لە سوید چ باسە؟ وەرچەرخانەوەی ئەوروپا بەرەو ڕاست

13/09/2022

پێشڕەو محەمەد


لەگەڵ هاتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ دەسەڵات، بە دیاریکراویی بەشی زۆری وڵاتان بەرەو ڕاست وەردەچەرخان، ژایر بۆلسۆنارۆ لە بەڕازیل، ماتیۆ سالڤینی لە ئیتاڵیا، ڤیکتۆر ئۆربان لە هەنگاریا، کریستیان هاینتز شتراسە لە نەمسا، حکومەتە ڕاستڕەوەکانی باڵکان و ئەوروپای خۆرهەڵات، نزیکبوونەوەی مارین لوپێن لە دەسەڵات لە فەڕەنسا، سێیەم بوونی پارتی نیۆ نازیی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا لە ٢٠١٧ (خۆشبەختانە ئێستا داکشاوەتەوە بەرەو پێنجەم حزب) و لە ناوچەی خۆشمان ئیسلامۆ-فاشیستێکی وەک ئەردۆغان. بەڵام سەرهەڵدانی سویدییە دیموکراتییەکان زەنگێکی مەترسیدارترە، ئەگەرچی لە ئیتاڵیا و فەڕەنسا دووجار دۆڕان، و لە ئەڵمانیاش وا کزتر دەبنەوە.

کەشی سوید ئێستا بەرەو ڕاست وەرچەرخاوە، بۆ نموونە چوار حزبی ڕاستڕەو لەو وڵاتە هەن: کۆنزەرڤاتیڤەکان، دیموکراتە مەسیحییەکان، لیبڕاڵە ڕاستڕەوەکان و سویدییە دیموکراتەکان، لە کۆی ٣٤٩ کورسیی پەرلەمان، خاوەن ١٧٥ کورسین. ئێستا سۆسیال دیموکراتەکان و پارتەکانی بەرەی چەپ خاوەن ١٧٤ کورسین. ئەوەندەی بیرم بێت و چاودێرییم کردبێت لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا هەمیشە تا نیوەشەو کۆی دەرەنجامەکان دەردەکەوتن، ئێستا بەپێچەوانەوەیە. چاوەڕوانی دەنگدەرانی هەندەران دەکرێت.

گوتاری ڕاست
ڕاستڕەوەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بەرگریی لە وڵات و شارستانێتیی مەسیحیی دەکەن، دەیانەوێت بەر بە لێشاوی پەنابەرانی موسڵمان بگرن، هەڵبەت هەمان گوتاری پێگیدا و ڕاستڕەوەکانی ئەڵمانیا لە ٢٠١٥دا، ئەگەرچی ئەم گوتارە لە ئەڵمانیا شکستی هێنا، سەردەمی کۆرۆنا باشترین ڕێگەی بانگەشەی پۆپۆلیستیی ئەڵمانەکان بوو و ئێستاش کە کۆرۆنا ئاسایی بووەتەوە، باس لەوە دەکەن، کە سۆسیالیزمی دیکتاتۆریی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، هەڵبەت هەرکەس لە ئەڵمانیا بژیت دەزانێت سۆسیال دیموکراتەکان و سەوزەکان هەرگیز سەر بە بەرەی سۆسیالیزم نەبوون و بگرە لە کابینەکەیاندا پارتێکی نیۆلیبراڵی توندڕەوی ڕاستڕەویش هەیە، کە ناوەکەی لە سویدییەکانەوە نزیکە: دیموکراتە ئازادەکان. بەڵام پێویستە بزانین گوتاری پۆپۆلیستیی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات هەمیشە بیانوویەک و قۆچێکی قوربانیی دەدۆزێتەوە. ئێستا کە موسڵمانان بیانوون، سبەی کۆی خەڵکانی دەرەوەی ئایدیۆلۆژیای ڕاستڕەویش بە تەڵەکەوە دەبن. هانا ئارنت دەیگووت کە نازییەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست، سەرەتا بەرۆکی ئەو جووە سیکۆلارانەیان گرت کە هیچ پەیوەندییەکیشیان بە کولتووری جووەوە نەمابوو و تەواو لە ئەڵمانییدا توابوونەوە. ئیسلامیزەکردن تەنها بیانووە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، پرۆسەی لەدیموکراتیخستن دوای دەسەڵات دەستپێدەکات.

