دروستکردنی دەوڵەتی تورک لە ناو خاکی کورددا

23/12/2019

چەتین گورەر

لەگەڵ ئەوەی دەوڵەتی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنەکەیدا بە ناوی (کانی ئاشتی) بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەموو ئامانجەکانی نەپێکاوە، بەڵام لەگەڵ قەیرانی سوریا هەوڵ دەدات ئەو خاکەی کە پێشتر لەژێردەستی بوو بەدەست بهێنێتەوە و هەنگاوەکانی بۆ بەدەستهێنانی خاکی زیاتر بەردەوامە.

وه‌ڵامی ئەو پرسیارەی کە تورکیا تا کەی لە سوریادا دەمێنێتەوە، کارێکی زەحمەتە، بەڵام ئەگەر سەرەنج بدەینە کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیا لە عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی، دەبینین زوو ئەم ناوچانە جێناهێڵێت، نمونەیەکی تریش قوبڕوسە.

بە پێی زانیاریەکان تورکیا هەوڵ دەدات بە تەواوی لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە و ئەو کردەوە و هەنگاوانەی لە عەفرین دەینێت، لە سەرێکانی و گرێ سپیش دەستیپێکردووە و خەریکی دروستکردنی دیوارێکی گەورەیە.

تا دەتوانێت تورکمانەکانی ناو تورکیا و ئیدلب دەهێنێت و لەو ناوچانە نیشتەجێیان دەکات، قۆتابخانە و خوێندنگا دەکاتەوە. بە زۆر زمانی تورکی لە خوێندنگاکاندا دەکاتە زمانی سەرەکی، بەڕێوەبەر و بەرپرسی خۆی لە ناوچەکاندا جێگیردەکات.

ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٤دا کە بەرامبەر هەڵوێستی ڕوسیا لە دژی نیمچەدورگەی (كرێمیه‌)ی ئۆکرانیا وشەی داگیرکردنی بەکارهێنا، ئێستا بەرامبەر داگیرکردنی ڕۆژئاوا و نیشتەجێکردنی تورکمانەکان بە تەنها وشەی (نیگەرانی) بەکاردەهێنێت و هیچ سزایەک بەسەر تورکیادا ناسەپێنێت.

ئەنگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا هەرچەندە لە ڕاپۆرتێکدا وشەی (داگیرکردن)ی بەکارهێنا، بەڵام هەموو جارێک دەڵێت، ئێمە لە نیگەرانیەکانی تورکیا تێدەگەین. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ڕاپۆرتێکی ناوەندی زانستی فیدڕاڵی ئەڵمانیادا هەوڵەکانی تورکیا بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام و بیانووی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و ئۆپەراسیۆنی سەربازی وەک هەوڵی داگیرکاری لەقەڵەمدراوە.

دوای ئەوەی زەیتون و ڕۆنی زەیتونەکانی عەفرین وەک موڵکی ناوخۆی تورکیا لە بازاڕەکاندا فرۆشران، هەفتەی ڕابردوو ئەردۆغان لە نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان لە لێدوانەکەیدا داوایکرد لە نەوتی ناوچەکە بەشی تورکیا بدرێت، وتی لەو ناوچانەی کە دەستیان بەسەرداگیراوە، خانوو و شارۆچکەی نوێ دروست دەکەن. لەبەرچاوی سەرۆکەکانی جیهان وتی، ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێدەکات کە وڵاتی ئەوان نییە.

ئەردۆغان بە تەنیا ئاوارە سوریەکان کە زۆربەیان عەرەبی سوننە مەزهەبن لەو ناوچانە نیشتەجێ ناکات، بەڵکو بە پێی ڕاپۆرتێک کە میتی تورکیا ئامادەیکردووە، چەکدارە توندڕەوە جیهانیەکانی تورکمانستان، ئۆزبەکستان، تاجیکستان، ئازەربایجان و ئەفغانستانیشی بۆ ئەو ناوچانە گواستووەتەوە و لەو هەرێمانە نیشتەجێیان دەکات.

لە مانگی تشرینی یەکەمدا، پێنجەمین کۆنگرەی تورکمانەکانی سوریا لە شارۆچکەی عەزاز رێکخرا و یاڤوز سەلیم کران یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی تورکیاش بەشداریکرد و وتی، "تا مافی تورکمانەکان بەدەست نەهێنرێت و هەرێمێکی ئارامیان بۆ دروست نەکرێت و هەرێمەکە نەگەڕێتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی خەڵکی تورکمان کە خاوەنی ئەو خاکەن، ئۆپەراسیۆنەکانیان بەردەوام دەبێت."

بە شێوەیەکی ئاشکرا ناوچەکە لە کورد چۆڵدەکرێت کە بە هەزاران ساڵە لەسەر ئەو خاکە دەژین و لە جێگەیان تورکمانی هاوردە نیشتەجێ دەکرێن. ناوی تورکی بۆ گەڕەک، گوند، ناوچە، قوتابخانەکان دادەنرێت و منداڵان بە زۆر فێری تورکی دەکرێن. وەک ئەوەی موسا ئەنتەر دەڵێت، تورکیا لە خاکی کەسانی تردا، واتە لە خاکی کورداندا، دەوڵەت دروست دەکات و کێشەی کورد قوڵ دەکاتەوە.

دەوڵەتی تورکیا لەو ناوچانەی کە داگیریکردوون قوتابخانە و زانکۆی نوێ دەکاتەوە و خوێندنی (سەفەربەرلک) بەرەو پێشەوە دەبات. پەیمانگایەکی نوێ لە عەفرین کراوەتەوە کە سەر بە زانکۆی شاری عەنتابە و لە گرێ سپی قۆتابخانەیەک بە ناوی (کانی ئاشتی) کراوەتەوە.
ناوە تەواوەکەی "کانی ئاشتی موشریف ئەلهاڤیە". زمانی تورکی، زمانێکی سەرەکیە و پێویستە هەموو منداڵان فێری ببن. بە پێی عەقڵیەتی داگیرکاریی تورکیا، ناوچەکە موڵکی کورد نییە، موڵکی عەرەبە سونەکان و تورکەکانە. لەبەرئەوە ئەرمەنی، ئاشوری، مەسیحی و کوردەکان بە زۆرەملێ دەرکران و عەرەبی سونی و تورکمانیان لەوێ نیشتەجێ کرد و خوێندنیش بە عەرەبی و تورکیە.
مێژوو هەوڵە داگیرکاریەکان دەنووسێتەوە و خاکە داگیرکراوەکان لەلایەن خەڵکە ڕەسەنەکانیانەوە بەدەستدەهێنرێنەوە، ئەرگە سەدان ساڵیش لەژێر داگیرکاریدا بێت. مێژووی ئەفریقا، ئەمریكای لاتین و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەمان بە ڕوونی پێدەڵێن كه‌ تێکۆشانی کوردانی ڕۆژئاوا و گەلانی تر کە لەسەر ئەو خاکە دەژین، داهاتووی ڕۆژئاوا دیاری دەکەن.