وەڵامێکی کورت بە پرسیارێکی ھێجگار زەحمەت: ئایا دەبێت چیبکرێت؟

22/03/2022

دكتۆر مەریوان وریا قانع

لە ماوەی ڕابوردوودا چەندان جار ڕووبەڕوی ئەو پرسیارە کراومتەوە کە دەپرسێت: ئایا خەڵک و کۆمەڵگا دەبێت چیبکات؟ ئایا چارەسەری ئەو دۆخە قەیراناوییەی ئەمڕۆکە چییە؟ چۆن دەتوانین کۆتایی بەو دونیا خراپە بھێنین و دونیایەکی باشتر دروستبکەین؟


پرسیاری ئەوەی ”دەبێت چی بکەین؟“ پرسیارێکی لێنینییە، لێنین کتێبێکی ھێجگار بەناوبانگی بەم ناوەوە ھەیە و ڕەنگە زیادەڕویی نییە گەر بڵێم یەکێکە لە کتێبە ھەرە پڕخوێنەرەکانی سەدەی بیستەم. بەڵام بە بۆچوونی من کۆمەڵگای ئێمە توانای وەڵامدانەوەیەکی لێنینیانەی بەم پرسیارە لێنینییە نییە. وەڵامی لێنین بە پرسیاری دەبێت چیبکەین ئەوەیە ”پارتێکی پێشڕەو“ دروستبکەین و کە خاوەنی ”ئایدیۆلۆژیایەکی شۆڕشگێڕ“ بێت و بتوانێت ”پێشڕەویی خەڵک“ و کۆمەگا بکات و بەرەو ڕاپەڕین و یاخیبوونی توندوتیژانە، واتە بەرەو شۆڕش. لە ڕێگایەوە ئەوەی دروستکراوە بڕوخێنرێت و لە شوێنەکەیدا و بە ھەمان لۆژیکە لێنینیەکە دونیایەکی تر دروستبکرێت. بە بۆچوونی من سەردەمی ئەم مۆدێلە لێنینیەی پیادەکردنی گۆڕانکاریی کۆتایشی نەھاتبێت، زۆر زەحمەتە لە دونیای ئەمڕۆدا ئەم ستراتیژە پیادەبکرێت و بە دروستکردنی جیھانێکی تازە و بێکێشە کۆتاییبێت. بە تایبەتی لەو ناوچەیەی ئێمەدا کە حوکمڕانەکانی کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵە و گروپی مافیایی باڵادەستن و سڵ لە پەلاماردانی ھیچ شتێک ناکەنەوە ستراتیژیی دەسکاریکردنی ئەو دۆخەی ھەبێت. بە مانایەکی دیکە کردەی توندوتیژ و پەنابردن بۆ چەک و یاخیبوونی چەکدارانە، یاخود زیندوکردنەوەی تیورەی ”توندوتیژیی شۆڕشگێڕانە“ ڕێگای پیادەکردنی گۆڕانکاریی نییە. ئەم ڕێگایە لە ئاستە دینییەکەیدا جگە لە گروپە جیھادیستیەکان و لە ئاستە نادینییەکەیدا جگە لە چەند گروپێکی پەڕگیری بچووک، ھیچیتری لێ سەوز نەبووە و لەوەش ناچێت سەوزببێت. گەڕانەوە بۆ تیورەی ”توندوتیژیی شۆڕشگێڕانە“، لە باشترین حاڵەتدا، ڕێگایەکی ھێجگار زەحمەت و پڕ مەترسیی و ھەڕەشەی گەورە و ھەمەلایەنە، کە ئەگەری خستنەوەی وێرانکاریی ھەمەلایەن لە ھەر ئەگەرێکی تر گەورەترە لەناویدا.



