ڕاپۆرتی کوردستانی

11:54 - 23/01/2019

ئۆپۆزسیۆن ده‌یه‌وێت خۆى بخزێنێته‌ نێو حكومه‌تى سێبه‌ر‌

فه‌رمان حه‌سه‌ن

بۆیه‌كه‌م جار ئۆپۆزسیۆن ده‌یه‌وێت به‌ به‌شدارى حكومه‌تى نوێ خۆى بخزێنێته‌ ناو حکومه‌تى دووه‌م، ئه‌ویش ده‌زگا هه‌ستیاره‌كانى تایبه‌ت به‌ ئاسایشن له‌ هه‌رێمى كوردستان، كه‌ تا ئێستا به‌تام و بۆن و ره‌نگیش، ده‌زگاى حزبن و قسه‌كه‌رى یه‌كه‌م و كۆتایى ئه‌و ده‌زگایانه‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌كانى یه‌كێتى و پارتین، گۆڕان ئێستا چاوى له‌وه‌یه‌ ئیتر پێگه‌ى له‌و ده‌زگایه‌نه‌ش هه‌بێت، كه‌ بڕبره‌ى پشتى هێزه‌ده‌سه‌ڵاتداره‌كانن ئه‌زمونێكى درێژ و پڕ له‌ ململانێى له‌نێوان ئه‌و ده‌زگایانه‌و شه‌قام هه‌یه‌.

تۆڕى ده‌زگا ئه‌منییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ئاڵۆز و جاڵجاڵۆكه‌یین، داخراون به‌ڕووى ژیانى گشتیدا و خه‌ڵك كه‌مترین زانیارى هه‌یه‌ له‌سه‌ریان، چه‌ند كابینه‌یه‌كى حكومه‌ت هه‌وڵى یه‌كخستنى داون به‌ڵام هیچ به‌شێكى ئه‌و ده‌زگایانه‌ تێكه‌ڵى یه‌ك نه‌بوون و به‌سه‌ر هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتى یه‌كێتى و پارتیدا وه‌ك رۆژى سه‌ره‌تایان دابه‌شبوون، به‌ڵام ئه‌وان حكومه‌تى سێبه‌رن و ده‌سه‌ڵاتى ناو ده‌سه‌ڵاتن، زۆرجار ده‌سه‌ڵاتى گه‌وره‌و فراوانیان لایه‌ ته‌نانه‌ت له‌ سه‌رووى سیاسییه‌ باڵاده‌سته‌كانه‌وه‌ن، پێده‌چێت ئۆپۆزسیۆن به‌ ته‌واوى گه‌یشتیبێته‌ ئه‌و بڕوایه‌ى بۆ گۆڕانكارى ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتى له‌ ناو حكومه‌تى دووه‌میش وه‌ربگرێت.

پارتى و به‌تایبه‌ت یه‌كێتى به‌ هه‌ستیارى له‌گه‌ڵ ئه‌م داواكارییه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ ترسى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ ئه‌وه‌ى پێگه‌و هه‌ژمونییان له‌سه‌ر ده‌زگا ئه‌منییه‌كان درزى تێببێت و وه‌ك پێشتر نه‌توانن ئه‌م ده‌زگایانه‌ بكه‌نه‌ كارتى فشار به‌سه‌ر شه‌قام و ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌، ئه‌وه‌ى هه‌ردوو هێزه‌كه‌ى هه‌ستیارتر كردووه‌ له‌م بابه‌ته‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌زۆربه‌ى كاته‌ سه‌خته‌كان له‌ ململانێكاندا هێزو وزە له‌و ده‌زگایانه‌ وه‌رده‌گرن یارییه‌ سیاسییه‌كانى پێ یه‌كلایى ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ به‌ ئاسانى نایانه‌وێت ده‌زگا ئه‌منى و هه‌واڵگرییه‌كان بخه‌نه‌ سه‌رمێزى گفتوگۆ.

له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجومه‌نى ئاسایش به‌پێى یاساكه‌ى كه‌ ساڵى ٢٠١١ دەرچوو، به‌شێكى زۆرى ده‌زگا ئه‌منى و هه‌واڵگیرییه‌كانى تێدا جێكراوته‌وه‌، ئه‌گه‌رچى به‌ واقیع له‌یه‌ك ماڵدا نه‌بینران و ته‌نانه‌ت ئه‌ندامه‌كانى بۆ یه‌ك جاریش كۆنه‌بووه‌وه‌، ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ پێكدێت له‌ ده‌زگاى گشتى ئاسایش، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پاراستن و زانیارى، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی هه‌واڵگری سه‌ربازی، دژه‌ تیرۆر، فه‌رمانگه‌ی ته‌كنۆلۆژیا و شیكردنه‌وه.

