ترەمپ دەڵێت پەکەکە لە داعش خراپترە

25/10/2019

توونا بەکلەڤیچ

من تورکم و خەڵکی ئەدرنەم. هەموو ژیانی خۆم خەریکی سیاسەت کردن بووم بۆ وڵاتەکەم. چەند ساڵ لەسەر ئەو باوەڕە بووم کە حیزبی دەسەڵاتداری داد و گەشەپێدان دەتوانێ بەو ئامانجە سەرەتاییانەی خۆی بۆ چاکسازی ئابووری و ئاوەدانیی بگات، من لە دەوڵەتی سەرۆککۆمار ڕەجەب تەییب ئەردوغاندا کارم کردووە.

بەڵام سیاسەتەکانی ئەم دەوڵەتەی ئێستا کەوتوەتە سەر ڕەوتێک کە من ناتوانم چاوی لێ بنووقێنم. ئەردۆغان پێگەی دەسەڵاتی خۆی لە ڕێگای داپڵۆسین و توندوتیژی و بە بەهای ژیانی ڕۆژانەی خەڵک پتەو دەکات. ئەو نە خزمەت بە بەرژەوندی خەڵکی تورکیا دەکات و نە تەنانەت بە دەوڵەتی تورکیاش، بەڵکوو تەنها بۆ خۆیەتی. ئەو ئاڵوگۆڕانەی چەند ساڵێک لەمەوبەر پێم وابوو دەگونجێت ئەنجام بدرێن، ئێستا بە هۆی ئەو ڕەفتارانەی ئەوەوە بەربەست کراون.

ئەم شتە لە هیچ شوێنێک بە ئەندازەی ئەو توندوتیژی و شاڵاوە بێمانایەی بۆ سەر باکووری ڕۆژئاوای سووریا ڕوون و ئاشکرا نییە. ئەردۆغان لە بەرامبەر ئابوورییەکدا کە دەشەلێ و ئۆپۆزیسیۆنێکدا کە فووی تێکراوە جارێکی تر لە ڕێگای بەرپاکردنی شەڕەوە دەسەڵاتی خۆی دەنوێنێت. پێشڕەوییەکانی ئەرتەشی تورکیا جگە لە سەدان کوژراوی مەدەنی و ناچارکردنی هەزاران کەس بە ژیانی ئاوارەیی و بەجێهشتنی خانە و لانەیان و بۆمبارانی بێبەزەییانە هیچ دەستکەوتێکی تری لێ نەکەوتووەتەوە. ئەوانەی لە ناوخۆی تورکیا دژ بەم کردەوەیە ڕاوەستاون و تەنها لەبەر ئەوەی ئەمەیان بە شەڕ زانیووە، کەوتوونەتە زیندان. ئاکامەکانی ئەم کارە ئەوەیە کە ئاشتی، سەقامگیری و دیموکراسی بۆ دەیان ساڵی داهاتوو لە ناوچەکەدا دەکەونە مەترسییەوە.

من بەردەوام لەسەر ئەو باوەڕە بووم کە قسەکردن دژ بەم دەستدرێژییە زۆر گرینگە. ساڵی ٢٠١٨ من زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر لە ئانکاراوە بەروە دیاربەکر بە پێیان ڕۆیشتم و داواکاری ڕێگا چارەیەکی ئاشتیخوازانە بووم بۆ کێشەی نێوان دەوڵەت و خەڵکی کورد. ئێستا کە ئەو ئەزموونەی خۆمم وەبیر دێتەوە، تێ دەگەم کە بۆ تێکشاندنی ئەو گریمانەیە کە بناغەکەی لەسەر شەڕ دانراوە، هێشتایش دەتوانم کاری لەوە زیاتر بکەم.

من کەسێکی تورکم. من لە کاربەدەستانی پێشووی دەوڵەتم. من لەسەر ئەو باوەڕەم کە پارتی کرێکارانی تورکیا واتە پ ک ک – کە سەرۆککۆمار ترامپ بە خراپتر لە داعش وەسفی کردووە – ڕێکخراوەیەکی تێرۆریستی نییە.

دەیان ساڵە ڕێبەرانی تورکیا بۆ ڕەوایی دان بە هەموو ئەو دڕندەییانەی دەوڵەتێک دەتوانێ بەرامبەر بە گەلێک بیکات، باس لە هەڕەشەکانی "تێرۆریسمی پ ک ک" دەکەن. هەروەها کەڵک لە هەموو چەشنە پێشێل کردنی سەرەتاکانی مافی مرۆڤ و یاسا نێونەتەوەییەکان وەردەگرن. ئێمەیان فێڕ کردووە کە هەموو کوردێک لەبەر هەبوونی پ ک ک دەبێ حیسابی هەڕەشەی بۆ بکرێت و ئەگەر ئەوانە [واتە پ ک ک] نەبن ئیتر شتێک بەناوی پرسی کورد لەئارادا نییە.

ئەوەی کە قەت بە ئێمەیان نەگوتووە ئەوەیە کە بزووتنەوەکە کاتێک بناغەی داڕێژرا کە سیاسەتەکانی دەوڵەت بریتی بوون لەوەی کوردەکان وەکوو گەلێک واتە ملیۆنەها پیاو و ژن و منداڵ خاوەنی هیچ چەشنە پێناسەیەکی خۆیان نین.

