سەدری یاخی.. دەرد و دەرمان

30/10/2019

یاسین تەها

پاش ساڵێك لە رێككەوتنی لەگەڵ هادی عامری بۆ پێكهێنانی حكومەتی بەغدا بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی، جارێكیتر سەدر رۆشتەوە بۆ گۆڕەپانی مانگرتن و خۆپیشاندان و رێگای یاخی بوون و ڕاگۆڕینی هەڵبژارد، بەڵام جیاواز لە جارەكانیتر ئەمجارەیان سەدر خۆی و جەماوەرەكەی تەنها نین، بەڵكە تێكەڵ بووە لەگەڵ شەپۆلێكی بەرفراوانی خۆپیشاندان كە زیاتر گەنجانی بێكارو ڕەخنەگر بەشدارن تێیدا.

 ئەم رێبەرە تاڕادەیەك گەنجە شیعییە (45 ساڵ) كە هیچ بەهرەیەكی وتاردانی نییە و ئاخاوتنیشی زۆر پاراو نییە، خاوەن جەماوەریترین رەوتی میللی ناو شیعەی عێراقە و لەدوا هەڵبژاردندا (2018) لیستەكەی "سائیرون" لەگەڵ شیوعییەكاندا یەكەم دەنگی عێراقیان بەدەستهێنا، لەتەمەنی دەركەوتنی سیاسیشییدا هەمیشە حەزی لەیاخیبوون و خۆ جیاكردنەوە بووە لە شەپۆلی باوی هێزەكانیتری هاوشێوەی و هەر ئەمەش وەهای كردووە زۆر جێگەی متمانە نەبێت لە سیاسەتدا.

میراتەكەی بنەماڵەی سەدر
ناوبانگی كاریزمیانەی موقتەدا سەدرو هێزی فەتوا ئەلیكترۆنییە كورتەكانی كە ناو بەناو لە تویتەری خۆی و لە ئەكاونتی "صالح محمد العراقی" ییەوە لە فەیسبوك بڵاو دەكرێتەوە دەگەرێتەوە بۆ پاشخان و قوربانییەكانی بنەماڵەكەی ( ئالی سەدر) كە لە  بنەڕەتدا لەباشووری لوبنانەوە  بۆ خوێندنی ئاینی روویان كردوەتە عێراق.

 زۆر بە كەمیی وێنەی موقتەدا هەیە كە هی باوكیشی لەگەڵدا نەبێت كە بە "شەهید سەدر" بەناوبانگە و موقتەدا بە "سید الوالد" ناوی دەبات، هەموو نوسینگە و چالاكییەكانیشی هەر بەناوی ئەوەوەیە؛ "شەهید سەدر" و زۆرجار وەكو تەواوكەری پرۆژەكەی باوكی خۆی دەناسێنێت. باوكی سەدر كە ناوی تەواوی محەمەد محەمەدسادق ئەلسەدرە ( محمد محمد صادق الصد)ـه (1943 _1999ز) و بە سەدری دووەم دەناسرێت، ناوبراو یەكێك بوو لەو رێبەرانەی لەساڵانی نەوەدەكان بە زیندووكردنەوەی مەراسیمی نوێژی جومعە (لای شیعەكان لەسایەی ئیمامی دادگەردا ئەنجام دەدرێت) و بە پۆشینی كفنی سپی لەكاتی وتارداندا سەرنجی زۆرێك لە خەڵكی باشوری عێراقی بۆلای خۆی راكێشا. ئەم پیاوە ریش بەفرینە باڵا مامناوەندییە خۆی بە مەرجەعی شایستەی شیعەی عێراق دەزانی و رێبەرێكی ئاینی جەماوەریی بوو لە نەجەف، هەر بەم هۆیەشەوە تا لەژیاندا مابوو لە كێبەركێی تونددا بوو لەگەڵ مەرجەعیەتی ئایەتوڵڵا خوئی و یاریدەدەرەكانی كە دیارترین و دەركەوتووترینیان بریتیبوو لە سەید عەلی سیستانی.

