ئیدلب و داهاتووی سوریا

05/09/2019

نەزمی گور

ئیدلب لە دەسپێکی شەڕی سوریاوە بووەتە مۆڵگەی جیهادیەکان. ئێستا ڕژێمی سوریا بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی شاره‌كه‌ بە پشتگیری ڕووسیا لە پێشڕەویدایە. ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ئیدلب جارێکی دیکە خەریکە دەبێتە هۆی قەیرانێکی مرۆیی. ئێمە کەمتر ئاگاداری ڕەوشی ناوخۆی ئەو پارێزگایەین، بەڵام ئەگەر تێبینی بکەین دەبینین ژمارەیەکی زۆر گروپ هه‌ن پڕچەککراون و دژی یەکتر لەسەنگەردان، ئەمەش ڕەوشی مەترسیداری ئیدلیبمان بۆ دەردەخات. ڕێگەی دەرچوونی ملیۆنان کەسی مەدەنیش تەنها تورکیایە.

ئەگەر ئێمە سەرنجی ڕێککەوتنه‌كانی ئەستانه‌ و سووچی بدەین ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، ئیدلب کرا بە قوربانی حەلەب. بەرپرسیاری دۆخی مەترسیداری ئیدلب و قەیرانی مرۆیی، ئەوانەن کە فرمێسکی تیمساحیان بۆ حەلەب دەڕشت.

حکومەتی تورکیا کە لە ئیدلب خاڵی چاودێری دروستکردبوو، نەیتوانی درێژە بە هەژموونی خۆی بدات. خاڵەکانی ڕێککەوتنی سووچیی جێبەجێ نەکرد و بەردەوام یاری بە کات کرد. ڕووسیاش بە ئاشکرا و بە نهێنی زۆر جار هۆشداری دایە تورکیا کە دەبێت ڕێککەوتنەکە جێبەجێبکات.

لەئێستادا پێویستە تورکیا خاڵەكانی چاودێریی چۆڵبکات. لەلایەکی دیکەوه‌ شاره‌كه‌ ڕووبەڕووی قەیرانی مرۆیی دەبێتەوە و ملیۆنان کەس بەرەو سنوورەکانی کۆچ دەکەن. تورکیا گەیشووەتەوە کۆتایی ڕێگا. هێزە دەرەکییەکانیش کە بۆ بەرژەوەندی خۆیان لە سوریان، ناتوانن ڕێگەچارەیەک بدۆزنەوە.

وڵاتانی ئەوروپا دەترسن شەپۆلێکی دیکەی پەنابەران ڕوو لە وڵاتەکانیان بکات. تورکیاش شەپۆلی پەنابەرانی وەک مەترسیەک لەسەر ئاسایشی نەتەوه‌یی وڵاتەکەی لەقەڵەمداوە. هێرشەکەی ئەم دواییەی ڕووسیا و سوریا بۆ سەر هەندێک ناوچەی ئیدلب، هاوکێشەکانی گۆڕیوە. بەهۆی ئەوەوە ئەردۆغان لە ٢٩ی ئابدا سەردانی ڕووسیای کرد و لەگەڵ پوتین کۆبووەوە. دواتر سوریا ئاگربەستی یەکلایەنەی ڕاگەیاند، بەڵام نازانرێت تورکیا کە خەریکی چۆڵکردنی خاڵە چاودێرییەکانی ئیدلبە چ ئیمتیازێکی بە ڕووسیا داوە.

لەئێستادا تورکیا ئەگەری شەپۆلێکی دیکەی پەنابەرانی سوریا بەرەو ئەوروپا وەک کارتێکی فشار لەدژی ڕۆژئاوا بەکاردەهێنێت. گۆرانکاریەکانی ئیدلب بوونەتە هۆی ئەوەی تورکیا لە باکوور و ڕۆژئاوای سوریا  لە ئەمریکا نزیکببێتەوە. لەکاتێکدا کە هێڵەکان یەکلایی دەبنەوە، ڕووسیا هێرشەکانی لە ئیدلب زیاتر دەکات و دەیەوێت هۆشداریەکی بچووک بە تورکیا بدات.

شەڕی هەشت ساڵەی سوریا کە بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێت، خەریکە لە ئیدلب قەتیس دەبێت. ئیدلب بەهۆی داگیرکردنی عەفرین و جەرابلوس و عەزاز و ئەلباب لەلایەن تورکیاوە کەوتە ئەم دۆخەوە. ئەو هێزانەن کە رێککەوتنەکانی سوچی و ئاستانەیان لەو پارێزگایە جێبەجێکرد، بەرپرسیاری دۆخی ئیدلب و قەیرانی مرۆیین. تورکیاش بەهۆی فۆبیای کوردەوە لەو سیاسەتەوە گلاوە.

تورکیا لەسەرەتاوە بەشێک بووە لە یاریەکانی ڕووسیا و لەبەرامبەر داگیرکردنی عەفرین لە غۆتەی ڕۆژئاوا کشایەوە. لەگەڵ ڕووسیادا رێککەوت ئیدلب بکاتە پەناگە بۆ گرووپە جیهادیەکان. هەموو کەس و لایەک دەزانن، ئیدلب کۆتایی ڕێگەکەیە. ئەمریکاش لە ئیدلب پەناگەی گرووپەکانی سەر بە قاعیدەی بۆردومانکرد. هێرشەکەی ئەمریکا بەدڵنیاییەوە بە ئاگاداری رووسیا ئەنجامدراوە. وادەردەکەوێت لایەنەکان لەسەر لەناوبردن یان هەڵوەشاندنی گروپە جیهادیەکان رێککەوتبن.

قەیرانی ئیدلب بووەتە قەیرانێکی مرۆیی. هێزەکانی ڕژێمی سوریا بە هاوکاری ڕووسیا شارۆچکەی خان شه‌یخوون و مورەکیان کۆنترۆڵکرد و بەمەش هەوڵی کۆنترۆڵکردنی هەموو دەروازەکانی ئیدلب دەدەن. ڕژێم بڕیاری کۆنترۆڵکردنی ئیدلبی داوە. بیانووی وڵاتانی ڕۆژئاوا و تورکیا بە تەنها دروستبوونی شەپۆلێکی دیکەی پەنابەرانە. چۆنیەتی دەستپێکردنی پرۆسەی لەناوبردنی گروپە چەکدارەکان، گەورەترین هەڕەشە لە خەڵکی مەدەنی دەکات. لەئێستادا ئاگربەست هەیە. ئیدی ڕێککەوتنەکانی سووچی و ئاستانه‌ش کاریان پێناکرێت و پێویستە بەدوای چارەسەریەکی دیکەدا بگەڕێن.

پێویستە ئەزموونی باکووری سوریا وەک چارەسەری قەیرانی سوریا ببینرێت. گەلانی سوریا و هێزە دیموکراتەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چارەسەریان دۆزیوەتەوە. هێزەکانی سوریای دیموکرات شەڕی داعشیان کرد و ئاسایش و ئارامییان لە باکوور و ڕۆژئاوای سوریا بەرقەڕارکرد.

دوای کردنەوەی گرێ کوێرەی ئیدلب، دەست بە چارەسەرێکی ئاشتیانە و پێڤاژووی جنێڤ دەکرێت و هێڵی سێیەم کە ئەزموونی گەلی کورد و هەسەدەیە، بۆ هەموو سوریا دەبێتە نموونە و چارەسەری.

سەرچاوە: یەنی ئوزگور- پۆلیتیکا