حکومەتی هەرێم و بەهەڵە تێگەیشتن لەتێکڕای گەشەی ناوخۆ(GDP)

24/12/2021

ئەنوەر كەریم

بەڕاستی کارەساتی لافاوەکەی هەولێر جێگەیی نیگەرانی زۆرە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەداخەوە زیانێکی زۆری گیانی گەیاندوە بەخەڵکی شارەکە، سەرەڕای زیانە مادییە گەورەکانی. لە هەموو باران بارینێکی زۆردا ئەم کارەساتە دووبارە دەبێتەوە. ئەوە ئەمساڵ بۆ دووهەم جارە دووبارە دەبێتەوە.
 گەشەی ئابوری لە ووڵاتێکدا واتە، بەرهەمهینان و خزمەتگوزاریەکان تێکڕایی گەشەی ئابوری بەم شیوەیەی خوارەوە دەپێورێت.

Gross Domestics Product= consumption + investment + Government Spending+ Net Export
تێکڕایی گەشەی ناوخۆ= خەرجیەکانی بەکاربردن+ وەبەر‌هینان + خەرجیەکانی حکومەت+ داهاتی سافی هەناردە

  
ئەوەی جێگای سەرنجە لەم هەرێمەدا دوای وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و غازدا، لە هەرێمی کوردستاندا کەرتی خانوو بەرەیە (Real Estate) ئەم کەرتە وەبەر‌هێنانێكی زۆری تێداکراوە، وەک پێویست ئەم کەرتە هەلی کاریی کاتی دەخولقێنێت. نەیتوانیوە رێژەی بێکاری چارەسەربکات، بێپلانی بەرپرسەکانی هەولێڕ لە دابەشکردنی زەویدا نە بوونی ماستەر پلانیك کە بەشیوەیەکی زانستی دابڕێژرێت.

هۆکارە سەرەکییەکەش گەندەڵی بەرپرسانی شاری هەولێرە لە دابەشکردنی زەویدا، بۆتە هۆی دروستکردنی پڕۆژەی بێ بەرنامەو فراوانکردنی شار بەشیوەیەکی زۆر خراپ و ناڕێکوپێک.

ئەنجامی ئەمەش هەموو ساڵێک کارەساتی مرۆیی و مادیی لێدەبێتەوە، ئەمەش بەردەوام دەبێت ئەگەر چارەسەری بنەڕيتی بۆ نەدۆزرێتەوە. لەوانەیە بەرپرسانی هەولێر پاساو بۆ ئەوە بدۆزنەوە کە شاری هەولێر لە ڕووی تۆپۆگرافیاوە شارێکی تەختە، بۆیە هەموو جارێک لە گەڵ بارانباریندا ئەم کارەساتە دروست دەبێت.

بەڵام شار هەیە لە یابان هەر لە ناو دەریاکەدا دروستکراوە بەردەوام لە گەورەبوندایە، بەس هەرگیز وەک هەولێر نیە کە بەردەوام لە گەڵ هەموو باران بارینێكدا زیانی مرۆیی لێبکەوێتەوە. هۆڵەندا لە ڕوی ئاستی دەریا نزمترە و دەریایان وشک کردووە هەتا شار دروستبکەن.

بۆیە تەنها مەبەست فرۆشتنی زەویەکانە و دروستکردنی پڕۆژەی خانووبەرەیە کە (زۆرترین قازانج دەکەن لە کەمترین کاتدا) ئیتر چی ڕوودەدات گرنگ نیە دوای ئەوە. ڕاستە پڕۆژەی خانووبەرە تاڕادەیەک کێشەی کەمی خانوو بەرەی چارەسەر کردوە. بەڵام؛
بۆتە هۆی ئەوەی هەست بە بوونی جیاوازی چینایەتی زۆر بکرێت لە ناو هەولێردا.
خەڵکە هەژارەکانی هەولێری لە ڕووی جوگرافیاوە گواستۆتەوە بۆ گەڕەکە هەژارەکان، هەموو کاتێکێش زیان بەم چینە دەگات لە کاتی باران باریندا.
بۆیە کاتی ئەوە هاتووە ئیتر ئەم جۆرە پێوانەیە بۆ گەشەی ئابوری بەکار نەهێنرێت، پێویستە ئەم پێوەرانەی خوارەوە ڕەچاوبکرێت؛
باڵانسی ژیانی هێزی کار کە لە ووڵاتەکەدا بەرهەمهێنە. دەبێت چاکبکرێت، چونکە بە هۆی هەڵئاوسان و گەشەی دانیشتوانەوە دەبێت ڕەچاوبکرێت.

ژینگەیەکەکی تەندروست بۆ وولاتەکە، وەک چۆن ژینگەی هەولێر تێکدراوە لە پێناوی دروستکردنی مۆڵ و خانووبەرە و شوێنی ناپێویست. ئەمەش بۆتە هۆی زیانی گەورەی مرۆیی لە گیانی و مادیی. بۆیە ئەمەش زیان بە تێکڕایی گەشەی ناوخۆ دەگەیەنێت.

بەهێزکردنی دیموکراسی لەووڵاتدا. تا هاووڵاتیان ئازادبن و داوای مافاکانی خۆیان بکەن و رێگەی هەندەران نەگرنە بەر، یان ووڵاتەکە نەبێت بەزیندان. بۆ ئەوەی بتوانن گەشەی ئابوری زیاد بکەن، چونکە تەنها لە سیستەمی دیموکراسی ڕاستەقینەدا گەشەی ئابوری تەواو ڕوودەدات.

بەهێزکردنی پەیوەندی لەناو کۆمەڵگاداو وابەستەکردنیان بەیەکەوە، تا کۆمەڵگایەکی بەختیار دروستبێت و کار بکات بۆ ئەوەی گەشەی ئابوری زیادبکات.

بۆیە وا باشترە حکومەتی هەرێم بەو ڕێگە کلاسیکە بۆ تێکرای گەشەی ناوخۆ کار نەکات، دەبێت بەزووترین کات چاو بخشێنێتەوە بەو پێوەرەدا. وا کار بکات بۆ چاککردنی ژیانی هاوڵاتیان بەو ڕێگەیەی سەرەوە. تا ئابوریەکەی زیاتر گەشە بکات.