هەرچەندە هەندێ لەپیاوە ئاینییەكانی بنەماڵەی حەكیم و مەرجەعیەتی نەجەف، محەمەد سادق سەدریان یان بە "شێت"، "گەمژە"، "هاوكاری رژێم" دەزانی، بەڵام ئەو پێیوابوو شتەكە پێچەوانەیە و رژێمی سەدام بەدژایەتیكردنی ڕووكەشانە لەپشت گەورەكردنی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی ـ یەوەیە بەمەبەستی پەراوێزخستن و لاوازكردنی مەرجەعیەتی ئەم و هەمیشە بەمە پاساوی بۆ لایەنگرانی دەهێنایەوە كاتێك باس لەوە دەكرا چۆن رژێم سیستانی تەنگەتاو دەكات؟  

باوكی موقتەدا ئامانجی ئەوەبوو ببێتە مەرجەعی باڵای شیعەكان و بەردەوام كاری بۆ ئەمە دەكرد، بەڵگەنامە ئاشكرا كراوەكانی ئەمدواییەش دەریدەخەن رژێمی سەدام ئەم خواستەی محەمەد باقر سەدری پێ خۆش بووە و هەندێ ئاسانكاریشی بۆ كردووە، بەو پێیەی ناوبراو پیاوێكی ئاینی شیعەی بەرەچەڵەك عەرەب و بەرەگەزنامە عێراقییە، بەپێچەوانەی بنەماڵە و پیاوە ئاینییە زۆر ناودارەكانی نەجەفەوە هەڵگری رەگەزنامەی بیانی بوون بۆ نمونە، سیستانی ئێرانییە، بنەماڵەی ئایەتوڵڵا خوئی توركی ئێرانین، بەشیر نەجەفی پاكستانییە، ئیسحاق فەیاز ئەفغانییە.

 لە گەرمەی ئەم ململانێیەی سەدر و مەرجەعیەتی سیستانیدا و كاتێك لە تەمەنی 55 ساڵیدا بوو، محەمەد سەدر و هەردوو كوڕە گەورەكەی (مصطفی) و (مؤمل) لە پاش دەرچونیان لە مزگەوتی كوفە تیرۆر كران (1998)، كوڕی سێیەمیشی (مرتضی) لە دوای ئەم ڕووداوە لە ژیانی گشتی كشایەوە و خۆی شوێن بزر كرد، بەم پێیەش موقتەدای كوڕە بچووك بوو بە میراتگری ئەم رق و كێبەركێ و خەونی بەمەرجەع بوونە و ئێستا جار جار بەهەمان نەفەسە توندو رووشكێنەكانی باوكییەوە و زۆربەی جاریش بڕێك نەرمتر درێژە بە كاروانەكەی دەدات.

ساڵێك پاش لە تیرۆری محەمەد باقر سەدر و كوڕەكانی، رژێمی بەعس تاقمێك پیاوی ئاینی و دەسترۆشتوی شیعەی تۆمەتباركرد بە تیرۆركردنی ناوبراو و لە ئازاری 1999 لەسێدارەی دان، بەڵام سەدرییەكان ئێستا بەعس بە ئەنجامدەری تاوانەكە تۆمەتبار دەكەن و وازیان لە تۆمەتباركردنی پیاوانی شیعە هێناوە، بەتایبەت كە بەر لە ئەویش و لە 1980 بەعس محەمەد باقر حەكیم "سەدری یەكەم" ی ئامۆزای سەدری لەسێدارەدا.

یەكەم دەركەوتنی موقتەدا
تا رژێمی سەدام نەڕوخا (2003) كەس نە ناوی موقتەدای چوارەم كوڕی سەدرو نەناوی رەوتەكەی "رەوتی سەدر" ی نەبیستبوو، لەگەڵ یەكەم دەركەوتنیشیدا لە  ناوی ئەم گەنجە مێزەر بەسەرە كە ئەوكات تەمەنی تەنها 30 ساڵ بوو تێكەڵ بوو لەگەڵ ناوی ئەنجامدەرانی تاوانی تیرۆركردنی "عبدالمجید الخوئی" كوڕی گەورە مەرجەعی كۆچكردووی شیعە و كلیداری رەوزەی حەیدەریی نەجەف بە چەقۆ لەناو مەزاری ئیمام عەلی لەیەكەم بەرەبەیانی ئازادی لە سایەی هێزەكانی ئەمەریكادا ( 9 نیسانی 2003).

عەبدولمەجید "ڕكابەری سەدر" جیا لەوەی كوڕی مەرجەعی گەورەی كۆچكردوو ئەبولقاسمی خوئی بوو، سەرۆکایەتی دامەزراوەیەكی خێرخوازیی گەورەی دەكرد لە شاری لەندەن كە وەكو ماڵی هەموو شیعەكانی تاراوگە وابوو، جگە لەوەش تۆڕێكی پەیوەندیی لەگەڵ ئۆرگانە نێودەوڵەتییەكان هەبوو. دادگای لێكۆڵینەوەی نەجەف لە 2003 بڕیاری دەستگیركردنی بۆ موقتەدا سەدر دەركرد بەتۆمەتی پلان دانان بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانە، بەڵام تائیستا ئەو فەرمانە جێبەجێ نەكراوە، لەسەردەمی مالیكیدا جاروبار وەكو كارتێكی گوشار لەدژی هەڵوێستە سیاسیی و ركابەریكردنەكانی سەدر بەكاردەهێنرا، بەڵام لە سەردەمی عەبادی و عەبدولمەهدیدا ئەوە كۆتاییهات.

