ئۆكراین یەكەم ویستگەی راگەیاندنی جیهانی فرەجەمسەری

18/02/2022

موعتەسەم نەجمەدین

لە قۆناغی بەرجەستەبوونی سستمێكی نوێی جیهانیدا مرۆڤایەتی ژانی لە دایكبوونێكی نوێ دەیگرێت. بەهۆی قوڵی ناكۆكیەكان و زەبەلاحبوونی زلهێزەكانی دنیای نوێ و پێشكەوتنی تەكنۆلۆجیای چەكسازی، نەشتەرگەری لە دایكبونی سیستمێكی نوێی جیهانی و هاوسەنگكردنەوەی ململانێی هێز لە دۆخێكی زۆر مەترسیداردایە. ئەم واقعە دوور نیە لەوەی، كە مرۆڤایەتی بە هۆی كەم عەقڵی و سروشتی وحشیگەرايی خۆیەوە كۆتای بە كۆی پرۆسەی ژیانگەرایی نەهێنێت و دواین هەناسەكانی مرۆڤبوونیش وشك نەكات.

كۆتایی جیهانی تاك جەمسەری ئەمریكا و رەخسانی زەمینەی بونیادنان و بەرجەستەبوونی جیهانێكی فرە جەمسەری نوێ لە سەدەی بیست و یەكدا، مرۆڤایەتی توشی جۆرێك لە شڵژان و قەیران كردوە لە هیچ سەردەم و قۆناغێكی پێشووی مرۆڤدا رووی نەداوە.

ئەوەی ئەمرۆ لە ئۆكرایندا روودەدات یەكەم ویستگەی پێكدادانی راستەوخۆی زلهێزەكانی سیستمی جیهانی هەزارەی سێیەمە. هاوكات یەكەم پانێڵی حیوار و لێكتێگەیشتنی زلهێزەكانە بۆ دابەشكردنێكی نوێی ناوچەی هەژمونیان. شێوازی چارەسەری قەیران و كێشە جیهانیەكانی ئەمرۆ لە ئۆكراین دەبێتە فۆرمێك بۆ چارەسەری تەواوی  قەیرانەكانی ئەمرۆی جیهان لە تەواوی وڵاتاندا. لە ئەمرۆدا ئەگەر وڵاتە زلهێزەكان بتوانن ئەگەری دروستبوونی شەڕ رەتكەن، ئەوە دەگەنە سەر مێزی حیوارێكی نوێ و پەتی گرێدانەوەی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان لە سەردەمی نوێدا و نەخشەی جیهانێكی جیاواز لە رابردوو دەكێشن.

تێكچونی هاوسەنگی هێز و دەركەوتنی چین وەك وڵاتێكی مەزنی نوێی جیهان و بونیادنانەوەی رووسیا وەك میراتگەری یەكێتی سۆڤیەت، هۆی سەرەكی كۆتایی هاتنی دەسەڵاتی تاك جەمسەری ئەمریكان. لە دوای شەڕی جیهانی دووەمدا جیهان بە گشتی لە نێوان دووجەمسەری نوێدا دابەش بوون. ئەو سیستمە نوێیە، كە بە سیستمی دوو جەمسەری جیهانی ناونرا، نەك تەنیا وڵاتانی لە نێوان هەردوو جەمسەردا دابەش كرد، بگرە چەندین وڵاتی دوو كەرت كرد، ئەڵمانیای یەك ئاین و یەك نەتەوەو یەك رەگەز، كرد بە دوو بەشەوە، كۆریا و ڤێتنام تا دەگاتە یەمەن لە سەر هەمان بنەما لە نێوان هەردوو زلهێزی نوێی جیهانی ئەو سەردەمەدا كەرتران. ئەم واقعە لە ئەمرۆشدا ئەگەرێكی زۆر نزیكە. گۆڕینی نەخشەی زەوی و هەڵوەشاندنەوەی چەندین وڵات و دروستكردنی چەندینی تر ئەگەرێكی دوور نیە.

