خولانەوەی کورد لە بازنەى مێژوودا

20/06/2019

موزەفەر ئەبوبەکر


زۆرجار پرسیار لای ھاونیشتیمانان دروست دەبێت بۆچی کورد لەڕووی  سیاسیەوە بەردەوام دەگەرێتەوە چوارگۆشەی یەکەم ؟
یان بۆچی بەرھەمی خەباتی گەلەکەمان بەدڕێژای مێژوو دەوڵەتێکی کوردی بەھێزی  و تۆکمەی لێ دروست نەبووە بتوانێت خۆێ لە بەرامبەر دووژمنان و نەیارانی ڕابگرێت؟
دەپرسین ئاخۆ ئێمە شایەنی دەوڵەت نەبوین یان دوژمنەکانمان بەھێز بوون ؟
ئەم پرسیارانەو چەندین پرسیاریتر لەبیر و ھزری  تاکی کورد دروست دەبێت ئایا بەراستی میللەتی کورد نەتەوەیە یان لە قوناغی بوون بە نەتەوەیە؟
 لەسەرجەم وێستگەکانی مێژووی گەلی کورد بەردەوام لە ڕووی سیاسی و ئابوری و نەتەوەی بەرزی و نزمیمان بەخۆوە بینیوە  لەھەر قۆناغێک بە ھۆکارێک لەھۆکارەکان لەلایەن کۆلونیالیزمەکانی ئەو  قۆناغە ھەوڵی لە ناوبردنمان دراوە  وە بە تایبەت لە دوای سەدەی بیستەمدا، بەهۆی نەبوونی تێڕوانینێکی دوورمەودا وە  نەبوونی خوێندنەوەیەکی تەندروست بۆ ئەو پێشهاتە سیاسی و  و ئابووری وکۆمەڵایەتی و نەتەوەی ...... هتد وە بەھێز بوونی دووژمنانی کورد و  چاوچنۆکی و تەماحکاری نێوخۆی کەبەردەوام لەدوای لەناوبردنی دەسکەوتەکانمان بوون ، وە سەرکردەکان نەیانتوانی لەو بازنە مێژووییە دەربازیان بێت بۆ بەدیھێنانی ئامانجی ڕەوای گەلەکەمان  بەتایبەت لە سەدەی بیستەم کەساتی دابەشکردنی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بووە  لەلایەن ووڵاتانی زلھێز بۆ دابەشکردنی بەرژەوندیەکانیان کەھەڵی باش ڕێکەوت بۆکورد بەڵام  ئامادەنەبوونی کورد و بەھێزی دووژمن ھەمووشتێکی لەدەستی کورد دەرھێنا ،
گەلی کورد تەنها لە چەند وێستگەیەکی ژیانی سیاسی نەبێت یەکگرتنمان بۆتە ھەوێنی دروست بوونی دەوڵەتی کوردی و دەسکەوتی پڕ بایەخ و سەرکەوتن بەڵام ئەوانیش بەپلانی نێودەوڵەتی و ناوخۆی لەنێوبراون  هەر کاتێک کورد یەکگرتوو بووبێت بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو گیرابێت توانراوە زۆرترین دەستکەوتی بەدەستبهنرێت ، 

ئەمانەش چەند وێستگەیەکن.

*_ ئەو دەوڵەتە کوردییە لە باشووری کوردستان کە لەلایەن شێخ مەحموودی حەفید لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٢ دامەزرا و دوایی لە حوزەیرانی ساڵی ١٩٢٤ ھەڵوەشێنرایەوە،  پایتەختی ئەو دەوڵەتەش شاری سلێمانی بوو و زاراوەی سۆرانی زمانی فەرمی ئەو دەوڵەتە بوو.

*_کوردستانی سوور  وەک ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتی سۆڤیەتی پێشودا لە ساڵی ١٩٢٣ تا ١٩٢٩ دادەنرێت. زمانی سەرەکی کوردی زاراوەی کرمانجی بوو. پایتەختەکەشی شاری لاچین بووە.
*_کۆماری مەھاباد کە بە فەرمیی بە کۆماری کوردستان ناسراوەو لە کوردستانی ئێران دامەزرێنراوە لە ساڵی( ١٩٤٦)بە سەرکردایەتی پێشەوا قازی محمد دەوڵەتێکی کوردی کەم تەمەن بوو (١١)مانگی خایەند  پایتەختەکەی شاری مھاباد بووە .
*_ڕاپەڕینی ١٩٩١ یان ڕاپەڕینە مەزنەکە ن بریتیی بوو لە ڕاپەڕینێکی جەماوەریی خەڵکی باشووری کوردستان لەدژی ڕژێمی بەعس بەپاڵپشتی  پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان ، ڕاپەڕین لە ٥ی ئازاری ١٩٩١ لە شاری ڕانیەوە دەستی پێ کرد و تا ٢١ی ئازاری ١٩٩١ لەپاش ئازادکردنی کەرکووک کۆتایی ھات.

*_دروست بوونی ھەرێمی کوردستان کە ھەرێمێکی فیدراڵیی، نەتەوەیی و ئابووری ئۆتۆنۆمیە لە ناو کۆماری عێراق ،وە دروست بوونی پەرلەمان کوردستان لەساڵی ١٩٩٢بەدەستکەوتە مەزنەکانی گەلەکەمان دادەنرێت .

