هاوپەیمانی و دكتۆر بەرهەم وەك خۆی

06/07/2019

عوسمان گوڵپى


بەشی یەكەم

ئەوەی ئەمڕۆ من دەیكەم سبەینێ دەبێتە ڕابردووی من، بۆیە مرۆڤ بە باش و خراپەوە خاوەنی ڕابردوویەتی و گەر بۆ خۆمان نەبینە بڵندگۆی راستیەكان، ئەوا كەسانیتر كە دوورترن لەوەی ڕوویداوە دەبنە خاوەنی گێڕانەوەی ڕابردووت و هیچ كات ناتوانن وەك خۆی حەقی پێ بدەن، گەر ئەو ڕابردوە سیاسی بێت ئەوا بە چەندین ڕێگە دەبێتە قوربانی بەرژەوەندی و ڕقی ئەوەی دەیگێڕێتەوە.

هاوپەیمانی وەك قەوارەیەكی هەڵبژاردن خۆی ڕاگەیاند و چەندین كەسایەتی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئەكادیمی لە دەوری كۆبونەوە و تارادەیەكی زۆر باش بە خێرایی بوە قەوارەیەكی بەرچاوی هەڵبژاردن بە سەرۆكایەتی دكتۆر بەرهەم ساڵح ، كە ئێستا سەرۆك كۆمارە
ئەوەندەی من تێدابوم و لە نزیكەوە بەشداربوم تێیدا بەتایبەت لە ئەنجومەنی بەڕێوبردن كە بەرزترین دەسەڵاتی هاوپەیمانی بوو بە پێی پەیڕەو، هاوپەیمانی لە پێناو گۆڕانكاری جدیدا هاتە مەیدانی و لە سەرۆكەوە بۆ دامەزرێنەر و بۆ هاودیدان بە گیانی گۆرانكاری و بەردەوامیەوە كارمانكرد و بانگەشەی هەڵبژاردن و كۆبونەوەكان و خۆڕێكخستنمان بۆ زەمەنێكی كاتی نەبوو، خۆشبەختانە زۆر زوو هاوپەیمانی جێگەی گرت لەناو خەڵكدا و ئەمەش بەهۆی بونی چەندین كەسایەتی دیاری سیاسی ڕابردووی باگراوند جیاواز كە پێویستیان بە ناساندن نەبوو و بەتایبەت سەرۆكی هاوپەیمانیەكە كە دكتۆر بەرهەم بوو
ئێمە بە ورەیەكی بەرزەوە چوینە هەڵبژاردنەكان و سەركردەكانمان هەموو توانای خۆیان خستەكار و هاودیدان بە خۆبەخشانەو بێ گوێدانە ماندووبون قۆڵیان لە بانگەشە هەڵماڵی بوو و سەرۆك و سەركردە و هاودیدان شاربەشار و قەزا بەقەزا گەڕان و بانگەشەیان كرد
من بۆ یەك ساتیش هەستم بەوە نەكردوە كە بانگەشەكانمان پێچەوانەی ئەوەبوبێ كە لە پێناویدا هاتین
وێڕای ئەوەی فشارەكان و چاوەكان لەسەر هاوپەیمانی بوون و ترس لە گەورەبونی ئەم هێزە بەتەواوی دەسەڵاتی ترساندبوو.

دواجار هەڵبژاردنی عێراق لە ١٢ی پێنجی ٢٠١٨ ئەنجام درا، ئەوەی نەدەبوو ڕووبدا لە هەڵبژاردن ڕوویدا و هەرچی سندوق بوو بونە نوكتە و هەڵبژاردن بوە گاڵتەو گەپی گەنج و پیر، عێراق بوە وڵاتی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردن و ئەوەی بێ نرخ كرا دەنگی خەڵك بوو و هاوپەیمانی وێڕای ئەوەی كە زەربەی گەورەی تەزویری بەركەوت بەڵام ١٢٣٠٠٠ دەنگی هێنا ، ئەوكات یەكیەتی گەورەبونی هاوپەیمانی بە بچوك بونەوەی خۆی دەزانی و ئەمەش ڕێگاكەی هاوپەیمانی قورستركردبوو وەك چۆن ئەم قسەیە بۆ ٢٠٠٩ی گۆڕانیش ڕاستە
عێراق لەدوای هەڵبژاردن بوە فەوزا و كۆمسیۆن تۆمەتبار كراو و داننرا بەتەزویردا و چەندین سیناریۆ گوزەریكرد دیارترینیان سوتاندنی سندوقەكانی بەغداد .
بەتەنیشت تەزویر و هەڵای ئیعلامی و ڕێكاری دادگاو پەرلەمان و كۆمسیۆنەوە چەندین هەنگاو و دیداری سیاسی تێپەڕین.

