رۆشنبیری به‌كارهێنانی ده‌رمانی ئاژه‌ڵ

12/05/2019

د.بێستون ئه‌بوبه‌كر

پێم خۆشە کە تێگەیشتنە بنچینەییە گرنگەکانی بەکارهێنانی دەرمانی ڤێتێرنەری بە شێوەی پرسیارو وەڵام بێت، بە تایبەت ئەو پرسیارانەی کە لە بیری ئەو خوێنەرانەدایە کە گرنگی بەم لایەنەی تری ڕۆشنبیری و زانیاری ئەدەن.
لە ڕاستیدا بەکارهێنانی دەرمان لە لایەن خاوەن ئاژەڵەکان و ڕوون نەکردنەوەی زیانەکان و سودەکانی دەرمانەکان لە لایەن زۆرێک لە پزیشکانی ڤێتێرنەری بۆ خاوەن ئاژەڵەکان وای لێکردم بیر لە نوسینی ئەم بابەتە بکەمەوە ( بەداخەوە تا ئێستاش لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم کەسانێک کاری فرۆشتنی دەرمانی ڤێتێرنەری ئەکەن کە دوورو نزیک هیچ پەیوندیەکیان بە بواری پزیشکی ڤێتێرنەریەوە نیە ئەمانە مەترسی ڕاستەقینەن بۆ سەر ئاسایشی خۆراک چونکە وا ئەزانن نوقڵ و نەبات ئەفرۆشن .. ئەمەش بە پلەی یەکەم سەندیکا لێی بەرپرسیارە کە ڕووبەڕووی دادگایان بکاتەوە بە پێی یاسا ) چونکە کارەکە خەریکە تەواو لە سنور دەرئەچێت و ژیانی خەڵکی بە تەواوی ئەکەوێتە مەترسیەوە ، لەوانەیە زۆربەی پزیشکانی ڤێتێرنەری ڕەخنەم لێ بگرن کە ئەم قسانەی من دوورن لە ڕاستیەوە و پوختانە یان قسەیەکی نازانستیە چونکە ئەوان خیبرەیەکیان هەیە لەم بوارەدا..؟! من ماوەیەکی زۆر کەمە لەم بوارەدا (فرۆشتنی دەرمانی ڤێتێرنەری) کار ئەکەم بە پێی ئەو ڕێنماییانەی کە ئەیدەم بە خاوەن ئاژەڵەکان لە سەر دەرمانەکە ئەمەم بۆ دەرکەوتووە کە قسەکانی من زۆر نامۆیە بە لایانەوە ..! هەندێکیان ئەڵێن ئەم عیلمە تازەیە یان ئەڵێن لێی نازانم .. یان دەرمانەکە لای من ناکڕن و ئەچن بۆ لای دکتۆرێکی زیرەکتر!! دەرمانەکە ئەکڕن و بەکاریئەهێنن وە هەندێکیان متمانەیان بە قسەکانی من هەیە و ڕێنماییەکان وەک ئەوەی کە لە سەر دەرمانەکە نوسراوە جێبەجێی ئەکەن ، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش مانگانە لە کوشتارگەی سیدسادق ژمارەیەک ئاژەڵ لەناوئەبرێت بە هۆی بەکارهێنانی دەرزیەوە .... ئەوەی لێرەدا بە کورتی ڕوون ئەکرێتەوە تەنها دەرمانی ڤێتێرنەرییە کە بۆ ئاژەڵ بەکارئەهێنرێت ، چونکە ئەو سەرگەردانی و بێ سەروبەریەی لە بەکارهێنانی دەرمانی کشتوکاڵیدا هەیە ئەو سەری دیار نیە ئەمە بۆ شارەزایانی بواری کشتوکاڵ بە جێ ئەهێڵم بۆ ئەوەی خەمێکی لێ بخۆن.

