٣٠ تایبەتمەندی نێلسۆن ماندێلا

05/03/2019

مەحمود سەریعولقەلەم

لەناو کورددا زۆرجار لایەنگری سەرکردەکان، سەرکردەکانی خۆیان بە ماندێلاکەی کوردستان ناو دەبەن، لەم وتارەدا باس لە ٣٠ تایبەتمەندی ماندێلا کراوە، بەپێی ئەم تایبەتمەندیانە سەرکردەکانی کورد هەڵسەنگێنن بزانن چەند خاڵی هاوبەشیان لەگەڵ ماندێلادا هەیە.

١. ٦٧ ساڵ خەباتی کرد لە دژی رەگەزپەرستی لە ئەفریقای باشور و کۆڵی نەدا تا سەرکەوت.
٢. ٢٧ ساڵ زیندان چۆکی پێدانەدا، لەو ماوەیەدا ١٨ ساڵی لە ژوورێکی ٢.٧ لە ٢.١٠دا بوو.
٣. پێیوابوو رق و نەفرەت دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ نەتوانێت بە شێوەیەکی دروست و لۆژیکی بیر بکاتەوە
٤. دوای ئازادبوونی لە زیندان، داوای لە خەڵکە رەشپێستەکەی ئەفریقای باشور کرد کە بیر لە تۆڵەکردنەوە لە سپی پێستەکان نەکەنەوە و گەردنیان ئازاد بکەن.
٥. بەهۆی ئەخلاق و رێزگرتن لە مرۆڤەوە دەستکەوتی زۆر گەورەی بە دەستهێنا.
٦. لە زیندانەوە توانی بەشی یاسا لە زانکۆی لەندەن تەواو بکات.
٧. بەردەوام ئامۆژگاری خەڵکی دەکرد کە ئەگەر ئاشتیتان دەوێت دەبێت سەرەتا فێری پێکەوەژیان بن لەگەڵ نەیارەکانتان و بتوانن لە گەڵیاندا کاری هاوبەش بکەن.
٨. باوەڕی بەوە بوو کە گۆڕینی خۆت قورستر و زەحمەتترە لە گۆڕینی کۆمەڵگا، بۆیە ئەگەر دەتەوێت کۆمەڵگا بگۆڕیت دەبێت سەرەتا لە گۆڕینی خۆتەوە دەست پێ بکەی.
٩. هەرگیز بیری لە شکۆدارکردنی خۆی نەدەکردەوە و خۆی بە گەورە نەدەزانی.
١٠.  عەیبە و هەڵە و کەموکوڕییەکانی خۆی لە خەڵک نەدەشاردەوە و باسی دەکردن.
١١. بە تەواوی بەسەر هەستەکانی خۆیدا زاڵ بوو و ڕێگەی نەدەدا هەستەکانی خۆشەویستی یان رق و نەفرەت کاریگەری لەسەر بڕیاردان و بیرکردنەوە و هەڵوێستەکانی دابنێت.
١٢. کاتێک بووە سەرۆک کۆمار بۆ رێوڕەسمی سوێندخواردنەکەی چاودێری زیندانەکەی وەک میوانێکی تایبەت بانگهێشت کردبوو.
١٣. دوای ئەوەی بووە سەرۆک کۆمار بۆ ئێوارەخوانێک ئەو دادوەری بانگهێشتی کۆشکی کۆماری کرد کە کاتی خۆی بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندبوو.
١٤.  باوەڕی بەوەبوو کە تا ئەو کاتەی هەژاری بنەبڕ نەکرێت کۆمەڵگا ئازاد نابێت.
١٥. توانایەکی بەهێزی هەبوو لە کۆکردنەوەی هێزە سیاسییە جیاوازەکان و دروستکردنی لێکتێگەیشتن لەنێوانیاندا.
١٦. لەسەرەتای نەوەدەکاندا بە وردی چاودێری پرۆسەی نووسینەوەی دەستوری دەکرد، ئەو دەستورەی لەژێر چاودێری ئەودا نووسرایەوە ئەوەندە دەستورێکی بێ کەموکوڕی بوو کە نەک هەر گەلی ئەفریقای باشوور بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیشدا ستایشی رۆڵی ماندێلایان کرد لە نووسینەوەی دەستوردا.
١٧.  زۆرجار باسی ئەوەی دەکرد کە بۆ ئەوەی وڵاتێک بە باشی بناسن سەیری زیندانەکانی ئەو وڵاتە بکەن.
١٨.  بەردەوام خەریکی خۆپەروەردەکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی زانیارییەکانی بوو.
١٩. هەموو ئەو کەسانەی سەردانیان کردووە دەڵێن: ماندێلا زۆر بە وردی گوێی لێ گرتوون و ڕێزی لێ گرتوون.
٢٠. زۆری لەبەر پاڕانەوە کە خۆی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی کاندید بکاتەوە، بەڵام رازی نەبوو و تەنیا بۆ ماوەی پێنج ساڵ سەرۆک کۆمار بوو.
٢١. کتێبی بیرەوەرییەکانی خۆی ناونا: رێگەی درێژ و دژواری ئازادی
٢٢. بە راستی کەسێکی خاكەڕا و خۆنەویست بوو.
٢٣. کەسێکی بە دیسیپلین بوو، ئەو کەسانەی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرد هەرگیز رۆژێک هەستیان بەوە نەکرد کە فێڵی لێ کردبێتن.
٢٤. لە کاتێکدا هەموو سەرکردەکانی ئەفریقا تینووی دەسەڵات بوون، بەڵام ماندێلا خۆی وازی لە دەسەڵات هێنا، هەربۆیە ئێستا هەموو جیهان ماندێلایان لە بیرە کەچی کەس ناوی سەرکردە دەسەڵاتخوازەکانی دیکەی لە بیر نەماوە.
٢٥. بڕوای بەوە هەبوو کە پەروەردە باشترین ڕێگەیە بۆ گۆڕانکاری لە جیهاندا
٢٦. زۆر زیرەکانە لە هێما و سیمبۆلەکان کەڵکی وەردەگرت، بۆ نمونە ژمارەی ژووری زیندانەکەی خۆی کردە هێمای کەمپەینی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییە مەترسیدارەکانی ئەفریقا کە ژمارەکە ٤٦٦٦٤ بوو.
٢٧. لەلایەن ٢٥٠ زانکۆی جیهانەوە بڕوانامەی فەخری دکتۆرای پێدرا.
٢٨. بەهۆی ئەوەی لەسەر ئاستی جیهاندا کەسێکی خۆشەویست بوو، نەتەوەیەکگرتووەکان رۆژی لە دایکبوونەکەی وەک رۆژی جیهانی ماندێلا دیاریکرد.
٢٩. سیاسەتمەدارێکی بە تەواو مانا بە ئەخلاق بوو.
٣٠. زۆرجار باسی ئەوەی دەکرد کە نابێت خەڵک بەهۆی سەرکەوتن و دەستکەوتەکانیەوە هەڵیسەنگێنن، بەڵکو دەبێت بەوەوە بیناسنەوە کە بە دەیانجار شکستی خواردووە و کۆڵی نەداوە و هەستاوەتەوە.

سەرچاوە: ماڵپەڕی دیپلۆماسی ئێرانی