لە كاتی روودانی شەڕدا هەمان سیناریۆی شەڕی جیهانی یەكەم و دووەم دووبارە دەبێتەوە. لەیەكەم قۆناغی سەرهەڵدانیەوە دۆخێك لە فەوزا و بێسەروبەری لە سەر ئاستی جیهان روودەدات، دوور نیە دوای داگیركردنی ئۆكراین لە لایەن رووسیاوە، چینیش تایوان داگیر نەكات. لە خۆرهەڵاتی ناوەراست ئێران و توركیا هێرشەكانیان بۆ سەر وڵاتانی دەورەروبەریان دەست پێدەكەن و یەكەم ویستگەی پێكدادانیان لە عێراق دەبێت.

لە ئەگەری دروستبوونی شەڕدا پێشبینیەكان بەو شێوەیەن، ئەگەر هەموو جیهان كۆتای نەیەت، ئەوە بە دڵنیایەوە  نیوەی مرۆڤایەتی دەبنە قوربانی ئەم شەڕە. لە ئەگەری دروست نەبونی شەڕی راستەوخۆدا، سەردمی شەڕێكی نوێی سارد دەستپێدەكاتەوە. مرۆڤایەتی لە ئایندەدا ململانێكانیان بۆ داهێنانی نوێی چەك و تەقەمەنی زۆر مەترسیدارتر دەبێت.

لە راستیدا ئەوەی لە ئەمرۆدا هەستی پێدەكرێت، ئەوەیە، كە ئەمریكیەكان زۆر بە جدی شەڕیان دەوێت، پێیانوایە، لە ئەگەری دروستبوونی شەڕ لە نێوانی ئۆكراین و رووسیادا هەردوو بەرەی رووسیا و ئەوروپا لاواز دەبن و دەگەنە ئاستی داروخانێك، كە رەنگە بە هەمان شێوازی ساڵانی كۆتای شەڕی جیهانی دووەم ئەو هەلە بۆ ئەمریكا برەخسێت، كە دەسەڵات و ئەجندای خۆی بە سەر جیهاندا بسەپێنێت. لە هەردوو شەڕی جیهانی یەكەم و دووەمدا ئەمریكا لە دواین ساڵەكانی شەڕدا هاتوەتە ناو شەرەكەوە، بەواتە ئەمریكا بە هێزەوە هاتوەتە شەڕێكەوە تەواوی وڵاتانی بەشداری لاواز شەكەت كردوە، بۆیە زۆر بە ئاسانی و بەكەمترین زیان توانیویەتی شەڕەكە یەكلا بكاتەوە بەو ئاراستەیەی خۆی دەیەوێت و هاوكات وڵاتانی مەبەستیشی بە تەواوی مۆنۆپۆڵ بكات. پێموابێت لە ئەمەرۆدا ئەمریكیەكان بە تایبەتی لە كێشەی ئۆكرایندا دەیانەوێت هەمان سیناریۆ دووبارە بكەنەوە. قوڵبونەوەی قەیرانی ئابووری و لەقبونی پێگە و سەنگی جیهانی ئەمریكا، سەركردایەتی سیاسی ئەم وڵاتەی توشی جۆرێك لە بەلەسەبوون كردوە.

لە نەخشەی سیاسی جیهانی ململانێی زلهێزەكانی ئەمرۆدا دوو هاوپەیمانی بە فەرمی دروستبوون، هاوپەیمانی (ئەمریكا، بەریتانیا، ئۆسترالیا) و هاوپەیمانی (چین و رووسیا). لە نێوان ئەم دوو هاوپەیمانیەدا چەندین وڵات و ناوچەی گرنگ وەك بەرەی ئەم دوو لایەنە دابەش دەبن. لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەراست ئێرانیەكان بە تەواوەتی خۆیان لە بەرەی (رووسیا، چین)دا ساغكردوەتەوە، هەرچی توركیا و وڵاتانی كەنداوە بە ئاشكرا چونەتە بەرەی ئەمریكاوە. ئەم دابەشبوونە یەكەم ویستگەی خۆ ئامادەكردنە بۆ شەڕێكی نوێ، ئەگەر شەڕی راستەوخۆ بێت، یان شەڕی سارد.

بە واقعی بەهێزترین چەكەكانی وڵاتانی جیهان هاتونەتە گۆرەپانەكانی رووبەرووبونەوەی نێوان جەمسەرەكانەوە، لەم نێوەندەدا گازی سروشتیش بوەتە چەكێكی ئابووری بەهێز و كاریگەری تەواوی لە سەر ئاراستەی رووداوەكان و نەخشەی ئایندەی هاوپەیمانیە نێودەوڵەتیەكان دەبێت.