ئەزمونی ڕۆژئاوا، لەبەردەم داگیرکاری

11/10/2019

شوان عەبدوڵڵا و ئیبراهیم خەلیل

داگیرکردنی رۆژئاوا ھەربەتەنھا داگیرکردنی رووبەری رۆژئاوا وگۆرینی دیمۆگرافیاکەیی وتاڵانکاری ورێرانکاری وقەسابخانانەیەکی بێویژدانانە نیە، بەڵکو ھەرەشەیەکی پیلانگێڕی فراوانە، بۆ رێگریکردن لە خەونی کورد بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانی. سەدان ساڵە بەبیانوی جیاواز پەلێکشی دەیان وسەدان جەنگی نا بەرانبەر کراوە، بە  ڕەوای نەبیندراوە بپرژێتە سەرئەوەی وەک هەر نەتەوەیەکیتر مومارەسەی مافەکانی بکات ھەمیشە بەکارھێنراوە وەک جەنگاوەر بۆ بەلاداخستنی ململانێ جیھانیەکان لەدوای ئەوەش لەکاتی ھەوڵدان بۆبەدەستھێنانی مافەکانی بەھەموو توانایەکیان ئەوەندەی پێیان کرابێت درێخیان نەکردووە لە چەوساندنەوە وداگیرکردنی خاکەکەی بەھۆی ھێزێکی سەربازی ئۆرگانیزەکراوی عەقائیدی کەلەژێر فەرمانی خوێنمژێکدان ئاراستە دەکرێن. ئەوەی ئەنجامی دەدەن وەک فەرمانی دینی! جێ بەجێی دەکەن، بێ ئەوەی بۆ هیچ بەهیەکی ئینسانی و ئاشتیەکی دینی و کۆمەڵایەتی بگەڕێنەوە.

لەماوەی سەد ساڵی رابردوو ھیچ کاتێک بەقەد ئەم ساتەوەختە گەلی کورد نەکەوتۆتە نێوان بەرداشی وڵاتانی ئیقلیمی ئەگەرچی بەشێکی گەورەی ئەمەی روودەدات زادەی ھەڵە ستراتیژیەکانی گەلی کورد خۆیەتی، چونکە لەھەر پارچەیەکی کوردستان پریشکی ئاگر ھەبێت گەرمیەکەی پارچەکانی تری سوتاندوە لەدوای ئەو ھەموو ئاڵانگاریانەی توشی گەلی کورد دەبێت. دوژمنەکانی بەردەوام ھەوڵدەدەن قەوارەکەی بچوکبرێتەوە بۆ ناوچەیەکی بەرتەسکی بێ کاریگەر لەناوخۆیی کوردستانیش جۆرێک لەلێکترازان ودردۆنگی ھەیە لەنێوان ھێزە سیاسیەکان کەلە کۆتایی ھەموو ناکۆکیەکان بەسودی داگیرکەران کۆتای هاتوە.

