ڕاپۆرتی کوردستانی

04:18 - 27/01/2019

زانیاری نەبیستراو لەسەر رووداوەکەی شیلادزێ‌

پەیسەر

دوای ٢٢ ساڵ لە دروستکردنی یەکەمین بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە ناوچەی بادینان، دانیشتوانی شیلادزێ رۆژی شەممە رقی خۆیان بە سوپای تورکیا هەڵڕشت و بارەگاکەیان سووتاندن، رووداوەکەش دوای ئەوە هات کە چوار هاوڵاتی بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە شەهیدبوون، کە بەپێی خودی میدیاکانی پارتی تەنیا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا ٢٠ هاوڵاتی مەدەنی دەڤەرەکە بەهۆی بۆردومانەکانەوە شەهیدبوون و ژمارەیەکی زیاتریش برینداربوون.

 
لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری یەکەمدا خوێندنەوەی زۆر جیاواز بۆ رووداوەکە کرا و باس لە سیناریۆی جیاوازکرا، بەڵام سیناریۆکە هەر شتێک بێت لە بایەخی راپەڕینەکەی خەڵکی شیلادزێ کەم ناکاتەوە و دڵخۆشی و پشتگیری هاوڵاتیانی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمیش لە خەڵکی شیلادزێ ئەو پەیامە دەگەیەنێت کە توڕەییەکەی پەنگخواردوو لەناو دانیشتوانی هەرێم هەیە بەرامبەر بەوەی زیاتر لە بیست ساڵە هەرێمەکەیان بووەتە مەیدانی تەڕاتێنی تورکیا و ئێران.

سیناریۆی یەکەم: راپەڕینێکی خۆڕسک بوو و بەرهەمی توڕەیی هاوڵاتیانی دەڤەرەکەیە لە شەهیدکردنی هاوڵاتی سڤیل و هیچ هێز و لایەنێکی لە پشت نەبووە.

لەم سیناریۆیەدا زۆر ئاساییە کە بوترێت خەڵکی توڕە کە قوربانی داوە لە هیچ توندوتیژییەک سڵ ناکاتەوە هەتا توڵەی خۆی نەکاتەوە، هەربۆیە لە دوای شەهیدبوونی ٢٠ هاوڵاتی لەماوەی دوو ساڵدا لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە، ئاساییە کە توڕەیی خەڵک بە خۆپیشاندانێکی هێمنانە دانامرکێتەوە، بە تایبەتیش کە بەرامبەرەکەیان هێزێکی داگیرکەرە و توڕەیی خەڵکیش تێکەڵ بە هەستێکی نەتەوەییش بووە.

بەڵام  سێ هۆکار ئەم سیناریۆیە لاواز دەکات، هۆکاری یەکەم ئەوەیە زۆربەی ئەو خۆپیشاندانانەی کە توندوتیژییان لێ دەکەوێتەوە گروپێکی رێکخەری لە پشتەوەیە کە خۆپیشاندەران هاندەدەن و ترسی خۆپیشاندەران دەشکێنن لەوەی هێرش بکەنە سەر ئامانجێکی دیاریکراو، بە تایبەت لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی کە لەڕووی ئەمنییەوە توندوتۆڵە و خۆپیشاندەران بە وردی چاودێری دەکرێن، زۆر قورسە بوترێت چەند کەسێک خۆڕسک و بەبێ ترس لە کاردانەوەی توندی پارتی خەڵکیان هاندابێت بۆ هێرشکردنەسەر بارەگاکانی سوپای تورکیا.
هۆکاری دووەمیش ئەوەیە بارەگاکانی سوپای تورکیا لە ساڵی ١٩٩٧وە بە وردی لە ڕووی ئەمنییەوە دەپارێزرێن هەم لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەرێمەوە و هەمیش لەلایەن خودی تورکەکانەوە، پێشتر خەڵکی ئاسایی ناوچەکە بە ئاسانی نەیاندەتوانی لە یەک کیلۆمەتری بنکەکانیش نزیک ببنەوە، هۆکاری سێیەمیش شارۆچکەی شیلادزێ شارۆچکەیەکی بچوکە و زۆرینەی خەڵکەکەشی پارتین، شارێکی گەورە نییە کە خۆپیشاندانی گەورەی لێ بکەوێتەوە و لە کۆنتڕۆڵی هێزە ئەمنییەکان دەربچێت.

