حەوت هەڵەی بزووتنەوەی گۆڕان

03/12/2018

حسێن ئه‌حمه‌د پور

بزووتنەوەی گۆڕان لە دوو هەڵبژاردنی رابردوو پاشەکشێی گەورەی کرد، لە میدیای فەرمی بزووتنەوەکە و لە لێداوانی هەندێک لە بەرپرسانی بزووتنەوە زیاتر هۆکاری پاشەکشێیەکە بۆ ساختەکاری پارتی و یەکێتی دەگەڕێندرێتەوە، ناڕازیانی ناو بزووتنەوەکە و هەندێک لە رەخنەگرانی دەرەوەی بزووتنەوەکەش زیاتر ئۆباڵی پاشەکشێیەکە دەخەنە ئەستۆی رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن بەوەیکە لە دوایی نەوشیروان مستەفا لە ئاستی چاوەڕوانی جەماوەر و دەنگدەرانی گۆڕاندا نەبوون.

 

ساختەکاری کرابێت یان نەکرابێت، ساختەکاریی لە ئاستێکی بەربڵاو کرابێت یان نا، ئەوە هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت کە گۆڕان دۆڕاوی سەرەکی دوو هەڵبژاردنی رابردوو بوو، ئەوەش راستە کە بەشێکی ئۆباڵی ئه‌و دۆڕانە دەکەوێتە ئەستۆی خانەی راپەڕاندن و رێکخەرە گشتییەکەی، بەڵام ئەوەی  باسی ناکرێت یان کەمتر باسی لێوەکراوە، هەڵە گەورە و کەڵەکەبووەکانی دە ساڵی رابردووی بزووتنەوەکە بوون، کە پێشتر تا ئەو کاتەی نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا مابوو ئەو هەڵانە لە ژێر سێبەری کارێزمای نەوشیروان مستەفا دەرنەدەکەوتن. 

 

هەڵەی یەکەم: بەرزکردنەوەی ئاستی داواکاریی خەڵک
ئەوە راستە کە لە سەروبەندیی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵی ٢٠٠٩دا ئاستی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی خراپ بوو و رێژەی گەندەڵی بەرپرسان و کەسانی دەستڕۆیشتوو بەردەوام لە بەرزبوونەوەدابوو، بەڵام لە ٢٠٠٣وە بۆ ٢٠١٣ کوالێتی ژیانی دانیشتوانی هەرێم لە بەرزبوونەوەدابوو، بۆ ئەو کەسانەی تەمەنیان سەرووی ٣٠ ساڵ بوو، ئەو قۆناغە، قۆناغی زێڕینی ژیانیان بوو.

له‌ مێژووی نیوسه‌ده‌ی رابردوودا هێنده‌ی ساڵانی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٣ کوالێتی ژیانی دانیشتوانی هەرێم باش نه‌بووه‌، ئازادی کۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندیی به‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ هه‌بووبێت تا راده‌یه‌ک زۆر ده‌سته‌به‌ر بوو، دۆخی ئازادی راگه‌یاندن و ئازادی میدیا له‌ هه‌رێم به‌راورد به‌ وڵاتانی ناوچه‌که‌ له‌ زۆربه‌یان باشتر بوو، له‌ناو ناوچه‌یه‌کی ئاڵۆز و عێراقێکی ناسه‌قامگیر و پڕ له‌ شه‌ڕ و شوڕدا، هه‌رێمی کوردستان ناوچه‌یه‌کی ئارام و بێ شه‌ڕ بوو، ماوه‌یه‌کی که‌میش بوو کورد له‌ شه‌ڕی ناوخۆ و برسێتی و ئاواره‌یی دوورکەوتبووە.