٭ مانەوەی دەرمانی ڤێتێرنەری چیە؟
ئەمانە بڕێکی ئاسایی دەرمانی ڤێتێرنەریە کە لە ناو بەرهەمە ئاژەڵیەکاندا ئەمێنێتەوە دوای سەربڕین یان کۆکردنەوەی وەک گۆشت و شیر و هێلکە و ماسی کە ئەچنە ناو زنجیرەی خۆراکیەوە . 
هەموو بەرهەمە ئاژەڵیەکان دەرمانی ڤێتێرنەری ماوەی تێدا نیە ، ئەگەر ببێت بە ڕێژەیەکی زۆر نزمە (بەشێک له ملیۆنێک) .
مانەوەی دەرمانی ڤێتێرنەری ئەکرێت بمێنێتەوە لە لەشدا وە بەرهەمە ئاژەڵیەکان بۆ ماوەیەک ، لەبەرئەوەی ماوەی قەدەغەکراو کە ڕێژەیەکی نزمی دەرمانی ڤێتێرنەری ماوە ئەگرێتەوە تا سنورێکی ئاسایی ، وە ماوەی قەدەغەکراو ئەو ماوەیەیە کە پێویستە تێپەڕێت پێش ڕێگەدان بە سەربڕین یان بەکارهێنانی بەرهەمەکانی ئاژەڵی چارەسەرکراو وەک شیر و هێلکە.

٭ ئایا بوونی دەرمانی ڤێتێرنەری ماوە لە خۆراکدا ئاسایی و سەلامەتە ؟
خواردنی ڕێژەیەکی سادە لە دەرمانی ڤێتێرنەری ماوە ترسیکی نیە ئەگەر بڕی بەکارهێنراو کەمتربێت لەو بڕە سەلامەتەی کە دیاریکراوە لە لایەن لیژنەیەکی شارەزا کە ڕێگەیان داوە بە هەناردەکردنی و بەکارهێنانی ئەم دەرمانە ڤێتێرنەریانە.
ئەو سنورە یاساییە ئیتر ئەوە کۆتا سنوری دەرمانی ڤێتێرنەری ماوە ئەنوێنێ کە بە پێی یاسا ڕێگەی پێدراوە بە شێوەیەکی بێ کێشە و سەلامەت لە هەموو شانەکان و بەرهەمە ئاژەڵیەکاندا. ماوەی قەدەغەکراو کە دەرمانی ڤێتێرنەری ماوە لە خۆ ئەگرێت لە سنوری یاسایی تێپەڕ نەکات بۆ دڵنیاییدان بە سەلامەتی و تەندروستی گشتی.

٭ دەرمانی ڤێتێرنەری چیە و بۆچی بەکاردەهێنرێت ؟
ئەو دەرمانەیە کە بۆ چارەسەرکردنی ئاژەڵی نەخۆش بەکارئەهێنرێت یان ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەناو کۆمەڵێک یان چەند پارچەیەک ئاژەڵ ئەو دەرمانانەش ئەمانە لەخۆ ئەگرێت : دژەژیانەکان و سەلفات و قڕکەرەکان و دەرمانی شۆردنەوەی ئاژەڵ و چارەسەرکەرەکانی گەنە و کرم و کوتانەکان و...هتد ، پزیشکی ڤێتێرنەری هەڵئەسێت بە باسکردن و دیاریکردنی دەرمانی ڤێتێرنەری بە هەمان ئەو ڕێگەیەی کە پزیشکانی گشتی دیاری ئەکەن بۆ مرۆڤ ، بەڵام کارەکەی ئەم گرنگترە ، چونکە پزیشکی ڤێتێرنەری دڵسۆز ئەم دەرمان و کوتانانە بەکارئەهێنێت بۆ پاراستنی تەندروستی ئاژەڵەکان و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکان و پاراستنی تەندروستی مرۆڤیش ئەمە گرنگیەکەی بەکارهێنانی درمان و کوتانەکانە.