بەڵام کۆتایی ئەم مۆدێلە لێنینیە و ئەم فۆرمە لە کردەی گۆڕانکاریی، مانای وازھێنان و چوونەماڵەوە و دانیشتن و ھیچ نەکردن نییە. مانای قبووڵکردنی ئەو دەسەڵاتە مافییایە بنەماڵەیی و خێزانیی و داخراوە نییە. ئەوەی دەبێت پەنای بۆ ببرێت گەشەدانە بە ڕۆحیەتی تەسلیمنەبوون و کۆڵنەدان و وازنەھێنان، ستراتیژیەتی دروستکردنی فشاری ڕۆژانە و بەردەوامە لەناو چەندان خانەی کۆمەڵایەتیی جیاوازدا. گەشەدانە بە خاڵی بچووکی بەرگریکردن و بێگوێێیکردن لەناو گشتێتی جەستەی کۆمەڵایەتیدا، تەسلیمنەبوونە بە گوتار و زمان و خواستی ھێزە حوکمڕانەکان، نیشاندانی درۆکانییە وەک درۆ، دروستکردنی چەندان تۆڕی پەیوەندیی و چەندان میکانیزمی جیاوازی کۆکردنەوەی خەڵکە لە دەوری دونیابینییەکەی ڕەخنەیی کە کێشە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی ئێستا بناسێنێت و ئاسۆیەک، ھەرچەند دووریش بێت، بۆ چارەسەرکردنیان بخاتەڕوو. لە ئاستە کردەییەکەیدا ئەمە یەک مانای ھەیە: دروستکردنی بلۆکێکی مێژوویی. کۆکردنەوەی سەرجەمی ئەو ھێز و گروپ و کەس و لایەنانەی مۆدێلی حوکمڕانیی باڵادەست زیانی پێگەیاندون و زیانیان پێدەگەیەنێت، لەناو بەرەیەکی مێژوویدا. درستکردنی پەیوەندیی لەگەڵ ھێزە بەرگریکار و ناڕازیی و ڕەخنەییەکانی تری ناوچەکەدا بە مەبەستی لێکفێربوون و ھاریکاریکردن. بێگومان ئەنجامدانی ئەم ئەرکانە کارێکی ئاسان نییە و لەوەش ناچێت ئەو نوخبە سیاسییەی ئەمڕۆکە لە کوردستاندا ئامادەیە، توانای ئەنجامدانی بەم ئەرکە مێژووییەیان ھەبێت.



لە لایەکی دیکەوە تێگەیشتن لەو ڕاستییە کە پیادەکرنی کردەی گۆڕانکاریی کرەیەکی ئاسان نییە مەسەلەیەکی ھێجگار گرنگە، تێگەیشتن لەوەش کە کەس لە پڕێکدا و لە خۆەیوە نابێت بە فریادڕەس و کەس ناتوانێت لە شەو و ڕۆژێکدا دەستی ھەمووان بەرەو ڕۆیشتن بۆ بەھەشت بگرێت. دەڵێم تێگەیشتن لەم ڕاستییە سەرەتایەکی گرنگە بۆ دروستکردنی ”سەرەتایەکی تازە“ و بۆ تێگەیشتن لە کردەی گۆڕانکاریی.



لەسەرێکی دیکەوە دۆخی ئەمڕۆکەی ھەرێمی کوردستان دۆخی ئامادەگیی بۆشاییەکی سیاسیی گەورەیە. ئەوەی کە نزیکەی ٧٠% خەڵکی کوردستان نەچوون بۆ دەنگدان و باوەڕیان بە ھیچ یەکێک لەو ھێزە سیاسییانە نەماوە کە ئەمڕۆ لە کوردستاندا دەستبەکارن، ھێما بۆ دووشت دەکات. یەکەمیان بوونی بۆشاییەکی سیاسیی ھێجگار گەورە کە پێویستی بە پڕکردنەوە ھەیە.


دووھەم، ئامادەگیی ھۆشیارییەکی سیاسیی لای خەڵک کە توانای ناسینی ھێزەکانی ھەیە و بە ئاسانی ناخڵەتێت. ئەوانەی خەڵک و کۆمەڵگا بە گەمژە و نەزان دەناسن لەناو ئاوی حوکمڕانانەدا مەلەدەکەن. دواھەمین ھەڵبژاردن نیشانیدا پارتی و یەکێتی بەیەکەوە ٢٠% خەڵکی کوردستانیان لەگەڵ نییە. بۆیە چالاککردنی ئەم ٧٠% ی دانیشتوانی ھەرێم، ئەرکی سیاسیی و ئەخلاقیی ھەموو ئەو ھێز و کەسانەیە کە بیر لە گۆڕینی ئەو دونیایە دەکەنەوە. ھەموو گوتارێکی دژە سیاسەت و ھەموو گوتارێکی خۆ بەپاڵەوان و فریادڕەس کردن و ھەموو گوتارێکیش ڕوو لە نائومێدکردن، جگە لە بەرھەمھێنانی تاریکیی شتێکی تری لێ سەوزنابێت.