سیناریۆی دووەم: پەکەکە هاندەری خۆپیشاندەران بووە
وەزارەتی بەرگری تورکیا و دەسەڵاتدارانی تورکیا و تەنانەت تا رادەیەکیش میدیاکانی نزیک لە پارتی هەوڵ دەدەن ئەم سیناریۆیە لەناو ڕای گشتیدا جێ بخەن کە پەکەکە خەڵکی توڕەی هانداوە بۆ هێرشکردنەسەر بارەگاکانی سوپای تورکیا، تورکیا دەیەوێت خۆپیشاندانەکە بخاتە چوارچێوەی ئەم سیناریۆیەوە بۆ ئەوەی هێرشەکە بکاتە بیانوو و ژمارەی بنکە سەربازییەکانی لە سنوری شیلادزێ لە سێ بنکەوە بۆ پێنج بنکە زیاد بکات و ژمارەی سەربازەکانیشی بە هەمان شێوە زیاد بکات، هەروەها تورکیا دەیەوێت زیاتر ئەو بانگەشەیەی خۆی بسەلمێنێت کە پەکەکە لە باکوری عێراقیش گەشەی کردووە و مەترسی بۆسەر تورکیا دروست کردووە هەربۆیە ناچارە زیاتر دەستێوەردان بکات.

پارتیش پێی باشە خۆپیشاندانەکە بخاتە چوارچێوەی هەمان سیناریۆوە بۆ ئەوەی لەلایەکەوە فشار لەسەر پەکەکە دروست بکات و لەلایەکی دیکەشەوە هیچ گومانێک لەسەر خۆی نەهێڵێت کە بەشێک لە پارتی لە پشتی خۆپیشاندانەکەوە بووە، بەپێی دوژمنایەتی قوڵی نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیاش بێت ئاساییە کە بوترێت ئەگەر پەکەکە پێی بکرێت رۆژانە خۆپیشاندانی لەو شێوەیە لە دژی تورکیا دروست دەکات، بەڵام ئەم سیناریۆیەش بە چەند هۆکارێک لاوازە:
هۆکاری یەکەم ئەوەیە پەکەکە لەو ناوچەیە ئەوەندە پێگەیەکی جەماوەری بەهێزی نییە کە بتوانێت خۆپیشاندانی گەورە دروست بکات، دووەم ئەوە گروپەی کە رێکخەری خەڵکی توڕەن بۆ هێزە ئەمنییەکان بە ئاسانی دەناسرێنەوە، بەپێی سروشتی خۆپیشاندانەکانی رابردوو لایەنگرانی پەکەکە زۆر جار دەموچاویان دەبەستن، بەڵام لە ڤیدیۆکاندا وەها دیاردەیەک نابینرێت، خەڵک بە ئاشکرا لە خودی میدیاکانی پارتییەوە بە زمانێکی توند لە دژی تورکیا و ئەردۆغان قسە دەکەن، سێیەم لە خۆپیشاندانەکەدا دروشم و هێماکانی پەکەکە نابینرێن، ئەگەر پەکەکەی لە پشتەوە بووبێت بۆچی هەندێک لە میدیاکانی پارتی لە رووماڵەکەیاندا هەوڵیان دەدات بیسەلمێنن کە خۆپیشاندەران ناڕازین لە بوونی پەکەکە لە ناوچەکەیاندا، چونکە ئەم ڕوماڵکردنەی میدیاکانی پارتی لەگەڵ ئەو سیناریۆیەدا یەکناگرێتەوە کە پەکەکە لە پشتی خۆپیشاندانەکانەوە بووبێت.

