه‌ردوو حزبن، گفتوگۆكان به‌جۆرێك ساردو سڕییان پێوه‌دیاره‌ تا ئێستا به‌رپرسه‌ باڵاكانى پارتى سه‌ردانى یه‌كێتییان نه‌كردووه‌ به‌ڵكو ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ى له‌ ئاستى باڵاداكراون له‌ ماڵى نێچیرڤان بارزانى به‌ڕێوه‌چوون.

یه‌كێتى چى ده‌وێت؟

ئه‌وه‌ى یه‌كێتى ده‌یه‌وێت ته‌نها لاى پارتى ده‌ستیده‌كه‌وێت، پارتیش هیچ كات هێنده‌ى ئێستا پێویستى به‌ باڵه‌ جیاوازه‌كانى ئه‌و حزبه‌ نییه‌ بۆ هه‌رچى زوو پێكهێنانى حكومه‌ت، یه‌كێتى به‌ هه‌لى ده‌زانێت له‌ دانوستانه‌كانى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت، وه‌زیرى دادى عێراق و پارێزگارى كه‌ركوك بۆخۆى ساغ بكاته‌وه‌و ره‌زامه‌ندى پارتى بۆ وه‌ربگرێت، له‌ كابینه‌ نوێكه‌ش ده‌یه‌وێت به‌ ژماره‌ى كورسى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ نه‌كرێت، به‌ڵكو چاوى له‌وه‌یه‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ى و هه‌ژموونى به‌سه‌ر ئیداره‌ى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگیرێت.

یه‌كێتى له‌وه‌ش باش تێگه‌یشتووه‌ كه‌ دواى پێكهێنانى حكومه‌ت كارتێكى ئه‌وتۆى له‌ گیرفان نامێنێت بۆ ناچاركردنى پارتى به‌ داواكانى، بۆیه‌ ته‌نها رێگه‌ى ئه‌وه‌یه‌ ماوه‌یه‌ك جیڕییه‌كه‌ى خۆى رابگرێت و واى پیشان نه‌دات كه‌ بۆ به‌شدارى حكومه‌ت به‌ هه‌ڵه‌داوانه‌، بۆیه‌ دواى پێنج كۆبوونه‌وه‌ى ته‌واو له‌گه‌ڵ پارتى ئه‌و حزبه‌ قسه‌ى كۆنكرێتى نادات به‌ده‌سته‌وه‌، له‌لایه‌ك نایه‌وێت پارتى ته‌را بكات و له‌ گفتوگۆكان داببڕێت، له‌لایه‌كى دیكه‌ش ده‌یه‌وێت به‌هه‌ر نرخێك بێت ده‌رفه‌ته‌كه‌ له‌ده‌ست نه‌دات.

قادر عه‌زیز ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى ئه‌و حزبه‌ دواى كۆبوونه‌وه‌ى چواره‌مى حزبه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ پارتى، له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ ده‌نگى ئه‌مریكا ئه‌و نێته‌ى یەکێتى به‌ته‌واوى روونكرده‌وه‌ بۆ راگرتنى ترافیكى حكومه‌ت تا ئه‌و كاته‌ى پارێزگارى كه‌ركوك تێده‌په‌ڕێت، ئه‌و گوتى به‌بێ ئه‌وه‌ى پێش وه‌خت پارێزگارێكى یه‌كێتى بۆ كه‌ركوك دابنرێت، یه‌كێتى به‌شدارى حكومه‌ت ناكات، بۆیه‌ بارمته‌ى كابینه‌ى نوێ بۆ یه‌كێتى ته‌نها ده‌رفه‌تى ده‌ستكه‌وته‌، ره‌نگه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ش واى له‌ پارتى كردبێت ناچاربێت كه‌مێك نه‌رمتر دانوستانه‌كان به‌رێوه‌ببات، به‌ڵام له‌ هه‌موو كاتێك پێداگرییه‌كه‌ى یه‌كێتى شایه‌نى درزتێبوونه‌ به‌وپیێیه‌ى باڵه‌ جیاوازه‌كانى ئه‌و حزبه‌ به‌رژه‌وه‌ندى گه‌وره‌یان له‌گه‌ڵ پارتى هه‌یه‌.
 