هه‌روه‌ها ده‌زگاى ئاسایشى گشتى هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌یان له‌رووى هه‌یكه‌له‌وه‌ سه‌ر به‌ حكومه‌ت و وه‌زاره‌تى ناوخۆیه‌، ئه‌م ده‌زگایه‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ دوو به‌شه‌و پارتى و یه‌كێتى هه‌ریه‌كه‌یان به‌شه‌كه‌ى به‌ڕێوه‌ده‌بات، رۆژى ٣ی٥ی٢٠١٢ عیماد ئه‌حمه‌د جێگرى ئه‌وكاتى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، یه‌كخستنه‌وه‌ى ئه‌و دوو ده‌زگایه‌ى راگه‌یاند و خه‌سره‌و گوڵ محه‌مه‌دى وه‌ك سه‌رۆكى ده‌زگاكه‌ ناساند، به‌ڵام ته‌نانه‌ت بۆ راگه‌یاندنى ناوى سه‌رۆكى ده‌زگاكه‌ جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت له‌ سلێمانییه‌وه‌و له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئاسایشى سلێمانى ئه‌و په‌یامه‌ى به‌یان كرد.

هه‌ر یه‌ك له‌و به‌شانه‌ى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ دوو به‌رپرسى هه‌یه‌ له‌ ئیداره‌ى سلێمانى به‌رپرسێكى یه‌كێتى و له‌ ئیدارى هه‌ولێر به‌رپرسێكى پارتى، راوێژكارى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ش كه‌ مه‌سرور بارزانییه‌ له‌رووى واقعییه‌وه‌ ته‌نها سه‌رپه‌رشتى به‌شى پارتى ده‌كات له‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ى، ناكۆكى زۆر له‌نێوان هه‌ردوولا هه‌یه‌ كه‌ پێناچێت به‌ ئاسانى پێكبێن و وه‌ك تیمێكى هاوبه‌ش ده‌ربكه‌ون.

ئێستا گۆڕان چاوى له‌وه‌یه‌ گۆڕانكارى به‌رێته‌ نێو ماڵى ئه‌و ده‌زگا هه‌ستیارانه‌، ره‌نگه‌ بۆ گۆڕان ئه‌و هه‌نگاوه‌ ئاڵنگارى و سه‌رئێشه‌ى زۆر دروستبكات، به‌ تایبه‌ت ئه‌م ده‌زگایانه‌ به‌ ته‌واوى خاڵین له‌ كه‌سان و به‌رپرسانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌ردوو حزبى ده‌سه‌ڵاتدار، به‌ڵام له‌ ئه‌گه‌رى سه‌ركه‌وتنى ئه‌و هه‌نگاوه‌ پێده‌چێت ئه‌وه‌ ته‌نها ده‌رگا بێت كه‌ لێیه‌وه‌ تێكه‌ڵبوونى ئه‌و ده‌زگایانه‌ ده‌ستپێبكات، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ده‌زگا ئه‌منى و هه‌واڵگرییه‌كان له‌ هه‌ولێر و سلێمانیش ئاراسته‌ى سێیه‌میشیان تێدا دروستبێت، ئه‌كرێت كردنه‌وه‌ى گرێى یه‌كخستنه‌وه‌یان ئاسانتربێت.

به‌ربه‌ستى گه‌وره‌ى به‌رده‌م چوونى گۆڕان بۆنێو ئه‌و ده‌زگایانه‌ ناكۆكى زۆرى نێوانى ده‌زگاكانى هه‌ولێر و سلێمانییه‌، ئه‌گه‌ر یه‌كیش بخرێنه‌وه‌ له‌ هه‌ر تێكچوونێكى نێوانیان ده‌بنه‌وه‌ دوو ئیداره‌و هێزى سێیه‌م تێیاندا ده‌ستوه‌ستان ده‌بێت، هه‌روه‌ها سروشتى نهێنى و داخراوى ده‌زگاكان گرفته‌ ره‌نگه‌ به‌ ئاسانى بوونى هێزى دیكه‌یان پێ هه‌زم نه‌كرێت، یاخود ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌ هێزى دیكه‌ ده‌چنه‌ ئه‌وێ ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ دووچارى گرفتى گه‌وره‌ ببنه‌وه‌و نه‌توانن به‌رۆڵى خۆیان هه‌ڵبستن، چونكه‌ سروشتى ئه‌م ده‌زگایانه‌ وابوون كه‌ له‌هه‌ر لایه‌ك، یه‌ك حزب و یه‌ك بۆچوونیان تێدایه‌. هه‌روه‌ها نزیكى ئه‌م ده‌زگایانه‌ له‌ وڵاتانى دراوسێ و په‌یوه‌ندییه‌كانیان به‌ربه‌ستێكى دیكه‌یه‌ بۆ هه‌رهێزێك كه‌ بچێته‌ ناو ئه‌م ده‌زگایانه‌ و كار بكات.

