سیاسەتی كورد گۆڕانی بەسەردا هاتووە؟

25/03/2019

دیڤید بولوك

یەكێك لەسەردانەكانم بۆ كوردستانی عێراق كه‌ لە هەفتەی رابردوو بوو و یەكەم سەردانیشم بوو دوای ئەو ریفراندۆمەی بۆ سەربەخۆیی لەمانگی ئەیلولی 2017 كراو شكستی هێنا، سیاسەتێكی تەواو جیاوازی بۆ ئاشكراكردم، شتێكی ئاساییە و لەهەمان كاتیشدا ترسناكە، چینی یەكەم لەهەرێمی كوردستان تێگەیشتنێكی نوێیان هەیە ئەو تێگەیشتنە لەنێوان ئەو سەركردانەدا بڵاوبۆتەوە كە چاومپێكەوتن، هەروەها لەناو ئەندام و لایەنگرەكانیشیان كە لەناوەندە بازرگانی و ئەكادیمی و رۆژنامەوانیەكاندا هەن، ئەویش ئەوەیە كە سەربەخۆی كورد خواستێكە بۆ دوورخایەن و بژاردەیەكی سیاسی واقعی نیە بۆ ماوەی نزیك، لەگەڵ ئەوەشدا دەستوەردان لەپرسی كورد لەوڵاتانی دراوسێ واتا پشت سنورەكانی عێراق- لەسوریا و توركیا و ئێران بەشێوەیەكی بەرچاو پاشەكشەی كردووە.

بەڵام هەموویان خاڵێكی هاوبەشیان هەیە ئەویش ئەوەیە كە تێبینی دەكرێت خواستی سیاسیان ڕوونتر بۆتەوە و زیاتریش لەواقعەوە نزیكە جا لەناو خاكی عێراق بێت یان دەرەوە، ئەوەش بەواتای ئەوە دێت كە هەنگاوێك دەگرنەبەر كە ئامادەیی زیاتریان تێدایە بۆ چارەسەری پرسەكەیان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی لەبەغداد، ئێستا ئەوەی بەم دوایانە دەركەوت ئەوەیە كە حكومەتی ناوەندی چەند پرسێكی دیاریكراوی وەك دابەشكردنی داهاتەكان و چاودێریكردنی سنورەكان و هاوكاری ئەمنی بەدرێژایی سنورەكان ئەوناوچانەی كە بەم دوایانەی بەغداد كۆنترۆڵی كردوونەوە، ئەم دۆخە سازشیش لەسەر شاری كەركوكی دەوڵەمەند بەنەوت پیشان دەدات كە ناكۆكی لەسەرە و كورد ساڵی 2014 لەدەستی داعش وەری گرتەوە بەڵام لەلایەن سوپای عێراق و ئەو میلیشیایانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن دەست بەجێ دوای ریفراندۆم كۆنترۆڵ كرایەوە.

لەم چوارچێوەیەدا ئەوەی لەم سەردانەم جیاوازبوو لەسەردانەكانی پێشووم ئەو هەستەبوو كە كورد لەبەرامبەر ئێران و هاوبەشەكانی بۆیان دروست بووە كە لەوانەیە مەترسیەكی راستەوخۆ بێت، ئەوان بەئاشكرا ئەوە دەردەخەن كە لەكەركوك بێ ئومێدبوون، ئەوەش زیان بە كوردی عێراق دەگەیەنێت، یەكێك لەو بەرپرسە باڵایانەی حكومەتی هەرێم كە چاوم پێكەوت لەم سەردانەدا گوتی " هیچ كەسێك ناتوانێت بیانوەستێنێت" وە كوردە خۆجێیەكان ئەوەیان بیرخستمەوە كە چۆن ئێران لەدووساڵی رابردوودا هێرشی كردۆتەوە سەر بارەگای پارتەكوردیە نەیارەكانی لەناو قوڵای كوردستانی عێراق لەرێگەی موشەك و تیمی كوشتن و رفاندنەوە.