ئەگەر گۆڕان لەسەدا ٨٠ی دەنگەکانیشی بەدەستهێنابایە، لە توانایدا نەبوو نیوەی کێشه‌كان چارەسەر بکات، بەڵام گۆڕان وەک زۆربەی ئۆپۆزسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هێڵێکی چەپ و راستی کێشا بەسەر کۆی دەسەڵاتدا

له‌ زۆربه‌ی خێزانه‌کاندا که‌سێک یان چه‌ند که‌سێک موچه‌خۆری حکومه‌ت بوون، به‌ که‌مترین ماندبوون و کارکردن موچه‌یه‌کی باشیان وه‌رده‌گرت، خه‌ڵک فێری گه‌شتیاری و سه‌فه‌رکردن بۆ وڵاتانی دیکه‌ ببوون، رۆژانی پشوو سه‌یرانگه‌کانی کوردستان جمه‌یان ده‌هات له‌ خه‌ڵکێک که‌ تا راده‌یه‌کی باش دڵخۆش بوون و هیوایان به‌ ژیان هه‌بوو.
گۆڕان لەم دۆخە کۆمەڵایەتییەدا سەریهەڵدا و دروشمی دادپەروەری و بنەبڕکردنی گەندەڵی و... بەرزکردەوە، دروشمەکانی گۆڕان لەم دۆخە کۆمەڵایەتییەدا بەلای رێژەیەکی ٢٠٪ بۆ ٤٠٪ خەڵک گرنگ بوو و لەم رێژەیەش بەشێکیان دەنگدەری حیزبە ئیسلامییەکان بوون.

لەو سەروبەندەدا جگە لە کێشەی گەندەڵی و دادپەروەری، هەرێمی کوردستان چەند کێشەی سەرەکی دیکەشی هەبوون، بوونی هێزی چەکداری حیزب و نەبوونی سوپایەکی نیشتیمانی بە دوور لە ئینتیمای حیزبی، بەردەوام بوونی ئاسەواری دوو ئیدارەیی، نەبوونی سەروەریی یاسا و بە دامەزراوە نەبوونی زۆربەی دامودەزگاکانی دەوڵەت، دەستێوەردانی حیزب لە زانکۆ و دادگا و ... ئەم کێشانە تا ئێستاش هەموویان وەک خۆیان ماونەتەوە.

بەڵام هەڵەکەی گۆڕان لەم بارودۆخە کۆمەڵایەتییە ( کە زۆرینەی خەڵک لە دۆخەکە رازی بوون)، ئەوەبوو کە لە یەک کاتدا دەستی بۆ هەموو کێشەکان برد و بەشێوەیەکی رادیکاڵ بەڵێنی چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی بە خەڵکدا، لە کاتێکدا زۆربەی ئەم کێشانە لەم قۆناغەدا بەلای زۆربەی خەڵکەوە کێشەی سەرەکی نەبوون، لەوانەیە ساڵی ٢٠٠٩ کێشەی زۆرینەی خەڵک لە رووی خزمەتگوزارییەوە کێشەی کارەبا بووبێت و خەمی سیاسیی زۆرینەی خەڵکیش تەنیا بوونی هێزی چەکداری سەر بە حیزب بووبێت و .

کە واتە لەم دۆخەدا دەستبردنی گۆڕان بۆ هەموو کێشە ئاشکرا و شاراوەکانی کۆمەڵکا تەنیا لە پێناو کۆکردنەوەی دەنگدا هەڵەیەکی ستراتیژی بوو، چوونکە لەو کاتەدا و ئێستاشی لەگەڵدا بێت تەنانەت ئەگەر گۆڕان لەسەدا ٨٠ی دەنگەکانیشی بەدەستهێنابایە، ئەوا لە توانایدا نەبوو نیوەی ئەو کێشانەش چارەسەر بکات، بەڵام گۆڕان وەک زۆربەی ئۆپۆزسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هێڵێکی چەپ و راستی کێشا بەسەر کۆی دەسەڵاتدا و بە بەرزکردنەوەی دروشم و بەڵێنی گەورە ئاستی داواکاری خەڵکی بەرز کردەوە، جا با داواکارییەکانیش ڕەوابن بەڵام لە سیاسەتدا گرنگ ئەوەیە تا چەندە هێزێک توانای بەدیهێنانی داواکارییەکانی هەیە، ئەوە لە کاتێکدابوو کە رەنگە لە ساڵی ٢٠٠٩دا ئەگەر تەنانەت گۆڕان ئەو هەموو دروشم و بەڵێنەشی نەدابایە، هەمان ئەو رێژە دەنگ و کورسییەی بەدەستهێنابا کە بەدەستی هێنا.

