بۆچی قاسم سولەیمانی لە کۆبوونەوەکەی سیستانی و روحانیدا بەشدار نەبوو؟

17/03/2019

رەزا حەقیقەت نژاد

دەیڤد پترایۆس فەرماندەی پێشووی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، رۆژی هەینی رابردوو لە دیکۆمێنتارییەکدا کە لە بی بی سی بڵاوکرایەوە وتی ساڵی ٢٠٠٧ قاسم سولەیمانی پەیامێکی بۆ ناردووە و وتوویەتی بەڕێوەبەری سیاسەتی ئێرانە لە عێراق و سوریا و ئەفغانستان و غەزە، هەربۆیە دەبێت لەگەڵ من رێکبکەویت و واز لە دیپلۆماتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بهێنە و ئەوان لە بیر بکە.

پترایۆس چەندین جاری دیکەش ئەم قسەیەی کردووە و دووبارەکردنەوەشی جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی قاسم سولەیمانی پیاوی یەکەمی ئێرانە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەو باڵیۆزی ئێران لە عێراق دەستنیشان دەکات نەک وەزیری دەرەوە، باڵیۆزی ئێستای ئێران لە عێراق پێشتر راوێژکاری باڵای قاسم سولەیمانی بووە لە سوپای قودسدا، قاسم سولەیمانی لەکاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی عێراق لە دژی داعش ئامادەبووە، کەسی یەکەمی حەشدی شەعبی عێراق خۆی بە سەربازی قاسم سولەیمانی دادەنێت.

قاسم سولەیمانی نەک تەنیا رۆڵی سەرەکی هەبوو لە رێکخستنی گروپە ملیشیا شیعەکانی عێراق لە شەڕی دژ بە داعش، بەڵکو لە بەرنگاربوونەوەی ریفراندۆمەکەی کوردستانی عێراقیشدا رۆڵی یەکەمی هەبوو، هەر بەهۆی ئەویشەوە ئێستا پەرلەمانی عێراق تا رادەیەکی زۆر لە کۆنتڕۆڵی ئێراندایە و قاسم سولەیمانی خۆی سەرپەرشتی بە یاساییکردنی حەشدی شەعبی دەکرد.

بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا لە کۆبوونەوەکەی رۆژی چوارشەمەی رابردووی نێوان ئایەتوڵا سیستانی و حەسەن روحانی لە نەجەف بەشداری پێنەکرا، هاوکات لەگەڵ سەردانەی روحانی بۆ عێراق و ڕێک رۆژێک بەر لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سیستانیدا، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تیایدا ناڕاستەوخۆ داوای لە بەرپرسانی عێراقی کردبوو کە " پێویست ناکات بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ هەندێک لە دامەزراوەکانی دیکەی ئێران یان هەندێک بەرپرسی سەربازی ئێرانی دانووستان بکەن و دەتوانن راستەوخۆ لەگەڵ روحانی وەک سەرۆک کۆماری ئێران دانووستان بکەن".

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەم پەیامە ڤیدیۆییە دەتوانین گومانی ئەوە بکەین کە بەرپرسانی حکومەتەکەی روحانی دژی بەشداربوونی قاسم سولەیمانی بوون لە کۆبوونەوەکەی روحانی لەگەڵ سیستانیدا، چونکە نیگەران بوون لەوەی بەشداری قاسم سولەیمانی لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر ئاستی میدیا و رای گشتیدا ببێتەهۆی پەراوێزکەوتنی رۆڵی حەسەن روحانی و وەزیری دەرەوە، جگە لەوەش حکومەتەکەی روحانی دەیەوێت بڵێت کە ئەوا حکومەتە کە سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە عێراق و ناوچەکەدا بەڕێوەدەبات.

ئەم پرسە کێشەی لێکەوتەوە کاتێک کە بەشار ئەسەد بەر لەماوەیەک سەردانی تارانی کرد و لە جیاتی ئەوەی جەواد زەریف وەک وەزیری دەرەوە رێکخەری سەردانەکە بێت کەچی هەر ئاگاداریش نەکرابووەوە و لە جیاتی زەریف قاسم سولەیمانی بەشاری ئەسەدی هێنابووە تاران و لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ خامنەیی و روحانیدا لەجێگەکەی جەواد زەریف دانیشتبوو، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم رووداوە، بەشدارنەبوونی قاسم سولەیمانی لە کۆبوونەوەکەی روحانی لەگەڵ سیستانی و بەشداربوونی زەریف لەو کۆبوونەوەیەدا خوێندنەوەی جیاواز هەڵدەگرێت و تا رادەیەک دەتوانین بڵێین دەرفەتێک بوو بۆ مانۆڕدانی زەریف لە بەرامبەر قاسم سولەیمانیدا. 