چالاكیەكانی ئێران به‌شێوه‌یه‌كه‌ بۆ ئەوەی هەژمونی خۆی لەناو كوردستانی عێراق زیادبكات، ئەوەش تەنها لەناوچه‌ سنورییه‌كانی خۆیدا نا به‌ڵكو لەناو هەولێری پایتەخت و ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئه‌م سیاسه‌ته‌ هه‌یه‌، ئەوەش لەكاتێكدایە ئەو پارتی لەهەولێر جێگیرە و پێشتریش خۆپارێزی بەرامبەر ئێران هەبوو.

 بەپێی راپۆرتەكان قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران كە كەسایەتیەكی كاریگەری سیاسیە، ژمارەی سەردانەكانی بۆ هەولێر بەژمارە نزیكە لەژمارەی سەردانەكانی بۆ بەغداد لەم رۆژانەدا سەردانەكانی بە ئاشكراناكرێن، بەڵام بەخۆشحاڵی و گەورەیی و رێزەوە لەهەردوو پایتەختەكە بەبێ جیاوازی پێشوازی لێدەكرێت، هەروەها بەشێكی زۆری كارەكانی هەژمونی ئێران لەبواری سیاسی و ئابوری و ئەمنی لەكوردستان بەنهێنی ئەنجام دەدرێن، نەك لەرێگەی كەناڵی فەرمیە ئاشكراكانەوە، بەرپرسانی باڵا و شارەزایان كە دەستپێشخەریان لەكۆڕبەندی سلێمانی كەلەسەرئاستی باڵا لە رۆژانی 6 و 7ی ئازار بەرێوەچوو چەندین بەرپرسی باڵا نەك هەر لەبەغداد بەڵكو عەرەب و تورك و ئەوروپیەكان و روسەكان و خەڵكانی تریش بەشداربوون، بەڵام هەر وەك ئەوەی بەبەردەوامی تێبینی دەكەم ئەوەیە كە هیچ بەرپرسێكی ئێرانی لەو بۆنانەدا قسەناكات لەراستیدا من لەپێشتردا رەزامەندیم پیشاندا كە لە كۆڕبەندەكانی كوردستان دەربكەوم و گفتوگۆ بكەم لەگەڵ دیبلۆماتكارە ئێرانیەكان، بەڵام لەهەموو جارێكدا لەدواساتدا دووردەكەوتنەوە، بەپێچەوانەوە ئێران بەباشی دەزانێت سود لەو بۆنەگشتیانە وەربگرێت بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ خەڵكانی تر بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆی كە پێگەیەكی نمونەیی لەكوردستان هەیە، لەوانەشە بۆ شاردنەوەی بێت.

