ڕاپۆرتی کوردستانی

04:12 - 26/01/2019

یەکێتی بۆ چووە ژێر باری داواکارییەکانی تورکیا؟‌

پەیسەر

دوای ساڵێک و چوار مانگ تورکیا گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی هەڵگرت و ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەکانی سلێمانیدا کردەوە، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی دەڵێت دوای هەوڵێکی زۆی حکومەتی هەرێم، مەکتەبی سیاسیی یەکیتی و هەوڵەکانی ئەم دوایانەی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق تورکیا رازی بووە بە هەڵگرتنی گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەکە.

تورکیا لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا کێشەی زۆری لەگەڵ یەکێتی وەک دەسەڵاتداری زۆنی سەوز هەبووە، چەندین جار بەرپرسانی تورکیا وتوویانە کە لە سلێمانییەوە پشتگیری لە پەکەکە دەکرێت، بەڵام کێشەکان دوای ئەوە قوڵبوونەوە کە پەکەکە لە شارۆچکەی دوکان دوو هاوڵاتی تورکی دەستگیرکرد و رایگەیاند دوو تورکەکە لە بەرپرسانی میت بوون، دوای ئەم رووداوە تورکیا نووسینگەی نوێنەرایەتی یەکێتی لە ئەنکەرە داخست و بەهرۆز گەڵاڵی ناردەوە هەرێم.
لە دوای ریفراندۆم بە ماوەیەکی کورت دوای گەمارۆخستنە سەر گەشتە ئاسمانییەکانی هەرێم، تورکیا ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەخانەی هەولێردا کردەوە، بەڵام بە بیانووی پشتگیری یەکێتی لە پەکەکە هەڵگرتنی گەمارۆی لەسەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ ساڵێک و چوار مانگ دواکەوت.

پەیوەندییە مێژووییەکانی یەکێتی و تورکیا
یەکەم پەیوەندیی نێوان حیزبەکانی هەرێم و تورکیا لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٩٠ و سەرەتای ساڵی ١٩٩١ لەڕێی جەلال تاڵەبانی و یەکێتی نیشتمانییەوە دروست بوو، لە سەردەمی تورگوت ئۆزالدا تاڵەبانی یەکەم سەرکردەی کورد بوو کە دەرگای کۆشکی چانکایای بەڕوودا کرایەوە، لەو سەردەمەدا پلانی ئۆزال ئەوەبوو لەڕێی کوردەوە هەژمونی خۆی بەسەر عێراقدا بسەپێنێت.
هەر بەهۆی هەوڵەکانی یەکێتی و تاڵەبانییەوە بوون کە لە دوای راپەڕین تورکیا رێگەیدا پارتی و یەکێتی نووسینگەی نوێنەرایەتی خۆیان لە ئەنکەرە بکەنەوە، تاڵەبانی لەسەر داوای ئۆزال لە ساڵی ١٩٩١دا بووە ناوبژیوان لەنێون پەکەکە و تورکیا، کە واتە ئەوە یەکێتی بوو کە یەکەمجار دەرگای تورکیای بەڕووی کورددا کردەوە و دەرگای هەرێمیشی بەڕووی تورکیادا کردەوە.
تاڵەبانی بەردەوام گرنگییەکەی تایبەتی بە تورکیا دەدا و پێیوابوو تەنیا دەروازەی هەرێم بەڕووی رۆژئاوادا هەر تورکیایە، ئەگەر بێتو تورکیا دەرگای بەڕووی هەرێمدا نەکاتەوە ئەوا کورد ناچار دەبێت سازشی زۆر بۆ بەغدا بکات، لە دوای راپەڕین و دانووستانەکانی یەکێتی و پارتی لەگەڵ سەدام لەڕووی ئەو ناچارییەوە بوو کە تورکیا هێشتا دەرگای بەڕووی کورددا نەکردبووەوە، هەر لەڕووی ئەم ناچارییەشەوە بوو کە یەکێتی بۆ رازیکردنی تورکیا لە دوو قۆناغدا شەڕی پەکەکە کرد، لە قۆناغی یەکەمدا ساڵی ١٩٩١ بە هاوبەشی لەگەڵ پارتی شەڕی پەکەکەی کرد و لە قۆناغی دووەمیشدا لە ساڵی ٢٠٠٠ بە تەنیا شەڕی پەکەکەی کرد.