هەر لە سەرەتاوە شانبەشانی بزووتنەوەکە دیاردەی پۆپۆلیزیمیش لە هەناویدا گەشەی کرد

گۆڕان خۆی ئێستا کەوتووەتە تەڵەی ئەم هەڵەیەی خۆیەوە، لە دوو هەڵبژاردنی رابردوو هیچ قسەیەکی بۆ وتن نەبوو، چوونکە هەرچی قسە و دروشمی پێویست بوو لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو باسی کردبوون و قسەی نوێی پێ نەمابوو و زۆربەی خەڵک هەستیان بەوە دەکرد کە گۆڕان قسەی بۆ وتن نەماوە، لەلایەکی دیکەشەوە گۆڕان پێشتر ئەوەندە ئاستی داواکاری خەڵکی بەرزکردبووەوە کە لە دوو هەڵبژاردنی رابردوودا دروشم و بانگەوازەکانی جەماوەرە گۆڕانخوازە رادیکاڵەکەی خۆی تێر نەکرد، ئەمەش یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دابەزینی دەنگەکانی گۆڕان بوو.

هەڵەی دووەم:  بە‌هێزکردنی دیاردەی پۆپۆلیزم
هەر لە سەرەتاوە شانبەشانی بزووتنەوەکە دیاردەی پۆپۆلیزیمیش لە هەناویدا گەشەی کرد، لە میدیای بزوتنەوەکە زیاتر دەنگە پۆپۆلیستەکان دەردەکەوتن تا دەنگە واقعبین و عەقڵانییەکان، بە جۆرێک کە میدیای بزووتنەوەکە خۆی یارمەتیدەری بەهێزبوونی پێگەی کەسە پۆپۆلیستەکان بوو، گەنجانی گۆڕانخواز زیاتر لە گۆڕانخوازە بە ئەزمونەکان کەوتنە داوی پۆپۆلیزمەوە، گەنجەکان بۆ ئەوەی دەنگی زیاتر بهێنن، یان بۆ ئەوەی زیاتر بناسرێن و پێگەیان لەناو خەڵکدا بە‌هێزتر بێت پەنایان بردە بەر توندڕەوی و قسەی زبرکردن، تا وای لێهات هەرکەسێک بە دەنگی بەرزتر قسەی بکردایە و دروشمی گەورەتری بەرز بکردایەتەوە و قسەی توندتری لەسەر دەسەڵات بکردایە، ئەوا پێگەی لەناو دەنگدەرانی بزووتنەوەکە بە‌هێزتر دەبوو، بزووتنەوەکەش لەسەروبەندی هەڵبژاردنەکاندا ناچاربوو بۆ کۆکردنەوەی دەنگی زیاتر کەسە پۆپۆلیستەکانیش کاندید بکات، لە چەند هەڵبژاردنی رابردوودا پۆپۆلیستەکان پاشەکشێیان بە دەنگە عەقڵانیی و ئاکادیمییەکانی ناو گۆران کرد.
 زیانەکانی پۆپۆلیزم بۆ گۆڕان بە کورتی بریتین لە:
یەکەم: پەراوێزکەوتن و دوورکەوتنەوەی دەنگە عەقڵانییەکان لە بزووتنەوەکە
دووەم: بزووتنەوەی گۆڕان زۆرجار لە ترسی کاردانەوەی دەنگە پۆپۆلیستییەکانی ناوخۆی بزووتنەوەکە توانای بڕیاردانی لاوازبووە.
سێیەم: جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە هەناوی هەمان ئەو کلتورە پۆپۆلیزمیەی ناو گۆڕانەوە سەریهەڵدا کە لە دوو هەڵبژاردنی رابردوودا کێشەی گەورەی بۆ گۆڕان دروست کرد، بە جۆرێک کە نەوەی نوێ زیاتر دەنگی دەنگدەرە رادیکاڵەکەی گۆڕانی بۆخۆی برد.

