ناوەڕۆكی ستراتیژە ٥ ساڵییەكەی ترەمپ بۆ گۆڕینی ناوچەكە و جیهان

30/09/2019

سەنگەر سەیدقادر

ئێران دوای زیاتر لە دوو ساڵ ململانێ لەگەڵ ئەمەریكادا نەرمی نواند و حەسن ڕوحانی ڕایگەیاند ئامادەن گۆڕانكاری لە ناوەڕۆكی ڕێكەوتنی ئەتۆمیدا بكەن. بە چەند مەرجێك:

١-  سەرەتا ئەمەریكا سزاكانی سەر ئێران سوك بكات

٢-  گۆڕانكارییەكان لە ڕێكەوتنەكەی ساڵی ٢٠١٥ بكرێت و ناوی ڕێكەوتنی نوێی لێنەنرێت

٣- ڕێكەوتننامەی ئەتۆمی لەلایەن كۆنگرێسی ئەمەریكاوە پەسەند بكرێت نەك بە تەنها دۆناڵد ترەمپ

هۆكاری ئەم نەرمی نواندنەی ئێران و ئەو دەستپێشخەرییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لەلایەك ئابوری ئێران توانای خۆڕاگری نەماوە و لەلایەكی ترەوە پەیوەستە بە ستراتیژە نوێیەكەی ترەمپەوە بۆ بۆ ناوچەكە و جیهان كە بۆ ڕێگری لە مەترسی چین ئەمەریكا ستراتیژێكی ٥ ساڵەی داڕشتووە و بۆ گرەنتی كردنی پاراستنی هەیمەنەی ئەمەریكا بە سەر جیهان و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كە دەكرێت ئەو ستراتیژە لە چەند خاڵێكدا كورت بكەینەوە:

١_بەردەوامی فشارە ئابورییەكان بۆسەر ئێران و ئەگەر كرا ڕێكەوتنێكی كاتی تا دوای هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا ئەنجامبدرێت.

٢_ لاواز كردن و لەناو بردنی گروپە چەكدارە شیعەكانی هاوپەیمانی ئێران لە عێراق و سوریا و لوبنان.

٣_  دوورخستنەوەی حوسیەكان لە بەرەی ئێران و خزاندنیان بە ئاراستەی ئەمەریكا

٤_ خستەبواری جێبەجێكردنی پرۆژەی ڕێكەوتنی سەدەی تایبەت بە چارەسەركردنی كێشەی ئیسرائیل _ فەلەستین، ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل.

٥_  گۆڕانكاری لە توركیا و لەناوبردنی هاوپەیمانێتی ئایندەی دەسەڵاتی ئیسلامی ( عومران خان و مەهاتیر محمد و ڕەجەب تەیب ئەردۆگان)

٦_ كۆتاییهێنان یان لاواز كردنی دەسەڵاتی ئیخوان موسلیمن لە ناوچەكەدا

٧_ چارەسەكردنی كێشەی كۆریایی باكور و ڕێگری كردن لە گۆڕانكاری لە دەستوری یاباندا بۆ دەرنەچوون لە ڕێكەوتننامەی ئەمنی ساڵی ١٩٤٤ كە لە دەستور چەسپێنراوە.

٨_ ڕووخاندنی ئێران یا خود گۆڕانكاری لە دەسەڵات و سیستەمی سیاسیدا

٩_ گەمارۆدانی چین و لاوازكردنی ئەو وڵاتە لە ڕێگای بەكارهێنانی چەكی كەمایەتییەكانی ئیگۆر و تبتیەكان و هۆنگ كۆنگ و تایوانەوە، بەكار هێنانی چەكی ئیسلامی جیهادی دژی چین

١٠_ داڕماندنی  ئابوری ڕوسیا لە ڕێگەی بەكارهێنانی چەكی ئابوری و كەمە نەتەوایەتییەكان

١١_  لەسەر ئاستی ناوچەكەدا گۆڕانكاری گرنگ لە سعودیە و میسر و عێراق  و سوریا و لیبیا و جەزائیر و تونس و یەمەن و سودان و مالی و كینیا و نەیجیریا ڕوودەدات

ئامانجی ستراتیژە نوێیەكەی ترەمپ تەنها پەیوەست نیە بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەڵكو چوارچێوەیەكی فراوانی جیهانی هەیە كە دەكرێت لە چەند خاڵێكدا كورتی بكەینەوە:

١_ گرەنتی كردن و پاراستنی هەیمەنە و هێزی ئەمەریكا لە ڕووی سەربازی و ئابورییەوە بەسەر جیهاندا

٢_  ڕێگریكردن لە گەشەسەندنە ئابورییە خێراكەی چین كە سەدا٦% تێپەڕاندوە لە بەرامبەردا گەشەی ئابوری ئەمەریكا تەنها سەدا٢.١%  سەرەڕای قەرزەكانی كە ١٩ ترلیۆنی تێپەڕاندوە ئەگەر بەم شێوەی ئێستا بەردەوامبێت تا ساڵی ٢٠٣٠ ئابوری چین دەبێت بە بەهیزترین ئابوری جیهان


٣_  پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل بە جۆرێك كە ببێتە جێگرەوەی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا


٤_ گرەنتی كردنی  ئاسایشی وزە و ڕێڕەوە ئاوییەكان

ئێران لە ناوەڕۆكی ستراتیژەكەی ترەمپ ئاگادارە بۆیە دەیەوێت ڕێكەوتنەكە بكات بە ڕێكەوتنێكی گرەنتیكراو لە ڕێگای گۆنگرێسەوە بەوەش ترەمپ ناتوانێت پەڵك و بیانو بۆ هەڵوەشاندنەوەی بهێنێتەوە.

بەڵام ترەمپ لە هیچ دۆخێكدا بەو دەستپێشخەریە نوێیەی ئێران ڕازی نابێت و كێشەی ئێران و بەم شێوەی ئێستای بەردەوام دەبێت تا دوای هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی  ئەمەریكا. تەنها لە دۆخێكدا ئەم ستراتیژەی ترەمپ لە پرسی ئێراندا گۆڕانكاری بەسەردا دێت، ئەگەر ئێران هێرش بكاتە سەر بنكەیەكی سەربازی ئەمەریكی،  ئەوكات ترەمپ دەكەوێتە بەردەم دۆخێكی نوێ و ناچارە هێرشی سەربازی بكاتە سەر ئێران.