کریستەرسن و داکشانەوەی کۆنزەرڤاتیڤەکان
ئولف هیالمار کریستەرسن، ڕابەڕی پارتی میانڕەو (مۆدیرەیت)، دەیگوت ئامادەکاریی بۆ «هەموو شتێک کردووە حکومەتێکی بەهێز و تازە و جێگیر پێکبهێنێت». مەبەستی لەمە چی بوو؟ با وردببینەوە، ئەو کە ئۆپۆزیسیۆنی ماگدەلینا ئەندرسن بوو، کەواتە چۆن دەیتوانی حکومەت و لەگەڵ کێ پێکبهێنێت؟ بە کورتیی حکومەتی کەمینەی کۆنزەرڤاتیڤەکانی لەگەڵ دیموکراتە مەسیحییەکان (ڕاستڕەو) پێکبهێنێت و پشت بە دەنگەکانی لیبڕاڵە ڕاستڕەوەکان و سویدییە دیموکراتە نیۆنازییەکان ببەستێت.

خۆ ئەگەر ببێتە سەرۆکوەزیران، هیچ پەیوەندییەکی بە هێزی ئەوەوە نابێت، بەڵکو لە ڕاستیدا ئەگەر ئەم کابینەیەش ڕووبدات، پاڵنەر و جووڵێنەری سەرەکیی مەکینەی حکومەت سویدییە دیموکراتەکان دەبن. ڕەنگە و ڕێی تێدەچێت لەبەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی سوید، سویدییە دیموکراتییەکان سەرۆکوەزیران وەرنەگرن، بەڵکو ماریۆنێت و بووکەڵەیەک بە دەسەڵاتێکی کەمەوە لە لوتکەی حکومەت دابنێن، وەک چۆن نازییەکان لە ١٩٣٠ ویستیان لە تۆرینیا ئەنجامی بدەن و لە ٢٠١٩یش هەمان کاریان کردەوە. ئەگەر بێتو دەنگی هەندەران باڵانسی هێز نەگۆڕێت و چەپەکان و کەسکەکان متمانە بە مەگدەلینا ئەندرسن نەدەنەوە، ئەگەری هەیە سیناریۆیەکی وەها ڕووبدات.

پیاوان و ژنانی سوید
ساڵی ٢٠١١ کاتێک ئەندریاس برێڤیکی ڕاستڕەوی تیرۆریست لە ئۆسلۆ هێرشی تیرۆریستیی کردە سەر لاوانی پارتی کرێکاران و نزیکەی ٨٥ کەسی تیرۆرکرد، لە مانیفێستەکەیدا ژنان و فیمینیزم و مارکسیزم بە تێکدەری شارستانێتیی مەسیحیی تۆمەتبار دەکات و دەڵێت ئەوەی ئەوروپییەکان منداڵ ناخەنەوە خەتای ژنانی فیمینیستە و ئەمانە دوژمنی شارستانێتییەکەمانن. ڕاستییەک لە پشت ئەم قسانەوە هەیە: ژنانی ئەوروپا لە کۆتایی سەدەی نۆزدەوە تا ئەمڕۆ هەمیشە دوژمنی پارتە فاشیست و ڕاستڕەوەکان بوون. لە ئەڵمانیا و ئیتاڵیا ڕێژەی دەنگدەرانی ژن بۆ پارتی نازی و پارتی فاشیست هێندە کەم بوو هەر باس ناکرێت. بەڵام زۆرینەی پیاوانی ترساو لە تێکچوونی بەرژەوەندیی و هیرارشییەتی پیاوەتیی، چوونە پاڵ پارتە سۆسیالیست، سۆسیال دیموکرات و کۆمۆنیستەکانەوە. لە هەڵبژاردنی ئەڵمانیای ٢٠٢١یشدا زۆربەی دەنگدەرانی پارتی چەپ، سەوز، سۆسیال دیموکرات، ژنان بوون.
ئەمە لە سویدیش ڕوودەدات. بەڕادەیەک بردنەوەی مەگدەلینا ئەندرسن لە هەڵبژاردنی پێشوو و پێکهێنانی حکومەت، پەیوەندیی بە دەنگدەرانی ژنەوە هەیە. پیاوان و ژنان بەتەواویی لە دەنگداندا لەیەک جیان. ئەگەر ژنان بە تەنها بتوانن دەرەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکان دیاریبکەن، دەرەنجام تەواو ڕوون دەبێت: سۆسیال دیموکراتەکەی ئەندرسن حکومەت پێکدەهێنێتەوە بە ڕێژەی ٥٨% و سیناریۆی دانانی کریستەرسنیش بەڕێژەی ٤٢%.

دەرەنجام:
ئەوەی ئەوروپا دەهاڕێت و بەرەو ڕاست دەیباتەوە، موسڵمانان و پەنابەران نین، بەڵکو سیاسەتی دوژمنکارانەی نیۆلیبراڵیزمە کە چەپ و لیبراڵ و سۆسیال دیموکراتەکان هەریەک بەشوێن و ڕێگەی خۆی جێبەجێیان کردووە. نیۆلیبراڵیزم باشترین ڕێگەیە لێیەوە ڕاستەکان بێنەوە پێشەوە.