پرۆژە و چالاکی لە پێناو گۆڕانکاری نەک دروستکردنی ئایکۆن (منە باڵاکان)

22/08/2019

ئازەر عوسمان

بارودۆخ و پێشکەوتنەکان وای کردووە لە ئێستادا گۆڕانکارییەکان ببینین هەروەها بەرکەوتەو هەستکردن بە لێپرسراوێتییش تا ڕادەیەک وەرچەرخانێکی باشی بە خۆوە بینیوە.

لە تەواوی پلاتفۆرمەکانی میدیا و لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵ ڕۆژانە چالاکی و گرتەی جۆراو جۆر دەبینین لە بەرامبەر هەستی لێپرسراوێتی بە ژینگە و تەندروستی و پەروەردە و کولتور و خزمەتگوزاری و زۆربەی بابەتەکان، پێشکەوتنێکی بەرچاو و خاڵی دڵخۆشکەر دێنێتە ئاراوە لەو گۆڕانکاریانەی کە دروست بووە گەرچی بە بەراورد لە ساڵانی رابردوو ئەمانە خەون بوون و لە چوارچێوەی کۆمەڵێک پرۆژەو کاری ڕێکخراوەیی و گروپە خۆبەخشەکاندا دەکران نەوەک ببێتە خەمێکی گشتی.

پرسیارە سەرەکییەکە لێرەوە دەست پێدەکات: ئەم دروست بوونانە پێویستی بە بەردەوامی هەیە، پێویستی بە دروستبونێکە لە ناوماندا ئەمەش بەلەبەر کردن و قبوڵکردنی ئەو ڕاستییەی کە چیتر هەریەک لەم بابەتانە بابەتی ژیان و مانەوەن و داهاتووی نزیکیش لە دەست ئەم لێپرسراوێتییەی ئێمەیە.

بۆ نیشاندانی ئەم ڕاستییەش و لەبەرکردنی ئەم راستییە ئەبێت بێ سڵەمینەوە کێشەکان نیشان بدەین، ڕیسێرچەکانمان چر بن، داتای بەردەوام و گەڕانەکانمان دەرخەری ئەو ڕاستییە بن. لە شوێنی ڕووداوەکاندا بین، بپرسین، سەرچاوەکان دەرخەین و کێشەکان بخەینە روو داتاکان بکەین بە وێنە، بەڵام داتاکانی خۆمان، ئەوانەی لە دەورمانن و ڕۆژانە ئەیبینین چونکە ئەوە بابەتی ئێمەیە لەسەری چر بینەوە.

ئەوەی لە نێوەندی ئێمەدا دەبینرێت و بۆ من کێشەیە و بابەتی بوون نیشان نادات، تاکەکان هەموو هەوڵەدەن ببنە ئایکۆن، ئەیانەویت لەسەر هەموو شاشەیەک بن، لەسەر ڕووکاری هەموو ڕۆژنامەو گۆڤارێک بن، ئەویش گرنگە بەڵام ئەی کوا داتا کوا گەڕانی راستی و دەرخەری کێشەی کارەکان، ئێ ئەم بوون بە ئایکۆنە ماوەیەکە و لەگەڵ دەستکەوتنی بودجەیەک یاخود پرۆژەیەک و پاشاخانێک بۆ تاکاکە دروست دەکات و دواتر ئەو دەر ئەنجامە ڕوودەدات کە ئێستا هەیە چالاکوان نەما، پرۆژەی کاریگەر نەما، بەدواداچوون نەما، هونەرمەندی لە قاڵبدراوی بەرهەمهێنا، ڕێکخراو و گروپی بەرژەوەندی خوازی زیادکرد.

بۆ؟؟ چونکە ئەوان بوون بە پاڵەوان هەرکەسەو بە پلەیەک و پێگەیەک.

Iconic ئایکۆنیک (ئایکۆن) چییە؟
لە وەرگێرانە سادەکەیدا بە واتای کەسێکی ناودار و دەرکەوتوو، بە تایبەت کە خاوەن بیروبۆچونێکی تایبەت و هەڵگری کۆنسێپتێکی تایبەتی خۆی بێت.

ئایا ئەم پێناسەیە لەبەری چ تاکێکدا ئەبینینەوە لەم ناوچانەی خۆماندا یان چی گروپ و کۆمەڵێک؟ با نەڵیین هەمووی بەلام زۆرینەی ئەم ناوچانەی ئێمە دروسکراوێکن پر بە پری سیستەمی خۆمان و  چوارچێوەیەکی دیاریکراو لە بیرکردنەوەو پرۆژەن، لەپاڵ ئەمەشدا کۆمەڵگایەکی پاسیڤمان بەرهەمهێناوە چونکە وا پێویست ئەکات بۆ گونجان لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا، خۆ ئەگەر ئاماژەیەکی میتۆدیش هەبێت و هەوڵێک بۆ دروستکردنی ئەلتەرناتیڤێک بدرێت لە نێوکۆیەکی پلاندارێژراوی پلاتفۆرمە میدیاییە نا پیشەییەکاندا نیشانەی پرسیاری لەسەر دادەنرێت.

بە پێویستیم زانی لەسەر خاڵەنوێکانی ئێستا و پرسیار لەوەی لە کوێداین نموونەیەک بهێنمەوە وەک (یۆڤال نوح هەراری لە بابەتی ژیانی مرۆڤەکان لە ساڵی ٢٠٥٠دا دەڵێت:

"*لە ئەنیمەیشنی (لەناو دەرەوەدا - inside out) زۆر دوورن لەوەی بچنەوە سەرخۆیان و خۆیان بناسن. ئەو دەمەی ھەوڵدەدەن گوێ لەخۆیان ڕاگرن، بەسادەیی دەکەونە داوی فریوەکانی جیھانی دەرەوە. ئەو دەنگەی کە لەنێو سەرماندا دێتە بەرگوێ، ھیچکات مایەی دڵنیایی نیە. چونکە ھەمیشە دەنگدانەوەی پاگەندە دەوڵەتییەکان و مێشک شۆردنەوە ئایدۆلۆژییەکان و پەیامە ڕیکلامییەکان لەسەرمان دا دەزرینگێنەوە و ئێستاش پرسی دەستکارییە (بایۆکیمیکاڵ جیناتی)یەكانی مێشکمان زیادیکردووە. ھەرچەندە بایۆتەکنیک و پرۆسەی فێربوونی ئامێرەکان گەشەبکەن، دەستکاریکردنی قوڵترین ھەست و سۆز و ھەیەجانەکانی خەڵکی ئاسانتردەبێت و سەرئەنجام شوێنکەوتنی خواستی خۆت (گەر خواستی خۆت بن) مەترسیدارتر دەبێت".

*(یۆڤال نوح هەراری  - ژیانی مرۆڤەکان لە ساڵی ٢٠٥٠دا، وەرگێرانی: وریا ئەحمەد