هەرچەندە لەناوەندە شیعییەكان وا بڵاوە كە موقتەدا بە هۆی كەمتەرخەمییەوە لەكاری فەقێیەتی پەیوەندیی لەگەڵ باوكیدا باش نەبووە، بەڵام لەپاش كوژرانی باوك و دووان لە برا گەورەكانی و كشانەوەی برای سێیەمی لەژیانی گشتی(مرتضی)، ئیتر بووە میراتگریی رەوتە ئاینیەكەی و هاوسەرگیریی لەگەڵ كچی محەمەد باقر سەدری ـ ی مامی هێندەیتر یارمەتیدا بەخێرایی ببێتە تاقە میراتگری ناوبانگ و قوربانییەكانی ئالی سەدر بەبێ ئەوەی پێشتر ئامادەكارییەكی گەورەی مەعریفی و سیاسی بۆ كردبێت.

موقتەدای رابەر.. موقتەدای سەركردە
هەرچەندە موقتەدا سەدر هێشتا پلەی ئیجتیهادی وەرنەگرتووە، بەڵام زوو زوو فەتوا دەردەكات كە لەناو ئاینزای شیعەدا ئیشی مەرجەعی گەورەی ئاینییە بەتایبەت ئەوانەی ئایەتوڵای عوزمان. بەهۆی ئەوەی موقتەدا و رەوتەكەی پەیوەست نین بە تەقلیدی مەرجەعیەتی سیستانییەوە لە پرسە گرنگ و جومگەییەكان ئەگەر پێویست بكات ئەوە دەگەڕێنەوە بۆ سەر مەرجەعیەتی پیاوە ئاینییەكانیتر. بۆ پڕكردنەوەی كەلێنی مەرجەعیەتی ڕەوتەكەی موقتەدا لەدوای پێكدادانە ناوخۆییەكانی هێزە شیعییەكان (2007) و راگرتنی چالاكییەكانی میلیشیاكەی "سوپای مەهدی" رویكردە حەوزەی قوم بۆ خوێندنی ئاینی و وەرگرتنی پلەی ئایەتوڵڵا، بەڵام نەیتوانی درێژەی پێ بدات و هێشتا بەم مەرامە نەگەیشتوە چونكە گەیشتن بەم پلەیە لە سیستمی خوێندنی حەوزە ئاینییەكانی شیعە 15 _20 ساڵ خوێندن  و توێژینەوەی شەرعزانیی پێویستە، بۆیە لە ئێستادا پلەی ئاینیی سەدر حوجەتولئیسلام وەلموسلیمینە كە قۆناغی پێش گەیشتنە بە ئیجتیهاد كردن و پایەی ئایەتوڵڵا.

جگە لەم پایە ئاینییەش سەدر هەڵگری نازناوی فەرماندە (القائد) ـه، چونكە رێبەرایەتی تەوژمی سەدر دەكات و رێبەرایەتی "سوپای مەهدی" كردوە (2003 _ 2007) كە بەناوبانگترین میلیشیای شەڕكەری شیعە بووە، ئێستاش فەرماندەی (سرایا السلام) دەكات كە لەكاتی شەڕی داعشدا دایمەزراند. جگە لەوەش لە هەڵبژاردنی 2010 لیستی ئەحراری پێكهێنا چارەكی كورسییەكانی تایفەی شیعەی بردەوە (40 كورسی)، لە هەڵبژاردنی 2014 شدا بووە خاوەنی (28 كورسی) و لە 2018 دا بەرزی كردەوە بۆ 54 لەرێگەی هاوپەیمانێتییەوە، بەهۆی ئەوەشی رەچەڵەكی بنەماڵەكەیان دەگەرێتەوە بۆ سەر ئالوبەیت هەڵگری نازناوی "سید" یشە كە لەهەموو نازناوەكانیتر گرنگترە لای پەیڕەوانی شیعە و ، زۆربەی هەرە زۆری هەوادارو لایەنگرەكانیشی بۆ دەستخستنی رەزامەندیی خودا پەلاماری چمكی كەواكەی و لەپی دەستەكانی دەدەن بۆ ماچكردن و لە هەمان كاتدا رێنماییان دەكات بۆ كاروباری دین و دنیا.

