انتقام سخت

08/01/2020

تێكۆشەر حسێن

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لێدوانی زۆرمان لەوبارەیەوە گوێ لێبوو، وتاری زۆرمان خوێندەوە، شیکردنەوەی سیاسیی زۆرکران سەبارەت بە تۆڵەسەندنەوەیەکی کەمەرشکێن لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە بۆ ئەمریکا، پاش ئەو لێدانە کوشندەیەی بەر دەوڵەتی ئێران کەوت، هەندێکیش لەچاودێران، کوشتنی حاجی قاسمی سولەیمانی بەدەرهێنانی دڵی ئێرانی ناوزەند دەکەن، چونکە لەدوای شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق ـ ئێران کوشتنی قاسمی سولەیمانی گەورەترین لێدانە بەر ئێران کەوتبێت.

لەدوای ڕوداوەکەشەوە ئێران لەئاستی باڵا وفەرمیەتی دەوڵەتەوە ڕایگەیاند، کەوا ئەوان بێدەنگ نابن، لەهەمان کاتیشا تۆڵە لەئەمریکا دەکەنەوە، چونکە بەگوتەی خۆشیان نایشارنەوە زیاد لەدوو دەیەیە خەسارەتی ئاوا گەورەیان لێنەکەوتووە، هەندێکیش لەچاودێرانی سیاسیی وای وێنا دەکەن، کەوا ئێران تووشی تێکپژانێکی دەرونی واسەخت هاتووە وەک جاران ئۆتوریتە وهەیبەتێکی وای نەماوە لەئاست جیهانی دەرەوە، بەجۆرێک ئەم زەربە کوشندەیەی بەر ئێران کەوت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ودەوڵەتانی ئیقلیمیشی ناچار بەوەکرد بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ڕوداوەکە بکەن.

ئێران هەوڵدەدات هەیبەتی جارانی خۆی بگێڕێتەوە، نیشانی دوژمن ونەیاری خۆی ودۆست وهاوپەیمانەکانیشی بدات، کەڕاستە تووشی نەکسەیەکی گەورە هاتووە، بەڵام ئێران دوای نەمانی قاسمی سولەیمانیش ناکەوێت، لەچەند مانگی ڕابردوودا ئێران بەهەموو شێوەیەک ئیستفزازی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکای کردووە بەتایبەت دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا وتەقاندنەوەی چەند کەشتییەکی بارهەڵگری نەفتی هەریەک لەوڵاتانی سعودیە وئیمارات وبۆردومان کردنی چەند کێڵگەیەکی نەوتی وچەند بنکەیەکی سەربازی ئەمریکاش لەچەند وڵاتێکدا.
لەبەرانبەریشدا کاردانەوەی ئەمریکا بۆ گێڕانەوەی هەیبەتی خۆی لەناوچەکە وڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دواجار گەیشتە بڕیاری دەرهێنانی دڵی ئێران کە کوشتنی قاسمی سولەیمانی بوو، هاوکێشەکەی سەدو هەستا پلە پێچەوانە کردەوە.

هەرچەند بژاردەی کوشتنی سولەیمانی بەنسبەتی ئەمریکاوە لەناکاو بوو، چونکە ئەمریکا خۆی دەیویست خۆی لەو شەڕانە بەدوور بگرێت کەوا ڕەنگ بێت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوبەڕوی ببێتەوە، بەتایبەت لەدوای ئەوەی لەباکوری سوریا ، ئەمریکا بڕیاریدا بەکێشانەوەی هێزەکانی خۆی بەچەند قۆناغێک، لەلایەکی تریشەوە کوشتنی قاسمی سولەیمانی لەلایەن ئەمریکاوە وادەکات ململانێکە لەنێوان ئێران وئەمریکادا قوڵتر ببێتەوە لەناوچەکە.

