سەركردە و شوێنكەوتە ؟

16/09/2019

ئاڤێستا كەمال


سەرکردەکان چەندین جۆر و چەشنن ، بەڵام دوو مۆدێلی سەرەکییان هەیە ، مۆدێلی یەکەم ئەو مۆدێلەی"سەرکردەیە"، کەخۆی سەنتەرە و مافی بڕیاردان و بیرکردنەوەی هەیە بۆئەمەش پێویستی بە کۆیلە هەیە ، هەر لەمەشەوە پێویستە سەرەتا  کۆمەڵە پرسیارێک بکەین ، کە بە کۆیلەکردنی ئەوانی دی لە  چ بنچینەیەکەوە سەرهەڵدەدات؟ ئایا" سەرکردەکان" ئەوەندە ستەمکارن وا دەکەن ژێردەستەکانیان چەوساوەبن؟ یاخود ئەوە ژێردەستەکانن بە ملکەچکردن هێزێکی بێسنووردەبەخشن بە تاکێک؟ و ئیتر پێیان وایە ئەو دەتوانێت لەبری ئەمانیش بیربکاتەوە ، خۆ هەرکامێکیان بێت لەوەوە دێت ، کە عەقڵ  غیابی هەیە و ئەوەش ئەوکەلێنەیە ، کە بەرژەوەندیخواز دەتوانێت لێوەی بچێتە ژوورەوە و گەمەکانی تێدابکات ، چونکە ئامرازی گفتوگۆ نامێنێت ، کە تێیدا دوو کەس لەسەربنەمای عەقڵ دەکەونە گۆڕینەوەی بیروڕاکان "سەرکردە"پێی وایە ئەم عەقڵی ڕەهایە و خوارتر لە خۆی ناتوانێت بگاتە پلەی کەماڵی ئەم  ، چونکە گەر بیتوانیایە ئەوا ئەویش دەبوو سەرکردە خۆ ئەگەر ئەو جۆرە ئەقڵەشیان تێدا بەدیبکات ئەو دەبێت زوو بیپێچێتەوە بۆی شوێنی خۆی و بەرژەوەندییەکانی پارێزراوبن لەمەشەوە پڕۆسەی گەوجاندن و ژێردەستەکردن دەستپێدەکات ، چونکە "سەرکردەکان" وەک مێگەل لە خەڵکی دەڕوانن ، کە توانای بڕیاردان و تێگەیشتنیان نییە ، ئەم خوێندنەوەیەش ڕاستە هەتا ئەوکاتەی خەڵک ملکەچ بن و وشیار نەبووبێتنەوە ، بەڵام لەگەڵ زەنگی وشیاربوونەوەدا "سەرکردە" هیچی لێنامێنێتەوە و بە موقەدەس زانینی دەکەوێتە ژێر دادگای کردنی خەڵکەوە و باجی ئەو دادگایکردنەش زۆر سەختە بۆ شایەتی ئەمەش دەتوانرێت لە مێژوودا بە هەزارەها نموونەی بۆ بهێنرێتەوە ، کە تێیدا "سەرکردە" تەنها مرۆڤێکە و فرسەتێکی بۆ هەڵکەوتوە و لە کۆتایی ڕێگاکەدا فرسەتەکەی لەدەستدەدات و ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها گەلەکانە.

لەبەرانبەر ئەم مۆدێلەدا مۆدێلی سەرکردەیەک هەیە ، کە دەشێت بیرمەند بێت یاخود ، کەسێک بێت کە بەدوای هەقیقەتی چ ژیانێک چاکە بۆ هەموانەوە بێت ، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئەم مۆدێلە کەمن و بە دەگمەن سەرهەڵدەدەن ، چونکە کەمن ئەوانەی دوای گەیشتن بە ناسینی خود و بەیانبوونی ڕاستییەکان باوەڕیان بەوە بمێنێت ، کە ژیانی سیاسی هەڵبژێرن بەتایبەت لەم سەردەمەدا ، کە چاکەی گشتی تەنگی پێهەڵچنراوە و بوونێکی ئەوتۆی نەماوە ، ئەم مۆدێلە لە سەرکردە  لای ڕوونە ، کە هەر شتێک بکات بۆ چاکەی گشتی بە چاکەی تایبەتی خۆی دەناسرێت بەڵام پێچەوانەی ئەم هاوکێشەیە ناڕەوایەتیی کردنە بەرانبەر گشت و خۆ واتا ناکرێت چاکەی تایبەتی سەرکردە ببێتە چاکەی گشتی و هەموو خەڵک لێی سوودمەندبن ، هەربۆیە ئەم جۆرە لەسەرکردە هەمیشە ژیانی لەبەردەم مەترسیدادەبێت ، چونکە ئەو بەردەوام لەژێر هەڕەشەیەکی توندی ئەواندادەبێت ، کە توانای دایەلۆگیان نییە و لە دۆخێکی چەقبەستوودان و  ناتوانن بیربکەنەوە

دكتۆرە ئاڤێستا كمال