کاریگەری ‌چیرۆکی منداڵان لەسەر پەروەردە

30/12/2021

کەمال عەبدوڵا

هەرسێ کتێبە ئاسمانییەکان (تەوڕات - ئینجیل- قورئان)بەچیرۆک دەستیان پێکردووە، بەشی زۆری پێکهاتەی هەرسێ کتێبەکە چیرۆکە، کەواتە چیرۆک لە دروستبوونی کەسایەتی مرۆڤدا بەگەورە و بچووکەوە دەورێکی گرنگی هەیە. بەڵام بەتایبەت باسکردن و گێڕانەوەی چیرۆک بۆ منداڵان کاریگەری زیاتری هەیە لە سەرهەست ونەستییان بەراورد بە دنیای گەورەکان، چونکە منداڵان خاوەنی هەست و ویژدانێکی خاوێن و پاکن و لەگەڵ ناڕێکی و خراپییەکانی دنیا  کارلێکیان نەکردووە.

پێغەمبەری سەروەرمان فەرموویەتی: هەموو منداڵێک بەپاکی لەدایک دەبێت بەڵام دوایی دایک و باوکی دەیگۆڕن وخراپی دەکەن. ڕۆسۆش دەڵێ: هەموو منداڵێک بەپاکی لەدایک دەبێت بەڵام دوایی لەناو کۆمەڵدا بۆگەن دەکات.

چیرۆک گێڕانەوە بۆمنداڵانی قۆناغی بنەڕەتی بەتایبەت پۆلەکانی یەک و دوو سێ، زۆر کارێکی پێویست وگرنگە و یەکێکە لەفاکتەرە کاریگەرەکانی ناوپڕۆسەی پەروەردەوفێرکردن. لەبەرئەوەی منداڵ ناتوانێ گوێ لەئامۆژگاری و وتاری لەجۆری مزگەوت و  سیاسییەکان بگرێ. دەبێ هەرشتێک بتەوێ بیخەیە ناو دڵ ودەروون و هەست و بیرکردنەوەی منداڵاندا بەشی زۆری دەبێت لەڕێگای چیرۆکەوەبێت!

هەروەها چیرۆک بیروخەیاڵی منداڵ فراوان دەکات و وای لێدەکات دنیا بەجۆرێکی جوانتر  ببینێت.  دنیای منداڵان دنیایەکی پاک وبێگەرد و جوانە و پڕیەتی لەخەونی ڕەنگاوڕەنگ، وەکو دنیای گەورەکان وشک و برینگ و ڕەق وتەق نییە و دنیایەکی ئەرخەوانی و ڕەنگاڵەیی نایاب وپڕتام وچێژە!!دەبێ ئەوانەی بەئەرکی پەروەردەیی هەڵدەستن کەسانی شارەزاو پسپۆڕبن، مەبەستم ئەوەنییە بڵێم دەبێ ئەوکەسانەی دەبنە پەروەردەکار کەسانی ئەکادیمی بن ولەڕێگای نمرەی ئەم جۆری خوێندنەی لەوڵاتەکەمان و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین داهەیە بەوپلەیەگەیشتبن، نەخێر بەڕای بەندە دەبێ پەروەردەکاران بەدڵ وناخی دەروونییان لەگەڵ دونیای منداڵان وجۆری پەروەردەکردنەکەیان تێکەڵاو بن و بزانن چۆن هەڵسوکەوت وقسەوباس ڕەفتاروگوفتار لەگەڵ منداڵان دا دەکەن، چۆن دەتوانن دڵ ومێشک وهزروبیرییان بکەنەوەو ئامادەیان بکەن وبتوانن خەونییان بۆدروستکەن، بیانکەنە مرۆڤگەلی ڕووخۆش ونەرم ونییان و خاوەن ئامانج.

بەڕای بەندەو ئەوەندەی لەسەرئەوبابەتەم خوێندۆتەوەو سەرنجم داوەو توێژینەوەو لێکۆڵینەوەم کردووەو هەروەها بەهۆکاری ئەوئەزمون وشارەزاییەی لەماوەی ساڵانێک لەکاری مامۆستایەتی و وانە وتنەوەدا بەدەستم هێناوەو پێیگەیشتووم، دەرکم بەهەندێک سەرەداو و نهێنی  ئەو بوارەکردووە و گەیشتوومەتە ئەو ڕاستییەی ئەو منداڵانەی چیرۆکییان بۆدەگێڕدرێتەوە یا بۆیان گێڕدراوەتەوە، ئاسۆی بیرییان فراوانتردەبێت و یادگەوبیرەوەرییان جوانتر و باشتر کاردەکات بەبەراورد بەومنداڵانەی چیرۆکییان بۆنەگێڕدراوەتەوە.  چیرۆک  دەورێکی گرنگ و باڵا لەدروستکردنی پێکهاتەی کەسایەتی مرۆڤدا  دەگێڕێت بەگشتی و بەتایبەت بۆمنداڵانیش.