ئایا بڕیاری کوشتنی قاسمی سولەیمانی بڕیارێکی حەکیمانەبوو؟

قسەکردن لەوبارەیەوە بۆلەمەودواش بەردەوامی دەبێت لەسەر دەرەنجامەکانی، بەڵێ کوشتنی سولەیمانی گەنگەشەی زیاتر هەڵدەگرێ، بەتایبەت بۆهێنانەوەی تەبریری یاسایی وئەخلاقیاتی سیاسیی، بەڵام ئەگەر بەدیوە سیاسییەکە سەیری بکەین، ڕەنگ بێت پرسیارێک بێتە ئاراوە، ئەویش ئەوەیە؛ ئایا بۆ کۆتایی هێنان بەشەڕ وململانێی سیاسیی لەناوچەکە قەراری کۆشتنی سولەیمانیی لەسەر خاکی عێراق بڕیارێکی حەکیمانە بوو؟
بەرپرسانی ئەمریکا نایشارنەوە لەهەمبەر کوشتنی قاسمی سولەیمانی فەرماندەی باڵای فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بە کردەیەکی "بەرگری" وێنای دەکەن، چونکە ئەوان پێیان وایە وبەڵگەشیان لەبەر دەستە کەوا قاسمی سولەیمانی لەگەل میلیشا شیعیە چەکدارەکانی عێراق ولوبنان پلانی لێدان لەهێزەکانی ئەمریکایان هەبووە، بۆیە ئەوانیش ناچاردەبن بەرگری لەخۆیان بکەن، بەگوێرەی دەزگای هەواڵگری سی ئای ئەی ئەمریکا بەڵگەی تەواو لەبەر دەستن، کەوا سولەیمانی پلان داڕێژەری ئەوە بوو لەناوچەکە لەهەموو بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا بدرێت.

هەرچی دڕدۆنگیش کەهەیە سەبارەت بەکوشتنی سولەیمانی لەلایەن ئەمریکاوە هەمووی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە ڕاوێژێکی ئەوتۆ سەبارەت بەو پرسە نەخراوەتە بەرباس لەکۆنگرێس، ئەوەی کەهەیە تەنها چەند کەسێکن ئەو بژاردەیەیان خستەواری جێبەجێ کردنەوە، بەتایبەت ئەوانەشی کەشێوەرمەندن لەدەوری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، خوێندنەوەیەکی سیاسیی قوڵ ودوور مەودایان نیە بۆڕوداوە سیاسییەکان لەسیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا.هەرئەوەشە وایکردوە لەلایەن دیموکراتەکانەوە ڕەخنەی لێبگیرێت.

ئایا لەنێو کۆشکی سپی وئەندامانی کۆنگرێسیشدا سەرقاڵ وسەرگەرمی لێکدانەوەی بژاردە وبەرچەکرداری دەوڵەتی ئێرانن لەدوای ڕوداوەکەوە؟ یانیش ئەوان بەتەواوی لەوەتێدەگەن کەکوشتنی سولەیمانی ووەڵامی ئێران کەوەک یاری شەتڕەنج وایە وپشودرێژی دەوێت بەتایبەت ئێران کەساڵانێکە خۆی لەسەر یاریکردن لەسەر پەتی ئارامی ڕاهێناوە، پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئایا ترامپ بەوردی دیراسەی پلانی کوشتنی سولەیمانی ودەرنجامەکانی کردووە؟ بەتایبەت لەو وڵاتانەی کەبنکەی سەربازی ئەمریکای لێیە، یانیش بەتەنها پەرچەکردارێک بووە سەبارەت بەهەڵکوتانە سەر سەفارەتەکەی لەبەغداد لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا.