 
هەڵەی سێیەم: کارتی نیشتمانی و نەتەوەییان خستە گیرفانی پارتییەوە
پارتی دیموکراتی کوردستان بە درێژایی نیوسەدەیە لەسەر گوتاری نیشتمانپەروەری و نەتەوەیی دەژی، تەنیا خۆی بە نوێنەری خواست و خەونە نەتەوەییەکانی کورد دادەنێت، نەیارەکانیشی یارمەتی پارتیان داوە کە ئەم کارتە باشتر بەکاربهێنێت.
گۆڕان لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا بە تەرکیز خستنەسەر چاکسازی و دژایەتیکردنی گەندەڵی و دژایەتیکردنی پارتی و یەکێتی، لایەنی نیشتمانی و نەتەوەیی لە گوتارەکەیدا پەراوێزخست، تەنانەت هەندێک لە بەرپرسان و هەڵسوراوانی بزووتنەوەکە نا شارەزایانە بە مەبەستی دژایەتیکردنی پارتی کەوتنە هەڵەی دژایەتیی کردنی خەون و خواستە نەتەوەییەکانیشەوە، پارتیش ئەم دەرفەتەی قۆستەوە بۆ ئەوەی وا نیشانی خەڵک بدات کە تەنیا پارتی نوێنەری خواستە نەتەوەییەکانە، بۆ نمونە هەموو ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا وەک ناکۆکی نێوان پارتی و بەغدا نیشان دەدران، پارتی ئەم وێنەیەی لە بەرژەوەندی خۆیدا دەبینی و گۆڕان و لایەنەکانی دیکەش ناڕاستەوخۆ یارمەتی پارتیاندا بۆ دروستکردنی ئەم وێنەیە، پارتی وێنەکەی بەجۆرێک بۆ خەڵک روون دەکردەوە کە بەغدا دژایەتی پارتی دەکات چونکە تەنیا پارتی داکۆکیکارە لە بەرژەوەندییەکانی هەرێم و کورد، جگە لەوەش پەراوێزکەوتنی گوتاری نەتەویی و نیشتمانی یەکێکە لە هۆکارەکانی پەلنەهاویشتنی گۆڕان بۆ ناو دەنگدەرە ناڕازییەکەی پارتی.

لە ئێستا و لە داهاتووشدا پارتی لاواز نابێت ئەگەر وەک تاکە نوێنەری داخوازیی و خەونە نەتەوەییەکانی کورد لە باشور دەرکەوێت، چونکە خواستە نەتەوەییەکان بۆ هەمیشە بەشی خۆی جەماوەر لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە، بۆ نمونە ریفراندۆم کە هەرچەندە سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام ئەو کەسانەی دەنگیان بە ریفراندۆمدا بەشێکی زۆریان دەنگدەری پارتی نەبوون، بەڵام پارتی توانیبووی لەڕێی ریفراندۆمەوە سۆزی خەڵک بۆ خۆی رابکێشت، تەنانەت هیچ کام لە سەرکردەکانی لایەنەکانی نەیاری پارتیش نەک نەیانتوانی دژایەتیی خواستەکەی پارتی بکەن، بەڵکو لە ریفراندۆمیشدا بەشداریان کرد، لەوانە عومەری سەید عەلی رێکخەری گشتی گۆڕان. ( لێرەدا پێویستە باسی ئەوە بکرێت کە لەدوای بەشداریکردنی رێکخەری گۆڕان لە ریفراندۆمدا، بەشێک لەوانەی کە دژی هەڵوێستەکەی بوون هەمان پۆپۆلیستەکانی ناو گۆڕان بوون کە

