03:01 - 26/01/2019
چوارهۆكار كه بیانوو ده‌ده‌ن به حكومه‌تى هه‌رێم بۆ هێشتنه‌وه‌ى پاشه‌كه‌وتى مووچه
تێپه‌ڕبوونى یاساى بودجه له‌نێو جه‌نجاڵى و ئاڵۆزییه‌كانى هۆڵى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، گه‌رموگوڕییه‌كى خسته‌وه گۆڕه‌پانى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا، له ماوه‌یه‌كى كه‌مدا هیواى زۆر دروستبوون بۆ كۆتاییهێنان به‌و دۆخه قورسه‌ى چوارساڵه یه‌خه‌ى هه‌رێمى كوردستانى گرتووه، به‌ڵام جێبه‌جێكردنى پێناچێت هه‌روازوو بۆ خه‌ڵكى هه‌رێم بێته به‌رهه‌م به‌وپێیه‌ى كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگ بیانو ده‌ده‌ن به‌ده‌ست حکومەتی هەولێر بۆ هێشتنه‌وه‌ى پاشه‌كه‌وت تاماوه‌یه‌كى زیاتر.
جێبه‌جێكردنى یاساكه چه‌نده بۆ خه‌ڵكى كوردستان گرنگه، هه‌نگاوه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم بۆ كۆتاییهێنان به پاشه‌كه‌وتى مووچه‌و ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخه‌كه گرنگتره، ئه‌وه‌ش له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگ و گرفتدایه، په‌یوه‌ستكردنى لابردنى پاشه‌كه‌وتى مووچه به ده‌ركردنى یاساى چاكسازى و ئاڵاندنى له ململانێ سیاسییه‌كانى نێوان نێچیرڤان بارزانى و مه‌سرور بارزانى و هه‌روه‌ها مه‌رجداركردنى لابردنى پاشەكه‌وت به دانوستانى نوێى نێوان هه‌ردوو حكومه‌تى هه‌ولێر و به‌غدا، كێشه‌ى گه‌وره‌ى به‌رده‌م لابردنى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ن.
به‌پێى یاساى بودجه‌ى عێراق به‌راورد به چوار ساڵى رابردوو، كۆمه‌ڵێك ماف به هه‌رێمى كوردستان دراوه‌ته‌وه له‌وانه دیاریكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم و پێشمه‌رگه و جیاكردنه‌وه‌ى له كێشه سیاسییه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به‌ڵام ئه‌و پاره‌یه راده‌ستى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌كرێت و حكومه‌ت خۆى به‌رپرس ده‌بێت له چۆنێتى دابه‌شكردنى و میكانیزمى پێدانى به فه‌رمانبه‌ران.
پێشتر به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى دارایى هه‌رێم باسیان له‌وه‌كردبوو كه ره‌شنوسى پرۆژه یاساى بودجه‌ى هه‌رێمیان بۆ ساڵى ٢٠١٩ ئاماده‌كردووه‌و به‌پێى ره‌شنوسه‌كه‌ش پاشه‌كه‌وتى مووچه لابراوه، به‌ڵام به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌ر كه‌وتووه، ئێستا وه‌زاره‌تى دارایى چاوى له‌وه‌یه پرۆژه یاساى چاكسازى له په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ربچوێندرێت به‌و شێوه‌یه‌ش لابردنى پاشه‌كه‌وتى مووچه بخرێته گۆڕه‌پانى په‌رله‌مان و ماوه‌یه‌كى زۆرى پێده‌چێت، كه ئه‌گه‌ر به ئاسایى و بێ گرفتیش تێپه‌ڕێت لانى كه‌م ١٠٠ رۆژى پێویسته بۆ جێبه‌جێكردنى.
پێشتر په‌یسه‌ر ئه‌وه‌ى بڵاوكردبووه‌وه، كه عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، په‌یامێكى ئاراسته‌ى فراكسیۆنه كوردییه‌كان كردووه‌و پێى گوتوون، پشتیوانى پرۆژه یاساى بودجه بكه‌ن، چونكه دواى تێپه‌ڕاندنى له‌گه‌ڵ كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌كه‌ونه گفتوگۆى چڕ بۆ دانوستان و رێككه‌وتن، ئه‌و په‌یامه‌ى عه‌بدولمه‌هدى واته له‌گه‌ڵ حكومه‌تى ئێستا دانوستان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ناكات له‌كاتێكدا دیارنییه پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ چه‌ندى دیكه ده‌خایه‌نێت، ئه‌وه‌ش واده‌كات لابردنى پاشكه‌وتى مووچه ماوه‌یه‌كى زۆرى بوێت ئه‌گه‌ر حكومه‌تى هه‌رێم نێتى جددیشى هه‌بێت بۆ لابردنى.
هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر لابردنى پاشەكه‌وتى مووچه و ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى ئابورى هه‌رێم به دانوستانه‌كانه‌وه ببه‌سترێته‌وه، ئه‌وا هه‌روه‌ك چۆن ئه‌گه‌رى سه‌ركه‌وتنى دانوستانه‌كان هه‌یه ئاواش ئه‌گه‌رى شكستهێنانى هه‌یه، له حاڵه‌تى یه‌كه‌میش مه‌ترسى هه‌یه دیسان رێكنه‌كه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غداو دواتر جێبه‌جێنه‌كردنى یاساكه‌ش بكرێته بیانووى هێشتنه‌وه‌ى دۆخى مووچه له هه‌رێمى كوردستان.