ئه‌و پێداگیرییه‌ى یه‌كێتى، به‌ ته‌واوى پارتى ده‌خاته‌ نێوان دووبژاره‌ى خراپ، رازى ببێت به‌ دانانى پارێزگارى یه‌كێتى ده‌بێته‌ دووه‌م شكستى له‌دواى بوونی به‌رهه‌م ساڵح بە سەرۆک کۆمار، به‌و بژارده‌ش رازى نه‌بێت، هه‌نگاونان بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت به‌بێ یه‌كێتى به‌ ته‌واوى ئه‌و بژارده‌یه‌ كه‌ پارتى حه‌زى پێى نییه‌و نایه‌وێت رووبدات، چونكه‌ هه‌رگیز ناخوازێت یه‌كه‌م ئه‌زمونى كوڕه‌ گه‌وره‌ى بارزانى هه‌ر له‌ رۆژى ئه‌وه‌ڵه‌وه‌ خه‌وشدار بێت بۆیه‌ دوور نیه‌ ده‌ست بۆ بژارده‌ى یه‌كه‌م ببات به‌ كه‌مێك گۆڕانكارییه‌وه‌، به‌ڵام پێناچێت دۆخى په‌رته‌وازه‌و شلۆقى یه‌كێتى یارمه‌تى ئه‌و حزبه‌ بدات ده‌ست بۆ پارتى شل نه‌كات و مل بادانه‌كه‌ى به‌رده‌وامبێت.

پارتى ده‌یه‌وێت تامى كورسییه‌كانى بكات

پێداگرییه‌ زۆره‌كانى پارتی له‌سه‌ره‌تاوه‌ بارى شانى دانوستانكارانى پێكهێنه‌رانى حكومه‌تیان زیاتر قورسكرد، پارتى ژماره‌ى كورسییه‌كانى كردووه‌ به‌ كراسه‌كه‌ى عوسمان هه‌موو دانیشتنێك ده‌یداته‌وه‌ به‌ گوێى به‌رامبه‌ره‌كانیدا، ئه‌و حزبه‌ له‌دواى ساڵانى راپه‌ڕین و قۆناغه‌ سه‌ره‌تاكانى حوكمڕانییه‌وه‌ ژماره‌ى واى به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه‌، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت هه‌رچۆن بێت كێشى خۆى له‌ حكومه‌ت قورستر بكات، له‌هه‌مووى گرنگتر بۆ پارتى ده‌یه‌وێت درزو كه‌لێنه‌كانى خۆى به‌ كابینه‌ى نوێ دابپۆشێت، بۆ ئه‌مه‌ش ته‌نها یه‌ك رێگا هه‌یه‌ ئه‌ویش رازیكردنى دڵى هه‌ردوو جه‌مسه‌رى دوو ئامۆزاكه‌یه‌(مه‌سرور بارزانى و نێچیرڤان بارزانى) كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ له‌ كۆتاییدا ناچار به‌ سازشى بكات.

پارتى جگه‌ له‌ پۆست و راگرتنى له‌نگه‌رى ململانێكانى ناوخۆى، خواستێكى دیكه‌ى هه‌یه‌ له‌ كابینه‌ى نۆ، ئه‌ویش تۆڵه‌كردنه‌وه‌ى شه‌وى ٣ی ئۆکتۆبەرە كاتێك له‌گه‌ڵ یه‌كێتى به‌ جیا كاندیدیان خسته‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌و له‌ قۆناغى یه‌كه‌مى یارییه‌كه‌ كاندیدى یه‌كێتى زۆرانبازییه‌كه‌ى برده‌وه‌، هه‌رچه‌ند له‌ رواڵه‌تدا ئێستا كه‌متر ئه‌مه‌ى پێوه‌دیاره‌ به‌ڵام بۆ پارتی به‌هه‌مان شێوه‌ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ نزیكترین و گونجاوترین ده‌رفه‌ته‌ زۆرانبازییه‌كه‌ى تێدا دووباره‌ بكاته‌وه‌ به‌ڵام به‌ سودى خۆى، بۆیه‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات یه‌كێتى به‌ قه‌باره‌ى خۆى پێبخاته‌ حكومه‌ته‌وه‌و چیتر به‌هۆكارى هێز و جوگرافیا و راگرتنى باڵه‌كانى نازى هه‌ڵنه‌گیرێت.

