نائومێدی

29/01/2022

د.هەڤین کەمال شا محەمەد

(ھیوادارم نائومێد بیت!
پێنووسەکەت دەردێنیت و نامەیەک بۆ خۆشەویستە خەیاڵیەکەت دەنوسیت : ھیوادارم نائومیدبیت،  بۆ ئەوەی بتوانیت داھێنەر بیت!
تەنها نائومێدەکان داھێنەرن،  چاوەڕێم مەکە، چاوەڕێی کەسیش مەکە!
چاوەڕێی بیرۆکەیەک بکە، چاوەڕێی بیرمەند مەکە، چاوەڕێی شیعرێک بکە، چاوەڕێی شاعیر مەکە، چاوەڕێی شۆڕشێک بکە، چاوەڕێی شۆرشگێر مەکە.
ئاخر بیرمەند ھەڵە دەکات، شاعر درۆ دەکات، شۆرشگێر ماندوو دەبێت،  ئائەمەیە ئەو نائومێدیەی کەمن باسی دەکەم. )
ھەمیشە سەرسام بووم بەم وشانەی مەحموود دەروێش،  کە شاعیرێکی فەڵەستینی بوو، لە لوتکەی نائومێدیدا بەرامبەر ھەموو شتەکان، ئومێد و ھیوا دەخوڵقێنێت.
لە ناو بەلکۆنی ژووری خەوەکەمدا وەستاوم، سەیری شەقامەکەمان دەکەم، لە خوارەوە لەناوەڕاستی شەقامەکەدا خێمەیەک ھەڵدراوە، خێمەیەکی پرسە،  لە گەڕەکەکەماندا ڕۆژێک لەمەوبەر پیاوێک  مرد،  پیاوێکی باش و میھرەبان، پیاوێکی شیکپۆش و ژیر ، ژیاندۆست و مرۆڤدۆست بوو. ئەگەر بەپێی زانستی  بایۆلۆژی مرۆڤ بوایە، چەند ساڵێکی زۆری مابوو بۆ ژیانکردن لەسەر زەوی لەبری نوستن لەژێریدا!
بەڵام لەبەر ئەوەی زانست لە ھەندێک شوێندا دۆش دائەمێنێت،  لەبەیانیەکدا،  تووشی ئازارێکی  توند بوو لەسەر سینەی  و مرد!
گریان و ھەنسکی منداڵان و قیژە و ھاواری خێزان و کەسوکاری،  سیمفۆنیایەکی غەمناکیان دروستکردبوو، ناخی مرۆڤیان دەھەژاند.
لەئێوارەی ھەمان ڕۆژدا، پیاوێک کە تەنھا دوو کۆڵان دوور بوو  لە کۆڵانی پیاوە مردووەکە، پیاوێکی تر، ئەویش باش و میھرەبان، لەپێگەکەی خۆی لە سۆشیاڵ میدیادا، پۆستێکی جوانی کردبوو لەسەر گوڵ و خۆشەویستی و ھیوا و دواڕۆژ و جوانی خۆرھەڵھاتن و گەشبینی و ژیاندۆستی و ھەموو ئەو شتانەی مرۆڤ دڵخۆشدەکەن.
بەدڵنیاییەوە،  نە پیاوە مردووەکە ھیچ ھەڵەیەکی کردبوو تا شایەنی مردن بێت،  نە پیاوە ژیاندۆستەکە ھەڵەیە کە گەشبینە و ژیان ڕەنگاوڕەنگ دەبینێت.
تەنھا ئەوە ژیانە کە هێندە دوو ڕووە ، وەک یاریکردن وایە بە زار،  ھیچ کەس براوە نییە تیایدا و  نازانیت کە ھەڵیدەدەیت چیت بۆ دەردەچێت؟!
ئەوە ژیانە کە پێماندەڵێت : " زۆر خۆتان بە منەوە خەریک مەکەن، باوەڕ بەو پروپاگەندانە دەکەن کە لەسەرم دەگوترێت، بەڵام باوەڕ بەو ڕاستیانەی بەردەمتان ناکەن؟!
ئاخر بۆ خوا بیڵێن،  چ ڕاستییەک ھێندە ڕوون و ئاشکرایە، کاتێک پیاوێکی گەنج،  بەبێ ھیچ پێشەکییەک،  مەرگ دەیفڕێنێت و فڕێیدەداتە ناو نادیاریەکی ترسناک لەبەرەبەیانیەکی زوودا، بۆ ئەوەی  ئەو  دراوسێیەی کە تەنها دوو کۆڵان لێی دوورە و بەڵام غەریبە پێی ، بە گەشبینییەوە  لە سەر جوانی خۆرھەڵھاتن و پیاسەی دەمەوبەیانی نزیک کەناری دەریا بنوسێت،  لە ئێوارەدا!
ئێستا تۆ پێمبڵێ، چ گاڵتەجاریەکە ژیان؟!

یادەوەری پزیشکێکی ئازارشکێن