كێشه‌یه‌كى دیكه‌ى لابردنى پاشه‌كه‌وتى مووچه ئه‌وه‌یه كه نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى ئێستای حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان نایه‌وێت راسته‌وخۆ دواى لاچوونى ئه‌و پاشه‌كه‌وتى مووچه لاببرێت، پێشتر په‌یسه‌ر ئه‌وه‌ى بڵاوكردبووه‌وه، كه نێچیرڤان بارزانى ئه‌وه‌ى په‌یامه‌ى به به‌رپرسانى پارتى گه‌یاندووه، رازى نییه راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ پاشه‌كه‌وتى مووچه لاببرێت، ئه‌وه‌ى به‌لێدان له‌خۆى زانیوه به‌وپێیه‌ى مووچه‌خۆران هۆكارى پاشه‌كه‌وتى مووچه ده‌خه‌نه ئه‌ستۆى خودى نێچیرڤان بارزانى.
به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌ر كه‌وتووه، وه‌زاره‌تى دارایى هه‌رێم چاوه‌ڕێى وه‌زاره‌تى دارایى عێراقه بۆ ئه‌وه‌ى ئامار‌و ژماره‌ى ته‌واوى راده‌ستبكرێت، چونكه تائێستا ورده‌كارى جێبه‌جێكردنى روون نییه لاى وه‌زاره‌تى دارایى هه‌رچه‌نده به‌پێى یاساى بودجه پاره‌ى پێویست بۆ هه‌رێم ته‌رخانكراوه بۆ لابردنى پاشەكه‌وتى مووچه.
هۆشیار عه‌بدوڵا ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، به په‌یسه‌ر پرێسى راگه‌یاند، حكومه‌تى هه‌رێم "ناتوانێت خۆى بدزێته‌وه" له پێدانى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، له‌به‌رئه‌وه‌ى له بودجه به دیاریكراوى پاره‌كه بۆ مووچه ته‌رخانكراوه، چونكه حكومه‌تى هه‌رێم به‌رپرسیار ده‌بێت له‌به‌رده‌م په‌رله‌مان و حكومه‌تى عێراق.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره گوتیشى، جۆرێك له رێككه‌وتن هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى زوو یاساى چاكسازى له هه‌رێمى كوردستان ده‌ربچوێندرێت دواى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى یاساكه بۆ ئه‌وه‌ى پاشه‌كه‌وتى مووچه نه‌مێنێت، به‌ڵام ئێستا حكومه‌ت پاره‌ى پێویستى هه‌یه بۆ لابردنى پاشكه‌وتى مووچه و ده‌كرێت له‌قۆناغى دواتریش له‌رێگه‌ى یاساى چاكسازییه‌وه ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ربكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر حكومه‌تى هەرێم خۆى بدزێته‌وه له‌پێدانى مووچه پێشنیار ده‌كه‌ین حكومه‌تى عێراق راسته‌وخۆ خۆى مووچه ره‌وانه بكات.
وه‌زاره‌تى دارایى هه‌رێمى كوردستان بۆ لابردنى پاشكه‌وتى مووچه پێویستى به ١٦٥ ملیار دیناربوو، ئێستا ٧٢٥ ملیار دینار به مووچه ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ى مووچه بێ پاشه‌كه‌وت بدات پێویستى به ٨٩٠ ملیار دیناره، به‌پێى یاساى بودجه‌ى عێراق بۆ ساڵى ٢٠١٩ مانگانه ٤٥٤ ملیار دینار بۆ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ره‌وانه ده‌كرێت جگه له ٦٨ ملیاردینارى مانگانه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه، كه له‌سه‌ر بودجه‌ى وه‌زاره‌تى به‌رگرى بۆى دابینكراوه، پشكى هه‌رێم به درێژایى ساڵه‌كه ١٠ ترلیۆن دینارە، ئه‌گه‌ر هه‌رێمیش مانگانه ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌كه‌ى راده‌ستنه‌كات ئه‌وا به‌هاى ئه‌و بڕه نه‌وته‌ى لێده‌بڕدرێت نه‌ك کۆی بودجەکەی.
ئه‌م بڕگانه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ده‌رفه‌تى داوه بۆ ره‌واندنه‌وه‌ى قه‌یرانى دارایى له هه‌مان كاتیش، زه‌مینه خۆش ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم بتوانێت به یاساكه‌وه پابه‌ند نه‌بێت، له‌ئەگه‌رى پابه‌ندنه‌بوونیشى بیانوى زیاتر به‌ده‌ست هه‌رێمه‌وه ده‌بێت بۆ هێشتنه‌وه‌ى پاشەكه‌وتى مووچه بۆ ماوه‌یه‌كى زیاتر، به‌ڵام فه‌رمانبه‌ران چاویان له‌وه‌یه یاساى بودجه ئه‌م كێشه‌یه چاره‌سه‌ربكات، چونكه یاساكه ناوى فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانى پێشمه‌رگه‌ى هێناوه، به‌ڵام دیسان ئه‌وه‌ش بێ‌گرفت نابێت چونكه ژماره‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێم له به‌غدا ٦٨٢ هه‌زاره‌و پێشمه‌رگه‌ش ٤٥ هه‌زاره، به‌ڵام ئه‌م ژمارانه له هه‌رێمى كوردستان نزیكه‌ى دووهێنده‌ن، ئه‌وه‌ش بیانوویه‌كى دیكه‌یە دوورنییه حكومه‌ت به‌كاریبهێنێت بۆ دابه‌شكردنى پاره‌كه به‌سه‌ر هه‌ردوونیوه‌كه‌دا و هێشتنه‌وه‌ى پاشه‌كه‌وتى مووچه.