لەدوای ڕوداوەکەشەوە بەگوێرەی ڕۆژنامەکانی ئەمریکا بێت، بەتایبەت نیۆرک تایمزی ئەمریکی، بڕیاری جێبەجێکردنی پلانی کوشتنی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپاسالاری ئێران خوێندنەوەیەکی ورد وسیاسیانەی ئەوتۆی بۆنەکراوە، وەک چۆن ڕۆژنامەکان بڵاویان کردۆتەوە لەنێو چەند بژاردەیەکدا ترامپ بەبژاردەی کوشتی قاسمی سولەیمانی قایل بووە، ئەمەش ڕاستەوخۆ شێوەرمەندە سەبازیەکانی توشی شۆک وسەرسوڕمان کردووه، بەوردبونەوە لەسیاسەتی ترامپ لەسەرەتای دەستبەکاربونیدا کشانەوەی ئەمریکا لەگەڵ ڕێکەوتنەکەی ئێران لەسەر بابەتی پیتاندنی یۆرانیۆم وپاشان ئابڵوقەی بازرگانی خستنە سەر دەوڵەتی ئێران سەرکەوتوو بوو، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا ترامپ شکستی هێنا جارێکی تر بتوانێت دانوستان لەگەڵ ئێران دەسپێبکاتەوە، خۆیشی لەچەند لێدوانێکدا ئەمەی باسکردووە ونەیشاردۆتەوە، کەوا ئێران لەجەنگدا براوە نیە، بەڵام لەمفاوەزاتا هەمیشە براوەیە، ڕەنگ بوو ترامپ بەکەمکردنەوەی سزا ئابوریەکانی بەسەر ئەو وڵاتە باشتر بیتوانیایە سیاسەتەکانی خۆی بەسەر ئەم وڵاتە وناوچەکەدا پیادە بکات، لەچەند هەفتەی داهاتووشدا ترامپ بەرانبەر ئیدارەکەی وئەندامانی کۆنگرێس ودیموکراتەکان ڕوبەڕوی کۆمەڵێک پرسیار ولێپێچینەوە دەبێتەوە سەبارەت بەو بڕیارە خێرا وتاکڕەوەی کەداویەتی سەبارەت بەکوشتنی سولەیمانی دەرهێنانی دڵی ئێران.
ئێرانیەکان لەئەوەڵ ڕۆژی کوشتنی فەرماندەی یەکەمی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، باس لەتۆڵەکردنەوەیەکی سەخت دەکەن، کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتییش بەگشتی خاوەنی کەڵچەرێک وداب ونەریتێکی عەشایەریە، لەنێویشیاندا ئێران بەدەرنیەلێی، ئەوان هەمیشە ئەوە بەبنەما دەگرن، (لا دفن، ولا عزا‌و قبل الانتقام)، کاتێک خوێنمان بەناهەق دەڕژێت، مردوەکانمان ناشارینەوە، ئامادەش نین پرسە وماتەمی بگێڕین، تاوەکو تۆڵەی خوێنی ڕژاوی خۆمان نەکەینەوە.

بەهۆی ئەوەی لەشەقامی ئێرانی بەملیۆنان کەس ڕژانە سەر شەقامەکان بۆئامادەبوون لەڕێ وڕەسمی هێنانەوەی تەرمی قاسم سلێمانی وناشتنی، تەنها لەتاران زیاد لە پێنج ملیۆن کەس بەشداری ڕێوڕەسمەکەیان کردووە، ئەمەش بووە هۆکاری گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆری ئامادەبووان بەهۆی پاڵەپەستۆی پاڵپاڵێن وکەوتنە بن دەست پای خەڵکەوە، ژمارەیەکی زۆری تریش بریندار بوون، وایکرد ناشتنی تەرمی قاسمی سولەیمانی دوابخرێت، لەشەوی ڕابردودا ئێران قاسمی سولەیمانی بەخاک سپاردووە، و دوای ناشتنی سولەیمانی ئێران دەستی کرد بەئاراستەکردنی چەند موشەکێکی بالستی بۆ سەر دوو بنکەی سەربازی ئەمریکا لەعێراق وهەرێمی کوردستان.

یەکەم ـ بنکەی سەربازی "عین الاسد" دەکەوێتە دووری 200 کم ی ڕۆژئاوای بەغداد نزیک ڕوباری فوڕات، لەپارێزگای ئەنبار، پێشتر ناوی "القادسیە الجویە" بوو بەڵام لەدوای 2003 وە ناوەکەی گۆڕا، ئەم قاعیدە سەربازیە هەڵکەوتەی جوگرافیاکەی گرنکە، چونکە دەکەوێتە سێگۆشەی نێوان ئوردن ـ سعودیە ـ سوریە، ئەم بنکە سەربازیەیەی ئەمریکا زیاد لە 2000 سەرباز وئەفسەری پلەباڵای تێدایە، هەروەها لەناوخۆی بنکەکە شوێنی نیشتنەوە وهەڵسانی فڕۆکەی جەنگی هەیە، جگەلەوەش لەوێوە دەتوانرێت لەڕێی موشەکەوە ئامانجەکانی لەدووری 400 کم بپێکێت، لەوێوە دەتوانرێت ئیستیتڵاعی نەیارەکانی بکات وکۆنترۆلی هەوایی ئاسمانی هەر وڵاتێک بکات.

