ناوی شەڕە تازەکەی نێوان تورکیا و ئەمریکا؛ مەزڵوم کۆبانییە

02/11/2019

ئەمبەرین زەمان

لە حاڵێکدا کە پێوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا لە قەیرانێکەوە بەرەو قەیرانێکی دیکە دەڕوات، لە چەقی دوایین ئاڵۆزیی نێوانیاندا، مەزڵووم کۆبانێی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیمۆکرات هەیە کە بە یارمەتیی ئەمریکا داعشیان تەفر و توونا کرد.
 گروپێک لە ئەندامانی کۆنگرە کە سیناتۆری کۆماریخواز، لیندسی گراهام،  کاریگەرترینیانە، مەزڵوم کۆبانییان بۆ واشینتۆن بانگهێشت کردووە و فشاریان خستۆتە سەر وەزارەتی دەرەوە کە کاروباری ڤیزەی بۆ چارەسەر بکات و ئەمەش تورکیای توڕە کردووە. تورکیا فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیمۆکرات بە "تێرۆریست" ناو دەبات و هەوڵی داوە لە ڕێگەی ئینتەرپۆلەوە ناوی لە ناو لیستی سوور دابێنێت و بۆ دەستبەسەر کردنیان چەندین میلیۆن لیرەی دەستنیشان کردووە.
ئەوەی زیاتر تورکیای دڕدونگ و توڕە کردووە ئەوەیە کە سەرۆک ترەمپ لەم حەفتانەی دواییدا بە تەلەفۆن لەگەڵ ژەنەڕاڵ مەزڵوم قسەی کردووە و داوای لێکردووە سەردانی ئەمریکا بکات. ترەمپ لە تویتەکەی ٢٣ی ئۆکتۆبەردا وتبووی :"ژەنەڕاڵ مەزڵووم سپاست دەکەم بۆ وشە ناسکەکانت و جەسارەتەکەت، تکایە گەرمترین سڵاوی من بە گەلی کورد بگەیەنە. بێسەبرانە هیوادارم هەرچی زووتر ئێوە ببینم". ترەمپ بەم قسانەی لە ڕێگەی وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتەوە لە تویتەردا وەڵامی پەیامەکەی کۆبانیی دەدایەوە. مەزڵووم کۆبانی بۆ "هەوڵە چڕەکانی بۆ ڕاگرتنی هێرشە زاڵمانەکەی تورکیا و گروپە جیهادییەکان بۆ سەر گەلەکەمان" سپاسی ترەمپی کردبوو. دیارە ترەمپ ئەم قسانەی کۆبانێی ئێجگار بەدڵ بووە.
کاربەدەستانی پێنتاگۆن و ئەوانەی لەگەڵ مەزڵوم کۆبانی کاریان کردووە لە بەرامبەر ئەو بڕیارەی ترەمپ بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد لە سوریا، وەستانەوە و جەختیان لەوە کردەوە کە دەبێت شانازیی بکەن کە لەگەڵ فەرماندەیی هێزەکانی سوریا دیمۆکرات بە هاوبەش کاریان کردووە.
ژەنەڕاڵ جۆزێف ڤۆتەڵ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا تا مارسی ٢٠١٩ کە دوایین قەڵای داعش لە باغۆز تێکچوو، سەبارەت بە مەزڵوم کۆبانی دەڵێت: "ئەگەر بمهەوێ بە کورتی باسی بکەم ئەو بۆ ئێمە هاوبەشێکی جێ‌ متمانە و کاریگەر بوو. وەک فەرماندەیەکی سەربازیی چاونەترس و بەجەرگ بوو و هەرکەس لەگەڵی لە پەیوەندیدا بوایە، ڕێزێکی تایبەتی دەگرت".