لە هەرێمی كوردستان دەنگی حیزبە دەنگ دزراوەكان یەكی گرت بەڵام بەكەمترین هەڵوێست و دڵسافیەوە، ئەتوانم بڵێم تەنها لە سەر مێزەكە یەك دەنگ و لە كۆبونەوەدا یەك هەڵوێست لە دەرەوەی هۆڵەكانی كۆبونەوەش هەریەك بە ئاراستەیەك و پەرتەوازەیی زیاتر بوو كە بێگومان ڕابردووی پڕ ناكۆكی سەركردەكان و رقی ڕابردوویان كاریگەری تەواوی لەسەر هەبوو ، هەرچەند دۆخی ناوچەكە بە جۆرێك بوو كە ڕەنگە هیچی لێ نەگۆڕیایە چونكە ئیرادەیەكی دەرەكی هەبوو بۆ ئەوەی وڵات و هەڵبژاردن و تەزویر بە ئاراستەدا بڕوات.
لەو كاتەداو دوای هەڵبژاردنەكان هاوپەیمانی زۆرترین قسەی لەبارەوە كرا و لە نێوخۆشدا ئەو ئیرادە و بەورەییەی جاران نەما و بێ هیوای ڕووی كردە هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵات و هاوپەیمانی لە هەموان زیاتر بێ هیوایی باڵی بەسەردا كێشا چونكە لە هەموان زیاتر هیوای بەخشی و بە گڕوتینتربوو.
ئەوەشی هاوپەیمانی توشی سەدمەكرد ئەوەبوو كە نەهاتبوو بۆ ئەوەی دوكانی سیاسی بێت بەڵكو پەیام و ئامانج و هەنگاوی گەورەی هەڵگرتبوو، بۆیە زەرەرمەندی یەكەم هاوپەیمانی بوو وە كاریگەری لەسەر ئەویش زیاتر بوو.
دكتۆر بەرهەم كە سەرۆكی هاوپەیمانی بوو بە حوكمی ئەوەی پەیوەندیەكانی فراوان بون و بە پێگەی سیاسی باڵای جیاوازدا تێپەڕی بوو بوبوە سەنتەری دیدارەكان و زۆرترین ئاگایی لە دۆخی دوای تەزویرەكان هەبوو و لەوە تێگەشت كە ئیرادەی تێپەڕاندن و قبوڵكردنی تەزویر بەهێزە و وڵاتانیش دەیانەوێت عێراق لێكەوتەكانی هەڵبژاردن تێپەڕێنێ

لەوە تێگەشتین ئیرادەیەكی دەرەكی دەیەوێ عێراق بۆ دۆخێكیتر ئامادەبكات كە هەڵبژاردن كەمترین ڕۆڵی هەبێت و ڕێكەوتنی وڵاتان زۆرترین، عێراق و دەنگی عێراقیەكان نەبنە حكومڕانی وڵات بەڵكو ڕێككەوتن و بەرژەوەندی ئەوان دەبێت جێ بگرێت و واش دەرچوو.

ئەمە بۆ هاوپەیمانی زۆر قورس بوو بەتایبەت دوای چەند مانگێ ڕووبەڕووی هەڵبژاردنی كوردستان دەبوینەوە كە زۆر ئەستەم بوو بەو دۆخە سیاسیەوە سەركەوتن بەدەست بهاتایە لە كاتێكدا دۆخی دارایی هاوپەیمانی زۆر خراپ بوو هەرچی هەبوو كە سەرچاوەی پەیداكردنی سەرۆكی هاوپەیمانی بوو لە هەڵبژاردنی عێراق سەرف كراو و بۆ دواتر  كێشەی پەیداكردنی سەرچاوەی دارایش سەری هەڵدا، هیچ لە دۆخەكە نەگۆڕابوو و ئیرادەی تەزویر سەركەوتوو و هاوڵاتیان ئەوەندەیتر بێ هیوا بون و دەسەڵاتیش هیوای زیاتری پەیدا كرد بۆ  بەهێزتركردنی پێگەی خۆی.

بۆیە لە نێوان بێ هیوایی هاوڵاتیان و شكستی هەڵبژاردن و لاوازبونی ئیرادەی گۆڕانكاریدا مابوینەوە و گفتوگۆ دەكرا و نامەوێ بیشارمەوە لای هەندێك كەسی ناو هاوپەیمانی باوەڕی تەواو هەبوو كە شكستمان خواردلەم هەنگاوە و هۆكارەكان زۆربون و گرنگترینیان دۆخێكی سیاسیە كە هێزی مەدەنی تێیدا بێ پشتیوانی ناوخۆی و دەرەكی مایەوە و هاوپەیمانیش بە تێپەڕین بەم دۆخەدا ناگاتە ئامانجەكانی.
لە لایەكی تریشەوە ئیرادەیەك هەبوو كە پێی وابوو ئەم دۆخە تێدەپەڕێت و دەبێت ببینە بەشێك لە ڕێككەوتنەكان و ڕۆژەكان بەم جۆرە گفتوگۆیانەدا تێدەپەڕین و بێ هیوای خەڵكیش زیاتر دەبوو و هاودیدانیش لە نێوان هیوای بەرلە هەڵبژاردن و بێ هیوای دوای هەڵبژاردن و كەمی زانیاریەوە دامابوون.
دواجار مقۆمقۆی سەرۆك كۆماری دروست بوو لە میدیا و لە نێو هاوپەیمانیشدا بوە جێگای قسە و گفتوگۆی ناو كۆبونەوەكان.

چۆن و كێ پشتیوانی بون بە سەرۆك كۆماری دكتۆری دەكرد؟
هاوپەیمانی چۆن ئەو دۆخەی تێپەڕاند؟
ئایا كۆدەنگی لەسەربوو؟
بایكۆت چۆن كراو كێ لۆبی بۆكرد؟
چۆن د بەرهەم دەستلەكار كێشانەوەی ئاراستەی ئەنجومەنی بەڕێوبردن كرد؟ ئەو ڕۆژانە چۆن تێپەڕین لە نێوخۆی هاوپەیمانی؟
بۆ بەشی دوەمی نوسینەكە


عوسمان گوڵپی
ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوبردنی هاوپەیمانی / پێشوو
ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی نیشتیمانی / ئێستا