لە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان سەرەتا یەکێتی زۆر زیاتر لە پارتی پێشوازی لە دەسەڵاتی ئاکەپە دەکرد، یەکێتی و پارتی بە یەکەوە گەمارۆیان خستبووە سەر قەندیل، لە میدیاکانی یەکێتییەوە بە ئاشکرا هەست بەوە دەکرا کە لەکاتی هەڵبژاردنەکانی تورکیادا بانگەشە بۆ ئاکەپە دەکرێت.

پەیوەندییەکانی یەکێتی و تورکیا چۆن ئاڵۆز بوو؟
لە ساڵی ٢٠١٠دا تورکیا و ئەحمەد داودئۆغڵو کە ئەوکات وەزیری دەرەوەی تورکیا بوون دژی ئەوەبوون تاڵەبانی بۆ جاری دووەم ببێتەوە بە سەرۆک کۆمار و کاریان بۆ ئەوە دەکرد تاریق هاشمی یان عەرەبێکی سونەی دیکە ببێتە سەرۆک کۆمار، دوو هۆکار لە پشت ئەم هەڵوێستەی تورکیاوە بوو، یەکەم تورکەکان لەسەر هەمان ڕێچکەی سیاسەتی مێژوویی خۆیان دژی ئەوەبوون کە کوردێک سەرۆکی وڵاتێک بێت، دووەم پێیانوابوو کە تاڵەبانی و یەکێتی زیاد لە ئەندازە لە ئێرانەوە نزیکن.

جگە لەوەش لە دوای ساڵی ٢٠٠٨ بە دواوە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و تورکیا زۆر بەهێزتر ببوو، بۆیە تورکیا گرنگی زیاتری بە پارتی دەدا، ئەمانەش بوونە هۆی ئەوەی لە دوای ٢٠١٠وە یەکێتی وردە وردە لە تورکیا دوور بکەوێتەوە، یەکەم ئاماژەکانی دوور کەوتنەوەی یەکێتی لەو قۆناغەدا ئەوەبوو کە نوێنەری یەکێتی لەسەر ئاستی باڵادا بەشداریان لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆنگرەی نەتەوەیی ( کەنەکە) کە لە پەکەکەوە نزیکن بەشدارییان دەکرد، لە دوای شۆڕشی رۆژئاوای کوردستانیش لە ساڵی ٢٠١٢ یەکێتی پێچەوانەی خواستی تورکیا پشتگیری لە پەیەدە دەکرد، مەلا بەختیار کارگێری مەکەتەبی سیاسی یەکێتی لە کۆبوونەوەیەکی هەدەپەدا لە ئەنکەرە داوای ئازادکردنی ئۆجەلانی کرد، ئەمانەش هەمووی تورکیای نیگەران کردبوو.
یەکێتی لەو قۆناغەدا نزیکایەتی لە پەکەکەی وەک هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانپەرەوەرانە پێناسە دەکرد، تورکیاش ئەمەی وەک پشتگیریکردنی یەکێتی لە تیرۆر پێناسە دەکرد.

چی گۆڕا کە تورکیا ئامادەبوو گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵگرێت؟
لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٨وە بە ئاشکرا هەست بەوە دەکرێت کە یەکێتی سیاسەتێکی تەواو پێچەوانەی گرتووەتەبەر، تا دێت لە تورکیا نزیک دەبێتەوە و بە هەمان رادەش لە پەکەکە دوور دەکەوێتەوە، کۆتایی مانگی تەموزی ٢٠١٨ هاکان کاراچای کۆنسولی تورکیا لە هەولێر بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتی سەردانی بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر کرد، دوای سەردانەکە یەکێتی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاندبوو:" تورکیا خوازیاری سەقامگیری سیاسیی و سەربازییە لە عێراق و ناوچەکە و بە تایبەتیش لە هەرێمی کوردستان، یەکێتیش ئامادەی هەر جۆرە هەماهەنگی و هاوکارییەکە کە ببێتە مایەی بەهێزکردن و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لەسەر ئاستە جیاوازەکاندا".