حه‌زى پارتى بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر له‌ سه‌روبه‌ندى پێكهێنانى حكومه‌ت تۆڵه‌ى به‌غدا له‌ یه‌كێتى بكاته‌وه‌، ته‌نها مانایه‌كى مه‌عنه‌وى نییه‌ بۆ ئه‌و حزبه‌ به‌ڵكو پارتى ترسى له‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێتى پێكهاته‌ى حكومه‌ت به‌دڵى خۆى تێپه‌ڕێنێت و حساب بۆ قه‌باره‌و كورسییه‌كان نه‌كات له‌قۆناغى داهاتووتر ده‌كرێت سه‌رئێشه‌ى دیكه‌ دروست بكه‌ن، بۆیه‌ هه‌رچى زووه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌و غرورییه‌ى یه‌كێتى دواى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار بۆى دروستبوو له‌ناوبه‌رێت و سه‌رنه‌كێشێت بۆ بابه‌تى دیكه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ یارییه‌كى هه‌ستیاره‌ بۆ پارتى نه‌رمبڕانه‌ ده‌ستى داوه‌تى چونكه‌ نایه‌وێت یه‌كێتى له‌م قۆناغه‌دا لێى دووربێت.

ده‌یانه‌وێت ده‌رگاى هاتنى كابینه‌كه‌ به‌ كڵۆمدراوى بهێڵنه‌وه‌ تا شتێك له‌یه‌كدى ده‌چڕن

هه‌روه‌ها پارتى پێى وایه‌ قۆناغى نوێى سیاسى ده‌رفه‌تێكى نوێیه‌ بۆئه‌وه‌ى مه‌رجه‌كانى خۆى بسه‌پێنێت، ده‌یه‌وێت ئه‌و دڕكانه‌ ده‌ربهێنێت كه‌ له‌ كابینه‌كانى نێچیرڤان بارزانى كێشه‌یان بۆ دروستكردبوو، بۆیه‌ پارتى هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌ هه‌ستیارى زۆره‌وه‌ ده‌ستى به‌ گفتوگۆكان كرد و ده‌زانێت هه‌ڵه‌یه‌كى بچوك له‌ سه‌ره‌تاى یارییه‌كه‌وه‌ سه‌رئێشه‌ى گه‌وره‌ بۆ ئه‌زمونه‌ تازه‌كه‌ى مه‌سرور بارزانى دروستده‌كات، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت گره‌نتى كابینه‌یه‌كى بێ كێشه‌ و سه‌نگین  بۆ كاندیده‌ نوێیه‌كه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت به‌ده‌ستبخات.

ژانى له‌دایكبوونى حكومه‌ت هه‌رچه‌ند زۆرتر بووه‌ و لایه‌نه‌كان نزیكتر ده‌بینرێن، به‌ڵام تا ئێستا كابینه‌كه‌ بارمته‌ى رزگاركه‌ره‌ بۆ هه‌ردوو حزب، هه‌رلایان ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ له‌ كیس بده‌ن دواتر به‌ ئاسانى ناگیرسێنه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت ده‌رگاى هاتنى كابینه‌كه‌ به‌ كڵۆمدراوى بهێڵنه‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ى شتێك له‌یه‌كدى ده‌چڕن.