هەمیشە منداڵان حەزییان لەوچیرۆکانەیە کە پاڵەوانەکانییان کەسانی ڕاستگۆ و چاونەترس ودەستپاک و خەمخۆری میللەتن و لەخەیاڵی خۆیاندا خۆیان دەخەنە شوێنی ئەوکەسانەو خۆیان لەچیرۆکەکان دا دەبیننەوە، وەکو پاڵەوان و ئەوانەی مرۆڤی سەرکەوتوون ودەوری سەرەکی دەبینن، بەسەرکەوتنی پاڵەوانەکان دڵخۆش دەبن وبەشکستی مرۆڤە شەڕانگێزوخراپەکان زیاتر متمانەیان بۆدروست دەبێت، کە گوفتارو ڕەفتارییان چاکبکەن ولەداهاتووداببنە جێگای ئومێدی کەسانی دیکە و هەوڵی پێشەوایەتی و ڕابەرایەتی وداهێنانکاری دەدەن.

 تاماوەییەکی زۆریش ئەوچیرۆکانە لەبیروهزروخەیاڵی منداڵاندا دەمێننەوە و یادەوەرییان ڕوناک وجوان وپڕشنگداردەبێت. یەکێک لەکێشەکانی وڵات ومیللەتی ئێمە ئەوەیە میللەتی ئێمە زاکیرەی لاوازەو کەمتر ڕابردووی بیردەمێنێت، پێموایە هەر بیست و پێنج ساڵ جارێک واتا چارەکی هەرسەدەیەک زاکیرەی مرۆڤی کورد دەسڕێتەوە و دیلێت دەبێت !!هاوڕێیەکم کەسەفەری وڵاتی سینی کردبوو دەیگووت: هەموو کەناڵە لۆکاڵییەکانی تەلەفزیۆنەکانی سین هێرشی ژاپۆنییەکان بۆسەر وڵاتەکەیان پەخش دەکەن، بۆئەوەی نەوەی تازەییان بزانن یابانییەکان لەڕابردوودا چییان بەرامبەر گەلی چین کردووەو نەوەکانی  ناوەندو کۆنەکانیش، ئەوداگیرکارییەیان بیرنەچێتەوە! جاڕاستی ئەوکارانەش هەرلەڕێگای پڕۆسەی پەروەرەکردنەوە دەکرێن.من خۆم کاتێک منداڵبووم، باپیرم بەسەرهاتی سمکۆخانی شکاکی بۆ دەگێڕامەوە، هەروەها کۆمەڵێک چیرۆکی وەکو بزن وگورگ و شێتەکەو ئاقڵەکەو گەلاوێژو ورچەکەوهتد... بەمنداڵی بۆیان گێڕاومەوەوکاریگەرییان لەسەرم هەبووە.

چیرۆکی باش و پڕواتا ئەگەر چیرۆکبێژەکە بتوانێ چێژبەگێڕانەوەکە ببەخشێ زۆرکارلەدڵ ودەروون و هەست وسۆزی منداڵان وقوتابییانی سەرەتایی جاران و بنەڕەتییەکانی ئێستا دەکات وفێرییان دەکات ئەوانیش چێژ بەژیانی خۆیان وکەسانی دەوروبەرییان ببەخشن. وبەشەوقەوە ئەرکەکانی خۆیان وکارەکانییان بەڕێک وپێکی جێبەجێ وڕایی بکەن. یەکێک لەگرفتەکانی ناوژیانی ئێمەی کوردبەگشتی وکوردی ئەم هەرێمی باشوورەی لەمەڕخۆمان ئەوەیە چێژوخۆشی نەلەژیانمان ونەلەکارەکانمان ونەلەگوفتاروڕەفتارماندا وەکو پێویست نەماوە... بەڕای بەندە زۆرێک لەوانەی لەمڕۆدا دەکرێنە بەرپرس ودەسەڵاتداری وڵات ومیللەت کەناتوانن ژیانی کەسانیدیکە خۆشبکەن ولێیان نایات جێگای ئومێدی خەڵکبن، هۆکارەکەی ئەوەیە بەمنداڵی پەروەردەییەکی تەندروست نەکراون و هەرلەخەمی خۆیاندان وهەموو هەوڵ وتەقەللاییەکییان تەنهاوتەنها بۆئەوەیە، بگەنە چێژی ژیان وئاسودەیی دەروونی بەدەست بێنن. بەڵام پێی ناگەن لەبەرئەوەی ژیان پێچەوانەیە و دڵی مرۆڤ بۆلای ڕاست دەڕواو ژیان بۆلای چەپ وهەتا زیاتر دەیانەوێت بگەنە کەناری ئارامی ژیان، زیاتر لێیان دووردەکەوێتەوەو زیاتر هەست بەبچوکبونەوەو دەستەپاچەیی وڕیسوایی خۆیان دەکەن.مرۆڤگەلێک نەتوانن ژیانێکی جوان بۆخۆیان دابین بکەن، چۆن دەتوانن پەناوپشتیوان وجێی متمانەی کەسانیدیکەبن؟