سیناریۆی سێیەم: باڵێکی ناو پارتی لە پشتی خۆپیشاندانەکەوەیە
خۆپیشاندانەکە سەرەتا لەلایەن بەرپرسی یەکەی ئیدارەی شارۆچکەکەوە مۆڵەتی یاسایی پێدراوە، لە دوای کۆتایی هاتنی خۆپیشاندانەکە بەشێک لە خۆپیشاندەران داوایانکردووە بڵاوە بە خۆپیشاندانەکە نەکرێت و هێرش بکرێتە سەر بنکە سەربازییەکەی تورکیا، خەڵکەکەش بەبێ ترس لە کاردانەوەی توندی هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردوەتەسەر بنکە سەربازییەکەی تورکیا.
 لەم سیناریۆیەدا گریمانەی ئەوە هەیە باڵی مەسرور بارزانی خۆپیشاندانەکەی رێکخستبێت، ئەو هۆکارانەی ئەم گریمانەیەی بەهێز کردووە بریتن لە:
یەکەم: لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا پارتی و حکومەتی تورکیا پەیوەندییەکی زۆر بەهێزیان هەبووە، ئەگەر خۆپیشاندانەکان لەلایەن پەکەکەوە رێکخرابایە ئەوا دەبوو چەند دروشمێکیش لە دژی پارتی کە نزیکە لە تورکیاوە بەرز کرابایەتەوە، کەچی لە خۆپیشاندانەکە کەس دروشمی لە دژی پارتی نەدا،  بەپێی ئەم سیناریۆیە چونکە باڵی مەسرور بارزانی لە پشتی خۆپیشاندانەکەوە بووە و زۆربەی خۆپیشاندەرانیش پارتی بوون هیچ دروشمێک لە دژی پارتی نەدراوە.

دووەم: خۆپیشاندەران دەموچاویان نەبستبوو بۆ ئەوەی دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە نەناسرێتەوە، کەواتە خۆپیشاندەران ترسیان لە دەستگیرکردن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە نەبووە.

سێیەم: لەناو پارتیدا تورکیا لە باڵی نێچیرڤان بارزانییەوە نزیکە، لە بەرامبەردا مەسرور بارزانی و باوکی سیاسەتیان لە ئێستادا گۆڕاوە دەیانەوێت لە بەغداوە نزیک ببنەوە و منەتیان بە تورکیا نەماوە، مەسرور بارزانی کە کاندیدی پارتییە بۆ سەرۆکی حکومەت دەستبەجێ پێشوازی لە پەسندکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق کرد و ئامادەیە وەک سەرۆکی حکومەتی داهاتوو لەسەر نەوت و بودجە لەگەڵ بەغدا رێکبکەوێت، بەپێی زانیارییەکانیش بە ناوبژیوانی ئەمریکا بارزانی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی رێککەوتووە کە بودجەی هەرێم بنێرێت، هەربۆیە پارتی لەم قۆناغەدا تەنانەت بۆی گرنگ نییە کە تورکیا رێگری بکات لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، چونکە لەو حاڵەتەدا هەرێم لەڕێی بەغداوە نەوتەکەی هەناردە دەکات.
جگە لەوەش باڵی مەسرور بارزانی پێیانوایە تورکیا لەم کاتەدا هیچ کارتێکی فشاری بەهێزی نییە لە دژی هەرێم، ئەگەر بۆری نەوت دابخات ئەوا نەوتەکەی لەڕێی بەغداوە هەناردە دەکات، ئەگەر تورکیا سنور بەسەر هەرێمدا دابخات ئەوا سنوری ئێران بەڕوویدا کراوەیە، لە هەمووشی گرنگتر تورکیا خۆی لەم قۆناغەدا زیاتر زەرەرمەند دەبێت چونکە لەم قۆناغەدا کە ئابوری تورکیا بەرەو خراپ بوون دەچێت زۆر زیاتر لە ساڵانی رابردوو پێویستی بە بازاڕی هەرێم و عێراقە، بەهۆی بوونی ئەمریکاشەوە تورکیا ناتوانێت بە ئاسانی بڕیاری هێرشی سەربازی بدات، هەربۆیە ئەم قۆناغە هەلێکی باشە بۆ دەرکردنی سوپای تورکیا لە هەرێم.

