لە پێناو حوکمرانییەکی باشتر

30/05/2019

كاروان عەلی شامار

بەپێی دەرەنجامی ھەڵبژاردنەکانی رابردوو پارتی دەنگەکانی ھەڵکشاوەو حەجمی ناسروشتی گەورەبووە! راستە ئەو حیزبە تەزویرێکی رێکخراوەی کردوە لێ بارتەقای ئەوەش لە پەرلەمانەوە دەسکاری زۆربەی یاساکانی کردوەو بۆ سودی خۆی تەوزیفی کردون، بەمەش ئایندەی کوردستان دەخاتە بەردەم مەترسی گەورە. لێرەیا کۆمەلێک پێشنیار دەخەینەروو بۆ گەرانەوەی شکۆی پەرلەمان و رێگری لە ھەژمونی پارتی بەسەر دامودەزگا تشریعی و تەنفیزیەکاندا ھەروەھا دانانی سنورێک بۆ قەڵەمڕەوییەکەی، یەقینم گەر حیزبەکانی تر ئیرادەیان ھەبێ و تەباو یەکڕیزبن دەتوانن پێش بەخۆسەپێنی و گەورەبون و نێرگزیەتی پارتی بگرن!

یەكەم

کۆتاکان مۆتەکەی پەرلەمان لە خولەکانی رابردوی پەرلەمانی کوردستاندا بەیاسایەک ژمارەی کورسی کۆتاکانی لە ٥ کورسیەوە کرد بە ١١ کورسی ئەم رێژەیە زۆر زیاترە بەبەراورد بە ژمارەیان، لە پەرلەمانی بەغدا ئەم پرسە بابەتی رێکخراوە، لەکۆی ٣٢٩ کورسی تەنھا ٩ کورسی بۆ کۆتاکان دانراوە بەڵام لە کوردستاندا لە کۆی ١١١ کورسی یانزەیان بۆ کۆتاکانە! لەلایەکی ترەوە کۆتاکان تا ھەنوکە نەیانتوانیوە ببنە نمایندەی راستەقینەی پێکھاتەکانیان بەلکو زیاتر وەک پارتی مامەڵەدەکەن و بۆ تێکرای پرسە ھەستیارەکان بەمیل لە راوبۆچونی ئەو حیزبە لانایەن!

دووەم

یەک بازنە بۆ فرە بازنە ھەرێمی کوردستان تا ئێستا نەیتوانیوە ھاوشێوەی بەغدا یاسای ھەڵبژاردن لە یەک بازنەوە بگۆرێ بۆ فرەبازنە. ئەم یاسایە بێدادیەکی زۆری تێدایە، ھەمیشە لەسودی ھێزە گەورەکانەو ھیچ رەچاوی ھێزە بچوکەکانی تێدا نەکراوە، بۆ نمونە پارتی لە بادینان نزیکەی ٢٨ کاندیدی گەشتونەتە پەرلەمانی کوردستان ئەگەر ھەلبژاردن یەک بازنە بوایە ئەو پارێزگایە تەنھا ئستحقاقی ١١ کورسی بوو وەک ئەوەی لە پەرلەمان عیراق بۆیدیاریکراوە!

سێیەم

سەرژمێری دانیشتوان و پاکردنەوەی لیستی دەنگدەران دەیان ساڵە نەتوانراوە لەھەرێمی کوردستاندا سەرژمێریەکی دروست ئەنجامبدرێ، بەوھۆیەشەوە سکانداڵێکی گەورە لە ئاماری دانیشتواندا ھەیە بۆ نمونە پارێزگای دھۆک بۆ ھەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ٧٧٨ ھەزار کەس دەنگیداوە بەلام پارێزگایەکی وەک سلێمانی تەنھا ملوێنێک و سەد ھەزار مافی دەنگدانی ھەبووە! لیستی دەنگدانیش خەوشێکی زۆری تێدایە بەڵگەش بۆ قسەکانم ھەزاران مردوو تا ئێستا ناویان لە لیستی دەنگداندا نەسراوەتەوەو لەبریان دەنگ دەدرێ، ئەمە سەرباری ھەزاران ئاوارەی سوری و ناوراست و خواروی عیراق کارتی نیشتیمانیان بۆ کراوەو دەنگیان پێدەدرێ!

چوارەم

لامەرکەزییەتی ئیداریی و دارایی لەھەر وڵاتێکدا لامەرکەزیەت پەیرەو نەکرا ئەوا فەسادی ئیداری و دارایی لە لوتکەدا دەبێ، بۆ ئەوەی سێکتەرەکانی نەوت و دارایی سەربەخۆ بن و لەژێر ھەژمون و مۆنۆپۆلی یەک حیزبدا نەبن، پێویستە لامەرکەزیەت پەیرەوبکرێ، گومانی تیا نیە لامەرکەزیەت ھیچ لە بەرژەوەندی حیزبدا نییەو تەواو لەبەرژەوەندی ھاونیشتیمانیە. غەدرێکی گەورەیە رۆژانە ھەزاران ھاوڵاتی تەنھا بۆ واژویەک سەدان کیلۆمەتر دەبرن بۆ گەشتنیان بەمەرکەز ئەمە سەرباری رۆتین و بیرۆکراسیەتی ئیداریی کە لەدامودەزگاکانی پایتەختدا بەرامبەر ھاونیشتیمانیانیانی ناوچەکانی تر پەیرەو دەکرێ!

پێنجەم

ھاوسەنگی ھێز لەئێستادا ناوچەکە لە ناھاوسەنگیەکی گەورەی ھێزدایە، پارتی لە دوای جیابونەوەی بزوتنەوەی گۆران توانیویەتی کۆنترۆڵی تەواوی جومگە گرنگ و ستراتیجەکانی حکومەتی ھەرێم بکا، لە ئێستایە ھیچ شت ھێندەی پارسەنگی ھێز گرنگ نییە بۆیە پێویستە سەرجەم ھێزەکان درک بەو فاکتە بکەن. وە بتوانن بەرەیەکی ھاوبەش پێکبھێنن و بەرامبەر بە پارتی بوەستن و چیدی ھەرێمەکە دەرگیری قەیرانی زیاتر نەکرێ و باڵانس و ھەژمونی تاک حیزبی لاوازکرێت.