ئیسرائیل چاوی له‌هاوپەیمانیکردن لەگەڵ كوردانی رۆژئاوایه‌

26/11/2019

ئیگۆر سوبوتین

چارەنووسی قەوارەی کورد لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا، خەریکە دەبێتە بابەتێک لە مەیدانی خەباتی سیاسی ناوخۆی ئیسرائیلدا. پەرلەمانی ئیسرائیل، بە هۆی بێدەربەستی بەرامبەر پێکهاتە نەتەوەییەکان، حکومەتی ئەو وڵاتە سەرزەنشت دەکات، ئەمەیش یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی فاکتەری (لایەنگرانی رۆژئاوای جیهان) لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. نوێنەری وەزارەتی دەروەی ئیسرائیل، لە بارەی یارمەتیدانی کوردانی رۆژئاوا لە لایەن ئیسرائیلەوە، ناچار بوو وەڵامی نیگەرانی پەرلەمانتاران بداتەوە.

بە گوتەی تزیپی هوتوللی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، دەوڵەتی یەهود لە دوای دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری سوریا، هاوکاری کوردانی رۆژئاوا دەکات.

دەوڵەتی یەهود لە دوای دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری سوریا، هاوکاری کوردانی رۆژئاوا دەکات

هوتوللی لە پەرلەمانی ئیسرائیل وتی: "ئیسرائیل داواکاری زۆری بۆ هاوکاریکردنی دیپلۆماسی و مرۆڤدۆستانە پێ گەیشتووە، ئەتوانین خۆمان لەو دۆخە دژاورەی کورداندا ببینین، ئێمە لە چەند رێگەیەکەوه‌ هاوکارییان دەکەن. ئیسرائیل بە درێژایی گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمریکا، راستییەکان لە بارەی کوردەوە باس دەکات. ئێمە شانازی دەکەین کە هاوکاری کوردمان کردووە.
 زۆر یەهودیی کورد لە ئیسرائیل هەن کە لەگەڵ زێدی خۆیان پێوەندی دەکەن، کورد فاکتەرێکی میانڕەو و لایەنگری رۆژئاوای جیهانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا". 

جەختیشی کرد؛ بۆ رووبەڕوبوونەوی پەرەسەندنی هەژمۆنی ئەو گرووپانەی کە ئێران لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا پشتگیرییان دەکات، کورد گەرەنتییەکە بۆ ئیسرائیل و نەمانی گریمانکراوی قەوارەی کورد لە باکووری سوریا، سیناریۆیەکی نیگەتیڤ و مەترسیدارە بۆ ئیسرائیل، رووداوێکی ئەوتۆ گرووپە نیگەتیڤەکانی پشتبەستوو بە ئێران لە ناوچەکەدا بەهێزتر دەکات.

لە مانگی ئۆکتۆبەردا فەرماندەیەکی کورد کە ناوی نەهاتووە، لە وتووێژ لەگەڵ گۆڤاری تایمز ئیسرائیلدا ( بڕوانە بۆ نزاڤیسیمایا گازتا ٢٢/١٠/٢٠١٩)، داوای لە ئیسرائیل کردووە دژی ئۆپەراسیۆنی تورکیا "کانی ئاشتی" لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا کاردانەوەی پێویستی هەبێت.

ئەمە هەمان بابەتە کە لە کۆبوونەوەی نوێی پەرلەماندا، پەرلەمانتاران لە بارەیەوە گفتوگۆ دەکەن.

لە کۆبوونەوەی ٦ی نۆڤەمبەردا، کهول لاوان پەرلەمانتاری سەر بە حزبی دژ بە حکومەت، بنیامین ناتانیاهوی سەرۆک وەزیری تۆمەتبار کرد بەوەی کە نەیتوانیوە بەر بە قەیرانی رۆژهەڵاتی فورات بگرێت و وتی:" ئیسرائیل وڵاتی کەمینە نەتەوەییەکانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ٢ هەزار ساڵە رەنج و ئازار دەچێژین، پێویستە ئێمە بە ئاشکرا لە بارەی ئەو بابەتەوە قسە بکەین ". گید ئون ساری کەسایەتی گرنگی حزبی لیکودیش کە پێشتر وەزیری پەروەردە بووە، جەختی کرد؛ پێویستە دەوڵەتی یەهود لە بەرژەوەندی کورد، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لۆبی بکات و پشتگیری پێکهێنانی ناوچەی دژە فڕین لە باکووری سوریا بکات.