ڤۆتەڵ هەروەها دەڵێت: "دروستکردنی یەکێتیی نێوان کورد و عەرەب بەرامبەر بە داعش و بردەنە پێشی ئەم هاوپەیمانییە لەو هەلومەرجە دژوارەدا کارێکە کە تەنیا مەزڵوم دەیتوانیی ئەنجامی بدات. ئەمە گەورەترین سەرکەوتنی سەربازیی ئەو بوو. من لەگەڵ مەزڵوم بەردەوام و بە لانیکەم مانگی جارێک ڕووبەڕوو یەکترمان دەدیت. ناوەناوەش ڤیدیۆ کۆنفڕانسمان هەبوو. سەبارەت بە بەرەو پێشبردنی تێکۆشان بەردەوام ڕەفتارێکی گونجاوی هەبوو و یارمەتیدەر بوو".
هێشتا دیار نییە کە مەزڵوم کۆبانی دەچێ بۆ واشینتۆن یان نا، خۆی دەڵێ گەر هەلومەرجەکە دەست بدات دەچم، بەڵام گرنگترین شت لەم سەردانەدا ئەوەیە کە ئایا ئەم سەردانە قازانجێکی بۆ کوردەکان دەبێ؟
لە کۆتاییدا هێرشی تورکیا بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە گڵۆپی سەوزی ترەمپ ڕوویدا و ئەمەش زەمینەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سنووری تورکیا و جێگی بوونی هێزەکانی ڕوسیا و ڕژیمی سوریای لە جێی ئەوان ئامادە کرد.
 دەوڵەتی ترەمپ سەبارەت بە هێشتنەوە یان نەهێشتنەوەی هێزەکانیان لە ناوچەکە هەڵوێستێکی ڕوونی نییە. لەم دواییانەدا پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی کردووەتە بیانووی هێشتنەوەی سەربازەکانی لە سوریا. لە حاڵەتێکی وەهادا زۆر کەس لە ئیدارەکەی ترەمپ لە سەر ئەو باوەڕەن کە کوردەکانی سوریا هەرچی زووتر لەگەڵ سوریا و ڕوسیا ڕێک بکەون، زیاتر بە قازانجیان دەبێت. پێیشیان وایە بانگهێشت کردنی فەرماندەیی هێزەکانی سوریای دیمۆکرات لە دوای خیانەتەکەی ئەمریکا هەوڵێکە بۆ شیرین کردنی ئەو تاڵییەی بە کوردەکانیان چەشت.
لە ڕوانگەی تورکیاشەوە دیدارێکی وەها دەبێتە هۆی ئەوەی مەزڵوم کۆبانی و هێزەکانی سوریای دیمۆکرات و بە کورتییەکەی پەکەکە شەرعییەتێکی سیاسیی بەدەست بێنێت. پەکەکە لە تورکیادا سەرەتا داوای سەربەخۆیی دەکرد و ئێستاش داوای خۆسەری. بۆ ئەمەش ٣٥ ساڵە خەباتی چەکداریی دەکات.
مەزڵوم کۆبانی کە ئێستا تەمەنی لە پەنجادایە بە نازناوی شاهین جیلۆوە لە بەڕێوەبەرایەتیی باڵای پەکەکەدا جێی دەگرت. دواتر ساڵی ٢٠١١ کە بارودۆخ لە سوریادا تەقییەوە گەڕایەوە بۆ وڵاتەکەی. ناوی ڕاستەقینەی فەرهاد عەبدی شاهینە. نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو کە بەڕێوەبەرایەتی کار و خەباتی پەکەکە لە ئەوروپا بوو، بۆ دەرمان و چارەسەریی برینەکەی ئەژنۆی کە لە کوردستانی عێراق بریندار ببوو، چووە ئەوروپا. بە هۆی ئەو بریندارییەوە تا ئێستاش کەم تا کورت شەلینێکی هەیە.