ئێمە قەت لەوە تێنەگەیشتین کە خەباتی چەکدارانەی ئەوان تەنها ئەو کاتە دەستی پێکرد کە یەکەم ڕێبەرەکانیان گیران، خزێندرانە نێو زیندان و ئەشکەنجە کران و لە ڕاستیدا بڕیار بۆ دانانی ڕێکخراوێکی سیاسی تەنها پاش چەند دەیە قەڵاچۆکردن و داپڵۆسین لەلایەن دەوڵەتەوە دەستی پێکرد. ئێمە قەت قبووڵی ناکەین کە هەر هەوڵدانێک بۆ تێکشکاندنی ئامانجەکانی کوردەکان بە زەبری هێز، تواناییەکانی بزووتنەوەکەیانی زۆر زیاتر کردووە نەک کەمتر.

دەوڵەتە یەک لەدوای یەکەکانی تورکیا لەبەر ئەوە دەستیان داوەتە بژاردەی لەشکریی و تۆقاندنی بیروڕای گشتی کە ئامادە نین قبووڵی بکەن ئەوە دەسەڵاتە سیاسییەکانن کە دەبنە هۆی دۆخی خۆلێلانەدەری تێکهەڵچوون. پیاوان و ژنانی گەنج ئەگەر لەسەر ئەو باوەڕە بن کە بژاردەیەکی تریان هەیە، دەست لە ماڵ و حاڵی خۆیان هەڵناگرن بۆ خەباتکردن لە شەڕێکی درێژماوەدا. ئەوان کاتێک ئەو کارە دەکەن کە دەبینن لادێکانیان دەسووتێنن، نوێنەرانی هەڵبژێردراویان لەکار دەردەکەن و دەیانخەنە زیندانەوە، زمان و فەرهەنگیان بە تاوان دەژمێردرێن. لەم ڕوانگەیەوە هیچ کەسی تر نییە جگە لە خودی دەوڵەت کە لە ئێستادا بە زیندانی کردنی هەزاران کەس لە شارۆمەندان بەهۆی "پڕووپاگەندای تێرۆریستیی" بووە بە گەورەترین بانگەشەکار و یارمەتیدەر کە خزمەت دەکات بە پەیوست بوون بە ڕیزەکانی پ ک ک‌ـوە.

لەلایەکی ترەوە، خودی ئەم گرووپە [پ ک ک] بەردەوام خوازیاری گەیشتن بە ڕێگا چارەیەکی ئاشتیخوازانە بووە. هەر لە سەرەتای دەیەی ١٩٩٠ـەوە چەندین جار ئاگربەسی ڕاگەیاندووە و یەک لە دوای یەک داوای لە دەوڵەت کردووە ڕێگا خۆش بکرێت بۆ گفتوگۆ. ڕێبەرانی ئەوان تێدەگەن کە وەڵامی نای ڕێبەرانی ئێمە چییە: ئەو پرسە کە باسی لێوە دەکرێت بریتییە لە مافەکان و بە ڕەسمیی ناسین کە هێزەکانی ئەرتەش ناتوانن ئەوە چارەسەر بکەن.

بە ئێمە گوتراوە کە لەوانە بترسین و ڕقمان لێیان بێت چونکوو ئەوانە "جیاوازیی خوازن". من ئێستا بە دڵنیاییەوە دەتوانم وەکوو تورکێک بڵێم ئەوە سیاسەتەکانی دەوڵەتە کە سەرچاوەی ڕق و نانەوەی جیاییە لەناو گەلانی جیاوازی ناوچەکەی ئێمەدا. ئامانجەکانی بزووتنەوەی کورد بریتییە لە فەرچەشنی و ناناوەندگرایی [عدم تمرکز] و ئەمانەن ئەو شتانەی کە دەتوانن دیسانەوە ئەم وڵاتە بەدەوری یەکەوە کۆ بکاتەوە.

ئێستا ساڵانێکە کۆمەڵگای نێونەتوەیی خۆی بووە بە بەشێک لە کێشەکە نەک ئەوەی ڕێگا چارە بێت. ساڵانێکە بێ ئەملاو ئەولا پشتگیری دەکەن لە شەڕ دژ بە بزووتنەوەی کورستان. پشتیوانییە نێونەتەوەییەکان لە شەڕی تورکیا دژ بە داخوازە سیاسییەکانی کوردەکان بە تایبەت لەلایەن ئەمریکاوە، تەنیا ئەوانە بەهێز دەکات کە شەڕ بۆ سەقامگیرکردنی دەسەڵاتی خۆیان بەکار دەهێنن و هەروەها ئاشتیخوازەکان بێ دەسەڵات دەکات. هەر بۆیەشە من داوا دەکەم لە دەوڵەتی ئەمریکا پ ک ک لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان بهێنێتە دەر.

دەست هەڵگرتن لەم چوارچێوە بەرتەسکەی دژی تێرۆریسم و پێداگری لەسەر تێگەیشتنێکی ڕاستەقینە لە هۆکارەکانی ئەم تێکهەڵچوونانە تاقە ڕێگایە بۆ گەیشتن بە دیموکراسی، ئاسایش و لە ڕاستییدا کۆتایی هێنانە بەم شەڕە. اگر من بتوانم گێرانەوەی ئەو کۆمەڵگایەی تێیدا لەدایک بووم و ئەو دەوڵەتەی سەردەمانێک کارم بۆی کردووە فڕێ بدەم، هیچ هۆکارێک نییە کە خەڵکانی تر لە سەرانسەری جیهان نەتوانن ڕێک ئەو کارەی من بکەن. وڵاتەکەی من و تەواوی خەڵکەکەی ئیتر ناتوانن و لە دەستیان نایە جگە لەوە کارێکی تر بکەن

وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: ئەحمەد ئەسکەندەری