پێویستە دەوڵەتی یەهود لە بەرژەوەندی کورد، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لۆبی بکات

حکومەتی ئیسرائیل لە ناوخۆدا فشاری زۆری لە سەر دروست بووە. لە مانگی ئۆکتۆبەردا ئەفسەرانی هێزی بەرگری ئیسرائیل (IDF) نامەیەکیان بۆ ناتانیاهو و فەرماندەی گشتی سوپای ئەو وڵاتە نووسیوە و تیایدا جەختیان کردووە؛ کاتێک نەتەوەیەکی دیکە بە بێ بەرگری ماوەتەوە و هاوپەیمانانی خۆی لە دەست داوە، ئیسرائیلییەکان ناتوانن بێ هەڵوێست بن. هەروەها داوایان لە حکومەتی ئیسرائیل کردووە پشتگیری کوردانی رۆژئاوا بکات و خۆراک، جل و بەرگ، دەرمان و یارمەتی سەربازی و هەواڵگرییان پێ بگەیێنێت.

لەگەڵ ئەوەیشدت، ئیسرائیل دژی ئەو بۆچوونە نییە کە پێیوایە دەبێ کورد بە مافی خۆی بگات. بۆ نموونە ئایڵت شاکد، وەزیری پێشووی دادی ئیسرائیل، لە مانگی ئۆکتۆبەردا رایگەیاند: دەرکەوتنی قەوارەیەکی نوێ لە باکووری سوریا لە بەرژەوەندی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکەی، واتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. ئەو دەڵێت:" کورد بە تایبەت ئەوانەی لە تورکیا و باکووری سوریا دەژین، پێشکەوتوون، کورد لە شەڕی دژ بە داعشدا هێزی سەرەکی بوو و هەزاران قوربانی دا، پێویستە خۆرئاوا پشتگیری قەوارەی کوردی بکات".

سەرەڕای رێککەوتنی چەند لایەنە بۆ ئاگربەست لە سنوورەکانی تورکیا، فەرماندەی هێزە دیموکراتیکەکانی سوریا، رایگەیاندووە لەلایەن هێزەکانی سەر بە تورکیاوە هێرشیان دەکرێته‌ سەر. مەزلوم عەبدی لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ رووداو دەڵێت:" تورکەکان پابەندی رێککەوتنەکە نین، بۆیە تیکگیران لە نێوان هێزەکانی سەر بە تورکیا و کورد لە هەندێک ناوچەی مەدەنی بەردەوامن".

دەکرێت پشتگیری ئیسرائیل لە کورد، ببێتە ئامرازێک بۆ کاریگەریدانان لە سەر تورکیا

دەکرێت پشتگیری ئیسرائیل لە کورد، ببێتە ئامرازێک بۆ کاریگەریدانان لە سەر تورکیا. تا ئێستا کاریگەرترین ئامرازی ئیسرائیل، پێوەندییە باشەکەیەتی لەگەڵ ئەمریکا. ڤلادیمیر ڤان ڤیلگنبێرگ، نووسەری کتێبی (کوردەکانی باکووری سوریا) لە وتووێژی لەگەڵ نزاڤیسیمایا گازتا دەڵێت:" ئیسرائیل لە بەرامبەر تورکیادا، ئەو تاکە ئامرازەی لە بەر دەستە". بە وتەی ئەو:" ئیسرائیل نایەوێت کوردی سوریا بکرێنە ئامانجی تورکیا، دیارە ئەوەیش فاکتەرێکە کە رێککەوتنی نێوان کورد و دیمەشقی لێ کەوتووەتەوە. گەڕانەوەی دەسەڵاتی حکومەتی سوریا بۆ سەر ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵات، بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلە. ئیسرائیل لەوە نیگەرانە کە پێگەکانی ئێران و سوریا بەهێز بن".

سەرچاوە:  نزاڤیسیمایا گازتا