بە ڕای ئێلیزا مارکووس، نووسەری کتێبی Blood and Belief  (خوێن و بڕوا) کاریگەرترین کتێبی نووسراو لە سەر پەکەکە تا ئێستا؛ "ڕۆیشتنی مەزڵوم بۆ واشینتۆن لە یەکەم ڕوانیندا دەکرێ وەک دەستکەوتێک ببینرێت، بەڵام ناوەرۆکەکەی بەتاڵە. مارکووس پێی وایە "ئەگەر مەزڵوم بچێتە ئەمریکا وەک ئەوەیە کە دان بە کردەوەکانی ئەمریکادا بنێت و ئەمەش ڕووبەڕووی ڕیسکی کەوتنە ناو کابووسێکی یاسایی دەکاتەوە. چونکە تورکیا هەر لە ئێستاوە داوای دەستبەسەر کردنی کردووە و بە دڵنیاییەوە هەموو هەوڵێکی بۆ ڕادەست کردنەوەی دەدات".
تورکیا جەخت لەوە دەکاتەوە کە مەزڵوم کۆبانی وەک فەرماندەیەکی پێشووی پەکەکە لە هەندێک هێرش بۆ سەر تورکیادا بەرپرسیارە.
کۆبانی وەک کادیرێکی پەکەکە تا ئێستاش هاوسەرگیریی ڕەت کردۆتەوە، بەڵام بە پێی سەرچاوەیەکی زۆر نزیک لە خۆی؛ خاوەن پێکهاتەکەی دوگماتیک نییە و شەڕڤانانی هاوڕێی وەک ئەندامانی خێزانی خۆی سەیر دەکات. ئەو سەرچاوە کەسایەتیی کۆبانی بەم شێوە پێناسە دەکات؛ لە هزردا کراوە و نەرم و نیانە، بۆ فێربوون بەردەوام لە هەوڵدایە و مەراقی تەکنەلۆژیاشی هەیە.
کۆبانی کوڕی باوکێکی دکتۆرە و لە گوندی هەلەنج سەر بە شاری کۆبانی لە دایک بووە، پاشناوەکەشی هەر لەمەوە دێت. مەزڵوم بەوە بەناوبانگە کە لە ئاڵۆزترین چرکەکانیشدا ئارامی و ئاسوودەییەکەی ون ناکات. سەرچاوەکە سەبارەت بە کۆبانی دەڵێ: "هەستیارترین بڕیارەکان زۆر بە خێرایی دەدات، لە ژوورەکەیدا چەند هەنگاو دێت و دەچێت و دواتر دەڵی تەواو ئاوا دەبێت و بە پێی ئەوە ڕەفتار دەکات".
رۆڵی کۆبانی لە سەرەتادا لە سوریا بەرپرسیارێتیی یەکینەکانی پاراستنی گەل بوو، کە بە پاشکۆی پەکەکە دەناسرێت. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٩٧ەوە پەکەکەی لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکاندا داناوە. ئەو ساڵانە تورکیا لە واشینتۆندا دەستی باڵای هەبوو و هەروەها باشترین قۆناغی پێوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیل بوو.
ئەمریکا لە بەرامبەر داعش کە ساڵی ٢٠١٤ شاری کۆبانیی گەمارۆ دا لە ئاسمانەوە چەک و چۆڵی بە یەپەگە گەیاند. ئەم یارمەتییە لە حاڵێکدا کە بواری هاوبەشیی کوردەکانی سوریای لەگەڵ سوپای ئەمریکا خۆش دەکرد، بوو بە سەرەتای تێکچوونی پێوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا. ئەمریکا بە بەرچاوی ئەنقەرەوە یارمەتیی دوژمنی پلە یەکی تورکیا وەک ئەندامێکی ناتۆ دەدا. یەپەگە وەک پەکەکە لە لیستی تێرۆری ئەمریکادا نەبوو، بەڵام ئەمە بۆ تورکیا هیچ گرنگ نەبوو.
بە گوێرەی کاربەدەستانی تورکیا وەرگرتنی کۆبانی لە کۆشکی سپی کۆتایی بە هەموو شت دێنێت، بۆ ئەوەی ئەمە ڕوو نەدات ئەنقەرە چی لە دەست بێ دەیکات.
