ئەمریکا فریادڕەسە یان بازرگان؟

10/10/2019

عومەر عەبدول

دوای ڕوخانی بلۆکی ڕۆژهەڵات و هەڵوەشانەوەی سۆڤیەتی جاران، ئەمریکا بە تەواوی شوێن پێی خۆی وەک زلهێزی نمرە یەک قایم کردو لەهەردوو ڕەهەندی سیاسی و سەربازیەوە سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە .
بەردەوام ئەمریکا ئەم سیاسەتە بەردەوامی پێ دەدات و لە چەن دەیەی رابردوودا، بە ئاشکرا ئەمریکیەکان جارێک وەک پاڵەوان و جارێک وەک فردیاڕەس لەگۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا ڕۆڵیان بینیوە و دەیبینن.

لەدوای هەڵبژاردنی (دۆناڵد ترەمپ) بەسەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ، سیاسەتی ئەم زلهێزە جۆرێک لە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و وەک جاران ململانێ سیاسیەکان لەسەدا سەد بە کاری سیاسی یەکلایی نابنەوە، بەڵکو ئێستا زمانی بازرگانیش لە وتاری سیاسی ترامپ و ئیدارەکەیدا بەبەتێکی دیاری سیاسەتی ئەمریکیەکانە و نایشارنەوە کە ئەوان بە بێ لەبەرچاو گرتنی لۆژیکی قازانج و زیان ئامادە نین لە هیچ ململانێیەدا قوربانی بدەن.

ئەمەش بە ئاشکرا لە تویتێکی ترامپدا لە هەمبەر ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا ڕاگەنرا و نەیشاردەوە، کە ئەوان بە پارە و چەک کوردیان بەکار هێناوە لە شەڕی دژی داعشدا و زیاتر وەک بابەتێکی بازرگانی لێدوانی لەبارەوە دا.
ئەم جۆرە لۆژیکە ئەگەر لە سیاسەتی پێشوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بەشاراوەیی هەبوبێت ، ئەوا لە ئێستادا بەئاشکرا دەوترێت و ئەمەش ئەو هاوکێشەیە پێچەوانە دەکاتەوە کە ئەمریکیەکان فریاد ڕەسی گەل نەتەوە بندەستەکانن و ڕزگاریان دەکەن لەدەست ستەمی دیکتاتۆرەکان، به‌ڵکو سیاسەتی ئێستای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرگریە لە ئامانجە باڵاکانی و ئابوریە بەهێزەکەی  و هەر کەس پێی خۆشە دەتوانێ بێتە مەیدان و تەقەی مامەڵەی بێت.

من پێم وایە ئەم سیاسەتە نوێیەی ئەمریکا زیانی گەورە بە ئاسایشی نیشتیمانی ئەو وڵاتە دەگەیەنێت و نە ئەنجومەنی پیران و نە ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکاش بەم سیاسەتە ڕازی نین .
ئەوەی لە سەر زاری وتەبێژەکانی کۆشکی سپیەوە بەرگوێمان کەوت ئەو ڕاستیە دەسەلمێنن، کە ئەوان بە هیچ شێوەیەک بەم سیاسەتەی ترامپ ڕازی نین و نایانەوێ دۆستەکانیان بێ منەت بکەن، چونکە هاوکێشەکان تا ئێستا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ئەو دەستوەردانانەی ئەمریکا بە باشی شکاوەتەوە و نایانەوێت هاوکێشەکە گۆڕانی بەسەردا بێت.

بەتایبەت ئێستا کە ئەمریکا لە لوتکەدایە و هەژموونی بەسەر تەواوی جیهاندا هەیە.

هەندێ لە لێکۆلەران لەو باوەڕەدان کە ئەم بابەتە زیاتر پەیوەندی بە کەسێتی و ڕابردوی ترامپەوە هەیە کە ئەم پیاوە پێش ئەوەی ببێتە سەرۆکی ئەمریکا زیاتر لەناو کاری بزنس و بازرگانیدا بوە و ئێستاش ناتوانێ ئەو لایەنە فەرامۆش بکات.
 بۆیە ڕەنگە ئەم هەڵوێستانەی ترامپ لە داهاتودا زیانی گەورە لە هەژمونی ئەمریکیەکان بدات و پێگەو رۆڵی سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانیش بخاتە بەردەم پرسیاری گەورە، چونگە لە تەواوی گۆڕانکاریەکانی ڕابردودا هەر لە ڕوخانی ڕژێمی بەعس و دواتر بەهاری عەرەبی و ئەو گۆڕانە سیاسیانەی ناوچەکە بەخۆیەوە بینی، لە کۆنەستی ئەم نەتەوانە دا ئەمریکا ڕزگارکەر و فریشتەی بەهانەوەجونی ئەو نەتەوانەی کە ستەم و زۆرداری پساندونی و  چاوەڕوانی فریادرەسن.

به‌ڵام بەم لۆژیکە چیتر ئەمریکا ناتوانێ سۆزو هەستی ئەم نەتەوانە بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و دواجار وەک نەیار و دوژمن دەیبینن، بێگومان ئەمەش دڵخوازی ئەمریکیەکان و سیاسەت ئەمریکا نیە کە رۆژهەڵاتی ناوەراست و جیهانیش.
لە ڕابردودا هەندێ هێزی مەزهەبی لە نمونەی (حەسەن نەسرولا) لە لوبنان و (موقتەدا سەدر) لە عێراق په‌یامیان داوەتە ئەمریکا و هەڕەشەی ئەوەیان کردوە هەر ساتێ بیانەوێ دەتوانن شەقامی ناڕەزایی و نەفرەت کردن لە ئەمریکیەکان پڕکەن و ئامانجە ستراتیژیەکانی بخەنە مەترسی ، ئەمەش بۆ هەر ساتێک بابەتێکی سەر ئاوەڵایە و دەکرێت پەنای بۆ ببڕێت، بەتایبەت کاتێ ئەم هێزانە دڵنیا ببنەوە لەوەی کە ئەمریکا بازرگانی پێش بەرژەوەندی گەلان دەخات و لەهەر ساتێکدا گریمانەی فرۆشتن و مامەڵە پێوە کردنیان هەیە، ئەمەش لە عەقڵی رۆژهەلاتیەکاندا  قەبوڵ کراو نیە و باجی خۆیی هەیە.
بە کورتی ئەم سیاسەتە نوێیەی ترامپ و ئەو مامەڵە ئاشکرایە، ڕەنگە دواجار سیاسەتی ئەمریکیەکان لە ناوچەکەدا توشی قەرزێکی زەبەڵاحی سیاسی بکاتەوە کە نەتوانن جارێکی تر وەک فریشتە و فریادڕەس وێنەی ڕاستەقینەی خۆیان پیشانی کۆمەلگەی نێودەوڵەتی و گەلانی ژێردەستە و هەژار بدەن.