سەدر لە دەرەوەی حكومەتی عێراق سیستمی دادگەری و لێپێچینەوەی تایبەتی هەیە بۆ ئەو كەسانەی لە فەرمانەكانی دەردەچن و لەم ساڵانەی دواییدا كەمێك پیشاندانی ئەم ڕووەی خۆی كەمكردەوە بەتایبەت كە ئیستا بەرگری لە بنەماكانی دەوڵەت دەكات و لیژنەكانی بەردەوامن لە دەركردنی فەرمانی دەركردن و بانگكردنی ئەو كادرانەی پۆستی حكومییان وەرگرتووە و تۆمەتی دزی و گەندەڵییان لەسەرە.

سەدری گۆڕاو... سەدری ڕا ڕا
هەموو ئەوانەی ئاگایان لە گوتار و هەڵوێستەكانی موقتەدا سەدر هەیە، هاوڕان لەسەر ئەوەی ئەم سەركردەیە لەسەر زۆربەی هەڵوێستەكانی جێگیرو چەسپاو نییە و زۆر بەخێرایی ڕاو بڕیارەكانی دەگۆڕێت، هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خاوەن حیزبێكی رێكخراوو پەیڕەو و پرۆگرامێكی سیاسی دیاریكراو نییە و ڕەوتەكەی زیاتر شەعبییە تا سیاسی. جیاواز لە حیزبەكانیتری شیعە لەناو رەوتەكەی سەدردا هەموو چین و توێژێك هەن و بەشێكیان ئەم رەوتەیان كردوەتە پەیژە بۆ گەشتن بە دەسەڵات، زۆرێكیش پێیانوایە ئەم رەوتە نزیكترین هێزی ئاینی شیعەن لە خەڵكانی نیشتمانی و چەپ و لیبراڵ، چونكە پشتیوانی لە داواكاریی خۆپیشاندەران و ئەو چالاكوانە مەدەنیانە دەكەن كە بە نەیاریكردنی هێزە مەزهەبییە وەلائییەكانی ئێران ناسراون، بەڵام زۆرێكیتر پێیانوایە سەدرییەكان لەهێزێكی ئاینی ڕادیكاڵ بەولاوە هیچیتر نین و جیاوازیی گەورەیان نییە لە سیستمی بیركردنەوەی هێزە شیعییەكان بەتایبەت كە میلیشیاكەی سەدر "سوپای مەهدی" بەشدارییەكی چالاكی لە كوشتاری تایفی سوننەكاندا كردوە لەساڵانی گرژیی بارودۆخ لەعێراق (2006 _2008).

سەدرییەكان وەك رێبەرێكی عێراقی و لە هەمان كاتیشدا ئیسلامی تەماشای موقتەدا دەكەن، بەتایبەت پاش ئەوەی هەندێ هەنگاوی نا بۆ دەرچوون لە قاوغی شیعەگەریی لەوانەش سەردانی قەتەر و سعودیە و نوێژكردنی لە مزگەوتی عومەری كوڕی خەتاب لە دۆحە. لەسەر ئەم هەنگاوانەشی سەدر باجی زۆری داوە لەوانەش جیابوونەوەی عەسایب "عصائب أهل الحق" و سەركردەكەیان قیس الخزعلی بوو كە جاران یەكێك بوو لە یاریدەدەرەكانی سەدر و ژمارەیەكیتر جیابوونەوە و بەئامانجگرتنی ڕەوتەكەی و تۆمەتباركردنی بەوەی لە شیعەگەریی لایداوە.

سەرباری مشتومڕی لایەنگران و نەیانی سەدر چ لەناو ڕەوتی خۆی و چ لەدەرەوەی ئەوەشدا هەر ژمارەیەكی گەورەیە چونكە كەسایەتی ئەو وەكو موگناتیس وایە لە ناو گەنجە شیعە پەراوێزخراوەكان و خەڵكی هەژاری نیشتەجێی شارۆچكە سیخناخ و جەنجاڵەكانی سەورە و كازمییە و باشوری عێراق، بەردەوامیش بە هەڵوێستە كتوپڕو لێدوان و فەتوا جۆربەجۆرەكانی توانای دروستكردنی شۆك و هەڵای سیاسی و میدیایی هەیە وەك چۆن ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا ڕوو دەدات و بە هەڵوێست و پشتیوانییەكانیشی جۆرێك لە پارێزبەندیی بۆ ئەو خۆپیشاندەرانە دروستكردووە كە لای ئێرانییەكان تۆمەتبارن بە نۆكەریكردنی بێگانە (ئەمەریكاو ئیسرائیل)، ئەمەش وایكردووە خەڵکێك بڵێن ئەگەرچی سەدر خۆی لەخۆیدا كێشە و دەردە بەڵام جۆرێكیشە لە چارەسەر و دەرمان.