دوای ئەم سەردانە تورکیا هەندێک مەرجی بۆ یەکێتی دانا، کە مەرجێکیان کۆتایهێنان بوو بە جموجووڵەکانی لایەنەکانی سەر بە پەکەکە بوو لە سلێمانی، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٨دا ئاسایش بارەگاکانی تەڤگەری ئازادی داخست و ژمارەیەک لە ئەندامانی تەڤگەر دەستگیرکران، بەهۆی بڵاوکردنەوەی فیلمێک لەسەر ژیانی سەکینە چانسز سینەما سالم داخرا، ئەمەش پەیوەندییەکانی نێوان پەکەکە و یەکێتی ئاڵۆزکرد، لە کاتی سەردانەکەی بەرهەم ساڵح بۆ تورکیا، ئەردۆغان لە پرێس کۆنفڕانسێکدا لەگەڵ بەرهەم ساڵح رایگەیاند رێککەوتوون لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری پەکەکە، بەبێ ئەوەی بەرهەم ساڵح یان یەکێتی هیچ ڕوونکردنەوەیەک بدات.

هەرچەندە دوای ئەم رووداوانە پەکەکە هێشتا هەموو دەرگاکانی پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی دانەخستووە و جەمیل بایک هاوسەرۆکی کەجەکە لە دواین هەڵوێستیدا لەمبارەیەوە دەڵێت لەوانەیە ئەمە بڕیاری یەکێتی نەبێت، چونکە بڕیارەکە زیان بە یەکێتی و ئامانجەکانی دەگەیەنێت، زیان بەو بەها مێژووییانە دەگەیەنێت کە مام جەلال و ئیبراهیم ئەحمەد لەپێناویدا تێکۆشاون.
بەڵام دوای ئەم رووداوانە وادیارە تورکیا هەست بەوە دەکات کە بە ئامانجی خۆی گەیشتووە و پەکەکە و یەکێتی لێک دوور خستووەتەوە، هەربۆیە بڕیاری هەڵگرتنی گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی داوە.

یەکێتی بۆ چووە ژێر باری داواکارییەکانی تورکیا؟
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە ساڵی ٢٠١٧دا رۆژانە   ٣٧ هەزار دۆلاری داهاتی هەبووە کە لە ساڵێکدا دەکاتە نزیکەی ١٤ ملیۆن دۆلار، بەڵام جگە لەمەش فرۆکەخانە چ لەڕووی هێنانی گەشتیار و گواستنەوەی کاڵا داهاتێکی باشی هەیە بۆ پارێزگای سلێمانی کە مەزەندە دەکرێت ساڵانە لەنێوان ٥٠ بۆ ٨٠ ملیۆن دۆلار بێت، ئەمەش داهاتێکی کەم نییە کە یەکێتی بە ئاسانی چاوپۆشی لێ بکات، جگە لەوەش کۆمپانیا بازرگانییەکانی یەکێتی بۆ هاوردەکانی کاڵا پێویستیان بە فڕۆکەخانەی سلێمانی هەیە.

لەڕووی سیاسیشەوە یەکێتی لە دوو ڕووەوە پێدەچێت هەستی بە گرنگی تورکیا کردبێت، یەکەم لە ئێستادا ئێران لەلایەن ئەمریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە جارێکی دیکە کەوتووەتە ژێر فشارەوە، پێدەچێت یەکێتی بیری لەوە کردبێتەوە کە لە داهاتوودا لەوانەیە جارێکی دیکە تورکیا وەک تاکە دەروازە بەڕووی جیهاندا سەیر بکاتەوە، جگە لەوەش یەکێتی بۆ بازرگانی نەوت لەگەڵ ئێران لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە ژێر فشارەوە، هەربۆیە ئەمەش پێدەچێت هۆکارێک بێت بۆ نزیکبوونەوەی یەکێتی لە تورکیا.

ئەگەرێکی دووەم ئەوەیە کە لە دوای ریفراندۆمەوە باس لەوە دەکرێت کە تورکیا لە کەرکوک لەڕێی تورکمان و عەرەبی سونەوە خەریکی بەهێزکردنی هەژمونی خۆیەتی، ئەمریکا حەشدی شەعبی کە سەر بە ئێران لە کەرکوک کردوەتە دەرەوە، هەربۆیە یەکێتی هەستی بە مەترسی کردووە کە تورکیا لە کەرکوک لەڕێی تورکمان و عەرەبی سونە و پارتییەوە فشار بخاتەسەر یەکێتی، ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ ئەوەی یەکێتی چووەتە ژێر باری داواکارییەکانی تورکیا.