بەڵام ئەگەر بێتو لە گۆشەنیگای لایەنی بەرامبەر واتا لایەنی ئایەتوڵا سیستانییەوە سەیری رووداوەکە بکەین، بە چ ئەنجامێک دەگەین؟ ئەم پرسە لەو ڕووەوە  گرنگە کە بەردەوام لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا سیستانی زۆر بە کەمی ئامادە بووە لەگەڵ بەرپرسانی  عێراقی و بەرپرسانی وڵاتانی دیکەش  کۆبوونەوە و دانیشتن بکات، ئەمجارەش هاوکات لەگەڵ سەردانەکەی روحانی هەندێک میدیاکان بڵاویانکردەوە کە سیستانی کاتی خۆی ئامادەنەبووە لەگەڵ ئەحمەدی نژاد سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران کۆببێتەوە، کاتێک کە ئەحمەینژاد سەردنی بەغدای کرد.

ئەمە تەنیا بۆ بەرپرسانی ئێرانی و ئەمریکی راست نییە، بەڵکو ساڵی ٢٠١٤ کاتێک حەیدەر عەبادی لەگەڵ سیستانیدا کۆبووەوە، میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە کە دوای چوار ساڵ ئەمە یەکەمین جار بووە سیستانی ئامادەبووە لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای عێراقی کۆببێتەوە.

پەیوەندی نێوان سیستانی و قاسم سولەیمانی پەیوەندییەکی ناڕاستەوخۆ و فرە رەهەندییە، قاسم سولەیمانی لە وتارەکانی خۆیدا بە دەیان جار ستایشی ئایەتوڵا سیستانی کردووە، ساڵی ٢٠١٦ وتی: " ئێمە کاتێک ئامادەین لە عێراق هەنگاو بنێین کە مەرجەعییەتی شیعەی عێراق پێویستی بە ئێمە هەبێت، لە سایەی موبارەکی ئایەتوڵا سیستانییەوە هیچ پێویست ناکات ئێمە دەستێوەردان بکەین" ، ساڵێک دواتریش لەسەر زاری خامنەییەوە سیستانی وەک گەنجینەیەکی مەزنی بۆ عێراق پێناسەکرد و ستایشی فتواکەی سیستانی کرد بۆ دامەزراندنی حەشدی شەعبی. 

قاسم سولەیمانی زیاتر لە هەر کەسێکی دیکە سودمەند بوو لە فتواکەی سیستانی و بەهۆی ئەو فتوایەوە توانی رۆڵی سەرەکی ببینێت لە ڕێکخستن و چەکدارکردنی گروپەکانی حەشدی شەعبی و بە تایبەتیش ئەو گروپانەی کە بە تەواوی گوێڕایەڵی قاسم سولەیمانین، سەرکردەکانی ئەم گروپانە زیاتر لە ٢٥ ساڵ بوو هاوڕێی یەکتر بوون واتە لەو کاتەوە کە سوپای بەدر لەلایەن ئێرانەوە دامەزرا، هەندێک لەو سەرکردانەی حەشدی شەعبی ئاماژەیان بە گرنگی فتواکەی عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران دەکرد لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و بەم شێوەیە دەیانەویست بڵێن کە ئەوان بەپێی فتواکەی خامنەیی بڕیاریان داوە جەنگ لە دژی داعش بکەن، هەرچەندە شاراوە نەبوو کە زۆربەیان لە دوای فتواکەی سیستانی چەکیان هەڵگرت و چوونە بەرەکانی شەڕ لە دژی داعش. 

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا کاتێک لە ١٥ی دێسەمبەری ٢٠١٧دا سیستانی لە راگەیەنراوێکدا داوایکرد هێزەکانی حەشدی شەعبی تێکەڵ بە سوپای عێراق بکرێن و هەندێک لە فەرماندە عێراقییەکانی ئەو گروپانەش وتیان گوێڕایەڵی داواکەی سیستانی دەبن، بەڵام میدیاکانی سەر بە سوپای پاسداران لە دژی داواکەی سیستانی بابەتیان بڵاودەکردەوە، ماڵپەڕی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران تەنیا دوو رۆژ لە دوای فتواکە نووسی کە فتواکەی سیستانی تەنیا ئەو گروپە چەکدارانە دەگرێتەوە کە لە دەرەوەی یاسا دروست بوون و هێزەکانی حەشدی شەعبی ناگرێتەوە چونکە حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی یاساییە و دۆخی عێراق وا دەخوازێت ئەم هێزانە بەردەوام بن.

گرنگی داواکەی سیستانی بۆ تێکەڵکردنی حەشدی شەعبی بە سوپای عێراق لەوەدایە کە لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا  ئێران و ئەو عێراقیانەی لایەنگری سیاسەتی ئێرانن نیگەران بوون لەوەی کە ئەم تێکەڵکردنە هەنگاوی یەکەمە بۆ هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی، بە واتایەکی دیکە هەرچەندە تا ئێستا داواکەی سیستانی  دڵی ئەو کەسانەی خۆش نەکردووە کە خوازیاری هەڵوەشانەوەی حەشدن، بەڵام تا رادەیەک بووەتە کۆسپ لەبەردەم پلانەکانی ئێران.