یه‌كێتى و پارتى له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌ستیارى زۆریان هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت كاتێك یه‌كێتى و گۆڕان ساڵى ٢٠١٤ له‌سه‌ر حكومه‌تى خۆجێیى رێككه‌وتن، یه‌كێتى ئاماده‌نه‌بوو ده‌زگا ئه‌منییه‌كان بخاته‌ سه‌رمێزى گفتوگۆ، به‌پێى زانیارییه‌كان ئێستاش یه‌كێتى هه‌مان بۆچوونى هه‌یه‌ كه‌ هێزى دیكه‌ له‌م ده‌زگایانه‌ به‌رپرسیارێتى نه‌بێت هه‌رچه‌نده‌ پارتى نه‌رمى نواندووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى گۆڕان پۆست وه‌ربگرێت له‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسایش.

ترسى گه‌وره‌ى یه‌كێتى ئه‌وه‌یه‌ به‌ چوونى گۆڕان بۆ نێو ئه‌و ده‌زگایانه‌ كارته‌كه‌ى پێشووى له‌ده‌ستبدات به‌رامبه‌ر شه‌قام و هێزه‌كانى ئۆپۆزسیۆن، چونكه‌ ده‌زانێت گۆڕان له‌ناو هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌نگى هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتیشى هه‌بێت دوورنیه‌ هێزو هه‌ژمونى یه‌كێتى له‌سه‌ر ده‌زگا ئه‌منییه‌كان بخزێنێت، بۆیه‌ ترسى له‌وه‌هه‌یه‌ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ى گۆڕان سه‌ره‌تاى داكه‌وتن و لاوازبوونى هه‌ژموونه‌ ئه‌منى و هه‌واڵگرییه‌كه‌ى بێت.

ره‌نگه‌ پاڵنه‌رى سه‌ره‌كى گۆڕان بۆ به‌شدارى له‌م ده‌زگایانه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ زۆره‌ بێت كه‌ لایانه‌ به‌تایبه‌ت له‌بارودۆخه‌ تایبه‌ته‌كاندا، چونكه‌ به‌و نزیكییه‌ى له‌گه‌ڵ حزب هه‌یانه‌ ئه‌م ده‌زگایانه‌ ده‌توانن كێشه‌ى گه‌وره‌بن بۆ هه‌ر داموده‌زگایه‌كى مه‌ده‌نى یاخود حكومه‌تى خۆجێیى ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت، هه‌روه‌ها گۆڕان له‌ شه‌قام ئه‌زمونى شیرینى نییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌زگایانه‌دا به‌وپێیه‌ى كاتێك خه‌ڵك له‌سه‌ر شه‌قام بوو ته‌نها كارتى ده‌سه‌ڵات بۆ ره‌واندنه‌وه‌ى فشاره‌كان ده‌زگائه‌منییه‌كان بوون.

ئه‌وكاتانه‌ى كه‌ شه‌قام تینى بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌هێنا فریاد ره‌سى ده‌سه‌ڵات ئه‌م ده‌زگایانه‌ بوون، به‌جۆرێك له‌زۆر كاتى هه‌ستیاردا حكومه‌ت ده‌سه‌ڵاتى ته‌واوى پێداون بۆ كۆنترۆڵكردنى دۆخه‌كه‌، ساڵى رابردوو له‌ ئیداره‌ى سلێمانى كاتێك خۆپیشاندانه‌كان ته‌شه‌نه‌یان سه‌ند یه‌كێتى لیژنه‌ى هێزه‌كانى كوردستانى پێكهێناو ده‌سه‌ڵاتى پێدان و به‌ زه‌برى هێز خۆپیشاندانه‌كانیان سڕكرد، ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ش گۆڕانى گه‌یاندبێته‌ ئه‌و بڕوایه‌ى ئه‌گه‌ر ده‌ست بۆ سه‌رى ماره‌كه‌ نه‌بات گرتنى كلكى ئاسان نه‌بێت، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت له‌و ده‌زگایانه‌ تیمى خۆى هه‌بێت تا پشتیوانى تیمه‌ مه‌ده‌نییه‌كه‌ى بن له‌ حكومه‌ت و ده‌زگاكانى دیكه‌.

وه‌رگرتنى به‌رپرسیارێتى له‌ ده‌زگا ئه‌منى و هه‌واڵگرییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، هه‌رچه‌نده‌ سه‌رئێشه‌ى زۆربن، به‌ڵام زیانه‌كانى له‌ سوده‌كانى زۆترنین، چونكه‌ ده‌بێته‌ یه‌كه‌م ئه‌زمونى ئه‌و ده‌زگایانه‌و بۆ خه‌ڵك و شه‌قامیش ره‌نگه‌ دۆخێكى كراوه‌تر دروستبكات، هەرچەند رووخاندنی ئەو دیوارەی لە نێوان شەقام و دەزگا ئەمنییەکان دروستبوون هەروا ئاسان نییەو بەتەنها هێزێک بەدیهێنانی لە مەحاڵ نزیکە، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌شدارى هێزێك كه‌ پێشتر خۆى سه‌روكارى زۆرى له‌گه‌ڵ شه‌قام و خۆپیشاندانه‌كان هه‌بووه‌، ره‌نگه‌ نه‌فه‌سێك به‌ شه‌قام بداته‌وه‌.