قورسە ئەو رۆڵەی ئەرێنی بێت، بەنمونە لەم ماوانەی دوایدا خاوەن كارێك لەهەولێر ئاگاداری كردم كە ئێرانیەكان دووجار پەیوەندیان پێوە كردووە و داوایان لێكردووە چەند بارهەڵگرێكیان بۆ پەیدابكات بەمەبەستی گواستنەوەی چەند شتێكی دیاری نەكراو، لەم گەشتەمدا لەچەند سەرچاوەیەكی ئەمنی كوردیەوە بیستم كە ئێران  لەئێستادا ئەو بارهەڵگرانە بەنهێنی بۆ گواستنەوەی پارچەی موشەكی پێشكەوتوو لەرێگەی كوردستانەوە بەكاردەهێنێت وەك پارچەكانی تری عێراق بۆ ئەوەی بگەنە دەست میلیشیاكان جا لەناوخۆی وڵات بن یان لەدەرەوە، تاكە شتێك كە بەرپرسانی خۆجێی پێیان وایە سنورێك بۆ ئەو چالاكیانە دادەنێت قورسبوونی دۆخی ئابوری ناوخۆی ئێرانە، دوای ئەوەی داوای نمونەیەكی بەرجەستەم كرد یەكێك لەچاودێرخۆجێیەكان بەگاڵتەوە گوتی تێبینی دەكەین كە ژمارەیەكی زۆرتری ئێرانی بەم دوایانە سنورەكانمان دەبەزێنن و دێن بۆ ئێرە بۆئەوەی كارێكیان دەست بكەوێت، لەراستیدا زۆرینەی لەشفرۆشەكانی هەولێر ئێرانین.
زۆرینەی ئەو كوردانەی من قسەم لەگەڵ كردن نیگەرانن لەو دەستدرێژیانەی ئێران، دەشڵێن ئەوان بەپێچەوانەی عێراقیەكانی ترەوە لەگەڵ ئەوەی پەیوەندی سیاسی و رۆشنبیریان لەگەڵ ئێران هەیە، بەڵام كوردەكان كە زۆرینەیان سوننەن و ئینتیمایی ئاینیان لەگەڵ زۆرینەی ئێرانیەكان هاوبەش نیە، زۆرینەیان لەمامەڵەی توندی ئێران بەرامبەر كەمینەكان بەتایبەتیش كورد كە ژمارەیان دەگاتە 10 ملیۆن كەس توڕەن، زۆرینەی كوردەكان واهەست دەكەن كە رقیان لەماستاوكردنە بۆ ئێران، لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسێكی باڵا لەحكومەتی هەرێم پێی گوتم ئەوان داوایان كردووە حەسەن روحانی سەرۆك كۆماری ئێران سەردانی هەولێریش بخاتە ناو گەشتەكەی بۆ بەغداد كە هەفتەی رابردوو بوو، بەڵام وەڵامێكی ئەرێنیان نەدراوەتەوە، لەچاوپێكەوتنێكی ئاشكراشدا ئەم هەفتەیە سەرۆكی حكومەتی هەرێم رەتیكردەوە پابەندی سزائابوریەكانی ئەمریكا بن دژی ئێران و تۆپەكەی هەڵدایە گۆرەپانی حكومەتی بەغداد.

ئەمە راماندەكێشێت بۆ قوڵای بابەتەكە ئەویش ئەوەیە كە كوردەكانی عێراق  چیتر واهەست ناكەن كە دەتوانن بەپشت بەستن بەهاوكاریەكانی ئەمریكا دژایەتی ئێران بكەن تەنانەت لەناوخاكی كوردستانی عێراقیش، ژمارەیەكیان گوتیان شاندە سەربازیە پچڕپچڕەكانی ئەمریكا بۆ كوردانی سوریای دراوسێ نمونەیەكی رەشبینانەیە، چەند بەرپرسێكی باڵای حكومەتی هەرێم پێیان راگەیاندم كە خۆشحاڵ دەبن بەمانەوەی سوپای ئەمریكا لەكوردستانی عێراق بەتایبەتیش ئەگەر پەرلەمانی عێراق لەبەغداد هەرەشەكانی بردەسەر، دوای ئەوەی گروپەنزیكەكانی ئێران هەرەشەی دەركردنی سوپای ئەمریكا لەعێراق دەكەن، یەكێكیان گوتی تۆ راست بوویت كە هۆشداریت دا پێمان لەوەی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا هاوكارمان نابێت ئەگەر ریفراندۆم ئەنجامی پێچەوانەی لێكەوتەوە، بەڵام ئێستا فشارەكانی ئێران لەسەر عێراق ڕوون بۆتەوە كە زۆر قورسە ڕووبەڕووبونەوەیان، ئایە ئەگەری ئەوە هەیە كە ویلایەتەیەكگرتووەكان كوردستان بكاتە جێگرەوە؟ خواستی كوردەكان بۆ بەدەستهێنانی پارێزگاریكردن لەلایەن ئەمریكاوە شتێكی تازە نیە، بەڵام لەسەردانەكەی ئەمجارەمدا دەركەوت كە گومانەكانی كوردەكان لەبارەی ئەمریكاوە زۆر زیادیكردووە، بەراورد بەپێش هێرشی سەر كەركوك كە لەلایەن قاسم سولەیمانیەوە پلانی بۆ دارێژرابوو.