رۆژئاوا نمونەیەکی جوانی خۆبەرێوبەری تازەپێگەیشتووی پڕھیوای گەلی کوردە. نمونەیەک، کە ھەموو ئایدیا ورەنگ وپێکھاتەکان سیمای پێکەوژیان وئیدارەدانی ھاوبەش نمایش دەکەن لەسەر ئەساسی ھاوڵاتی بوون لەدوای سەرکەوتنە مێژوویەکانیان جۆرێک دیفاکتۆی لە ئەرزی واقیع چەسپاندووە وایکردوە سیماکانی گەلێکی زیندووی خاوەن توانایەکی گەورە دەربکەوێت چونکە بەسەرنجدان بەم ماوە کورتە ھەنگاوەکانیان ئەوەندە گەورە وسیستەماتیک بووە ترسێکی گەورەی خستۆتە دڵی ھەموو ئەوانەی بەدرێژایی مێژوو ھەوڵی سرینەوە و دژایەتی کورد وکوردستانیان داوە نایانەوێت ببینن ئێستا رۆژئاوا چەندە تینوی ئەوەیە دۆستایەتی لەگەڵ کورد و شێوازە بەرێبەریە پەرەپێ بدەن نایەوێت باوەر بەوەبھێنن، کەدەنگی کورد بۆتە بەشێک لەدەنگی ئازادیخوازان وکاربەدەستانی ئەمریکا وئەوروپا. دەیانەوێت کورد بەردەوام لەشەر بێت بۆئەوەت نەپرژێتە سەرژیان وبنیاتنانی پێکەوەکارکردن، تائەمرۆش ھیچ کاتێک نەیانویستووە جوگرافیایەک ھەبێت کورد تێیدا ھێزی خۆی تیایدا نیشان بدات کە ئەگەر دەرفەتی بۆ برەخسێت زۆرباش دەتوانێت ئیدارەی خۆیی وگەلانی تریش بدات نایانەوێت باوەر بەوەبھێنن سنورە دەستکردەکانی سایکیس بیکۆ بەخوێن سراونەتەوە لەو ساتەوەختەی ناتوانن ئەو باوەرە بەجیھان بھێنن، کە کورد تیرۆرستە وپێویستە درێژە بە پشتگوێ خستنی داواکاریەکانی بدەن و مافی یەکسانی گەلانی لێ بسێنرێتەوە ئەمجارە بە زەبری ھێز وبەدەیان گروپی تیرۆرستی ھەوڵی داگیرکردنی خاکەکەی دەدەن.

ئەمەی روودەدات بەتەنیا بەرانبەر رۆژئاوا نیە، بەڵکو پەیوەندیەکی ھارمۆنی ولێکدانەبراوە لەنێوان ھەرچوارپارچەی کوردستان ئەوەی روودەدات ھەنگاوێک نیە، بۆ داگیرکاری بەڵکو ھەزاران ھەنگاوە بۆ دورخستنەوەی کورد لەجیھانی دەرەوە لەگۆڕنانی ئەو خەونەیە خەریکە سیماکانی دەوڵەتداری لە رۆژئاوا چرۆ دەکات. ئەمەش سودی دەوڵەتێکی وەک تورکیا نیە، بەردەوام خەونی گەرانەوەی کەمالیەت وعوسمانیەت چاوی بریوەتە خاکی دراوسێکانی بۆئەم مەبەستە گڵاوەی کوردستان وەک نێچیرێکی باش سەیردەکات ئەگەر رۆژئاوا داگیربکرێت لەپەنا ئەوەی گەورەترین کارەساتی مرۆیی داعش ئاسا چەندبارە دەبێتەوە لەپەنای ئەوەش کوردستان سەدان ھەنگاوی تر دوادەکەوێت لەگەیشتن بەئامانجەکانی ئەگەر تورکیا گەیشتە قامیشلی وکۆبانێ واتە ھەولێر وسلیمانی واتە سنە وکرماشان واتە دیاربەکر و وان ھەموویان بوونەتە قوربانی دەستی کەسێک کە تینووی خوێنە وئەوھەموو خواستەی بۆخوێن ڕشتن جیھانی سەرسام کردوە.

ئەوەی جێگای دڵخۆشیە ئێستا پشتیوانەکانی کورد ھەست دەکەن بەشێکی گەورەی ئەم کێشە مێژوویانەی لە رۆژھەڵاتی ناوەراست روودەدات ھۆکارەکەی ئەو ھەموو حەزی داگیرکاریەیە، کەلەسەر خاکی کوردان کراوە بۆئەمەش ھەموو رێگاکانی تاڵانکاری وسرینەوە ووێرانکاری گراوەتە بەر بۆیە پێویستە ئەم ساتەوەختە وەک کاتێکی زۆر ترسناک مامەڵەی لەگەڵ بکرێت ھەموو ھێزەسیاسیەکان ھەوڵی پشتیوانی بۆ کوردانی رۆژئاوا بدەن. ھەرچی کرابێت و لەدەستیان بێت بیکەن بۆئەوەی ئەو ئیدارەیە لەبارنەبرێت واز لە ناکۆکیە ناوخۆیەکان بھێنین ئەم فەترە زەمەنیە وەک ھەڵوێستەیەک بێت بۆ پارێزگاری لەخەتی ستراتیژی کوردستان.