لەم چەند ساڵای دواییشدا، بنکە سەربازیەکە شکڵێکی تری شوێنی مانەوەی بەرپرسانی باڵای ئەمریکای وەرگرت، تەنانەت سەرۆکی ئەمریکا ووەزیری دەرەوە وچەندین ژەنەڕاڵ ومارشاڵی پلەباڵای ئەمریکا سەردانی بنکەکەیان کردوە، لەهەموو سەردانەکانیشدا بێ ئاگاداری حکومەتی عێراقی بووە، تەنانەت هەندێک جار نیگەرانی حکومەتی عێراقیشی لێکەوتۆتەوە.

ئاژانسەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن، ژمارەی موشەکەکان 15 موشەک بووە لەجۆری موشەکی بالستی، بەپێی هەندێک سەرچاوە 10 دانە موشەک ئامانجە گەورەکەیان پێکاوە کە بنکەی سەربازی عەینولئەسەد بووە، چونکە دووەم گەورەترین بنکەی سەربازی ئەمریکایە لەڕۆژهەڵات، هەندێک سەرچاوەی نافەرمی پشتڕاست نەکراوەی ئێرانیش باس لەوە دەکەن 80 سەربازی ئەمریکا لەهێرشەکەی درەنگانی شەودا کوژراون، لەکاتێکدا دۆناڵد ترامپ دەڵێت، هەمووشتێک باشە، کل شی‌و علی ما یرام Evereything is fine، ئەمریکاش ڕایگەیاندووە هیچ زیانێک بەر هێزەکانمان نەکەوتووە، چونکە ئەوان پێش ئەنجامی هێرشەکە لەڕێی ڕادارێکەوە هێزەکانیان ئاگادار کردۆتەوە، هەموو سەربازەکانیش چونەتە ناوچەی دووەم کەحەشارگەیە وناتوانرێت بەرکەوتەی زیانی هیچ هێرشێک ببن.
هەروەها دوو دانە موشەکی تریش ئاراستەی بنکەیەکی تری سەربازی سوپای ئەمریکا کراون لەهەولێر بەڵام موشەکەکان نەقیونەتەوە یانیش، ئێران خۆی نەیویستوە بتەقنەوە، یانیش پوچەڵکراونەتەوە.

پەیامی پشتەوە هێرشەکانی ئێران لەدرەنگانی نیوەشەودا:
٭ پەیامی یەکەمی هێرشەکەی درەنگانی شەوی ڕابردوو، ڕازیکردنی دڵی شەقامی ئێرانی خۆیەتی، کەچەند ڕۆژێکیشە دڵی دەرهاتووە، تەئکیدیش لەوەدەکەنەوە کە ئێمە بێدەنگ نابین وتۆڵەی خۆمان دەکەینەوە.
٭ یەکێکی تر لەپەیامی هێرشەکە بۆجیهانی دەرەوە وئەمریکایە، کەوا ئێمەش دەتوانین لەهەموو بەرژەوەندیە باڵاکانی ئێوە بدەین.
٭ هەروەها ئەشێت بۆ ئەوەبێت چونکە لەدوێنێدا ئەمریکا ڕایگەیاند ئێمە ناکشێینەوە، واتا بیەوێت ئەمریکا ناچار بەکشانەوە بێت.
٭ پەیامی دوو سەرەی هێرشەکەش، ئەوەیە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەت لەڕێی سویسراوە لەوە ئاگاداربکرێتەوە بەنیسبەت ئێرانەوە دۆخەکە بەرەو هێور بوونەوە ودانوستان ناڕوات، ئێران تۆڵەی خۆی هەر دەکاتەوە، دیوی دووەمی پەیامەکەش دامرکانەوەی ناکۆکیەکانە ولێک نزیکبوونەوە و ڕێکەوتن وچارەسەر بدۆزرێتەوە.