٭ ئایا بەکارهێنانی هۆرمۆنەکان ڕێگەپێدراوە ؟
هۆرمۆنەکان بە شێوەیەکی ئاسایی لەشی مرۆڤ و ئاژەڵ بەرهەمی ئەهێنێت ، لەگەڵ ئەوەشدا لە لایەن لیمفەگرێکانی لەشەوە بەرهەم ئەهێنرێت و ئەگوازرێتەوە بۆ ئەندامێک یان شانەیەکی دیاریکراو بۆ بەدەستهێنانی وەڵامێک یان ئیشێکی دیاریکراو سەرەڕای ئەمەش هۆرمۆنەکان بە شێوەی پیشەسازیش بەرهەم ئەهێنرێت.
ئەکرێت ئەم هۆرمۆنانە بەکاربهێنرێت وەکو دەرمانی ڤێتێرنەری بۆ چارەسەرکردنی ئاژەڵەکان و زۆربوونی ڕێژەی پیتاندن وە هەندێ هۆرمۆن هەڵئەستن بە زۆرکردنی گەشەی ئاژەڵەکان لە بەرهەمهێنانی خۆراکدا. ئەم جۆرە هۆرمۆنانە ڕێگەپێدراوە لە ئوسترالیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ چالاککردنی گەشە ، بەڵام له وڵاتانی ئەوروپا ڕێگەپێنەدراوە و ڕێگە نادات بە هاوردەکردنی گۆشتی ئەو ئاژەڵانەی کە هۆرمۆنەکان بەکارهاتووە بۆ گەشەکردنیان.

٭ زیادکراوی ئالیک چیە ؟ ئایا ئەمەش دائەنرێت بە دەرمانی ڤێتێرنەری؟
ماددەی زیادکراوی ئالیک لە کاتی دروستکردنی ئالیک (عەلەف) دا بۆی زیادئەکرێت ، ئەمەش لەبەر زۆر هۆکار تێی ئەکرێت بۆ نموونە ، هەندێ زیادکراو بەکارئەهێرێت بۆ وەستاندنی خراپبوونی ئالیک ، وە هەندێکیان کە ڤیتامینەکانە بەکارئەهێنرێت بۆ هاندانی گەشە یان بەرزکردنەوەی بەهای خۆراکی ئالیکەکە . هەروەها هەندێ زیادکراو بەکارئەهێنرێت بۆ ڕێگەگرتن لە نەخۆش کەوتنی ئاژەڵ و پەلەوەرەکان.
لە زۆرینەی وڵاتان ئەم کارە بە پێی یاسا پۆلێن ناکرێت بە زیادکراوی خۆراکی ئەگەر دەرمانی ڤێتێرنەری بن ، هەروەکو دژە ژیانەکان بۆ هاندانی گەشە قەدەغەکراوە وەک زیادکراوی ئالیکی ئاژەڵ بەکاربهێنرت لە ترسی ئەوەی کە نەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی بەرگری میکرۆبەکان بۆ دژە ژیانەکان .
سەرەڕای قەدەغەکردنی ئەم دەرمانانە لە زۆربەی وڵاتان ،بەڵام هەندێکیان بە شێوەی نایاسایی و قاچاخ بەکاریئەهێنن.......
ساڵی ۱۹۷۰ بەریتانیا تێتراسایکلین و پەنسلینی وەک هاندەری گەشە قەدەغەکرد.
ساڵی ۱۹۸٦ سوید بەکارهێنانی هاندەری گەشەی قەدەغەکرد.
ساڵی ۱۹۹۷ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداریدا بە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی چڕی دژەبەکتریاکان بە تایبەتی وەک هاندەری گەشە.
ساڵی ۱۹۹۷ وڵاتانی ئەوروپا بەکارهێنانی دەرمانی avoparcin یان قەدەغەکرد.
ساڵی ۱۹۹۸ خاوەن ئاژەڵەکانی نەرویج خۆبەخشانە وەستان لە بەکارهێنانی هاندەرەکانی گەشە.
ساڵی ۱۹۹۹ وڵاتانی ئەوروپا ئەم دەرمانانەیان وەک هاندەری گەشە قەدەغەکرد virginiamycin , bacitracin , spiramycin and tylosin. 
ساڵی ۱۹۹۹ سویسرا هاندەری گەشەی قەدەغەکرد.
ساڵی ۲۰۰۰ دانیمارک هاندەری گەشەی قەدەغەکرد.
ساڵی ۲۰۰۰ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداریدا بە هیچ شێوەیەک دژەبەکتریاکان وەک هاندەری گەشە بەکارنەهێرێت.
ساڵی ۲۰۰٦ وڵاتانی ئەوروپا بەکارهێنانی هەموو جۆرەکانی هاندەری گەشەیان قەدەغەکرد.