لەهەمان كاتدا و بەرێگەی تر كوردستان ئەمرۆ زۆر هەستیارە بەوپێیەی كارەكان گۆڕان و دواتریش وەك خۆیان مانەوە، ناوچەكە گەرایەوە بۆ سنورە كۆنەكەی، بەجۆرێك حكومەتی هەرێم ئێستا حوكمی زاتی هەیە كەلەلایەن بەغدادوە دانی پێدانراوە، هەروەها تائێستاش پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە بەپشتبەستن بە ئەزمونەكانی ئەم دوایانەیان بەردەوامە كە زۆر زیاترە لە تەواوی ناوچەكانی تری عێراق، بەهەڵوێستی دۆستانەی تێبینیكراوی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا ئابوری هەرێمی كوردستان زۆرینەی كەرتەكانی پێشووی بەدەستهێنایەوە، لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی كرێكاران لەسەر هەمان خشتەی پێشووی موچەی حكومەتی هەرێم بەردەوامن، بەڵام موچەكانیان زیادیكردووە ئەوەش بەهۆی داهاتی نەوتی كوردستان و پشتیوانی دارایی بەغداوە، جگە لەوەش لەگەڵ ئەو ناجێگیریە زۆرەی كە دوای ریفراندۆم هەبوو و تائێستاش پارتە سیاسیەكان تارادەیەكی زۆر ناوچاكانیان بەرێوەدەبەن، واتا پارتی دیموكراتی كوردستان و بنەماڵەی بارزانی هەولێر و رۆژئاوای هەرێمی كوردستان و بنەماڵەی تاڵەبانی و یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش سلێمانی و رۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان، هەڵبژاردنەكەی ئەم دوایانەی هەرێمی كوردستانیش وەك هەمیشە لەبەرژوەندی پارتی دیموكراتی كوردستاندابوو، لەئێستادا گفتوگۆدەكرێت سەبارەت بە دابەشكردنی پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان و وەزارەتەكان و حكومەت و دەسەڵاتەسیاسیە بەسودەكانی تر، ئێستا لەهەرێم هەست بەبەرپرسیاریەتی دەكرێت بەرامبەر دووشكستی ئەم دوایانە، بەجۆرێك سەرزەنشتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكرێت لەبەرامبەر فشارەكانی پێشووی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بەهەر نرخێك بێت، و هەندێكی تریش سەرزەنشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكەن بەهۆی لەدەستدانی كەركوك كاتێك هێزەعێراقیەكان بەپشتیوانی ئێران بەبەكارهێنانی هێز شارەكەیان كۆنترۆڵكردەوە.

ژێرخانی كلاسیكی دەسەڵاتی چەسپاو بەجۆرێكە كە پۆستە گرنگەكانی حكومەت جارێكی تر لەنێوان ئەندامانی عەشیرەتی بارزانیدا دابەش بكرێنەوە، نێچیرڤان بارزانی لەسەرۆكایەتی حكومەتەوە بۆ سەرۆكایەتی هەرێم و كوڕە مامەكەشی مەسرور بۆ سەرۆكایەتی وەزیران، و حوكمرانێكی تریش لەپشت پەردەوە،كە مەسعود بارزانیە باوكی مسرور و مامی نێچیرڤان كە دوای ئەوەی ریفراندۆم ئەنجامی نەرێنی بەدواداهات بەفەرمی دەستی لەكاركێشایەوە.

بەمەش زۆرشت لەناوخۆی هەرێمی كوردستان نەگۆڕدراوە، لەگەڵ ئەو ئاڵۆزیانەی لەدووساڵی رابردوودا روویاندا، ئەوەی زۆرتر گۆڕدرا چۆنیەتی راگرتنی هاوسەنگی بوو لەلایەن كوردەكانەوە بۆ بژاردەكانی دەرەوەیان، ئەوان بەمن دەڵێن ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا بەباشتر دەزانن لەهەر هاوپەیمانێكی تر، بەڵام كەمتر دڵنیان لەوەی كەپێشتر هەبوو ئەویش ئاستی هەستكردن بوو لەلایەنی ئەمریكیەوە.