بەڵام لە بەرامبەردا باڵی نێچیرڤان بارزانی لاواز دەبێت، چونکە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ هەرێم زیاتر لەڕێی نێچیرڤان بارزانییەوەیە، لاوازکردنی نێجێرڤان بارزانیش لە بەرژەوەندی مەسرور بارزانیدایە.

چوارەم: پارتییەکانی نزیک لە مەسرور بارزانی بێ هەڵوێست بوون، بەڵام نێچیرڤان بارزانی هەر زوو هاتە دەنگ، وەزیری دەرەوەی تورکیاش هەر زوو پەیوەندی کرد بە نێچرڤان بارزانییەوە، لەناو میدیاکانی پارتیش کەناڵی رووداو زیاتر لە هەر کەناڵێکی دیکە هەوڵیداوە تورکیا هێور بکاتەوە.

پێنجەم: دەتوانرێت باسی ئەوە بکرێت کە باڵی مەسرور بارزانی و باوکی لەڕێی ئەم خۆپیشاندانەوە پەیامێکیان داوەتە ئەمریکا و تورکیا و ئێران کە هیچ هێزێکی بیانی بەبێ رەزامەندی و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی هەرێم ئاسایشی پارێزراو نابێت.

سیناریۆی چوارەم: ئەمریکای لە پشتەوەیە
بەپێی ئەم سیناریۆیە ئەگەر ئەمریکاشی لە پشتەوە بووبێت ئەوا هەر لەڕێی باڵی مەسرور بارزانییەوە بووە، ئەمریکا لە سیاسەتی تورکیا لە سوریا و عێراق ناڕازییە، هەربۆیە ئەمریکا ویستوویەتی ئەو پەیامە بداتە تورکیا ئەگەر لە سوریا لە دژی بەرژەوەندی ئەمریکا بجوڵێتەوە ئەوا ئەمریکا دەتوانێت لە عێراقیش دەریپەڕێنێت.

هەروەها ئەمریکا بۆ لاوازکردنی ئابوری تورکیاش دەتوانێت لەڕێی تێکدانی پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمەوە فشارێکی ئابوری زۆر بخاتەسەر تورکیا، زانیاری ئەوە هەیە کە ئەمریکا لەم چوارچێوەیەدا پلانی درێژخایەنی ئەوەیە کە نەوتی هەرێم و کەرکوک بە بۆڕی  لەڕێی بەندەری عەقەبەی ئۆردونەوە هەناردە بکات، هەربۆیەشە تەنانەت پارتیش هەست بە بێ منەتی دەکات لە تورکیا.
 لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە ئەمریکا بەم شێوەیە ئەو پەیامە دەداتە تورکیا کە سنورێک بۆ دەستێوەردانەکانی خۆی لە عێراق و سوریا دابنێت، جیا لەوە هەر لەڕێی خەڵکی مەدەنییەوە دەتوانێت تورکیا دەرپەڕێنێت، تورکیاش ناتوانێت رووبەڕووی خەڵکی مەدەنی وڵاتێکی دیکە ببێتەوە چونکە وەک تاوانی جەنگ دەناسرێت، بەپێی زانیارییەکانیش لە دوای رووداوەکە ئەمریکا تورکیای ئاگادار کردوەتەوە خۆی بە دوور بگرێت لە کاردانەوەی توند.