زەقکردنەوەی ئەم بابەتە لەلایەن پۆپۆلیستەکانی ناو گۆڕان و دەرەوەی گۆڕان کاریگەری هەبوو لەسەر لاوازبوونی پێگەی گۆڕان).
یەکەم دەستکەوتی گۆڕان و هەرێمیش ئەوە بوو کە لە خولی چوارەمدا بەهۆی ئەو متمانەیەوە پەرلەمانێکی کارا دروست ببوو

 هەڵەی چوارەم: خۆساخنەکردنەوە لەنێوان ئۆپۆزسیۆنی ریفۆرمخواز و ئۆپۆزسیۆنی رووخێنەر
هەرچەندە گۆڕان خۆی وەک ئۆپۆزسیۆنێکی ریفۆرمخواز لەچوارچێوەی سیستمدا دەناسێنێت، بەڵام لە گوتاردا سنوورێکی دیاریکراوی نییە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی رووخێنەر، بە تایبەتیش لە هەندێک قۆناغدا وەک ئۆپۆزسیۆنێکی رووخێنەری سیستم دەرکەوتووە، ئەمەش لەلایەکەوە بووەتە هۆی دروستبوونی بێ متمانەییەکی گەورە لەنێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا و لەلایەکی دیکەشەوە ئەو چاوەڕوانییەی لای هەندێک لە دەنگدەرانی دروست کردوە کە گۆڕان نابێت لە هیچ حاڵەتێکدا سازش لەگەڵ دەسەڵاتدا بکات، هەر بۆیە کاتێک گۆڕان چووە دەسەڵاتەوە بەشێک لە دەنگدەرانی رازی نەبوون، یان هەر کاتێک لەسەر پرسێکی دیاریکراو بۆ نمونە یاسای تیرۆر لێکنزیکبوونەوەیەک لەنێوان گۆڕان و لایەنێکی دەسەڵاتدا دروست دەبێت، بەشێک لە دەنگدەرانی گۆڕان کە لەسەر ئەم کلتوری رووخێنەرە راهاتوون لێی دڵسارد دەبنەوە.

هەڵەی پێنجەم: تێکدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی
دوای ئەوەی گۆڕان چووە دەسەڵاتەوە، بە ماوەیەکی کەم متمانەیەکی باش لەنێوان پارتی وەک هێزی یەکەمی دەسەڵات و گۆران دروست ببوو، یەکەم دەستکەوتی گۆڕان و هەرێمیش ئەوە بوو کە لە خولی چوارەمدا بەهۆی ئەو متمانەیەوە پەرلەمانێکی کارا دروست ببوو، لەو ماوەی ئەو یەک ساڵ و چەند مانگەدا دەسەڵات بە قەد هەموو تەمەنی خۆی گرنگی بە یاسا و بڕیارەکانی پەرلەمان دەدا، حکومەت خەریکبوو بەوە رادەهات کە بۆ بڕیارە گرنگەکان بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان، بەردەوامبوونی ئەم رەوتە لە متمانە پێویست بوو بۆ ئەوەی پەرلەمان ببێتە دامەزراوەیەک کە رۆڵی راستەقینەی خۆی ببینێت.

بەڵام سووربوونی گۆڕان لەسەر ئەوەی کە دەبێت کێشەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بەو جۆرە هەموار بکرێتەوە کە خۆی دەیەوێت، پارتی بردەوە بۆ خاڵی سیفر و بە تێکدانی یارییەکە هەموو ریسەکەی کردەوە بە خوری، لەمەشدا گۆڕان و دامەزراوەی پەرلەمان زیانیان بەرکەوت نەک پارتی و دەسەڵات.