بابەتێکی دیکەی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە بە درێژایی هەموو ئەو ساڵانەی قاسم سولەیمانی لە عێراق ئامادەبووە، هەرگیز ڕووینەداوە کە سیستانی لەگەڵ قاسم سولەیمانی کۆببێتەوە یان راستەوخۆ پشتگیری لە ناوبراو کردبێت.

لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٤ میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران لە سەر زاری سەرچاوەیەکی متمانەپێنەکراوەوە بڵاویانکردەوە کە سیستانی پشتگیری لە هەوڵەکانی قاسم سولەیمانی دەکات لە شەڕی دژ بە داعش و شەرعییەتی داوە بە دەستێوەردانەکانی ناوبراو لە عێراق، بەڵام نووسینگەی راگەیاندنی سیستانی هەرگیز ئەم هەواڵەی پشتڕاست نەکردەوە، لە دێسامبەری ٢٠١٦شدا میدیاکانی ئێران وێنەیەکی قاسم سولەیمانی و جەواد شەهرستانی زاوا و نوێنەری سیستانییان لە ئێران بڵاوکردەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ وێنەیەکی ناوبراو لەگەڵ خودی سیستانیدا بڵاونەکراوەتەوە. 

لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٥دا رۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاویکردەوە کە سیستانی داواکاری قاسم سولەیمانی بۆ دانیشتن لەگەڵی رەتکردوەتەوە، جگە لەوەش سیستانی داوای لە خامنەیی کردووە سنورێک دابنێت بۆ دەستێوەردانەکانی سولەیمانی لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا، ئەم هەواڵە لە رۆژنامەی ئیکۆنۆمیستیشدا بڵاوکرایەوە، لە کاردانەوەیەک دژ بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵانە ئاژانسی فارس نیوزی سوپای پاسداران ئەم هەواڵانەی وەک جەنگی دەرونی رۆژئاوا و وڵاتانی عەرەبی لە دژی ئێران لێکدایەوە، فارس نیوز بۆ ڕەتکردنەوەی هەواڵەکەی شەرقولئەوسەت و ئیکۆنۆمیست پشتی بەست بەو هەواڵەی کە خۆی پێشتر بەر لە ساڵێک بڵاویکردبووەوە کە گوایە سیستانی شەرعییەتی بە دەستێوەردانەکانی سولەیمانی لە عێراق داوە، بەڵام تەنیا کاتژمێرێک دواتر فارس نیوز ناچارکرا کە راپۆرتەکە لە ماڵپەڕەکەی خۆی بسڕێتەوە بەبێ ئەوەی هۆکاری سڕینەوەی راپۆرتەکە ڕوون بکاتەوە.

هەربۆیە بەپێی ئەم رابردووە ساردوسڕەی پەیوەندییەکانی نێوان قاسم سولەیمانی و سیستانی پێدەچێت ئامادەنەبوونی قاسم سولەیمانی لە کۆبوونەوەکەی رووحانی و سیستانی زیاتر پەیوەندی بەوەوە هەیە کە سیستانی رازی نەبووە سولەیمانی لە کۆبوونەوەکەدا بێت، نەک ئەوەی هۆکارەکەی بۆ ململانێیەکانی نێوان زەریف و سولەیمانی یان حکومەتەکەی روحانی و سوپای پاسداران بگەڕێتەوە. 

دەتوانین بڵێین بەوپێیەی سیستانی بەردەوام دەیەوێت لە گۆڕانکارییەکانی عێراقدا وەک ناوبژیوان دەربکەوێت و کەسێک بێت کە بەردەوام هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەدات و لە بەرامبەریشدا قاسم سولەیمانی بەوە ناسراوە بە بەردەوام بە پشتگیریکردنی هەندێک لایەن سەرچاوەی بەشێک لە کێشەکانی عێراقە، بۆیە سیستانی نایەوێت هەرگیز چاوی بە قاسم سولەیمانی بکەوێت بۆ ئەوەی ئەم دیدار و جاوپێکەوتنە نەبێتە هۆی شەرعییەتدان بە ناوبراو و دەستکراوەتری نەکات لە دەستێوەردان لە دۆخی عێراق.

سیستانی بەم هەڵوێستەی لەلایەکەوە ئەو کارتەی سولەیمانی و لایەنگرەکانی سووتاندووە کە بیانەوێت بە ناوی سیستانییەوە دەستێوەردانی زیاتر بکەن و فشاری زیاتر بخەنە سەر گروپەکانی دیکە و لەلایەکی دیکەشەوە هەر بەم هەڵوێستەی ناڕازیبوونی خۆی نیشانداوە لە بەرامبەر سیاسەت و دەستێوەردانەکانی سولەیمانی لە کێشەکانی ناوخۆی عێراقدا.