ئەمانە کۆمەڵێک وێستگەی میللەتەکەمان بوو کەتێدا توانیمان بەیەکگرتنمان دەستکەوتی گرینگ بەدەست بھێنین  لەگەڵ ئەوەش کلتوری یەکتر سڕینەوەی  وای کردووە کورد بەردەوام شكست بهێنێت ھەمان چارەنووس ھەمان دووژمن ھەمان خیانەتکاری ھەمان ئەنجامان ھەبێت،  ئەلبێرت ئەنشتاین ووتەیەکی زێڕینی ھەیە دەڵێت((ئەگەر بەھەمان ڕێگە بیربکەیتەوە ھەمان ئەنجامت دەبێت)) دەبێت لەوە تێبگەین لەیەکترشکاندن و خۆخۆری  ھیچ لایەکمان تێدا براوە نین بەڵکو بە پاڵپشتیکردنی یەکتر دەتوانین بگەین بەھەموو ئامانجێک

لە ئێستاشدا کورد لە "باشور" بۆتە خاوەن ھەرێمێکی دانپێدانراو وە ھەنگاو بۆ دروست بوونی دەوڵەتی کوردی دەدەین  لە "ڕۆژئاوای کوردستان" لەپاش شوڕشی بەھاری عەرەبی کورد بۆتە ھێزێکی کاریگەر تواناییان ھەیبەتی داعش تێکبشکێنن متمانەی ھێزە نێودەوڵەتیەکان بەدەست بھێنن لە ئێستادا دەسکەوتی باشیان بە دەستھێناوە بوونەتە خاوەن چەند کانتۆنێک لە باکوری سوریا وە  لە" باکوری کوردستان" ھێز میانڕەوەکان توانیویانە بەربەستەکانی ھەڵبژاردنی تورکیا ببڕن و بچنە پەرلەمان ببنە ھێزێکی کاریگەر وە لە"ڕۆژھەڵاتی کوردستان" ھەرچەند بەبەراورد بەپارچەکانی تر چاڵاکی کەمترە لەبەر ئەو گوشارەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران سەپاندوویەتی سەر کوردەکان بەڵام  لە گۆڕانکاریەکان خۆرھەڵاتی ناوەڕاست  ئێران بەردەر نیە بۆیە کوردەکان لەھەر چوار پارچەی کوردستان دەبێت لەسەر بەرنامەیەکی ھاوبەش کاربکەن بەزووترین کات کۆنگرەی نەتەوەی کورد ببەسترێت دوور لەھەموو بەرژەوەندیەک ھەر بۆیە پێویستە سوود لەئەزموونی ڕابردووی گەلەکەمان وەربگریێت بەتایبەت  حزبە دەسەڵاتدارەکان لە ھەموو پارچەکانی کوردستان بە درێژایی مێژووی دروست بوونیان بەردەوام دروشمی خیانەتیان بەڕووی یەکتری بەرزکردۆتەوە چونکه هەر لە سەرەتاوە خیانەت ھاوتەریب بە شوڕشی میللەتەکەمان ڕۆیشتووە ھێزە سیاسیە باڵادەستەکان  بەردەوام ھێزی خۆیان لەیەکتر بەتاڵکردۆتەوە دووژمنان زۆر بەئاسانی توانیویەتی درزو کەلێن بخەنە نێوانمان  ھەموو ھەوڵو ماندووبونمان لەناو بەرن  ھەزارەھا ڕۆڵەی ئەم میللەتە شەھید بوونلە پێناو ئامانجەکەمان کە دەوڵەتی کوردستانە بەڵام خیانەت ھەموو شتێکی لە ناوبردوە ھەربۆیە .
وەکو.(عبدالله پەشێو) دەلێت

کاتێک  
مێژووی  دەخوێنمەوە
بەهەردوو دەستم چاوم دەگرم
دەلێم نەکا لەشەرمانا
لەبەردەمی  دێڕێک بمرم
پەڕەی مێژووی کورد هەروایە
تا سەیری کەی شەرمی تیایە 
یازێدی خۆی فرۆشتووە
یاکورد
خودی خۆی کوشتووە

ئێستاش ھەمان میللەت لەسەر ھەمان خاک لەزەمەنێکی جیاواز ھەمان بیر ھەمان فکرە بێگومان ھەمان ئەنجامیشمان دەبێت  کورد بەمیللەتێکی مرۆڤ دۆست بەنێوبانگە بەلام لەگەڵ خودی خۆیدا بەردەوام دووژمن

بوون بەردەوام خیانەت بەردەم یەکترشکاندن  ئەمەش ھۆکاری گەلێکی ھەیە، لێرەدا بەپێویستی دەزانم ئەوە بۆ هاونیشتمانیانو حزبەسیاسیەکان  و ھەموو تاکێکی دڵسۆز ڕوونبکەمەوە  پێویستە یەکگرتوو بن بەرامبەر هەموو شتێک کەدەبێتە هۆی پەرتەوازەی چونکە لە کاتەدا ئەزموونی دیموکراسی دەگەڕێتەوە بۆ دواوە  ئێمەش بەردەوام لە بازنەی مێژوویدا دەسوڕێنەوە هەموو کات و هێزیمان لە پێناو یەکتر شكاندن و خۆ خۆریە بەکاردەھێنن.