باشترین چارەسەر ئەوە بوو کە دەکرا بە چارەسەرێکی مامناوەندی هەر دوو لایەنی کێشەکە رازی بوایەن، جگە لەوەش بەهۆی ئەوەی تا ئێستاشی لەگەڵدابێت ڕکەبەری سەرەکی گۆڕان یەکێتییە نەک پارتی، چونکە لە ڕووی جەماوەرییەوە لەگەڵ یەکێتی زۆنی هاوبەشیان هەیە نەک لەگەڵ پارتی، هەربۆیە بۆ گۆڕان دروست نەبوو رکەبەرە سەرەکییەکەی خۆی لەبیر بکات و بەرەیەکی دیکەی ململانێ بۆخۆی بکاتەوە.

 

دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا پێچەوانەی ئەو چاوەڕوانییەی کە هەبوو جێی هیچ گەنجێک و هیچ ژنێک لە خانەی راپەراندن و ناوەندی بڕیاری گۆڕان نەبووەوە

هەڵەی شەشەم: هەڵەی هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن
لەکاتێکدا ماوەی چەندین ساڵ بوو گۆڕان خەڵکی لەسەر ئەوە رادەهێنا کە بزووتنەوەیەکی گەنجانەیە، بەڵام لە دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا پێچەوانەی ئەو چاوەڕوانییەی کە هەبوو جێی هیچ گەنجێک و هیچ ژنێک لە خانەی راپەراندن و ناوەندی بڕیاری گۆڕان نەبووەوە، ئەمەش لێشاوێکی رەخنەی بەدوای خۆیدا هێنا و رەخنەکانیش کاریگەری هەبوو لەسەر دڵساردبوونەوەی بەشێک لە دەنگدەران.

هەڵەی حەوتەم: بەخۆدانەچوونەوە لە دوای شکستەکەی ١٢ی ئایار
لە هەڵبژاردنەکەی ١٢ی ئایاری پەرلەمانی عێراق، بابەتە گرنگەکە ئەوە نییە کە ساختەکاری کرا یان نا، بەڵکو بابەتەکە گرنگەکە ئەوەبوو کە رێژەیەکی کەمی خەڵک بەشداریان لە هەڵبژاردنداکرد، ئەو رێژەیەش کە بەشدارییان لە هەڵبژاردندا نەکرد خەڵکە ناڕازی و بێهیواکە بوون، ئەمەش یەک واتای هەیە، ئەویش ئەوەیە گۆڕان لە هەڵبژاردنەکەی ١٢ی ئایاردا بە خەڵکی ناڕازی دۆڕاند نەک بە پارتی و یەکێتی، چونکە لە هەموو جیهاندا ئەوە ئۆپۆزسیۆنە کە هاندانی خەڵکی ناڕازی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژارن ئاستی بەشداری لە دەنگداندا بەرز دەکەنەوە.

دوای ئەم شکستە گەورەیە، پێویست بوو گۆڕان بەپەلە بەخۆیدا بچێتەوە و گۆڕانکاری لە خۆیدا بکات بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی گۆڕان ببوایەتە هاندەرێک بۆ بەشداریکردنی خەڵکی ناڕازی، بەڵام گۆڕان لە جیاتی ئەوە تەنیا کەوتە پاساوهێنانەوە و ساختەکارییەکانی یەکێتی و پارتی کردە هۆکاری پاشەکشێیەکەی، هەربۆیە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیشدا ئەوەندەی دیکە پاشەکشێی کرد.

بزووتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی دەنگدەر، لە ئێستا و لە داهاتوودا ئەگەر بیەوێت جارێکی دیکە هەستێتەوە دەبێت سەرەتا بە وردی خوێندنەوە بۆ هەڵەکانی رابردووی خۆی بکات و هەوڵ بدات سەرەتا خۆی بگۆڕێت.