 لە ڕاستیدا بنچینەی ئەم ئاڵۆزییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تورکیا لەگەڵ کوردەکانی خۆی لە چارەسەرییەکی دادپەروەرانە و هەرمان نزیک نابێتەوە. هاوبەشیی واشینتۆن لەگەڵ کوردەکانی سووریاش ئەو پاڕانۆیای تورکەکان قووڵتر دەکاتەوە کە گوایە ڕۆژئاوا زەویی لە تورکەکان وەردەگرێتەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە شێوەیەکی پاڕادۆکسیکاڵ سەردەمێک بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کورد هەندێ هەنگاوی هەڵگرت کە تا ئەو کات هیچ سەرۆکێكی تورکیا ئەو کارەی نەکردبوو. باس لەوە دەکرێت کە ئەمەی بۆ لاواز کردنی سوپای تورک کە وەک دوژمنی دەسەڵاتەکەی خۆی دەیدیت یان قازانج کردنی دەنگی کوردەکان لە هەڵبژاردنەکاندا ئەنجام دا. بەڵام ئەردۆغان یەکەم سەرۆکی تورک بوو کە بڕیاری دا لەگەڵ پەکەکە و سەرۆکە زیندانییەکەی ڕاستەوخۆ دیدار و گفتوگۆ بکرێت. دوایین جار قۆناغی ئاشتی لە هاوینی ٢٠١٥دا تێکچوو و ئەمەش دوو هۆکاری هەبوو؛ ئەنقەرە داوای هەڵوەشاندنەوە پڕۆژەی خۆسەریی لە سووریا دەکرد کە پەکەکە ئەمەی ڕەت کردەوە، ئەردۆغانیش وای بە باش زانی کە بۆ هەڵکشانی دەنگەکانی پشت لە کوردەکان بکات و ڕوو بکاتە نەتەوە پەرستەکان. بەڵام تا ئەو ڕۆژە کاربەدەستانی تورکیا بەردەوام لەگەڵ پەکەکە و یەپەگە دیداریان هەبوو. کۆبانی لە وتووێژێکدا ئەوەی پشتڕاست کردبووەوە کە ئەوکات لەگەڵ کاربەدەستانی میتدا دیداری کردووە، جگە لەوەش ئەو سەردەمەی لە ئەوروپا بووە ژەنەڕاڵێکی تورک بۆ ئاگربەست لە نێوان تورکیا و پەکەکەدا پەیوەندیی پێوە کردووە. تورکیا هەرچەندە ئەمڕۆ جەخت لەوە دەکاتەوە کە یەپەگە ڕێکخراوێکی تێرۆریستییە بەڵام باس لەوەش دەکات کە لە کاتی شەڕی کۆبانیدا بە سەدان برینداری یەپەگە لە نەخۆشخانەکانی دەوڵەت لە تورکیا دەرمان کراون، بە دەربڕینێکی دی بۆ ئەوەی ئەمە پیشان بدات کە "تورکیا لە دژی کورد نییە بەڵکوو لە دژی پەکەکەیە" ئەو دەم جیاوازیی لە نێوان ئەم دوو گروپەدا دادەنا. یەپەگە شوباتی ٢٠١٥ لە ئۆپەراسیۆنێکی هەستیاری تورکیادا یارمەتیی تورکەکانی دا کە قەبری سولەیمان شا باپیرەی دامەزرێنەری ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە باکووری سووریاوە بگوێزنەوە گوندێکی نزیکی سنووری تورکیا کە ئەمەش بۆ ئەوەی قەبرەکە لە لایەن داعشەوە لەناو نەبرێت.
ئەگەر قۆناغی ئاشتیی نێوان ئەنقەرە و کوردەکان تێک نەچووبا، کۆبانی بەر لەوەی بیهەوێ بگاتە ئەوسەری ئاتلانتیک، دەیتوانی ببێتە میوانی ئەنقەرە بەڵام لەم دۆخەی ئێستادا لە ڕوانگەی کاربەدەستانی تورکیاوە تاکە شوێنێک کە بۆی پێشبینیی دەکرێت؛ زیندانە.